پاژێک لە تەواوەت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە پاژ لە گشتەوە ڕەوانە کراوە)
پاژێک لە تەواوەت
نووسەرستیڤ تۆلتز
وڵاتئوسترالیا
زمانئینگلیزی
چەشنڕۆمان
بڵاوکەرەوەھەمیش ھەمیلتۆن، ئوسترالیا
ڕێکەوتی بڵاوبوونەوە
٢٠٠٨
جۆری کتێبچاپ (Hardback & Paperback)
لاپەڕەکان٧١١
ژپنک (ISBN)978-0-241-01529-2
OCLC١٩٢٠٤٣١٥٧

پاژێک لە تەواوەت (بە ئینگلیزی: A Fraction of the Whole) یەکەم ڕۆمانی نووسەری ئوسترالیایی ستیڤ تۆلتزە لە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاو کراوەتەوە و لە ھەمان ساڵ بۆ خەڵاتی بووکەر پاڵێورا.

وەرگێڕان[دەستکاری]

ڕۆمانی پاژێک لە تەواوەت لە ژێر ناوی ترس لە مەرگ لەلایەن ئارام ڕەشیدەوە کراوە بە کوردی. نوسخە فارسییەکەی ئەم کتێبە بە وەرگێڕانی پەیمان خاکسار لە ساڵی ٢٠١٥ بڵاو بووەتەوە.[١] ئەم کتێبە زۆرتر لە پەنجا جار لە چاپ دراوەتەوە.[٢]

کەسایەتییەکان[دەستکاری]

جاسپێر دین[دەستکاری]

جاسپێر دین کوڕی مارتین دین و برازای تری دین ـە. زۆربەی بەشەکانی ڕۆمانەکە لە زمانی جاسپێرەوە دەگێڕدرێتەوە. پەیوەندیی گران و ئاڵۆزی جاسپێر لەگەڵ باوکی بابەتەی سەرەکی ئەم ڕۆمانەیە. بەھۆی ئەو چیرۆکە بێسەروبەرانەی باوکی لە مناڵییەوە بۆی گێڕاوەتەوە، مناڵییەکی سەرلێشێواوی دەبێت. جاسپێر زۆر لەوە دەترسێت کەسایەتییەکی وەکوو باوکی ھەبێت و ھەوڵ دەدات دوور لە باوکی بژیت، ئەگەرچی جاسپێر و باوکی زۆریش حەز لە یەکتر دەکەن.

مارتین دین[دەستکاری]

مارتین دین باوکی جاسپێر دین کەسێکی پارانۆیایی، فەیلەسووف و زیرەک و بەھۆشە. لە سەردەمی مناڵیدا چوار ساڵ و چوار مانگ بەھۆی نەخۆشی لە کۆمادا بووە و کاتێک وەھۆش دێتەوە، ھەستێکی غەریب و نامۆی ھەیە بەرامبەر بە دەوروبەری، ئەو ھەستە دەبێتە ھۆی ئەوەی ڕقێکی لەبەرامبەر خەڵکیدا تێدا دروست بێت. لە سەرانسەری چیرۆکەکەدا مارتین دەیھەوێ بیر و باوەڕی خۆی بەسەر کوڕەکەی جاسپێردا بسەپێنیت.

تری دین[دەستکاری]

تری دین زڕبرای مارتین دینە، کوڕێکی قژزەرد و قۆزە و زۆر حەزی لە وەرزشە.

کارۆلین پاتس[دەستکاری]

کچی دەوڵەمەندترین پیاوی شارەکە و خۆشەویستی سەردەمی جەوانی تری دین و مارتین دینە، کارۆلین بۆ گەڕان لە دەوری دونیادا ئۆسترالیای بەجێ دەھێڵێت و لە نێوانساڵیدا لەگەڵ مارتین ھاوسەرگیری دەکات.

ئاسترید[دەستکاری]

ئاسترید دایکی جاسپێر و ھاوسەری یەکەمی مارتینە، ئاسترید بەبێ خواستی خۆی لە مارتین دووگیان دەبێت، لە سەرەتادا مارتین ئاستریدی زۆر خۆش دەوێت و ئەوینداری ئەوە بەڵام وردە وردە خەمۆکیی ئاسترید دەبێتە ھۆی ئەوەی پەیوەندییەکەیان باش نەمێنێت.

ئێدی[دەستکاری]

ھاوڕێی مارتینە، لە پاریس یەکتریان دۆزیوەتەوە و بەیەکەوە ئاشنا بوون. جاسپێر متمانەی بە ئێدی نییە لەبەر ئەوەی بێ ئەوەی پێیان بڵێت دەچێتە پشووی دوور و درێژ و بە قەرز پارە دەدات بە مارتین و بەردەوام وێنەیان لێ دەگرێت.

ئێنوک[دەستکاری]

کچێکی جوانە، ڕقی لە مرۆڤی دەوڵەمەندە. بۆ یەکەم جار مارتین لە کاتێکدا دەیبینێت کە خەریکە بە کلیلێک ئۆتۆمۆبیلەکەی لێ خرا دەکات. دواتر مارتین بە خزمەتکار بە کرێ وەریدەگرێت.

چەند ڕستەیەک لە ڕۆمانەکە[دەستکاری]

  • ھەر ئێستا لە باری فڕۆکەخانە دانیشتووم و بێ ھیچ ھۆیەک خەریکم پەرداخێک ئاوجۆی گرانی ژاپۆنی دەخۆمەوە. ژنێک لەپەنام دانیشتووە، پشیلەیەکی لەگەڵە. لەگەڵ پشیلەکەی قسە دەکات. ناوی لێناوە جان! ئەو کەسانەی ناوی مرۆڤ لە ئاژەڵەکانیان دەنێن، تا ڕادەیەکی زۆر تووشی خەمۆکیم دەکەن. گوێ دەدەم بە قسەکانیان، خەریکە خراپتر دەبێ، ناوی پشیلەکە تەنیا جان نییە، ناوی جان فیتز پاتریکە! ئەوە ئیتر بەڕاستی لە تامی دەرھێناوە. [٣]
  • باوکە فەیلەسووفەکەم نەیدەتوانی کارێکی سادە، وەکوو کورت کردنەوەی قژیشم، بەبێ بیرکردنەوە لە واتاکەی ئەنجام بدات.[٤]
  • مرۆڤەکان ھیچ ڕەمز و ڕازێکیان نییە، چونکە بەردەوام خەریکی زۆربڵەیین... گوێت لە منە جاسپێر؟ ھەندێک جار کە تا درەنگایی شەو، لەناو شاردا خەریکی پیاسەی، و ژنێک لە ڕووبەڕووتەوە لێت نزیک دەبێتەوە، دەبینی لا دەدات و لە ڕێگەیەکی ترەوە دەڕوات، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی یەکێک لە جنسی من و تۆ، دەستدرێژی دەکاتە سەر ژنان و مناڵەکان ئازار دەدات![٥]
  • مەگەر تۆ نەتوت ناسیۆنالیزمی نەخۆشییە؟ ئێستاش وا دەڵێم. بەڵام ئەمە نەخۆشییەکە وا دیارە بۆخۆشم تووشی بوومە، لەگەڵ کۆمەڵێک نەخۆشیی تر. ھیچ ھۆکارێکیش نابینم بۆ دەرمانکردنی نەخۆشییەکی وەھا بچووک، لە کاتێکدا کە خەریکم بە نەخۆشییەکی گەورەتر دەمرم. [٦]

بۆچوونەکان[دەستکاری]

جۆن فریمان ڕەخنەگری ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، دەڵێت ھەرچەندە زۆر ساتی خۆش لە کتێبەکەدا ھەیە، بەڵام کتێبەکە ھەوڵ دەدات لە لێکدانەوەی ڕووداوەکانی ڕۆژانەدا جیاوازی زۆر لە نێوان جاسپێر و مارتیندا پێشان بدات، بەڵام لە بواری پراکتیکیدا سەرناکەوێ چونکە تەواو بە ھەمان شێوە کار دەکەن. [٧]

خەڵاتەکان و پاڵاوتن[دەستکاری]

  • خەڵاتی بووکەر (بەریتانیا)، ٢٠٠٨
  • خەڵاتی ئەدەبی مایلز فرانکلین، ٢٠٠٩
  • خەڵاتی ئەدەبی یوئێس ویڵز، ٢٠٠٩

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ جزء از کل|داستان‌ھای استرالیایی - قرن 21م.||خانه کتاب |ketab.org.ir.
  2. ^ نشرچشمه.
  3. ^ جز از کل، استیو تولتز، ترجمه پیمان خاکسار، چاپ پنجاه و سوم لاپەڕەی ٦٥٤-٦٥٥
  4. ^ جز از کل، استیو تولتز، ترجمه پیمان خاکسار، چاپ پنجاه و سوم، لاپەڕەی ١٥
  5. ^ جز از کل، استیو تولتز، ترجمه پیمان خاکسار، چاپ پنجاه و سوم لاپەڕەی ١٤
  6. ^ جز از کل، استیو تولتز، ترجمه پیمان خاکسار، چاپ پنجاه و سوم لاپەڕەی ٦٠٢
  7. ^ |https://www.nytimes.com/2008/08/24/books/review/Freeman-t.html

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]