محەممەد سەعید جاف

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
محەممەدسەعید جاف

محەممەدسەعید جاف :(١٩٢٦–١٩٩٦) نووسەر، چالاکی سیاسی، لەنەتەوەی کورد بووە.

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

محەممەدسەعید کوڕی محەممەد بەگ کوڕی فەتاح بەگ کوڕی محەممەد پاشای جافە، دەچێتەوە سەر بنەماڵەی کەیخوسرەوبەگی، ١٩٢٦ لە دێی کەلار لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتاییی خوێندنی لە کەلار و کفری تەواوکردووە و ئەوەبەدوا لەبەر مردنی باوکی، دەستی لە خوێندن ھەڵگرتووە.[١][٢]

چالاکی سیاسی[دەستکاری]

بە لاوی تێکەڵ بە سیاسەت و جووڵانەوەی کوردایەتی بووە و چووەتە ناو حیزبی (ھیوا) و پاشان (پارتی دیموکراتی کورد). ساڵانی پەنجا بەشداریی لە بزووتنەوەی ئاشتیخوازاندا ھەبووە.[١][٢]

ئەرکی لە دەوڵەت[دەستکاری]

دواجار ماڵەکەیی لە کەلارەوە بردووەتە خانەقین و لە ١٩٦٠یشەوە چووە بەغدا و بە پلەی تێبین (ملاحض) بووە فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرێتیی خانووبەرەی وەزارەتی نیشتەجێکردن. پاش کودەتای ٨ی شوباتی ١٩٦٣ لە وەزیفەکەی لابراوە و گیراوە.[١][٢]

ڕۆژنامەی عەرەبی- کوردیی "التآخی- برایی"[دەستکاری]

ساڵانی ١٩٦٧–١٩٦٨ ئەندامێکی دەستەی نووسینی ڕۆژنامەی عەرەبی- کوردیی "التآخی- برایی"ی ئۆرگانی (پارتی دیموکراتی کوردستان) بووە، کە لە ئاگربەستی نێوان حکوومەت و شۆڕشدا لە بەغدا دەرچووە. پاشتر گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و ١٩٦٩ لەوێوە ڕووی کردووەتە ئێران.[١][٢]

کۆچی دوایی[دەستکاری]

١٩٧٩ گەڕاوەتەوە بۆ وڵات و ڕۆژی ١٦ی ئازاری ١٩٩٦ نۆرەدڵێ لێی داوە و چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، تا لە ٢٥ی ئازاری ١٩٩٦دا کۆچی دواییی کردووە.[١][٢]

بەرھەمەکانی[دەستکاری]

محەممەدسەعید جاف، خولیای خوێندنەوە و نووسین و کتێبخانەی تایبەتی ھەبووە، حەزی لە ڕاووشکاریش کردووە. عەرەبی و فارسی و تورکیشی زانیون. نووسینی لە (گەلاوێژ، ھەتاو، ڕۆناھی، بەیان، ..)دا بڵاوبووەتەوە.[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەھەم / بەشی یەکەم) ژیاننامە و پێڕست، ئامادەکردنی (سدیق ساڵح، ڕەفیق ساڵح، عبدوڵڵا زەنگەنە) لە بڵاوکراوەکانی بنکەی ژین بۆ بووژاندنەوەی کەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی کوردی. ل8207
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج قامووسی ناوە نەمرەکان، بەرگی یەکەم، ل٣٥٠–٣٥١؛ محمد ھادی الدفتر- عبداللە حسن، العراق الشمالی، مطبوعات النھار- بغداد،، ص٢٩٧.