قیڕ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
قیڕی سروشتی لە دەریای مردوودا
قیڕی دوای پاڵاوتن
. تاقیکاریەک بۆ پێوانەکردنی ئاستی لینجی قیڕ

قیڕ (بە ئینگلیزی: Asphalt) ناسراوە بە قیڕی سروشتی (بە ئینگلیزی: bitumen) جۆرێکی نەوتی لینجی، ڕەشی، لچکاوی نیمچە-ڕەقە. ئەم ماددەیە لە نێو سروشتدا دەدۆزرێتەوە، یاخود دوای پاڵاوتنی نەوت لە پاشماوەکانی ئامادە دەکرێت. بەر لە سەدەی بیستەم دەستەواژەی "asphaltum - ئەسفاڵتم" بۆ ئەم ماددەیە بەکارھاتووە. وشەکە لە زمانی یۆنانی کۆندا ھاتووە کە خۆی "ἄσφαλτος ásphaltos" بووە.

سەرەکیترین پێویستی قیڕ بۆ درووستکردنی ڕێگاو بانە، کە بەڕێژەی ٪٧٠ بۆ ئەم مەبەستە بەکاردێت، کە تێیدا وەک چەسپێک بەکاردێت و تێکەڵی بەردی ورد دەکرێت تاکو کۆنکریتی قیڕ درووستبکات. بەشێک لە پێویستیەکانی تری بریتیە لە بەکارھێنانی بۆ سەقفی خانوو یاخود بەکارھێنانی وەک لباد.[١]

دەستەواژەکانی "ئەسفاڵت - قیڕ" و "بایتومن/بیچمن - قیڕی سروشتی" بەشێوەیەکی گشتی مانای قیڕی سروشتی و دەستکرد جیا دەکەنەوە. لە ئینگلیزیی ئەمەریکیدا، دەستەواژەی "ئەسفاڵت" بە زۆری بەکاردێت بۆ ئەو نەوتانەی کە پاڵاوتنیان بۆ کراوە و پاککراونەتەوە. لە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، دەستەواژەی "بایتومن" باوترە، ھەروەھا زەویناسانی جیھان کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەستەواژەی بایتومن بەکاربێت بۆ جۆرە سروشتەکانی ماددەکە. لە زۆر شوێندا، دەستەواژەی "tar - تاڕ" یش بەکاردێت بۆ ھەمان ماددە.

قیڕە سروشتیەکان بە زۆری ناونراون "کرود بایتومن" لە ئینگلیزیدا. پارێزگای ئالبێرتا لە کەنەدا دەوڵەمەندترین سامانی قیڕپی ھەیە لەسەر ئاستی جیھان کە نزیکە ١٤٢ ھەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، گەورەتر وڵاتی لە ئینگڵتەڕا.[٢]

دەستەواژەکان[دەستکاری]

ووشەزانی[دەستکاری]

وشەی "ئەسفاڵت - asphalt" ئەسڵەکەی لە ئینگلیزی سەدەکانی ناوەندەوە وەرگیراوە، کە ئەویش لە وشەی فەڕەنسی "asphalte"، ئەمیشیان لە وشە یۆنانیەکەوە وەرگیراوە. لە سەرەتادا قیڕ وەک جیمەنتۆ بەکارھاتووە بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی ماددەکان، ناوەکەشی گوزارشت لە بەکارھێنانەکەی دەکات. ھێرۆدۆت ئاماژەی بەوەداوە کە بایتومن ھێنرابوویە بابل بۆ درووستکردنی دیواری گەورەی پاسەوانی. لە زمانە یۆنانیەکەوە، وشەکە گوێزرایەوە بۆ لاتینی و دواتر بۆ زمانەکانی فەڕەنسی و ئینگلیزی.

دەستەواژەی "بایتومن" لە زمانی سانکریتەوە سەرچاوەی گرتووە کە مانای "پیچ - ڕەشە ماددە" دەدات. بەرامبەرەکەی بە لاتینی "pixtumens" و " gwitu-men"یە، کە دواتر کورتکراوەیەوە بۆ وشەی "bitumen".

دەستەواژە مۆدێرنەکان[دەستکاری]

لە ئینگلیزی بەڕیتانیدا، وشەی "بایتومن -bitumen" لەجیاتی ئەسفاڵت بەکاردێت. وشەی ئەسفاڵت بۆ ئاماژەدان بە "کۆنتریتی ئەسفاڵت" بەکاردێت، تێکەڵەیەکی بەردی ووردکراو و قیڕە. کاتێکیش بایتومن لەگەڵ قوڕ تێکەڵ کراوە، وشەی "ئەسفاڵتم - asphaltum" ی بۆ بەکارھاتووە، ھەرچەندە لە ڕۆژانی ئەمرۆدا وشەکەی کەمتر بەکاردێت.

لە ئینگلیزی ئوستوڕالیدا، وشەی "ئەسفاڵت-asphalt" بەکاردێت بۆ ئاماژەدان بە تێکەڵەی قیڕ "ئەسفاڵت" و ووردە بەرد "ئەگریگەیت". بایتومن، ئاماژەیەکە بۆ ئەو شلەیەی کە جێدەمێنێ دوای پاڵاوتنی نەوتی خاو.

لە ئینگلیزی ئەمەریکیدا، وشەی "ئەسفاڵت-asphalt" یەکسانە بە وشەی بایتومنی بەڕیتانی. بەڵام بەزۆری کورتکراوەیەکە بۆ ووسەی کۆنتریکی قیڕ.

لە ئینگلیزی کەنەدیدا، وشەی "بایتومن -bitumen" ئاماژەیەکە بۆ پاشماوەکانی نەوتی خاو لەکاتێکدا وشەی "ئەسفاڵت-asphalt" بۆ بەرھەمە پاڵاوتنەکان بەکاردێت.

پێکھاتە[دەستکاری]

پێکھاتەی ئاسایی[دەستکاری]

پێکھاتەکەی قیڕ لە چوار ئاوێتەی سەرەکی پێکدێت:

  • ئاوێتەی ھایدرۆجینی
  • ئاوێتەی کاربۆنی
  • بەشێکی بچووکی نایترۆجین، سەلفەر و ئۆکسیجین

پەیدابوون[دەستکاری]

قیڕێکی دەرکەوتووی سروشتی لە ناوچەی پو دی لاپوا، فەڕەنسا.

زۆربەی ھەرە زۆری قیڕە بەکارھاتووەکان لە نەوتەوە سەرچاوەیان گرتووە.[٣] بەڵام بەشێکی تریشی لە سروشتدا دەدۆزرێتەوە.

پێویستیە تازەکانی[دەستکاری]

بەکارھێنان لەسەر ئاستی جیھان[دەستکاری]

  • ڕێگاوبان
  • ڕێگای فڕینی فڕۆکەکان لە فڕۆکەخانە
  • شەقامی پیادەکردن
  • گەراجی ئۆتۆمبێل
  • ڕێگای پێشبڕکێکان
  • یاریگای تێنس
  • سەقف (میچی خانوو)
  • پارێزگاری شێدار
  • بەنداوەکان
  • تەنکی ئاو
  • ڕێگری لە ھاتووچۆی دەنگ بەنێو دیواردا (ساوندپروف)
  • وەک بەرگی بۆڕی
  • وەک بەرگی کێبڵ
  • نیگار
  • پاراستنی بینا لە ئاو دزینەوە
  • بەرھەمھێنانی مەرەکەبی ڕۆژنامەوانی
  • چەندین پێویستی تریش

گیراوەی قیڕ (ئیمەڵشن)[دەستکاری]

ھەندێک تەکنەلۆجیای تایبەت ڕێگە دەکەنەوە بۆ ئەوەی قیڕ لە پلە گەرمیەکی یەکجار نزمتر تێکەڵ بکرێت. ئەم کارەش لەڕێگای تێکەڵکردنی قیڕەکە لەگەڵ ماددەیەک (بە زۆری سابوون) دەکرێت.

پێویستیەکانی تری[دەستکاری]

قیڕ لە بەشێک لە پاتریە ئەلکالینەکانیشدا بەکاردێت، مەبەستی داخستنیان.

بەرھەمھێنانی قیڕ[دەستکاری]

. کارگەیەکی بەرهەمهێنانی قیڕ

نزیکەی ٤٠ میلیۆن تەن قیڕ لە ساڵی ١٩٨٤دا بەرھەمھێنرابوو. ئەو ماددانەی کە خاڵی کۆڵانیان لە سەرەوەی ٥٠٠ سلیزیە بە قیڕ دادەنرێن.

بەشێوەیەکی گشتی، بۆ گواستنەوەی قیڕ دەبێت ماددەکە لە پلەی گەرمی ١٥٠ سلیزیدا بگوازرێتەوە. ھەندێکجار دیزل و کێرۆسین تێکەڵ بە قیڕەکە دەکرێن بە مەبەستی ھێشتنەوەی ماددەکە لە باری شلیەتیدا؛ لەکاتی گەیشتنیشدا، ئەو ماددانە جیادەکرێنەوە لە تێکەڵەکە.

ئابووری[دەستکاری]

ھەرچەندە قیڕ ٪٤ بۆ ٪٥ (کێش) ی بەردڕێژەکان پێکدەھێنێت، لە ھەمان کاتدا گرانترین ماددەی بەکارھاتووە لەنێو ماددەکانی بەردرێژی و ڕێگاوباندا.

لە سەرەتای بەناوبانگبوونی، کێڵگە نەوتیەکان ماددەکەیان فڕێدەدا. بەڵام لە ڕۆژانی ئەمڕۆماندا، قیڕ بۆتە کاڵایەکی گرانبەھای پیشەسازی. بەپێی ڕاپۆرتێکی حکومەتی ئەمەریکی، نرخی قیڕ بەمشێوەیە گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە لە سەدە بیست و یەکدا:

"لە ساڵی ٢٠٠٢دا، بەھای قیڕ بۆ ھەر تەنێک ١٦٠ دۆلار بووە. لە کۆتایی ٢٠٠٦دا، نرخەکە دوو ئەوەندە بەرز بوویەوە و بووە ٣٢٠ دۆلار بۆ ھەر تەنێک، دواتر و کۆتا جار لە ٢٠١٢ نرخەکە دوو ئەوەندە بوویەوە بۆ ٦١٠ دۆلار بۆ ھەر تەنێک قیڕ."

ڕاپۆرتەکە دەریدەخات کەوا ڕێگایەک کە درێژیەکەی ١٫٦ کیلۆمەتر بێ، پێویستی بە ٣٠٠ تەن قیڕ دەبێت کەوا لە ٢٠٠٢دا، تێچووەکەی ٤٨ ھەزار دۆلار، لە ٢٠٠٦دا ٩٦٬٠٠٠ دۆلار و لە ٢٠١٢یشدا ١٨٣ ھەزار دۆلار دەبوو، بە ڕێژەی ١٣٥ ھەزار دۆلار بەرزبوونەوە لە بەھای قیڕ تەنھا لە ماوەی دە ساڵدا.

تەندروستی و سەلامەتی[دەستکاری]

کارگەیەکی تێکەڵکردنی قیڕ و بەردی ورد (جەگر)

قیڕ ماددەیەکی نەبزۆکە کەوا دەبێ گەرمی لێبدرێ تا دەگاتە ڕادەیەک کە شیاو بێت بۆ بەکارھێنانی. لە لێکۆڵینەوەیەک بۆ دەستنیشانکردنی زیانەکانی قیڕ، رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە (IARC)، ئەوەیان ڕاگەیاند کە لە حاڵەتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی قیڕەکە، ئەگەری تووشکردنی کەسی ئامادەبوو لە نزیکی زیاتر دەکات بە شێرپەنجە بەوپێیەی یەکێکە لەو ماددانەی کە شیڕپەنجە دەنێتەوە کە ناسراوەن بە "Carcinogen".

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ Sörensen, Anja; Wichert, Bodo (2009). "Asphalt and Bitumen". Ullmann's Encyclopedia of Industrial Chemistry. doi:10.1002/14356007.a03_169.pub2. ISBN 978-3527306732.
  2. ^ "ST98-2015: Alberta's Energy Reserves 2014 and Supply/Demand Outlook 2015–2024" (PDF). Statistical Reports (ST). Alberta Energy Regulator. 2015. Archived from the original (PDF) on 30ی Aprilی 2019. Retrieved 19 January 2016. {{cite web}}: Check date values in: |archive-date= (help)
  3. ^ Speight, James G. (2015). Asphalt Materials Science and Technology. Elsevier Science. p. ٨٢. ISBN 978-0-12-800501-9.

سەرچاوەکان[دەستکاری]