ماددەی تاریک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

وێنەیەک کە بەتیشکی سینی گیراوە لەلایەن ROSAT کە کڵپەی گازەکان دەردەکەوێ لەئەنجامی ڕاکێشانیان لەلایەن ھێزیکی گەورەی کۆمەڵێک پۆلە گەلەئەستێرەوە بەڵام ھێزی ڕاکێشان کۆمەڵە ھێزێکی گەورە تێپەر دەکا دواتریش ھێزێکی زیاتر کە ھۆکارەکەی ماددەی تاریکە.

ماددەی تاریک یان ماددەی ڕەش (بە ئینگلیزی: Dark matter) لە ئەستێرەناسی، ماددەیەکی گومانکراوە بۆ لێکدانەوەی بەشێکی گەورەی بارستاییی گەردوون. ناتوانرێت بەبەکارھێنانی تەلیسکۆپەکان ڕاستەوخۆ ماددەی تاریک ببینرێت لە کاتێکدا کە نە دەنێردرێت و نە ڕووناکییش ھەڵدەمژێت یاخود ھەر تیشکدانەوەیەکی تری کارۆموگناتیسی لە ھەر ئاستێکی گرنگ. لەجیاتی ئەوە پەنادەبردرێتە بەر بوونی ماددەی تاریک و تایبەتمەندییەکانی لەمەر شوێنەواری ھێزی ڕاکێشان کە جێبەجێ دەکرێت لەسەر ماددەی بینراو، تیشکدانەوە، بینای گەردوونی گەورە.

بەگوێرەی تیمی ڕەوانەکراوی بلانک و پاڵپشت بەنموونەی پێوەری زانستە گەردوونییەکان کۆمەڵێک ھێز-بارستایی لە گەردوونی زانراو ماددەی ئاساییان تێدایە بەڕێژەی ٤٫٩٪، ماددەی تاریک بەرێژەی ٢٦٫٨٪، و ھێزی تاریکیش بەڕێژەی ٦٨٫٣٪.

و بەم شێوەیە ماددەی تاریک ڕێژەی ٨٤٫٥٪ پێکدێنێت لەکۆی ماددەی گەردوونی لەکاتێکدا وزەی تاریکی و ماددەی تاریکی ڕێژەی ٩٥٫١٪ ناوەڕۆکی گشتی گەردوون پێکدێنێت.[١]

ماددەی تاریک چییە؟[دەستکاری]

فیزیا زانەکان باوەڕیان بەوە ھەیە کە سەدا ٢٧ ھەموو ماددە و وزەی گەردوون پێک ھاتووە لە شتێکی جیاواز کە پێی دەوترێت «ماددەی تاریک.» کەواتا ئەوە مانای وایە، زۆربەی ئەو ماددەی کە ئێمە دەمان زانی و تاقیکردنەوەمان لە سەری دەکرد، تەنیا بەشێکی کەمە لەم گەردوونە داو و ئەو بڕە زۆرەش لە ماددەی تاریک یەکسان نییە بەو ماددە ئاسایەی، کە ئێمە دەیزانین، کە بەنیزیکییە پێنج جار زیاتر و ئاڵۆزترە لەو ماددە ئاساییەی کە ڕۆژانە دەیبینین، ھەرچۆنێک بێت دەبێت بپرسین، ئایە ماددەی تاریک چییە؟ ئایە ترسناکە؟ ئایە جلەکانت پیس دەکات؟ چۆن دەزانین کە بوونی ھەیە؟

وێنەیەکی ڕوونکردنەوەی ژمارەیە بۆ بڕی ھەموو ئەو ماددە و وزەیەی کە ئێمە ئەیزانین لەم گەردوونەدا.

ماددەی تاریک لە ھەموو شوێنێکە. لە ڕاستیدا، لەوانەیە تۆ ئێستا مەلە لەناو ماددەی تاریک بکەیت. بوونی ماددەی تاریک لە ساڵی ١٩٢٠ باس کرا، بەڵام زۆر بەجدی وەرنەگیرا تا ساڵانی ١٩٦٠ کاتێک گەردوون ناسەکان تێبینی شتێکی نامۆیان کرد لە خولانەوەی گەلەئەستێرەکان، ھەروەھا چ مانایەکی ھەیە بڕی ئەو بارستاییەی کە لەناو گەلەئەستێرەکان دایە، دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە لەم دوو شتە، ھەم خولانەوە و ھەمیش بارستایی ناو گەلەئەستێرەکان.

ڕێگاکانی دۆزینەوەی ماددەی تاریک[دەستکاری]

یەکەم: خولانەوەی گەلەئەستێرەکان.[دەستکاری]

بۆ ئەوەی لە پەیوەندی نێوان ماددەی تاریک و گەلەئەستێرەکان تێبگەین، بیر لە چەند تۆپێک بکەوە، کە بە چەقێکەوە بەستراونەتەوە، ئێستا خەیاڵ بکە، کە چەقەکە دەخولێتەوە. بەدڵنیایەوە ئەو تۆپانەی بە چەقەکەوە پەیوەستن لەکاتی خولانەوەی چەقەکە دوور دەکەونەوە بۆ سنوورەکانی چەقەکە.

تۆپە سەوزەکان، دوور دەکەونەوە لە چەقەکە بەھۆی خیرایەکەیانەوە و دەچنە سنووری چەقەکە،

خولانەوەی گەلەئەستێرەکان، بەنزیکەیی بە ھەمان شێوە کار دەکەن. لەبەر ئەوەی گەلەئەستێرەکان دەخولێنەوە، ئەستێرەکانی ناو گەلەئەستێرەکان دەیانەوێت دوور بکەونەوە لە چەقی گەلەئەستێرەکان، بەڵام شتێک وای کردوە ئەو ئەستێرانە ھێشتا لەوێ بن و دەرنەچووبن بۆ سنووری گەلەئەستێرەکان ئەوە بریتییە لە ھێزی کێشکردن، کە بەھۆی بارستایی ئێستای گەلەئەستێرەکەوەیە (ھێزی کێشکردن شتەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بەرەو یەکیان ڕادەکێشێت). چەندە گەلەئەستێرەکان خێراتر بخولێنەوە، ئەوەنە زیاتر پێویستمان بە بارستایی زیاتر ھەیە بۆ ھێشتنەوەی ئەستێرەکان و دوور نەکەوتنەوەیان لە چەقەکە. ھەروەھا، بە زانینی بڕی بارستایی گەلەئەستێرەکان دەتوانین خێرایی خولانەوەی گەلەئەستێرەکان دیاری بکەین.

زاناکانی گەردوون ناسی لە یەکەم ھەوڵیاندا بۆ دۆزینەوەی خێرایی گەلەئەستێرەکان، ھەوڵی دۆزینەوە بارستاییەکەی دەدەن لە ڕێگەی ژماردنی ئەستێرەکانی ناویان، سەرەڕای ئەوەی کە ئەو ژماردنە بە شێوەیەکی دڵنیایی نابێت، بەڵام بەھۆی تەلیسکۆپەکانەوە تاڕادەیەکی زۆر نزیک دەبێت، ھەرچۆنێک بێت، دوای ژماردنی ئەستێرەکانی ناو گەلەئەستێرەکان، هەژمارکردنەکەیان کرد لە ڕێگەی کۆمپیوتەرەکانەوە ئەنجامەکە دۆزرایەوە بۆ خێرایی خولانەوەی گەلەئەستێرەکان لە ڕێگەی بارستاییەکەیانەوە، بەڵام شتێکی سەیر ڕوویدا، ئەو بڕەی کە دەرچوو بوو پێشانی دەدات کە، گەلەئەستێرەکان خێراتر لەوە دەخولێنەوە کە پێشبینیمان دەکرد، بەواتایەکی تر، دەبێت ئەستێرەکان دوور بکەونەوە لە چەقی گەلەئەستێرەکان و بچنە سنوورەکانی ھەروەک ئەم تۆپانەی سەرەوە. لە ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی و تێگەشتن لەو بڕە خێراییە و مانەوەی ئەستێرەکان، دەبێت زاناکان بڕێکی زۆر لە بارستایی زیاد بکەن بۆ ھاوکێشەکان و ژمارەکان، تا چارەسەری ئەو خولانەوە خێرایە بکات، بەڵام نەیان دەتوانی ئەو بارستاییە زۆرە بدۆزنەوە و نەیان دەزانی کە لەکوێیە. ئەم ئاڵۆز بوونە دەکرا چارە بکرێت بە زیادکردنی جۆرە شتێکی زۆر قورس بۆ ناو گەلەئەستێرەکە، شتێکی نادیار «تاریک» بەڵام بۆ ھەموو گەلەئەستێرەکان زیاد بکرێت. ئەوەش بانگەشەیەکی سەیرە بوونی بارستاییەکی زۆر لە ناو گەلەئەستێرەکان بۆ ھێشتنەوەی ئەستێرەکان لە نزیک یەکترییەوە، ھەروەک کاڕڵ ساگان دەڵێت: «بانگەشەی سەیر پێویستی بەبەڵگەی سەیر ھەیە» بەڵێ، مەتەڵی سەیر لە ناو ئەم گەردوونە بوونی ھەیە بەبێ ئەوەی لێیان تێبگەین دوای تێپەڕ بوونی ساڵانێک بەسەر ئەم باسەدا، بوونی مادەیەکی سەیر و ئاڵۆزی لەم شێوەیە (ماددەی تاریک) بەشێوەیەکی سەیر و ئاڵۆز قبوڵکرا کە بوونی ھەیە.

دووەم :ھاوێنەی کێشکردن.[دەستکاری]

یەکێکی تر لە نیشانە گرینگەکان کەوای کرد ڕای زاناکان بگۆڕێت لەسەر ماددەی تاریک و بوونی ماددەی تاریک بریتی بوو لە چەماندنەوەی ڕووناکی، کە ماددەی تاریک دەتوانێت ڕووناکی بچەمێنێتەوە کە ئەوەش بە " ھاوێنەی کێشکردن " ناسراوە.

گەردوون ناسەکان ھەندێک جار کاتێک سەیری ئاسمان دەکەن و چاودێری دەکەن بۆ ماوەیەکی باش ئەوە شتی سەیریان بۆ دەردەکەوێت، سەیرکردنی بۆشایی بە بەکارهێنانی تەلیسکۆپی باش توانای بینینی گەلەئەستێرەکانت دەبێت، ھیچ شتێکی سەیر لەوە دانییە، دوای بینینی یەکێک لە گەلە ئەستێرەکان و پێوانەکردنی ڕووناکی و ڕەنگ و شێوەکەی و بە جوڵاندنی بڕێکی زۆر کەم لە تەلیسکۆپەکە وا دەکات، گەلەئەستێرەیەکی تر ببینیت لە ئاسمان دا، کە زۆر بەیەکتر دەچن لە شێوە و ڕەنگیاندا و تەنانەت ئەو ڕووناکییەی لە پێش جوڵاندنی تەلیسکۆپەکە پێمان گەشتبوو ھەمان ئەو ڕووناکییەمان پێدەگاتەوە بەڵام لە ڕوانگەیەکی ترەوە، گەردوون ناسەکان بەتەواوی دڵنیا بوون ئەو گەلەئەستێرەیەی کە جاری دووەم بینیان ھەمان گەلەئەستێرەیە، بەڵام ئەمە چۆن دەبێت؟ چۆن دەکرێت یەک گەلەئەستێرە لە دوو شوێن دەربکەوێت لە ئاسماندا؟

بینینی یەک گەلەئەستێرە لە دوو گۆشەی جیاوازەوە، مانایەکی تەواو دەدات بەدەستەوە دەربارەی ئەگەری بوونی شتێکی قورس و نادیار، کە دانیشتووە لەنێوان تۆ و گەلەئەستێرەکە، کە وەک تۆپەڵەیەک وایە، ئەو تۆپەڵە قورسە دەتوانێت وەک ھاوێنەیەکی گەورە بێت، کە دەتوانێت ڕووناکی بچەمێنێتەوە لە نێوان تۆ و گەلەئەستێرەکە، کە ئەوەش وا دەکات ڕووناکی گەلەئەستێرەکە لە دوو ئاڕاستەوە بێت.

سێیەم :پێکدادانی گەلەئەستێرەکان.[دەستکاری]

قایلکەرترین بەش لە بەڵگەی بوونی ماددەی تاریک دەگەرێتەوە بۆ بەیەک داچوونی دوو گەورەترین شت لەگەردوون دا ئەویش پێکدادانی دوو گەلەئەستێرەیە لە بۆشایدا. کاتێک کە ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر لە ڕووداوێکی ناوازەدا دوو گەلەئەستێرەی ھێشووی بەرییەک دەکەون، ئێمە دەتوانین ئانجامی بەرییەک کەوتنەکە بزانین، کاتێک بەرییەک دەکەون دوای ملیۆنان ساڵ لە ڕێگەی ڕووناکییەوە ئەنجامی بەرییەک کەوتنەکە دەزانین. کاتێک دوو گەلەئەستێرەی ھێشوی بەیەکدادەکێشن، گاز و پاشماوەی بەیەک داکێشانەکە ئەنجامێکی ناوازەی دەبێت، کە تەقینەوەیەکی گەورەیە، ھەروەھا، ھەورێکی گازی کە لە پاشماوەی بەیەک دا کێشانەکە دروست بوە جیا دەبێتەوە لە دوای تەقینەوەکە.

بەڵام گەردوون زانەکان جگە لەم شتانە تێبینی شتێکی تریشیان کرد. لە نیزیک شوێنی پێکدادانی دوو گەلەئەستێرەکە گەردوون زانەکان تێبینی دوو ھێشوو ماددەی تاریکیان کردوە لە کاتی پێکدادانی دوو گەلەئەستێرەکە، بێگوومان، ماددەی تاریکەکە نادیار بوو، بەڵام کاریگەری ماددەی تاریک دەمێنێتەوە لە شوێنەکە بەھۆیی چەمانەوەی ئەو ڕووناکییەی کە لە پشتی گەلەئەستێرە بەرییەک کەوتوەکانەوە ھاتوە. دوو ماددە تاریکەکە لەسەر ھێڵی بەر یەک کەوتنەکە دەڕۆن وەک ئەوەی ھیچ شتێک ڕووی نەدابێت.

ئەوەی تێبینی کرا کەکاتی بەیەک دادانی کەم شێوەیە: بریتی بوو لە بەیەکدادانی دوو گەلەئەستێرەکە پێک ھاتوون لە (گازەکان و پاشماوەکان و ھەندێک ئەستێرە)، ماددەی تاریک. کاتێک ئەم دوانە بەیەک دا دەکەون، زۆۆر بەی ھەو گاز و پاشماوانە و ئەستێرەکان ناوی بە شێوەیەکی ئاسای بەر یەک دەکەون وەک ماددەیەکی ئاسای ڕۆژانە کە ئەیان بینین بەر یەک دەکەون. بەڵام چی ڕوو دەدات کاتێک دوو ماددەی تاریک خۆ بەیەکتری دا دەدەن؟ ھیچ شتێکی وا ڕوونادات کە ئێمە بتوانین تێبینی بکەین!، واتا لە کاتی بەر کەوتنی دوو پارچەی گەورە لە ماددەی تاریک ھیچی وا ڕووی نەدا و بەناو یەکتریدا دەڕۆن و تێپەر دەبن بە ناو یەکتریدا ھەروەک ئەوە وایە کە تەنانەت نادار بن بۆ یەکتریش. ئەستێرەکانیش بەناویاندا تێپەر دەبن، لەبەر ئەوەی زۆۆر بڵاو دەبنەوە.

چی دەزانین دەربارەی خودی ماددەی تاریک[دەستکاری]

ئێستا ھەموومان دڵنیاین، کە ماددەی تاریک بوونی ھەیە و شتێکی سەیرە و زۆریش جیاوازە لە هەموو ئەو ماددە ئاساییانەی کە ئێمە پێی ئاشناین.

ئەو شتانەی کە دەیان زانین دەربارەی ماددەی تاریک:

  • بارستایی ھەیە.
  • نادیارە.
  • وەک ئەوەی کە بە گەلەئەستێرەکانەوە ھەڵواسراوە.
  • ماددەی ئاسایی ناتوانێت تێکەڵی ببێت یان کارلێک بکات لەگەڵی و بەریەک بکەون.
  • دوو ماددەی تاریک ناتوانن بەریەک بکەون.
  • ناواێکی شازی ھەیە.
  • بەشی زۆرینەی گەردوون لەو ماددەیە پێکهاتووە.

شتێکی تر دەربارەی ماددەی تاریک کە دەیزانین، ئەویش ئەوەیە کە ماددەی تاریک زۆر دوور نییە لێمانەوە. ماددەی تاریک وەک پارچەیەکی گەورەی جێلی وایە، کە بە گەلەئەستێرەکانەوە خۆی ھەڵواسیوە، ئەوەش مانای وایە کە تۆ دەورەدراوی بە ماددەی تاریک ڕێک لە ئێستادا. کاتێک تۆ ئەم نووسینانە دەخوێنیتەوە لەوانەیە ماددەی تاریک ڕێک بە نێو ڕوونمای مۆبایلەکەت یان کۆمپیوتەرەکەت دا بڕوات یان تەنانەت بەناو جەستەی تۆشدا تێپەڕببێت. بەڵام ئەگەر ماددەی تاریک لە ھەموو لایەکەوە دەورمانی داوە بۆچی تا ئێستا وەکو نھێنییەک ماوەتەوە؟ بۆچی ناتوانین دەستی لێبدەین یان بیبینین؟ چۆن دەکرێت شتێک لێرەبێت و نەیبینین؟ توێژینەوە لەسەر ماددەی تاریک شتێکی قورسە لە بەر ئەوەی کارلێکمان نییە لەگەڵیدا. ئێمە ناتوانین بیبینین (لەبەر ئەوەیە کە پێی دەڵێین تاریک)، بەڵام دەزانین ماددەی تاریک بارستاییەکی ھەیە (لەبەر ئەوەیە کە پێی دەڵێین ماددە). بۆ ڕوون کردنەوەی ئەوەی کە چۆن دەکرێت ھەموو ئەوانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد مەحاڵ نەبن، سەرەتا دەبێت بزانین چۆن ماددەی ئاسایی کارلێک دەکات و دواتر دەچینە سەر ماددەی تاریک و کارلێکی ئەو ماددەیەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.

چۆن ماددە کارلێک دەکات[دەستکاری]

چوار ڕیگای سەرەکی ھەیە کە ماددە کارلێک بکات:

١- کێشکردن

ئەگەر دووشت بارەستایان ھەبێت، ئەوە ھەست بە ھێزێکی ڕاکێش دەکەن، کە بەرەو یەکتریان ڕائەکشێت.

٢- کارۆموگناتیس

ھێزی نێوان دوو گەردە، ئەگەر ئەوان بارگەی کارەبایان ھەبێت.

ھەم ھێزێکی ڕاکێشان بێت و ھەمیش ھێزێکی دوورکەوتنەوە کە ئەوەش دەکەوێتە سەر بارگەی کارەبایەکەیان، کە ئایە بارگەکەیان یەکسانە یان جیاوازە.

لەڕاستیدا تۆ ھەست بەم ھێزە دەکەیت لە ھەموو ڕۆژێکی ژیانتدا. ئەگەر دەستێک لە شاشەی مۆبایلەکەت بدەیت، ھۆکاری نەشکانی شاشای مۆبایلەکەت، یان ھۆکاری تێپەرنەبونی دەستت بەناو شاشەکەدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوگەردانەی کە شاشەکە پێکھاتوە و ھەرھەمو گەردەکانی یەکتریان بە توندی گرتوە کە لەنێوانیان، ھێزی کارۆموگناتیسییە ئەوانی بەستووەتەوە، کە ئەوەش وا دەکات کاردانەوەی ھەبێت بۆ گەردەکانی دەستت و دەستت بەناویدا نەڕوات. ھەروەھا کارۆموگناتیس بەرپرسە لە ڕووناکی، و بەدڵنایەوە لە کارەبا و موگناتیس.

٣- ھێزی ناوکی لاواز

ئەم ھێزی زۆر بەھێزی کارۆموگناتیسی دەچێت لە زۆر بەی ڕوەکانەوە، بەڵام زۆر زۆر لاوازترە، بۆنمونە نیتڕۆنەکان ئەم ھێزە بەکاردێنن بۆ کارلیک کردنی یەکتر یان بە وشەیەکی تر بۆ بەستنەوە بە یەکترییەوە بە شێوەیەکی زۆر لاواز لەگەڵ گەردەکانی تردا. لە ئاستێکی بەرزی وزەدا، ھێزی ناوکی لاواز، بەھێزتر دەبێت ھەروەک ھێزی کارۆموگناتیسی و و دەبیت بە بەشێک لەو واتا وەک ھیزیکی یەکگتروو، کە پێیان دەڵێن " ھێزی کارۆی لاواز ".

٤- ھێزی ناوکی بە‌ھێز

ھێزی ناوکی بەھێزی، وائەکات پڕۆتۆن و نیتڕۆن بەیەکەوە بمێنەوە و جیانەبنەوە، لە ناو ئەتۆمەکاندا، واتا بەپێی بارگەی موجەبی پڕۆتۆن ئەگەر ئەم ھێزە نەبێت ئەوە ئەتۆمەکان لێک ھەڵئەوەشێن و پڕۆتۆنەکان بڵاو دەبنەوە، بەڵام ھۆکاری بەیەکەوە نوسانی پرۆتۆنەکان و نیترؤنەکان بەھۆی ئەم ھێزوەیە.

بەشێوەیەکی گشتی کارلێکی ماددەی ئاسای، ئەو ماددەی ئێمە پێی ئاشنانی بەتەواوی دەگەرێتەوە بۆ بوونی چوار ھێزی بنچینەوە کە لەسەرەوە باسمان کرد و ھۆکاری کارلێککردنی ماددە لەگەڵ ماددە، ھەر ئەم چواز ھێزییە، کە سێ لە ھێزییەکان (کارۆموگناتیس، ناوکی لاوز، ناوکی بەھێز) پەیوەندییەکی باشیان بە یەکترەوە ھەیە، بەڵام ھێزی کێشکرد ھێزیکی جیاوازە و تەنانەت لە خودی ھێزی ناوک لاواز، لاوازترە و بە لاوازترین ھێز دا ئەندرێت لە بەرام بەر ھێزەکانی تر.

چۆن ماددەی تاریک کارلێک دەکات[دەستکاری]

تێبینییەکی گرینگ ھەیە لێرەدا، دەربارەی ھێزەکان، کە ئەوەی ئێمە کردمان تەنیا وەسفکردن بوو، لە ڕاستیدا فیزیا ھەندێک جار وەک ڕوەک زانی وایە، ئێمە نازانین و تێناگەین بۆچی ئەم ھێزانە بوونیان ھەیە. ئەوەش تەنیا لیستی کۆمەڵیک ھێزن کە تێبینی کراون، ئەگەر کەمێک ڕاشکاوانە قسە بکەین، تەنانەت دڵنیا نین لەوەی ئایە لیستەکە تەواوە یان نا. بەس ھەرچۆنێک بێت دەتوانین ئەو تاقیکردنەوانە ڕوون بکەیەنەوە لە فیزیای گەردیلەیدا کە بەھۆی ئەم چوار ھیزەوە دەکرێن.

کەواتا بۆچی ماددەی تاریک، زۆۆر تاریکە؟

ماددەی تاریک بارەستای ھەیە، ئێمە دەزانین بارەستای پەیوەندییەکی تەواوی ھەیە لەگەڵ کێشکردن، کەواتا دەتوانین بڵین ماددەی تاریک ھەست بە کێشکردن دەکات و کاریگەری و کارلێکی ھەیە لەو مەودایە کە مەودای کێشکردنە، بەڵام ئەوە ھەموو ئەوەیە کە دەیزانین و دڵنیاین دەربارەی ماددەی تاریک، پێشمان وایە کە ماددەی تاریک ھیچ کارلێکێک و کاردانەوەیەکی نییە لەگەڵ ھێزی کارۆموگناتیسی. ھەروەھا ئەوەی ئەیزانین دەربارەی ماددەی تاریک و ڕووناکی، کە ماددەی تاریک نە ڕووناکی دەداتەوە نە ھەڵی دەمژێت، کە ئەمەش ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ نەبینینی ماددەی تاریک و و کاری تێبینی کردنی ماددەی تاریکی قورس کردووە، و ماددەی تاریک پێناچیت کە کاردانەوەی لەگەڵ ھێزی ناوک لاواز و ھێزیک ناوک بەھێزیش ھەبێت. بەشێوەیەکی گشتی ئەگەر ھیچ دۆزینەوەیەکی تر نەبێت لەسەر کاریگەری ماددەی تاریک لە نێوان ئیمە و ئەودا ئەوە دەگەین بەوەی کە لەوانەیە ھەرگیز ھیچ کارلێکێک لە نێوان ئێمە و ماددەی تاریک ڕوونەدا، ھەروەھا بە بەکارھێنانی تەلیسکۆب و ئەو ئامێرانەی ئێستا ھەمانن، ئاسان نییە کە بتوانین بە ھیچ شێوەیەک تاقیکردنەوە لەسەر ماددەی تاریک بکەین.

لە کۆی چوار ھێزی بنچینەی کە بۆمان ڕوون دەکەنەوە کە چۆن شتەکان کاریگەری لەسەر یەکتر دا ئەنێن، تەنیا دڵناین لە ھێزی کێشکردن کە جێبەجێ دەبێت لەسەر ماددەی تاریک. ھەر ئەوەش ھۆکارە بۆ دانە پاڵی " ماددە " بۆ ماددەی تاریک، کەواتا تەنیا ھێزی کێشکردن لەگەڵ ماددەی تاریک پەیوەندییەکیان ھەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بارەستای ماددەی تاریک، گەر نا ھێچ لە سێ ھێزەکانی تر ناتوانن کارلێکاین ھەبێت لەگەڵ ماددەی تاریک.

ماددەی تاریک بریتییە لە تاریکی[دەستکاری]

بەشێوەیەکی گشتی ھەڵە تێگەشتنێکی زۆر ھەیە لەسەر ماددەی تاریک، دەربارەی ئەوەی کە ماددەی تاریک بریتییە لە تاریکی، لە ڕاستیدا ماددەی تاریک ھیچ پەیوەندییەکی نییە بە تاریکەییەوە، ئەگەر وردتر ببینەوە ماددەی تاریک بوونی ھەیە، بەڵام بەھیچ شێوەیەک تاریکە بوونی نییە، تاریک نە وزەیە و نە بارستایی و نەکاریگەری ھەیە، بەڵام ماددەی تاریک ھەم بارستایی ھەیە و ھەمیش کاریگەری ھەیە لەسەر چەماندنەوە ڕووناکی، کەواتە ماددەی تاریک واتای چییە. ماددە – تاریکی، پاشگری ماددە لێرەدا بۆ ماددەی تاریک داندراوە لە بەر ئەوەی بارستاییەکی ھەیە و بوونی ھەیە و کاریگەرییەکی ھەیە. پێشگری " تاریکی " لێرەدا داندراوە بۆ ماددەی تاریک لەبەر ئەوە ماددەی تاریک نابیندرێت، نەک بریتی بێت لە ماددەی تاریکی شەوانە، بە واتایەکی تر بریتییە لە ماددەیەکی نادیار.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Planck captures portrait of the young Universe, revealing earliest light".