بۆ ناوەڕۆک بازبدە

مۆنیزم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

مۆنیزم بە گشتی بریتییە لە ھەر ئامۆژگارییەک کە جەخت لە یەکایەتی و تاقانەبوونی بابەتەکەی بکاتەوە، بە پێچەوانەی دوالیزم و پلۆرالیزم. لە فەلسەفەی ئەخلاقا، بۆ نموونە، ھەندێ نووسەر وشەی مۆنیزم بۆ ئەو ڕوانگەیە بە کار دێنن کە دەڵێ لە بواری ئەخلاقیاتدا ڕێک یەک پرەنسیپی بنەڕەتی یا یەک بایەخی بنچینەیی ھەیە و، نە زیاتر. لە میتافیزیکدا، کە وشەکە زۆرترین بەکارچوونی ھەیە،  مەبەست لە مۆنیزم ئەو بیروباوەڕەیە کە پێی وایە ھەر تەنیا یەک جەوھەر ھەیە و، واقیع یەکە و دوو نییە.[١]

ھەر ڕوونکردنەوەیەکی فەلسەفی بە پێویست دەیەوێ یەک پرەنسیپ یا یەک بنەواشە بدۆزێتەوە کە ھەموو شتەکانی تری بۆ بگەڕێنێتەوە. بە درێژەی مێژوو، فەلسەفە ھەمیشە ھۆگری مۆنیزم بووە. بەڵام، بناخەی فەلسەفیی مۆنیزم یەکەم جار لە لایەن سپینۆزاوە شی کراوەتەوە. سپینۆزا دەیوت ئەوەی کە سەرچاوەی ھەموو شتە دەبێ یەکدانە و تاقانە بێ، چونکە ڕاستیی ھەرە دوایین تەنیا بەم تێبینییەوە ڕاستە کە: پشت نەبەستێ بە ھیچ شتێ لە دەرەوەی خۆیدا. پشتبەخۆبەستن خۆدیاریکردنە. یانی ئەوەی بە زاتی خۆی پاوەجێیە خۆیشی دیاری دەکا و، ئەوەی خۆی دیاری دەکا دەبێ تاقانە بێ. ئەگەر ڕاستیی ھەرە دوایین دوو دانە بن، ناچار ھەر کامەیان دەبێتە سنوور بۆ ئەوی تر و، ئەوی تر دیاری دەکا و، بەم چەشنە ھیچ کامەیان ناتوانن خۆدیاریکەر بن. ئەمە بناخەی مۆنیزمە کە لە ھەوڵە نافەلسەفییەکان بۆ ڕوونکردنەوەی شتەکانیش بەدی دەکرێ. بۆ نموونە، ھەر ئەمە لە دیندا بە شێوەی یەکتاپەرستی دەرکەوتووە.[٢]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ Penguin dictionary of philosophy. لاپەڕە ٣٩٩.
  2. ^ ستیس، و.ت. (١٤٠٢). فلسفە ھگل (بە فارسی). لەلایەن عنایت، حمید وەرگێڕدراوە. تھران: امیر کبیر. لاپەڕە ۱۳۵.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)