نێڵسۆن ماندێلا

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
نێلسۆن ماندێلا
Nelson Mandela
ماندێلا لە یادی ٩٠ ساڵەی لەدایکبوونیدا لە  جۆهانسبورگ لە ئایاری ٢٠٠٨.
سەرۆک کۆماری ئەفریقای باشوور
لەسەر پۆستدا
١٠ی ئایار ١٩٩٤ – ١٤ی حوزەیران ١٩٩٩
Deputy تابۆ ئێمبیکی
F. W. de Klerk
پێشکەوتوو بەهۆی F. W. de Klerk
سەرکەوتن بەهۆی تابۆ ئێمبیکی
وردەکاریی تاکەکەسی
لەدایکبوون ڕۆلیهلاهلا ماندێلا
٨ا تەمووزی ١٩١٨
Mvezo, ئەفریقای باشوور
مردن ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣
جۆهانسبورگ, ئەفریقای باشوور
نەتەوە ئەفریقای باشوور
حیزبی سیاسی African National Congress
ھاوسەر(ەکان) Evelyn Ntoko Mase
(m. ١٩٤٤-١٩٥٧; divorced)
Winnie Madikizela
(m. ١٩٥٨-١٩٩٦; divorced)
Graça Machel
(m. 1998–2013; his death)
منداڵەکان
Residence Houghton Estate,جۆهانسبورگ, گاوتەنگ, ئەفریقای باشوور
خوێندن لە University of Fort Hare
University of London External System
زانکۆی ئەفریقای باشوور
University of the Witwatersrand
ئایین ئایینی مەسیحییەت (Methodism)
واژۆ Signature of Nelson Mandela
ماڵپەڕ www.nelsonmandela.org

نیڵسۆن ماندێلا (بە ئینگلیزی: Nelson Mandela) (١٨ی تەمووزی ١٩١٨- ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣) لە ئەفریقای باشوور لە دایکبووە لە زنجێکدا لە گوندێکی بچووکی ھەرێمی ترانسکایی، ساڵی ١٩٤٦ دەبرێت بۆ دورگەی رۆبیبین لە ئەنجامی ھەوڵی ماندبوونی ئاشتیانەی ماندێلا و ھاورێکانی بۆ سەربەخۆی ئازادی بیرکردنەوە وتن و رەخساندنی کەشێکی لەبار بۆخەڵکی ئەفەریقای باشوور، بۆیە ساڵی ١٩٩٠ دی کلێرک سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئەفەریقای باشوور لە راگەیاندنێکی چاوەرواننەکراودا وتی دەبێت رێگا بە (ANG، PAG) پارتی کۆمۆنیست بدرێت و ٣١ رێکخراوی دیکەی سیاسی ھەموو ئەو بەندیانەی کە تاوانی توندوتیژیان نەکردووە ڕیگەیان پێ بدرێن کاری خۆیان بکەن و ھەموو لە سێدارە دانێک ھەڵبووە شێتەوە. ئەفەریقای باشوور لەو شەوەدا گۆرا و ئالای ANG لەھەوادا دەشەکایەوە و چیدی ماندێلا قەدەغەنەبوو ،ماندێلا لەنێوان ساڵانی ١٩٩٤ تا ١٩٩٩ سەرۆکی ئەفریقیای باشوور بوو [١]لە ئێستادا ماندێلا وەک سیموبووڵی ئاشتی و مافی مرۆڤ لە ووڵاتان دەناسرێت[٢][٣][٤] ، ماندێلا لەساڵی ١٩٩٣ دا خەڵاتی نۆبێل ی لە ئاشتیدا پێبەخشرا[٥]

ژیانی[دەستکاری]

سەرەتای ژیانی[دەستکاری]

ماندێلا ناوی تەواوی (رۆلیھلا لا نیڵسۆن ماندێلا)یە، لە ١٨ی تەمموزی ساڵی ١٩١٨ لە ترانسکای ئەفریقای باشوور لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی ھەر لە ئەفریقا دەستپێکردووە، لە دوای دروستکردنی چەندین ئاستەنگی لەبەردەمیداو بۆ ئەوەی دای ببڕن لە خوێندن، بەڵام ئەو ھەر سووربوو لەسەر درێژەدان بەخوێندنەکەیی‌ و توانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستبێنێت. ماندێلا سەر بە خانەوادەی (مادیبا)یە کە خێزانێکی بەناوبانگن لە ئەفریقای باشوور، باوکیشی یەکێک بووە لە سەرۆکەکانی خێڵی (تیمبۆ)، بۆیە دوای مردنی باوکی ڕاستەوخۆ ماندێلا دەستنیشانکرا کە جێگەی باوکی بگرێتەوە.

لە کتێبی تایبەتی نیڵسۆن ماندێلا دا بەناوی (دیالۆگ لەگەڵ خۆمدا) کە وەرگێڕدراوەتە سەر ٢٢ زمانی جیاجیای جیھان‌ و تایبەتە بە ژیانی خۆی، ئەو خۆی باس لە ژیانی خۆی دەکات‌ و دەڵێت:

"ئەو کوختەی منی تیا دەژیام، ھیچ جۆرە پێویستییەکی تیانەبوو، من لەسەر حەسیر دەنووستم، زەوی کوختەکە ھیچ جۆرە ڕاخەرێکی بۆ دانیشتن تیانەبوو، تا ماوەیەکی زۆریش نەمدەزانی سەرین چییە! خواردنمان تەنھا ئەو شتانەبوو کە خۆمان بەرھەممان دەھێنان، دایکم خۆی گەنمە شامی دەچاندو درەوی دەکرد. لە تەمەنی پێنج ساڵیدا بووم بەشوان‌ و چاودێری مەڕ و ماڵاتم دەکرد، ھەر لەو دەشتانەدا وانەی تازە فێربووم، ڕاوی باڵندە بەقۆچەقانی‌ و کۆکردنەوەی ھەنگوین‌ و میوە و ڕیشەی خۆراک‌ و خواردنەوەی شیری گەرم‌ و شیرین، مەلەکردن لە ڕووبارەکاندا و ماسی گرتن بە قولاپ. منیش وەک ھەموو منداڵەکانی تیرەی خوسا، تەنھا لە ڕێگەی بینینەوە ھۆشیاریم پەیداکردو فێری زانست بووم. ئێمە زانیاریمان بەھۆی چاولێکردنەوە بەدەستھێنا، نەک لەڕێی پرسیارکردنەوە، پرسیارکردن لەناو خێزانی ئێمەدا زۆر زەحمەت بوو، کە بۆ یەکەمجار لە ماڵی یەکێک لە سپی پێستەکاندا منداڵەکانم بینی چۆن پرسیار لە باوک‌ و دایکیان دەکەن سەرم سوڕما، باوکم‌و دایکم ئەوەیان پێناخۆش بوو، دەبوو ئێمە رێز لە ھەموو داب‌ و نەریتێکی کۆمەڵایەتی‌ و ئایینی بگرین‌ و حەرام‌ و حەڵاڵ بزانین.

خەڵکی پەیڕەویان لە باوو باپیریان دەکردو ژنانیش، ھەرچیەکیان بە میراتی بۆ مابووە، ملکەچی بوون لێیان لانەئەدا، ئەگەر یەکێک بەھەر شێوەیەک بێڕێزی بەرامبەر باوو باپیرانی بکردایە، دەبوو بەرامبەر بەو تاوانە بڕواتە لای سەرۆک یان جادوگەری خێڵ تاوەکو داوای لێخۆش بوون بکات، ئەمانە لای من ئاسایی بوو سەرەتای ژیانی من ئاوا دەستیپێکرد."

— ماندێلا [٦]


ماندێلا لە بەشێکی تری کتێبەکەیدا ئەوە دەگێڕێتەوە، کە کاتێک دایکی لە گوندەکەیەوە بەناوی گوندی (کیونو) بۆ خوێندن دەیبات بۆ گوندێکی پێشکەوتوتر بەناوی گوندی (مەکھکزون)‌و لەوێ لە ماڵی سەرۆک خێڵێکدا، کە ھاوڕێی باوکی بوو دەمێنێتەوە. وەک ھەستێکی منداڵی، بەتەواوی خۆی وەک لادێیەک دێتە بەرچاو و شەرم دایدەگرێت، بەناچاری خەمی ئەوەی لێدێت کە چۆن لەگەڵ ئەو دۆخە تازەیەدا رابێت، ھەست بەدواکەوتووی دەکات‌ و لەگەڵ (ڤینسی) کچی قەشەیەکدا پەیمان دەبەستێت، پیاسەی لەگەڵ دەکات‌ و دڵی بەدەستدەھێنێت، بەڵام خوشکە گەورەکەی ڤینسی گاڵتەی بەو خۆشەویستیە دێت‌ و دەیەوێت بە ھەر شێوەیەک بێت خوشکەکەی پەشیمان بکاتەوە، چونکە بەردەوام پێی، دەڵێت: "ئەو کوڕە گوندیی‌ و کێوییە، دواکەوتووە و ھیچ لە ئەتەکێتی شارستانێتی نازانێت".

ھەر بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیە، خوشکەکەی ڤینسی ڕۆژێک بۆ نیوەڕۆ خوانێک داوەتی ماندێلا دەکات، ماندێلاش پێش ئەوەی دەست بە خواردن بکات، دەکەوێتە ھەستکردن‌ و چاودێری ئەوانی تر دەکات تا بزانێت ئەوان چۆن‌و بە چ شێوەیەک ناندەخۆن، ئەو ھەروا فێر بووە کە بەدەست نان بخوات، بەڵام کە دەبینێت میوانەکانی تر چەقۆ و چنگاڵ بەکاردەھێنن، ئەویش چاویان لێدەکات‌ و ھەر بەو دەستورە دەکەوێتە گیانی باڵە مریشکێک، بەڵام چەند دەکۆشێت ئەو کارەی بەچاکی بۆ ناکرێت، ئەوەندە چەقۆ و چنگاڵ بەقاپەکاندا دەکێشێت کە ئەوانی تر لە تەقە تەقەکەی ڕادەمێنن‌و بێزار دەبن‌ و دەکەونە تەماشاکردن، خوشکە گەورەکەی لە ڤینسی ڕادەمێنێت‌ و وەک پێی بڵێت، پێم نەوتیت ئەو کوڕە چ گوندیەکە، بەڵام ماندێلا وەک خۆی دەڵێت: "من ھەر ئارەقەم دەڕشت‌ و نەمدەویست دان بە شکستەکەمدا بنێم‌ و بەدەست باڵە مریشکەکە بخۆم، بۆیە ئەو ڕۆژە تا ڕادەیەکی زۆر بەبرسێتی مامەوە".

ژیانی خوێندن و چالاکییەکانی[دەستکاری]

ماندێلا لە ساڵی ١٩٣٧

لە ماوەی خوێندنی زانکۆیدا، نیڵسۆن ماندێلا چەند جارێک جیاکرایەوە و دابڕێندرا لە خوێندن ئەویش لەگەڵ ھاوڕێیەکیدا بەناوی (ئۆلیڤەر تامبۆ)، بە تۆمەتی ھاندانی خوێندکاران بۆ مانگرتن‌ و ناڕەزایی لە دژی سیستەمی حوکمڕانی وڵات. لە بەرامبەر ھەموو ئەو گیرگرفتانەی بۆی دروستکران، یەکەم کاردانەوەی ماندێلا راگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن بوو لە ساڵی ١٩٤٢، لەو ساڵەدا ماندێلا پەیوەندیکرد بە ڕێکخراوی ئەنجومەنی نەتەوەی ئەفریقی بۆ پاراستنی مافی ڕەش پێستەکان.

ساڵی ١٩٤٢ ماندێلا بوو بە فەرماندەی ئۆپۆزسیۆن‌ و بەرھەڵستی لە وڵات، ساڵی ١٩٥٠ ماندێلا پەیوەندی بەھێزی دروستکرد لەگەڵ ھەموو سەرۆک ھۆزەکانی وڵاتەکەیدا و توانی پاڵپشتێکی بەھێز پەیدا بکات، تاوەکو ساڵی ١٩٦٠ بۆ ساڵی ١٩٦١، ماندێلا بوو بە سەرۆکی باڵی سەربازی کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقی.

دوای تەواوکردنی زانکۆ، ماندێلا دەگەڕێتەوە گوندەکەیی‌ و دەیانەوێت بە زۆر ژنی بۆ بھێنن، لە تاودا ھەڵدێت‌ و ڕوو لە جۆھانسبورگ دەکات، کە ئەو کات سەنتەری دەسەڵات‌ و چالاکی سیاسی‌ و ئابووری‌ و ڕێکخراوە جۆر بە جۆرەکان بووە، ماندێلا ھەوڵیداوە لەوێ ببێتە کارمەندو خوێندنی یاساییش بخوێنێت، لەوێ ئەو دیمەنە نامۆیانە دەبینێت کە مانای ڕەگەزپەرستی سپی پێستەکانە، لەوە دەگات کە سپی پێستەکان ڕەش پێستی ڕەسەنی وڵاتەکەی بە نۆکەری خۆیان دەزانن، تەنانەت بەو پەرداخ‌ و پیاڵانەش چا ناخۆنەوە، کە ئەوان دەمی تێوە دەدەن، ھەروەھا دەسەڵاتی تەواوی کارگە و کۆمپانیاکانی لە ژێر دەستی ئەواندایە کە بە ئارەزووی خۆیان یاری بە چارەنووسی ڕەش پێستەکان دەکەن، بەڵام ماندێلای بەویژدان باس لە ھەستی مرۆڤانەی ئەو سپی پێستانە دەکات کە گیانی ڕەگەزپەرستیان تیادا نییە و لەگەڵ ڕەش پێستەکاندا بە خۆشەویستی دەژین، بەتایبەتی ئەو لاوانەی بیری کۆمۆنیستیان تیابووە و ویستوویانە رژێم‌ و کۆمەڵگاکە بگۆڕن‌ و کێشەی ڕەگەزپەرستی نەھێڵن.

ھەرچەندە ئەو بەشێوەیەکی رەسمی وابەستەی پارتی کۆمۆنیست نەبوو بوو، ھەروەھا لەدیدێکی ترەوە بۆ چارەسەری کێشەی گەلەکەی دەگەڕا، بەڵام بەھۆی ھاوڕێ کۆمۆنیستەکانیەوە ئامادەی زۆرێک لەدانیشتن‌و گفتوگۆیان بووەو تاڕادەیەکی باشیش لە فەلسەفەی مارکسیەت تێگەیشتبوو. ئەو لاوە رەشپێستە وەک لەمنداڵیدا بەبێبەش ژیاوە، لەلاوێتیشدا ھەروابووە، کاتێک لەشارۆچکەی (ئەلکساندرا) لەسەر کار دادەمەزراوە، پارەی ئەوەی پێ نەبووە چرایەک بکڕێت، بەناچاری لەبەر گڕی مۆمدا خوێندوویەتییەوە، لەشارۆچکەکەوە تا ئەو ماڵەی بەکرێی گرتووەو تیایدا ژیانی بەسەر بردووە، کە نزیکەی شەش میلە، زۆرجار ئەو رێگە دوورەی بەپێ بڕیوە، لەبەرئەوەی کرێی ئوتۆمبێلی پێنەبووە. رۆژانەش لەخواردنی چاک‌و خۆش بێبەش بووە، تەنھا قاتێک جلیشی ھەبووە تەنانەت ھاوڕێیەکی کە ھەمان قەدو باڵای ئەوی ھەبووە، قاتێک جاکەت‌و پانتۆڵی خۆی داوەتێ، ماندێلا بۆ ماوەی چەند ساڵێکیش بەپینەو پەڕۆ لەبەری کردووە، کە لەجۆھانسبێرگ بووە، ھەرلەوێ دامەزراوە بەکارمەندی کۆمپانیایەک، ئیتر لەوێوە کەوتووەتە ناو کۆڕی سیاسەتەوە، چونکە وەک خۆی، دەڵێت: ھەموو ھاونیشتمانیەکی باشووری ئەفریقا ھەر بەمنداڵی ھەست بەوە دەکات کە لەژێر سیستەمی رەگەزپەرستانەی سپی پێستەکاندا دەژی، جیاوازی ئەو دووانە لەڕووی یاسایی‌و مامەڵەی رۆژانەوە ئەوەندە زۆرە کەناتوانێت چاوپۆشی لێبکەیت، چونکە ئەو منداڵە رەشە لەخەستەخانەیەک لەدایکدەبێت کەتایبەتە بەڕەشپێست‌و لەقوتابخانەیەکیش دەخوێنێت کە تەنھا ھەر بۆ رەش پێستەکانە، ھەروەھا ناشتوانێت سواری ئەو ماشێنە بێت کە ھی سپی پێستەکانە، ناتوانێت بەکەنار رووبارێکدا تێپەڕن کەتایبەتە بەسپی پێست‌و سەعات یانزەی شەو پیاسەی سەر شەقام بۆ ئەوان نابێت، بێکاری تاوانەو کارکردنیش لەھەندێ شوێندا بۆ رەشپێست ھەر تاوانە، رەش پێست چەندە یاساناسێکی بەتواناو بەھرەمەندبێت، بەڵام ھەرگیز ناکرێتە دادوەرو قازی.

زیندانی کردنی[دەستکاری]

ماندێلا لە کاتی دەنگداندا لە هەڵبژاردنی گشتی ئەفریقای باشوور لە ساڵی ١٩٩٤
ماندێلا و بیل کلینتۆنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

لە شوباتی ساڵی ١٩٦٢ ماندێلا دەستگیرکراو بە سزای پێنج ساڵ زیندانی حوکمدرا، ئەویش بەتۆمەتی سەفەرکردن بۆ دەرەوەی وڵات بەشێوەیەکی نایاسایی‌ و ڕێکخستنی مانگرتن‌ و توندتیژی، ھێشتا ماوەی حوکمی پێنج ساڵەکەی زیندانی کۆتایی نەھاتبوو، جارێکی دیکە حوکمدرایەوە بەدرێژایی ھەموو ژیانی، ئەمجارەیان بەتۆمەتی پلان دانان بۆ کردەوەی چەکداری، واتە سزاکەی ھەتا ھەتایی بوو، چونکە ئەوکات تۆمەتی ئەوەیاندایە پاڵ ماندێلا کە ئەو خیانەتی لە وڵاتەکەی کردووە، بەڵام وەکو چاودێران، دەڵێن: "ئاکارو ڕەوشتی ماندێلا، ھەمیشە خاڵی بووە لەخیانەت‌ و بیری جوداخوازی"‌.


دوای ئەو ھەموو جیاوازییەو ھەستکردن بەو دژایەتیکردنەی کە لەڕەش پێستەکان دەکرێت، ماندێلای رەش پێست بەو ھەستە پڕەوە بەگژ بیروباوەڕی ئاپارتایتدا دەچێتەوە کە بەپێی ئەو ئایدیایە دەبوو سپی پێست لەسەرووی رەشپێستەکان‌و ھندیەکانەوە بن، واتە دەبێت سپی پێست ھەمیشە بەسەرۆکی بمێنێتەوە، ئەگەرچی کەمینەی دانیشتوانی وڵاتەکەش بن، لەو رووەشەوە ماندێلای تێکۆشەر لەڕێگەی چالاکیە سیاسییەکانیەوە بووە سەرۆکی کۆنگرەی میللـی ئەفریقا، کە گەورەترین رێکخراو بوو لەسەر ئاستی ھەموو کیشوەرەکەو داوای یەکسانی‌و نەھێشتنی نەژادپەرستی ئازادییان دەکرد لەئەفریقای باشووردا. بەڵام دەسەڵاتدارە رەگەزپەرستەکان ھەستیان بەمەترسی ئەو لاوە روناکبیرو ئازادویستە کردووە، ھەر بۆیە بۆ ماوەی ٢٧ ساڵ لەبەھاری لاوێتیەوە دەیخەنە زیندانەوە، تا ساڵی ١٩٩٠‌ و لەتەمەنی حەفتاو دوو ساڵیداو لەژێر فشارێکی نێودەوڵەتیدا ئازادکراو بووە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیشی پێبەخشرا.

مردنی[دەستکاری]

نێلسۆن ماندێلا سەرۆکی پێشوی ئەفریقای باشور لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا دوای مانەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد.

ڕەتکردنەوەی خەڵاتێک لە لایەن تورکیاوە[دەستکاری]

ماندێلا دوای رزگاربوونی لە بەندیخانە، لە ساڵی ١٩٩٢ لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە خەڵاتی ئاتاتورکی پێ بەخشرا و داوای سەردانی ئەو وڵاتەی لێکرا، بەڵام بە توندی داواکەی رەت کردەوە و بە حکوومەتی ئەنقەرەی وت: «من نایەم بۆ وڵاتێک خوێنی کورد بڕژێت‌ و سیاسەتی جیاکاری لەگەڵ گەلی کورددا جێبەجێ بکات»؛ بەڵام دواتر لە ساڵی ١٩٩٩ خەڵاتەکەی وەرگرت.

پەراوێزەکان[دەستکاری]

سەرچاوە[دەستکاری]