فرووغ فەروخزاد

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
فرووغ فەروخزاد

١٩٣٤: لەدایکبوون ١٥ی بەفرانباری ١٣١٣ «وەڵڵا قسەکردن لەوبارەوە بە نەزەری من کارێکی داھێزەر و بێفایدەیە. باشە، ئەوە ڕاستییەکە ھەر مرۆڤێک کە لەدایک دەبێ، ھەرچی بێ مێژوویەکی لەدایکبوونی ھەیە، خەلکی گوند یان شارێکە، لە مەدرەسەیەک دەرسی خوێندووە، کۆمەڵێک کارەساتی زۆر ئاسایی و قەراردراو لە ژیانیدا ڕوویداوە کە ھەرچی بێ بۆ ھەموان ڕوودەدا، وەک دە حەوزکەوتنی دەورەی منداڵیی، یا مەسەلەن تەغەللوب کردنی دەورەی مەدرەسە، عاشقبوونی سەردەمی گەنجێتی، شووکردن، لەو جۆرە شتانە ئیتر.» «من لە دەی مانگی ساڵی ١٣١٣ لە تاران لە دایک بووم... سەبارەت بە دایک و باوک و ڕادەی خوێندنم باشترە قسە نەکرێ.» خۆمم ئاستە کرد خۆمم بە نێوێک، لە ناسنامەیەک، ڕازاندەوە وە ھەبووگم بە ژمارەیەک دیاری کرا کەوابێ بژی ٦٧٨ دەرچوو لە کەرتی ٥ دانیشتووی تاران. باوکی محەمەدی فەڕوخزاد، سەرھەنگی ئەرتەش بوو. «سیمای باوک ھەمیشە لە توندوتیژییەکی سەیری پیاوانە پڕ بوو. ئەو تاڵی تاڵ، ساردی سارد و توندی توند بوو. سەربازێکی واقیعی وێڕای سیمایەکی قەراردراو یان باشترە بڵێم بە ماسکێکی دوورکەرەوە؛ وە ھەمیشە ئاوابوو. دێتەوەبیرم ھەر کە دەنگی جیڕەی پۆتینەکانی دەھات ھەموومان لەو حاڵەی کە تێیدا بووین دەھاتینەدەر و خۆمان لە بەر چاوی وی دووردەخستەوە؛ بەڵام ھەر ئەو باوکە توندوتیژە کە تەنانەت ئێمەی بە دەنگی پێی دووردەخستەوە، جارجار کە وەخۆدەھاتەوە و ماسکەکەی لە ڕووی دادەماڵی بە توندترین ھەست و ئیحساس ئێمەی لە ئامێز دەگرت و زوڵاڵترین فرمێسک لە چاوەکانی دەھاتنەخوار. باوک عاشقی شێعر بوو و ھەرواشە. باوکم بێژگە لە خوێندنەوە ھیچ سەرگەرمییەکی نەبوو و نییە. باوکم تەواوی عومر بە فکری دۆزینەوە و لێکۆڵینەوەبووە. تەواوی ماڵەکەی کردبوە کتێبخانە و ئێستاش ژمارەیەک لەو کتێبانە لە وەتاغی تۆزلێنیشتوو تەلەمبار بووە.» دایکی بەتوولی وەزیری تەبار بوو. «دایکم، ژنێکی بەتەواویی مانا ژن بوو؛ ژنێکی سادەدڵ، منداڵانە و خۆشباوەڕ، ژنێک کە ھێزی ناسینی بەدییەکانی نەبوو و ھەموو دنیا و مرۆڤەکانی دە قاڵبی باش و چاکدا دەبینی؛ ژنێکی ھەڵواسراو بە تەواوی دابونەریت و بڕیاردراوەکان». ١٣٢٠(١٩٢١): پێخۆشبوونێکی زۆر بە حیکایەتە شیرینەکانی دایەگەورە(نەنکی). ئەی حەوت ساڵەیی ئەی چرکەی سەیری ڕۆیشتن دوای تۆ ھەرچی ڕۆیی لە کۆمایەک ‌ شێتی و جەھالەتدا ڕۆیی. «من لە بیرمە کاتێک چوومە مەدرەسە، تەواوی پشوودانەکانی ھاوین لەگەل براکانم لە ماڵ دادەنیشین و کتێبە قەدیمی و بێکەڵک و ڕۆژنامە دەوربەسەرچووەکانمان دەکردە پاکەت(زەرف) و نۆکەرەکەمان پاکەتەکانی بە دوکانان دەفرۆشت و ھەر پارەیەکمان لەو ڕێگەدا بەدەستھێنابا؛ بێژگە لە پارەی ڕۆژانە خۆمان کە باوکمان پێی دەداین، ئیجازەمان ھەبوو ھەرچی دەمانویست پێی بکڕین... من ئەگەر لە چاوی نزیکەکانم لە سەر پێی خۆم و سەرسەختم ئەوەی لە جۆری پەروەردەی باوکمەوە دەزانم». ١٣٢٦(١٩٤٧): ساڵی ھۆنینەوەی غەزەلگەلێ کە ھیچکات چاپ نەکران. «من کاتێک سێزدە یا چاردە ساڵانە بووم زۆرم غەزەل دەگوت و ھیچوەختیش چاپم نەکردن. کاتێک چاو لە غەزەل دەکەم، لەگەڵ ئەوەدا کە لە حاڵەتی گشتییەکەی خۆشم دێ بە خۆم دەڵێم: باشە، خانم، کۆمپلێکسی غەزەلھۆنینەوە ئاخری تۆشی گرت» «ھەروا بە شێوەی غەریزە دەمندا دەکوڵی. ڕۆژێ دوو سێ دانەم، لە متبەق(ئاشپەزخانە) و لە پشت ماشینی دوورمان، ھەروا دەگوت. زۆر بەگوڕ بووم. ھەر دەمگوت و دەمنووسی. چونکە ھەر دیوان بوو یەک لە دوای یەک دەمخوێندەوە و پڕ دەبووم و، بەھەر حاڵ سووکە ئیستیعدادێکم ھەبوو. ناچار دەبوو بەشێویەک بیدەمەوەدەر. نازانم ئەوانە شێعر بوون یان نا، بەڵام دەزانم کە زۆر (من)ی ئەوڕۆژانە بوون، خۆمانە بوون و، دەشزانم زۆر سادەبوون، من ھێشتا سازنەکرابووم(چێ نەکرابووم)، زەمان و شکڵ و دنیای فکریی خۆمم نەدۆزیبووەوە.» ١٣٢٨(١٩٤٩): تا پانزە ساڵانەیی، تەواوکردنی پۆلی سێی ناوەندی. دەچێتە دەبیرستانی«خوسەرەو خاوەر» و پاشان لە «ھونەرستانی ژنان» نێوی خۆی دەنووسێ و، لە ژێر چاودێری «بیھجەتی سەدر و «عەلی ئەسغەری پوتگەر» دەورەی فێربوونی وێنەکێشان(نەققاشی) دەبینێ. لەگەل «سوھراب سپێھری» و «مێھری رەخشا» تێکەڵاو دەبێ و تەڕحگەلێک لە ڕوخساری خۆی دەکێشێتەوە. لە رشتەی دوورمانیش ھێندێک تاقیکاریی دەکا. ١٣٢٩(١٩٥٠): لەگەڵ «پەرویزی شاپوور»، نەوەی پووری دایکی کە ١٥ ساڵ لەوی گەورەتر دەبێ، دەزەوجێ. ١٣٣٠(١٩٥١): مناڵێکی کوڕ دێنێتە دنیا و نێوی دەنێ «کامیار». «زیاتر لە ھەر شت و باڵاتر لە ھەموو شتێک بە ھونەرەکەم و دواتر بە کوڕەکەمم عەلاقە ھەیە و ئارەزووم ئەوەیە کە کوڕەکەم کاتێک گەورە بوو، ببێتە شاعیر، یان نووسەر.» ١٣٣١(١٩٥٢): بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە شێعری «ئەسیر» لە ١٨ ساڵەیی، ئەو کۆمەڵەیە دەبەرگری ٤٤ پارچە شێعرە و، شوجاعەدین شەفا پێشەکی بۆ نووسیوە. ١٣٣٢: سەفەر بە ئەھواز لەگەڵ ھاوسەرەکەی. «ساڵێکە بە شێوەیەکح دایم شێعر دەڵێم، بەر لەوە دەمخوێندەوە و دەتوانم بێژم کە زیاتر لە ھەموو ڕۆژەکانح تەمەنم کتێبی سوودمەند و بەکەڵکم خوێندووەتەوە و سێ ساڵە کە ئەسڵەن بوومەتە شاعیر، یانی رووحی شاعیرانەم پەیدا کردووە... لە نێوان شاعیرانی ھاوچەرخی ئێرانی فەرەیدوونی تەوەللولی بە مامۆستای خۆم دەزانم و بە شێعرەکانح فەرەیدوونی مشیری بێئەندازە عەلاقەمەندم و باوەڕم پێیان ھەیە... وە لە نێوان نووسەران و ساعیرانی ھەندەریی بودلیر، ... کۆنتس دوێنۆئای و.. بەستەکانی بیلیتس... ئارەزووی من ئازادبوونی ژنانی ئێران و ھاوسانی مافی وان لەگەڵ پیاوانە. ئەمن بەو ڕەنجانەی کە خوشکانی من لەم وڵاتە بەھۆی بێعەداڵەتیی ۆیاوان دەیچێژن تەواو ئاگادارم و نێوەی ھونەرەکەم بۆ نواندنی دەرد و کوێرەوەرییەکانیان دەکاردێنم... دوای مۆسیقا بە سینەمام عەلاقە ھەیە. بەداخەوە لە شاریک کە ئێستە تێیدا ژیان رادەبوێرم لە نیعمەتی دیتنی فیلمێکی باش ھەمیشە بێبەریم. » ١٣٣٣(١٩٥٤): زۆربوونی ناکۆکی لەگەڵ مێردەکەی. ١٣٣٣٤(١٩٥٥): بڵاوبوونەوەی چاپی دووھەمی »ئەسیر» وێڕای گۆڕانکارییەکی گشتی. جودابوونەوە لە مێردەکەی پەرویزی شاپور. «ئەو عیشق و شووکردنە پێکەنیناوییە لە ١٦ ساڵییدا بناغەی ژیانی داھاتووی منی لەرزۆک کرد». ١٣٣٥(١٩٥٦): بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە شێعری«دیوار». پانزدەی پووشپەڕ سەفەر بە ئیتالیا و پاسان ئاڵمان کە ١٤مانگ دەخایەنێ. فروغ لەو ماوەیەدا زمانی ئیتالیایی و ئاڵمانی فیر دەبێ و، بۆ ماویەک لەتەک گروپی ئالیکس ئاقابابیان، کە فیلمە ئیتالییەکانیان وەردەگێڕایەوە، ھاوکاری دەکا. ئەو بیرەوەرییەکانی خۆی لەو سەفەرەدا بە عینوانی (لەدیارێکی تردا) یەکەمین جار لە گۆڤاری فیردەوسی (ڕەزبەر تا رێبەندانی ١٣٣٦) دا بڵاوکردەوە. «لەوان ڕۆژاندا پێموانەبوو کە ئەو سەفەرە بەمجۆرە لە رووحییەی مندا کارتێکەری ھەبێ و تا ئەو ڕادەیە سڵامەتی و ھێوریی لەکیسچووی من بگەڕێنێتەوە، بەڵام لەوکاتەدا کە لێرە دانیشتووم و خەریکی نووسینی ئەم دێڕانەم ددانی پێدادێنم کە لە ژیانمدا ھیچکات ئەوەندە ھەستم بە ئارامی و ھیوا و وزە نەکردووە و ھیچوەخت تا ئەوڕادەیە بە ھیواکانم و ئەوەیکە لە ژیاندا(ژیان)ی من پێکدێنێ عەلاقەمەند و باوەڕمەند نەبوومە. لەوان ڕۆژاندا لە باڵندەیەکی دوورەفڕ دەچووم کە لە ئاسمانە تاریک و بەرتەسک و فەزا بۆشەکانداباڵیگرتووە و بۆسەرچووە، دەمەویست بۆ لای چاوگەی رووناکی و نوور ھەڵفڕم، وە لە رێگامدا ھاوریشمی بارانەکان لە پێم ئاڵێن و ھەناسەی بایەکان ڕەوتی ھەڵفڕینمیان بۆ لای خۆ ڕاکێشابا و دووکەڵی ھەو‌رەکان چووبانەوە چاومەوە و من باڵم گرتبا و پەیتاپەیتا باڵم لێدابا، وە ڕێگای من ڕێگایەکی درێژ بوو». ١٣٣٦(١٩٥٧): بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە شێعری«عوسیان». «دیوار و عوسیان لە راستیدا پەلەقاژەیەکی ناھۆمیدانەیە لە نێوان دوو قۆناخی ژیاندا. ئاخرین ھانکەھانکەکانح دوای جۆرێک قوتاربوونە. مرۆڤ دەگاتە قۆناخی بیرکردنەوە، لە گەنجێتیدا ھەستگەل رێسەی لەرزۆکیان ھەیە، تەنیا راکێشانیان زیاترە، ئەگەر دواتر لە لایەن فکرەوە ڕێبەری نەکرێن، یان ئامانجی بیرکردنەوە نەبن ویشک دەبن و تەواودەبن. من بە دنیای دوروبەرم، بە شتگەل و مرۆڤگەلی دەوروبەرم و ھێڵە سەرەکییەکانی ئەو دنیایە چاومکردەوە، ئەوم دۆزیەوە و، کاتێک ویستم دەریببڕم دیتم وشەم پێویستە. وشەم ‌ھێنایەئاراوە. بەمن چی، کە ئەو کەلیمەیە ھێشتا نەبووەتە شاعیرانە. گیانی کە ھەیە دەیکەینە شاعیرانە!. ١٣٣٧(١٩٥٨): دامەزران لە «سازمانی فیلمی گولستان» وەک تایپچی و بەرپرسی بایگانی (کەلوپەلە ڕاگیراوەکان). ١٣٣٨(١٩٥٩: سەرەتای ئامادەکردنی فیلمێکی بەڵگەیی «یەک ئاتەش| ئاورێک». سەفەر بۆ ئینگلیستان بۆ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی کاروباری ڕێکخستنی فیلم چێکردن و فێربوونی بەکردەوەی فیلم سازکردن. گەڕانەوەبۆ ئێران و سازکردنی سەرلەنوێی فیلمی «یەک ئاتەش| ئاورێک». سەفەر بۆ خوزستان لەگەڵ ئیبراھیم گولستان، سولەیمان میناسیان، مەحموود ھەنگوال و گریۆم ھایراپتیان بۆ سازکردنی فیلمە بەڵگەییەکانی بەناو چەشم ئەنداز| چاوەنداز. ١٣٣٩(١٩٦٠): ھاوکاری لەگەل ئیبراھیم گولستان وەک بەرکار و ئامادەکاری پێنج بەش لە فیلمە بەڵگەییەکانی «چاوەنداز». ١٣٤٠: کایە لە فیلمی خواستگاری| خوازبێنی، بۆ بنکەی میللی فیلمی کانادا، لە دەرھێنانی ئیبراھیم گولستان. ھاوکاری لەگەڵ ئیبراھیم گولستان بۆ دەرھێنانی فیلمی چاوەندازی ئاو و ئاور، وە درێژەدان بە دەرھێنان و رێکوپیککردنی فیلم بە شیوەی سەربەخۆ. سەفەر بە ئینگلستان بۆ فێربوونی چڕ سەبارەت بە کاروباری فەننی سازکردنی فیلم. تاقیکردنەوەی بێژەریی لە دۆبڵەی فیلمی مھرھفتم| مۆھری ھەفتوم(ئینگمار بێرگمەن) بە سەرپەرستی پەرویزی بەھرام. کایە لە فیلمی دەریا لە سەر ئەساسی کورتە داستانی (بۆچی دەریا تۆفانی ببوو) نووسراوەی سادق چوبەک، بەعینوانی کایەوانی نەخشی یەکەمی ژنی فیلم لە پاڵ پەرویزی بەھرام، لە ژیر جاودێریی ئیبراھیم گولستان بە عینوانی دەرھێنەر. سازکردنی فیلمی یەک دەقیقەیی و تەبلیغاتی کەیھان بۆ بنکەی کەیھان و، رەوغەنی پارس بۆ کارخانەی رەوغەنسازی پارس. ١٣٤١: سەفەرە سەرەتاییەکانی بۆ تەورێز لەگەڵ دکتور راجی، سەرۆکی لێژنەی بەرێوەبەرایەتی ئەنجومەنی کۆمەگ بە جوزامییەکان(کۆمەگ بە گولان)، بۆ ئاشنایی بە ژینگە و بارودۆخی ماڵی گولانی بابداغی و وەزعی نەخۆشەگولەکان. سەرپەرستی ئەندامانی گروپی فیلمبەرداریی (سولەیمان میناسیان، ھەراند میناسیان، مەحموود ھەنگوال، ئەمیر کەڕاڕی و رەحمان ئەسەدی) لە باباداغیی تەورێز، لە ماوەی دوازدە رۆژ، لە نیوەی دووھەمی مانگی ڕەزبەر فیلمبەرداریی فیلمی بەڵگەیی «خانوو ڕەشە». سەرپەرستی منداڵێک بە نێوی حوسێن مەنسووری لە دایکوباوکێکی گول(جوزامی). سازکردنی فیلمێکی کورتی ڕەنگیی بۆ بنکەی کەیھان. یەکەمین نیشاندانی گشتیی فیلمی«خانوو ڕەشە» لە سییەمی ڕێبەندانی لە «کانوونی فیلم». «فیلمێکم سازکردووە سەبارەت بە ژیانی گولەکان کە سەرکەوتوویی بەدەستھێناوە...». ١٣٤٢ (١٩٦٣): لە ناوەڕاستەکانی بەھار دانانی فیلمنامەیەکی بەربڵاو لە ھەزار لاپەرە لە سەر بارودۆخی ژنی ئێرانی و، بە واتایەکی تر سەرگوزەستی خۆی، بەئەنجام دەگەیێنێ. چاپی سێھەمی کۆمەڵە شێعری «ئەسیر| دیل». وەرگرتنی خەڵاتی باشترین فیلمی بەڵگەیی لە جێژنۆکەی جیھانیی ئوبرھاوزن بۆ دەرھێنانی «خانوو ڕەشە» لە زستاندا. کایە لە شانۆنامەی «شەش کەسایەتی لە وەدوکەوتنی نووسەر»، نووسراوەی لۆڤیچی پیراندلێلو، لە وەرگێرانەوە و دەرھێنانی پەری سابیری. ١٣٤٣(١٩٦٤): بڵاوبوونەوەی کۆمەڵەیەکی گچکە لە ژێر عینوانی (جوانترین شێعرەکانی فروغ فەڕوخزاد). بڵاوکردنەەی کۆمەڵە شێعری«تولد دیگر| لە دایکبوونێکی تر». «من سەبارەت بە کارەکانی خۆم قازییەکی زاڵمم... کاتێک چاو لە کتێبی (تولد دیگر) دەکەم ناڕەعەت دەبم. حاسڵی چوار ساڵ ژیان! زۆر کەمە. من تەرازووم نەگرتووەتەدەست تا شێعرەکانم بپێوم؛ بەڵام چاوەڕوانی زۆرترم لە خۆم ھەبوو و ھەیە... من ٣٠ ساڵانەم و سی ساڵەییش بۆ ژن تەمەنی کەماڵە. بەھەرحاڵ جۆرێک کامڵبوون. بەڵام نێوەرۆکی شێعری من سی ساڵانە نییە، گەنجترە. ئەوە گەورەترین عەیبە لە کتێبەکەی من. دەبێ بە ئاگایی و شعوور ژیان بکرێ. من ئاڵۆز بووم، پەوەردەیەکی فیکری لە ڕووی ئەسڵێکی دروستم نەبوو، ھەرواش پەڕاگەندە خوێندوومەتەوە و پارەپارە ژیانم ڕابواردووە و ئاکامەکەشی ئەوەیە کە درەنگ لە خەو ڕابووم ــ ئەگەر بکرێ نێوی ئەو قسانە ڕابوون ابنێین ــ من ھەمیشە بە ئاخرین شێعرم زیاتر لە ھەر شێعرێکی دیکە باوەڕدێنم. دەورەی ئەو باوەڕەش زۆر کەمخایەنە، دوایە لێی سارددەبمەوە و بە نەزرم ھەموو شتێک ساویلکانە دێتەبەر چاو». ھەر ئەو ساڵە: کایەکردن لە دوو سەعنە لە فیلمی خشت و ئاوێنە لە دەرھێنانی ئیبراھیم گولستان. سەفەری چوار مانگە بە ئاڵمان، ئیتالیا و فەرانسە. ١٣٤٥(١٩٦٦): بەشداری لە دووەمین سینەمای دانەر ــ پزارو، لە مانگی بەھار. دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ «بێرناردۆ بێرتۆلوچی»، شاعیر و دەرھێنەری تەلەڤیزیۆنیی ئیتالیا و، ھەوڵی نافرجامی بێرتۆلوچی بۆ سازکردنی فیلمێکی بەڵگەیی لە سەر فروغ. چاپی شێعرەکانی فروغ لە ئاڵمان، سوێد، ئینگستان و فەڕانسە. وە عاقیبەت مەرگ لە کارەساتی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیل لە سەعات ٤.٣٠ی ڕۆژی دۆشەمۆ ٢٤ی ڕێبەندان(١٩٦٦). بە خاک ئەسپاردنی فروغ لە سەعات ١١.٤٥ دەقیقەی ڕۆژی ٢٦ی مانگی ڕێبەندان لە قەبرستانی (زەھیرودەولە)ی تاران، بە حوزووری ئیبراھیم گولستان، سادق چوبەک، مێھدی ئەخەوان سالیس، ئەبولقاسم ئەنجوی شیرازی، یەزدانبەخشی قەھرەمان، ئەحمەدی شاملوو، غولامحوسێنی ساعیدی، ھوشەنگی ئیبتیھاج، م. ئازاد، سیاوەش کەسرایی، باوکی، دایکی و کەسانی فروغ و کۆمەڵێکی زۆر لە لایەنگرانی.