فیزیکالیزم
فیزیکالیزم بەو ڕوانگە فەلسەفییە دەوترێ کە لێیەوە ھەموو شت «فیزیکی» سەیر دەکرێ و، ھیچ شتێ لە سەرووی «بابەتی فیزیکی»یەوە نابینرێ، یان لە بنج و بناوانی ھەموو شتەکاندا بابەتی فیزیکی بەدی دەکرێ. دژی ئەمە دەبێتە ئیدیالیزم، کە سەرچاوە و بنج و بناوانی جیھان بە زەین و ئیدیاکانی ناو زەین دادەنێ. فیزیکاڵیزم جۆرێک مۆنیزمە، واتە ڕوانگەیەکە کە دەڵێ واقیع لە کۆتاییدا دەچێتەوە سەر یەک جەوھەر. ھەم پێناسەی بابەتی فیزیکی و ھەمیش مانای فیزیکالیزم زۆر بووە بە جێی باس و دەمەقڕەی جۆربەجۆر.
فیزیکالیزم زۆر نزیکە لە ماتریالیزم. پێشکەوتنگەلێک کە زانستە فیزیکییەکان بۆ ڕوونکردنەوەی دیاردەکان بە دەستیان ھێنا، بوو بە ھۆی کرانەوەی وردەوردەی گڵۆڵەی ماتریالیزم و، دەرھاتنی فیزیکالیزم لێی. زاراوەکانی «فیزیکالیزم» و «ماتریالیزم» ئەغڵەب وەک ھاومانا لە جێی یەکتر بە کار دەبرێن، بەڵام بەو پێیە کە فیزیک بەربڵاوترە لە ماددە (ماتریاڵ)، دەکرێ ئەم دووانە لێک جیا ببنەوە. فیزیکالیزم ماددە دەگرێتەوە، بەڵام ھەروەھا وزە و یاسا فیزیکییەکان و بۆشایی و کات و ھێز و پرۆسە فیزیکییەکان و، بەکورتی ھەر شتێ کە لە فیزیک و زانستەکانی ترا ڕاڤە دەکرێ.
لە دەرەوەی فەلسەفە، فیزیکالیزم دەتوانێ بڕواتەوە سەر ئەو بۆچوونە کە پێی وایە دەبێ زانستی فیزیک بە باشترین و تەنیا ڕێگە دابنرێ بۆ دەرخستنی ڕاستییەکانی جیھان و واقیع.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]Physicalism (enwiki)