دەستدرێژیی سێکسی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

دەستدرێژی سێکسی (بە ئینگلیزی: Rape) بریتییە لە کردنی ھەرجۆرە نزیکیەکی سێکسیە لەگەڵ کەسێک بەبێ ڕازیبوونی ئەو. دەستدرێژی سێکسی دەستەواژەیەکە کە لە پزیشکی دادوەری و تاوانناسی دا بەکار دەھێنرێت. دەستدرێژی سێکسی لە ڕاستی دا تەنیا پەلامارێکی جەستەیی نییە، بەڵکوو ھەروەھا جۆرێک پەلامارێکی مەعنەوی و ھێرشکردنە سەری حورمەت و کەرامەتی مرۆڤە کە تێدا کەسی قوربانی لە مافی خۆی بێبەش دەبێت. ئەم جۆرە دەستدرێژییە کە حاڵەتێک لە توندوتیژییە، زۆرجار لەگەڵ ھەڕەشەی کوشتن دایە.

لە دەستدرێژی سێکسی دا پێویست نییە کە ئەندامی زاوزێی پیاو بچێتە نێو جەستەی ژنەوە وە پرۆسەی ڕاحەتبوون تەواو ببێت؛ کەواتە ھەبوونی پەردەی کچێتی نابێتە ھۆکار بۆ ئەوەی کە بگوترێت دەستدرێژی سێکسی نەکراوە.

بە پێچەوانەی بیروڕای گشتی کە دەستدرێژی سێکسی بە پەلاماری پیاو بۆ سەر ژن یان پیاوێکی دیکە دەزانێت لەوانەیە دەستدرێژی لەلایەن ژنەوە بۆ سەر پیاو بکرێت.

نزیکی سێکسی کەسێکی پێگەیشتوو لەگەڵ کەسانی کەم‌تەمەن و منداڵ وەکوو دەستدرێژی دادەنرێت، تەنانەت ئەگەر بە ڕازیبوونیش بێت.

سەلماندنی ئەوەی دەستدرێژی سێکسین کراوە یان نە لە ئەستۆی پزیشکی دادوەری دایە وە ھەندێ جار بە ھۆی ھەبوونی نیشانەی زۆر وەکوو ڕووشان، دڕان و کەووبوونەوە زۆر ئاسان و سادەیە وە ھەندێجاریش لەوانەیە بەھۆی نەبوونی ھیچ نیشانەیەک پشتڕاست نەکرێتەوە.

دەستدرێژی سێکسی لە جەنگ دا[دەستکاری]

دەستدرێژی سێکسی لە جەنگدا(War rape)، لەلایەن ھێزە رێکخراوەکان یاخود میلیشیاکانەوە یان لەلایەن ھاوڵاتیانی مەدەنییەوە لەکاتی جەنگ یاخود داگیرکاری یان ململانێی چەکداریدا رودەدات، کە ئافرەتان لەلایەن داگیرکارانەوە ناچار دەکرێن کاری لەشفرۆشی بکەن.

ڕووداوەکانی دەستدرێژی لە جەنگی جیھانی دوەمدا[دەستکاری]

حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی لە جەنگی جیھانی دوەمدا رێژەکەی زۆر بەرزبوە، بەتایبەت ئەو دەستدرێژییانەی لەلایەن سەربازان و ھاوڵاتیانی مەدەنییەوە کراوەتە سەر ژنان. بەپێی راپۆرتێکی نوسینگەی دادوەری گشتی لە ئەمریکا، (٩٧١) حاڵەتی ئیدانەکردنی تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی ھەبوە لەنێو ریزەکانی سوپای ئەمەریکادا لەماوەی نێوان ساڵانی ١٩٤٢ تاوەکو ساڵی ١٩٤٧.

پاڵنەرەکانی لاقەکردن[دەستکاری]

(ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی - WHO) ئاماژە دەکات بە ھۆکارە سەرەکییەکان کە دەبنە ھۆی توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان (بە لاقەکردنیشەوە) لەلایەن کەسی ھێرشکەرەوە:[١]

  • باوەڕبوون بە شەرەفمەندی خێزانیی و پاکیزەیی سێکسی.
  • ھەڵسوکەوتە خاوەندارێتییەکانی پیاوان.
  • ڕێوشوێنی یاسایی لاواز بۆ رێگریکردن لە توندوتیژی سێکسی.

زۆرجار توندوتیژی سێکسی وەک خاسێتی ناسنامەی پیاوەتی تەماشاکراوە لە ھەندێک لە کۆمەڵە نێرینەکانی کۆمەڵگەدا و بە توندی پەیوەستە بە ئارەزووی بەرزی ڕێز و بەھا لەناو ئەندامە پیاوەکانی تردا.[٢]

زۆرجار لاقەکردنی بەکۆمەل لەلایەن تاوانکارە نێرینەکانەوە وەک ڕێگەیەکی سزادانی ڕەوا ھەژماردەکرێت بەرانبەر ئەو ھەڵسوکەوتانەی ئافرەتان کە ئەوان پێیان ناڕەوشتانەیە، بۆ نموونە پۆشینی تەنوورەی کورت یان سەردان کردنی مەیخانە. لە ھەندێک ناوچەی (پاپوا گینی نوێ) ئافرەتان دەکرێت سزابدرێن بە لاقەکردنی بە کۆمەڵ لەژێر ڕەزامەندی پیران و ڕش سپیان دا.[٣]

ئامارە جیھانییەکان[دەستکاری]

ئاماری نێودەڵەتی لەسەر تاوان و دادوەری ئەنجامدراو لەلایەن (نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوان و ماددە سڕکەرەکان - UNODC) گەیشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی کە لە سەرتاسەری جیھان دا زۆرینەی قوربانییەکانی لاقەکردن ئافرەتانن و ھێرشکەرەکانیش پیاوانن.[٤] لاقەکردنی ئافرەتان زۆر بەکەمی بە پۆلیس ڕادەگەیەنرێت و ژمارەی قوربانییە ئافرەتەکانی لاقەکردن بەڕێژەیەکی بەرچاو بە کەم دەنرخێنرێت. بەرزترین ڕێژەی لاقەکردن لە ناوچەکانی باشووری ئەفریقا، باکووری ئەمریکا و دوورگەکانی زەریای ھێمنە.[٥]

زۆربەی دیاردەکانی لاقەکردن ئەنجام دەدرێت لەلایەن یەکێکەوە کە قوربانییەکە دەیناسێت[٦] و لاقەکردن لەلایەن کەسی نەناسراوە زۆر بە کەمی ئەنجام دەدرێت. ئامارەکانی دەزگای (تۆری نەتەوەیی لاقەکردن و دەستدرێژی – RAINN) دەرخەری ئەو ڕاستییە کە لە ھەر ١٠ بارێکی دەستدرێژی سێکسی حەوتیان ھێرشکەرەکە قوربانییەکەی ناسیوە.[٧]

ڕێکخراوی ھەواڵە مرۆڤایەتییەکانی (IRIN) بانگەشەی ئەوە دەکات کە ساڵانە نزیکەی ٥٠٠ ھەزار کردەی لاقەکردن ئەنجام دەدرێت لە باشووری ئەفریقا و نازناوی «پایەتەختی لاقەکردنی جیھانی» پێبەخشرابوو.[١٢٧] وڵاتەکە خاوەنی یەکێکە لەزۆرترین ڕووداوەکانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە جیھان دا و لە ساڵی ٢٠٠٠ دا ٦٧ ھەزار باری لاقەکردن و دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان تۆمارکرابوو کە ڕێکخراو و کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ پێیان وایە ژمارەی ڕووداوە تۆمارنەکراوەکان ١٠ ھێندە بەرزترە.[٨]

زۆربەی توێژینەوە و ئامارەکانی لاقەکردن تایبەتن بە شێوازەکانی لاقەکردنی پیاوان بەرانبەر بە ژنان بەڵام توێژینەوە دەربارەی لاقەکردنی پیاو بۆ سەر پیاو یان ژن بۆ سەر ژن یەکجار کەمە کە لە ھەر ١٠ لاقەکردنێکی پیاو بۆ پیاو کەمتر لە یەک دانە تۆمار دەکرێت. بەشێوەیەکی گشتی ئەو پیاوانە دووچاری لاقەکردن دەبنەوە لەلایەن ھەر ڕەگەزێکەوە (چ ژن بێت یان پیاو) کەمترین پشتگیری و خزمەت دەکرێن و زۆرجار یاساکان زۆر لاواز و بێ کەرستەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە تاوانە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Smith، Merril D., دەستکاریکەر (2004). Encyclopedia of rape (وەشانی 1st). Westport, Conn. [u.a.]: Greenwood Press. پەڕەکان 169–170. ISBN 978-0-313-32687-5. 
  2. ^ Smith، Merril D., دەستکاریکەر (2004). Encyclopedia of rape (وەشانی 1st). Westport, Conn. [u.a.]: Greenwood Press. پەڕەکان 169–170. ISBN 978-0-313-32687-5. 
  3. ^ Maier، S. L. (2008). ""I Have Heard Horrible Stories...": Rape Victim Advocates' Perceptions of the Revictimization of Rape Victims by the Police and Medical System". Violence Against Women. 14 (7): 786–808. ISSN 1077-8012. PMID 18559867. doi:10.1177/1077801208320245. 
  4. ^ Adolf Berger, Encyclopedic Dictionary on Roman Law, pp. 667 (raptus) and 768 (vis)
  5. ^ "An Updated Definition of Rape (U.S. Dept of Justice, January 6, 2012)". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە 13 March 2012. لە ڕێکەوتی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  6. ^ Krug، Etienne G.؛ و ھی تر., دەستکاریکەران (2002). "WORLD REPORT ON VIOLENCE AND HEALTH" (PDF). World Health Organization. پەڕە 149. لە ڕێکەوتی ٠٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ ھێنراوە. 
  7. ^ Basile، KC؛ Smith، SG؛ Breiding، MJ؛ Black، MC؛ Mahendra، RR (2014). "Sexual Violence Surveillance: Uniform Definitions and Recommended Data Elements, Version 2.0." (PDF). National Center for Injury Prevention and Control, Centers for Disease Control and Prevention. لە ڕێکەوتی ٠٦ی حوزەیرانی ٢٠١٧ ھێنراوە. 
  8. ^ Kalbfleisch، Pamela J.؛ Cody، Michael J. (2012). Gender Power and Communication in Human Relationships. Routledge. ISBN 978-1-136-48050-8. لە ڕێکەوتی April 30, 2013 ھێنراوە. 

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]