مەھەستی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
مەھەستی
افتخار دَدِه‌بالا
مەھەستی لە دەیەی ١٩٧٠
مەھەستی لە دەیەی ١٩٧٠
زانیارییەکان
ناوی لەدایکبوونئیفتیخار دەدەبالا[a]
لەدایکبووی (١٩٤٦-١١-١٦) ١٦ی تشرینی دووەمی ١٩٤٦
تاران، دەوڵەتی پەھلەوی
مردووی٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٠٧(٢٠٠٧-٠٦-٢٥) (٦٠ ساڵ ژیاوە)
سانتا ڕۆزا، سۆنۆما کەنتری، کالیفۆرنیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
چەشنەکان
پیشە(کان)گۆرانیبێژ
ساڵانی چالاکبوون١٩٦٥–٢٠٠٧
بابەتە پەیوەندیدارەکانھایدە

ئیفتیخار دەدەبالا[a] (بە فارسی: افتخار دده‌بالا‎؛ لەدایکبووی ١٦ی تشرینی دووەمی ١٩٤٦[٣] – مردووی ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٠٧[٤])، کە بە ناوی ھونەریی مەھەستی (بە فارسی: مهستی‎) ناسراوە، گۆرانیبێژێکی ئێرانیی مۆسیقای سوننەتیی ئێرانی و پۆپ بوو بە پانتاییی دەنگیی مێزۆ-سۆپرانۆ کە بۆ ماوەی زیاتر لە چوار دەیە چالاک بوو. ماوەیەکی کەم پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئێرانی بەجێھێشت. سەرەتا بۆ بەریتانیا و پاشان بۆ ھەتاھەتایە بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆشت و تا مردنی لەوێ ژیا. مەھەستی خوشکی بچووکی گۆرانیبێژی ئێرانی، ھایدە بوو.

ژیانی کەسی[دەستکاری]

مەھەستی (چەپ) و ھایدە، لە چوارشەممەسوورە باز بەسەر ئاگرێکدا دەدەن.

خەدیجە (ئیفتیخار) دەدەبالا لە ١٦ی تشرینی دووەمی ١٩٤٦ لە تاران، ئێران لەدایک بوو. باوکی ناوی محەممەد دەدەبالا و دایکیشی ناوی زینەت بولغاری بوو. خوشکی بچووکی گۆرانیبێژی ئێرانی، ھایدە بوو.[٥][٦] دواتر دایک و باوکیان لە یەکتری جیا بوونەوە و ھاوسەرگیرییان لەگەڵ کەسانێکی تر کرد.

پێش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ھاوسەری یەکەمی مەھەستی، دوای ئەوەی ماوەیەک لەگەڵ مەھەستی دەژیت، لەگەڵ گۆرانیبێژی لاکۆڵان، فیروزە کەوتە خۆشەویستییەوە و لە مەھەستی جیابوویەوە. مەھەستی سۆزێکی زۆری بۆ ھاوسەرەکەی ھەبوو و زۆریش بەو ڕووداوە دڵتەنگ بوو بۆیە گۆرانییەکانی بیا خونه، بازیچه و لە کۆتاییشدا دلقکی بۆ ھاوسەری یەکەمی، کۆروس نازمیان وت، بەڵام دوای ماوەیەک لەگەڵ ھاوسەری دووەمی ھاوسەرگیریی کرد.[ژێدەر پێویستە] مەھەستی دوو جار ھاوسەرگیریی کردووە کە ھەردوو ھاوسەرەکەی کورد بوون و سەرەنجامی ھەردووکیشیان جیابوونەوە بوو. دوای ئەم دوو جیابوونەوەیە بڕیاری دا کە بەتەنیا بژی بۆیە، لەگەڵ دایکی لە فەرمانیە لە تاران ژیا. لە ھاوسەرگیریی یەکەمی لەگەڵ نازمیان بووە خاوەنی کچێک بە ناوی سەحەر نازمیان. ھاوسەرگیریی دووەمی لەگەڵ بەھرام سنەیی بوو کە خاوەنی کارگەیەکی پێڵاو بوو.[ژێدەر پێویستە] مەھەستی دوو نەوە و کچەزای بە ناوەکانی ناتاشا و ناتالی لە کچە تاقانەکەی، سەحەر ھەیە.

لە ١٩٧٨ و پێش شۆڕش، کۆچی بۆ شانشینی یەکگرتوو، و پاشان لە ١٩٨١ بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد کە لەوەوبەدوا لەوێ ژیا.

کاتی نەخۆشی[دەستکاری]

مەھەستی تا نزیکی چوار ساڵ نەخۆشییەکەی بەنھێنی ھێشتەوە، گەرچی لەژێر وەرگرتنی چارەسەری کیمیاییی لەسەرخۆ بوو. دکتۆرەکان ئاگاداریان کردەوە کە گەر ژەمەدەرمانی زیاتر لەوەی کە بۆ بارودۆخی پێویستە وەرگرێت، ئەوا کێشە بۆ دەنگی دروست دەبێت. لە ئازاری ٢٠٠٧، مەھەستی بەئاشکرا ڕای گەیاند کە ماوەی چوار ساڵە دژی شێرپەنجەی کۆڵۆن دەجەنگێت. ھیوای خواست کە حاڵەتەکەی ھۆشیاری لەبارەی شێرپەنجە و گرنگیی لێکۆڵینەوەی جەستەییی ڕێکوپێک لە کۆمەڵگەی ئێراندا زیاد بکات. پاشان لە سانتا ڕۆزا، کالیفۆرنیا لەگەڵ سەحەری کچی، ناسری مێردی سەحەر، و دوو منداڵەکەیان، ناتاشا و ناتالی، کە تاکە دوو نەوە و کچەزای مەھەستی بوون دەژیا.

ھەرچۆنێ بێ، لە نەورۆزی ٢٠٠٧، دوای چەند ڕۆژێک لە کۆنسێرتێک کە بڕیار بوو لەگەڵ سەتار و گولپا لە دوبەی ئەنجامی بدەن، بەھۆی دووبارە دەرکەوتنەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکەی و تێکچوونی بارودۆخییەوە، کۆنسێرتەکەی ڕاگرت. بەخێرایی گەڕایەوە لۆس ئانجلەس و لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی لەگەڵ نادره سالارپوور (کە برازای خۆی بوو)، لەپاڵ کچەکەی و نەوەکانی، و دکتۆری بنەماڵەکەی دەرکەوت، کە وتبووی مەھەستی شێرپەنجەی ھەیە و دەبێت چارەسەرکردن بە تیشک وەربگرێت. بەم ھۆیەوە، دوای وەرگرتنی چارەسەر لەگەڵ سەحەری کچی چوو بۆ باکووری کالیفۆرنیا و لە باشترین نەخۆشخانەی سانتا ڕۆزا کە ھاوسەری سەحەر خاوەنی بوو خەوێندرا.[٧]

پیشە[دەستکاری]

پەرویز یاحەقی بەھرەی گۆرانیوتنی لە تەمەنی تازەپێگەیشتووییی مەھەستیدا دۆزییەوە. یاحەقی لە یەکێک لە دانیشتنەکاندا بەھەڵکەوت گوێبیستی دەنگی مەھەستی دەبێت، و زۆر ھۆگری دەنگی دەبێت و ھانی دەدات تا گۆرانی بڵێت.

ئەکبەر گولپایانی لە چاوپێکەوتنێکدا وتی کە ھایدە و مەھەستی منیان فێرکردووە و پاشان بە ئاوازدانەرەکانیان ناساندووم.[٨] ھایدە لە مەھەستی گەورەتر بوو، بەڵام مەھەستی لەبەر زگوردییەکەی زووتر و پێش خوشکەکەی ھەنگاوی نایە نێو دۆڵی ھونەرەوە. ناوە ھونەرییەکەی خۆی لە شاعیری ناسراوی ئێرانی، مەھەستیی گەنجەوی وەرگرتووە.

لە سەرەتادا، خێزانەکەی مەھەستی ناڕازی بوون تا ڕێگەی پێ بدەن کە شوێنی پیشەیەکی لەو شێوەیە بکەوێت چونکە لەو کاتەدا لە ئێران ئەو پیشەیە پیشەیەکی پەسەندکراو نەبوو بۆ ژن. لەگەڵ ئەوەشدا، مەھەستی بە پێدانی وێنەیەکی نوێی ژنان لەو پیشەسازییەدا بە ئێران بەسەر ئەم پەڵەیە زاڵ بوو.

مەھەستی لە ١٩٦٣ و لە تەمەنی ١٩ ساڵی[٩] لە ژمارە ٤٢٠ی بەرنامەی گۆلھا[١٠][١١] بە وتنی گۆرانییەک بەناوی آن که دلم را برده خدایا کە بە شیعری بیژەن تەرەقی و بە شێوازی مۆسیقای سوننەتیی ئێرانی بوو دەستی بە پیشەکەی کرد، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و بە مەیلێکی گشتی بۆ مۆسیقای پۆپ، بەتایبەتی لە سەردەمی دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ١٩٧٩ گۆرانیی بەم شێوازەش وت. یەکەم ئیشی لەم بوارەدا گۆرانیی بچه نشو ای دل بوو، کە لە شیعر و ئاوازی جھانبەخش پازوکی و ژەنینی موجتەبا میرزادە بوو.[١١]

مەھەستی وێنەی «ژنێکی خانەدانی گۆرانیبێژ»، خاتوونێکی ڕەوشتبەرزی دروست کرد. سەرکەوتنە ئێجگار گەورەکەی لە مۆسیقادا ڕێگەی بۆ ژنگەلێکی تر کردەوە، وەک خوشکە گەورەکەی، ھایدە، کە پێنج ساڵ دوای مەھەستی دەستی بە کارەکەی کرد. دوو خوشکەکە بەشدارییەکی مەزنیان لە چاککردنی وێنەی گۆرانیبێژانی ژن لە ئێران و لە گواستنەوەی مۆسیقای ئێرانی لەو شوێنەی کە لێی بوو بۆ ئەو شوێنەی کە ئێستا لێیەتی ھەبوو.[١٢]

لە ٢٠٠٥، لەلایەن ئەکادیمیای جیھانیی ھونەر، وێژە و میدیا بۆ زیاتر لە ٤٠ ساڵ لە بواری مۆسیقای سوننەتیی ئێرانی، مۆسیقای میللی و مۆسیقای پۆپ ڕێزی لێ نرا، و خەڵاتی شێری ئاڵتوونیی پێ درا.[١٣]

مەھەستی لە دوای خۆی ٤٠ ئەلبوم و لە نێویشیاندا «گل‌های رنگارنگ»ی بەجێھێشت.[١٤] خۆشەویستبوون و بەشداربوونی لە زۆر کاری گشتی و ھەڵسوکەوتە گەرموگوڕەکەی لەگەڵ خەڵک لە کۆنسێرتەکاندا، وای لە خەڵک کرد کە ھۆگری بن، کە وای لەو نەوەی کە لە دوای مردنی ئەو لەدایکبوونە تا ئەمڕۆ کرد، ئەو و گۆرانییەکانی بەباشی بناسن و پێشوازییان لێ بکەن.

مردن[دەستکاری]

گۆڕی مەھەستی لە گۆڕستانی وێستوود لە ناوچەی وێستوودی لۆس ئانجلەس

دوای بڵاوکردنەوەی ئەلبوومێکی تری بە ناوی «از خدا خواسته»، بە ھاوکاریی شادمیھر عەقیلی کاری لەسەر ئەلبوومێکی تر دەکرد، بەڵام دوای چوار ساڵ لە نەخۆشیی شێرپەنجەی کۆڵۆن، لە سانتا ڕۆزا، کالیفۆرنیا لە سەعات ٧:٥٢ دەقەی بەیانی، لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٠٧ لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا وەفاتی کرد.[٣]

دوای گواستنەوەی تەرمەکەی لە باکووری کالیفۆرنیا، لە سەعات ١٢:٣٠ دەقەی بەیانی، لە ڕۆژی ھەینیی ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٠٧ لە گۆڕستانی وێستوود لە وێستوود، کالیفۆرنیا لە نزیک گۆڕی ھایدەی خوشکی و زینەت بولغاریی دایکیان نێژرا.[١٥][سەرچاوەی ناسەرەکی پێویستە] ڕێوڕەسمی ناشتنەکەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی تەپش و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسە ناودارەکان و ئەکتەرەکان و ھونەرمەندانی تر لەنێویشیاندا سەرۆکی شارەوانیی بێڤرلی ھیڵز، جیمی دڵشاد و دیزاینەر، بیژەن پاکزاد پەخش کرا.[١٦][١٧][١٨]

دوای مەرگی مەھەستی، ٤ خانمەگۆرانیبێژی ئێرانی، لەیلا فرووھەر، سپێدە، ھەنگامە و ھێلین، لەسەر داوای کەناڵی تەپش، گۆرانییەکیان بۆ مەھەستی بە ناوی «به یاد مهستی» وت.[١٩][٢٠]

دیسکۆگرافی[دەستکاری]

مەھەستی لەپاڵ عیماد ڕام، لەسەر ڕووبەرگی تۆماری «دوتا چشمون» و «رسوایی»ی ئامێری قەوان

مەھەستی لە شێوازە جۆراوجۆرەکان ھاوکاریی زۆرینەی ئاوازدانەرە ئێرانییەکانی کردووە، ھەر لە پەرویز یاحەقی و ئەسەدوڵڵا مەلەک بگرە ھەتا ئانوشیروان ڕۆحانی، سادق نوجوکی، محەممەد حەیدەری، مەنووچەھر چەشمازەر و میھرداد ئاسمانی و گۆرانینووسانی وەک بیژەن تەرەقی، تورەج نیگەھبان، لەیلا کەسرا، ھوما میرافشار، ھومایوون ھوشیارنژاد، ژاکلین، شەھیار قەنبەری و ئەردەڵان سەرفراز. زیاتر کارەکانی مەھەستی (دەوروبەری ٦٠ کار) لەلایەن جھانبەخش پازوکی بوو.

لە کۆتایییەکانی تەمەنی و بە ھاوکاریی (ئاوازدانەر و ئامادەکار) شادمیھر عەقیلی و (گۆرانینووس) مریەم حەیدەرزادە، کۆتا ئەلبوومی بەناوی از خدا خواسته بڵاو کردەوە.

ئەلبوومەکان[دەستکاری]

  • پەرەندەیێ موھاجیر (١٩٨١)
  • ئەیدێ شۆما مۆبارەک (١٩٨٢) لەگەڵ سەتار و مەنووچەھر چەشمازەر
  • مۆج (١٩٨٣)
  • یێکی ڕا دووست میدارام (١٩٨٣) لەگەڵ ھایدە و ھۆشمەند عەقیلی
  • ئاشێغانەھا (١٩٨٣) لەگەڵ ھایدە
  • زیندەگی (١٩٨٥) لەگەڵ ھایدە
  • تۆ بێزەن تا مەن بێڕەقسەم (١٩٨٥)
  • گۆل-ھایێ ڕەنگا-ڕەنگ (١٩٨٨)
  • سەپیدە دەم (١٩٩٠)
  • مەستی (١٩٩٠)
  • ئەسیر (١٩٩٠)
  • زیافەت (١٩٩١)
  • موسافیر (١٩٩١)
  • غەسەم (١٩٩٣)
  • گۆلێ ئومید (١٩٩٣)
  • نامە (١٩٩٤)
  • ئاشووفتەھ (١٩٩٤)
  • بیگانەھ (١٩٩٤)
  • ھاڤای یار (١٩٩٤)
  • پەرەندەھا (١٩٩٥، لەگەڵ لەیلا فرووھەر و شەھرام سۆلەتی)
  • ھەغیغەت (١٩٩٥)
  • بازم مەھەستی و سەتار (١٩٩٦)
  • سەرابێ ئێشغ (١٩٩٦)
  • لەبخەند (١٩٩٦) لەگەڵ شەھرام سۆلەتی
  • ھەڤایێ ئاشێغی (١٩٩٨)
  • ئاڤازەک (١٩٩٩)
  • ھەمیشێ ئاشێغ (١٩٩٩)
  • گۆلێ گەندم (٢٠٠٠، لەگەڵ سەتار)
  • دێلدادەھ (٢٠٠١)
  • ھەمیشێ سەبز (٢٠٠٣)
  • ئەز خودا خەستەھ (٢٠٠٤)

لەمانەش دەرکەوتووە:

  • خاترە ٢ (١٩٨٣) لەگەڵ ھایدە و حومەیرا
  • نەرگز شیراز(١٩٨٤) لەگەڵ سەتار و ھایدە
  • ئینتیخابی ٢ (سەرباز کوچولوو) (١٩٨٤)
  • ئینتیخابی ٣ (غەناری) (١٩٨٥)
  • خاترە ٤ (١٩٨٥) لەگەڵ ئیبی، سەتار و ھایدە
  • خاترە ٥ (١٩٨٦) لەگەڵ ھایدە، سادق نوجوکی و ھۆشمەند عەقیلی
  • ئینتیخابی ٧ (گوزەشتەھایێ شیرین) (١٩٨٦)
  • ئینتیخابی ٨ (کیێ کیێ) (١٩٨٦)
  • ئینتیخابی ٩ (یا مۆلا) (١٩٨٧)
  • تەنینێ سۆلھ (١٩٨٧)
  • ساغەرە ھەستی (١٩٨٧) لەگەڵ موعین، ھایدە و بەھرام فرووھەر
  • گەنجینە ١ (١٩٨٧) لەگەڵ موعین، سەتار و ھایدە
  • پەرەستووھا (١٩٨٨) لەگەڵ سەتار، ھایدە
  • ئینتیخابی ١١ (بی نەزیر) (١٩٩١)
  • ھەمسەفەرێ ئێشغ (١٩٩٣) لەگەڵ سەتار، دلارام، فەتانە و ئەحمەد ئازاد
  • خانە ئاشگەغ کووجاست (١٩٩٣) لەگەڵ حومەیرا، سەتار، شوھرە، مارتیک و عیماد ڕام

تاکەکان[دەستکاری]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

تێبینییەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا سەرچاوەکان لەسەر ئەوەی کە ناوی ڕاستەقینەی چی بووە جیاوازییان ھەیە، ھەندێک دەڵێن خەدیجە (بە فارسی: خدیجه‎)،[١] و ھەندێکیش دەڵێن ئیفتیخار (بە فارسی: افتخار‎) بووە.[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "مهستی، خواننده ایرانی، درگذشت". BBC Persian (بە فارسی). 25 June 2007. Retrieved 2 May 2021.
  2. ^ "آواهای کم‌شنیده از دیروز تا امروز • مهستی". Deutsche Welle (بە فارسی). 28 June 2018. Retrieved 2 May 2021.
  3. ^ ئ ا مهستی هنرمند پرآوازه ایران درگذشت. ئەرشیڤ کراوە نووسراوەی سەرەکی لە ڕێکەوتی ۲۷ ژوئن ۲۰۰۷. سەردان لە ڕێکەوتی ۲۶ ژوئن ۲۰۰۷.
  4. ^ رادیو زمانه. ئەرشیڤ کراوە نووسراوەی سەرەکی لە ڕێکەوتی ۲۹ ژوئن ۲۰۰۷. سەردان لە ڕێکەوتی ۲۵ ژوئن ۲۰۰۷.
  5. ^ "In Memory of the Persian Legendary Diva HAYEDEH (1942–1990)". Persian Heritage/Payvand News. January 19, 2006. Retrieved February 17, 2018.
  6. ^ صدای ماندگار. توانا.
  7. ^ [۲۶مصاحبه تلویزیون امید ایران با کیوان پسر هایده و سحر دختر مهستی June 2007]
  8. ^ اکبر گلپایگانی در گفتگویی صریح بیان داشت⇐معصومه و خدیجه دده‌بالا(هایده و مهستی) با چادرهایی گل‌گلی به کلاس ما آمدند. cinemajournal.ir.
  9. ^ روزنامه شرق-سال‌شمار زندگی استاد پرویز یاحقی- پنجشنبه، ۲ تیر ۱۳۹۰. old.sharghdaily.ir. سەردان لە ڕێکەوتی 2018-11-16.
  10. ^ [مصاحبه نادر رفیعی در میدنایت شو با مهستی ۱۹۸۷]
  11. ^ ئ ا مهستی؛ از ارکستر گل ها تا موسیقی پاپ(fa). رادیو فردا. سەردان لە ڕێکەوتی 2021-05-16.
  12. ^ "MAHASTI, The Acclaimed Iranian Singer, Dies at 60 in California". payvand.com.
  13. ^ خبرگزاری بی‌بی‌سی مهستی در کالیفرنیا درگذشت
  14. ^ خبرگزاری انتخاب. ئەرشیڤ کراوە نووسراوەی سەرەکی لە ڕێکەوتی ۲۸ ژوئن ۲۰۰۷. سەردان لە ڕێکەوتی ۲۶ ژوئن ۲۰۰۷.
  15. ^ Burks, Lisa (May 14, 2008). "Mahasti Dadebala". Find a Grave. Los Angeles. Retrieved November 21, 2018.
  16. ^ amandakarimi (February 9, 2008). "mahasti funeral". Archived from the original on 2021-12-13 – via YouTube.
  17. ^ Shohreh Solati (June 19, 2012). "Shohreh in Mahasti's Funeral – 2007 (By Shahram Shajarian)". Archived from the original on 2021-12-13 – via YouTube.
  18. ^ amandakarimi (February 9, 2008). "mahasti funeral , bardia , jamshid , amir ghasemi ,". Archived from the original on 2021-12-13 – via YouTube.
  19. ^ Beh Yaad Mahasti - Leila Forouhar, Helen, Hengameh and Sepideh (بە فارسی), retrieved 2019-10-22
  20. ^ Leila Forouhar, Helen, Hengameh, & Sepideh - Memories (Mahasti Tribute), retrieved 2019-10-22

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]