فرانک ستیفنسۆن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
فرانک ستیفنسۆن

فرانک ستیفنسۆن (ڕاست)
لەدایکبوون (١٩٥٩-١٠-٠٣) ٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٩ (تەمەن ٦٤ ساڵ)
نەتەوەئەمریکی-بەریتانی
خوێندنگەکۆلێژی ھونەری ناوەند بۆ دیزاین
پیشەدیزاینەری ئۆتۆمۆبیل
ناسراوە بەکاری دیزاین بۆ مینی، بی ئێم دەبلیوو، فێراری، فیات و مەک لارین
وێبگەwww.frankstephenson.com

فرانک ستیفنسۆن (بە ئینگلیزی: Frank Stephenson؛ لەدایکبووی ١٩٥٩) بە کاریگەرترین دیزاینەری ئۆتۆمۆبیل دادەنرێت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا و بە دیزاینەری مینی، فێراری، مازێراتی، فیات و مەک لارین دادەنرێت.

لە ئێستادا ستیفنسۆن خاوەندارێتیی کۆمپانیاکەی خۆی دەکات، کە تایبەتە بە دیزاین و پرۆژەی داھێنان. فرانک ستیفنسۆن خاوەنی چەندین خەڵاتی جیھانییە لە بواری دیزاین و داھێناندا.

ژیاننامە[دەستکاری]

فرانک ستیفنسۆن لە تشرینی یەکەمی ١٩٥٩ لە باوکێکی ئەمریکی و دایکێکی فەڕەنسی لە کازابلانکا لە مەغریب لەدایک بووە. لە تەمەنی ١١ ساڵی چوونەتە ئەستەمبوڵ لە تورکیا و پاش ٢ ساڵیش لەوێ چوونەتە مەدرید لە ئیسپانیا، و لەوێ خوێندنی ئامادەیی تەواو کردووە. فرانک ھەر لە تەمەنی ھەرزەکارییەوە خولیای دیزاینکردنی ئۆتۆمۆبیلی ھەبووە و ئەمەش بووەتە پاڵنەرێک بۆی کە لە بەشی دیزاینکردنی ئۆتۆمۆبیل لەکالیفۆرنیا بخوێنێت.

فرانک بەڕێوەبەری دیزاین بووە لە مینی، فێراری، مازێراتی، فیات، لانسیا، ئەلفا ڕۆمیۆ و مەک لارین. پاشان چووەتە لیلیۆم ئەڤیەیشن (Lilium Aviation) کە تایبەتە بە بەرھەمھێنانی فڕۆکەی تەکسی، پاشان چووەتە کۆمپانیایەکی چینی و لەوێ بەڕێوەبەری بەشی دیزاین بووە. لەگەڵ ئەوەشدا فرانک ستۆدیۆیەکی سەربەخۆی تایبەت بە خۆی داناوە و خۆی سەرپەرشتیی بەشی دیزاینی ئەو ستۆدیۆیە دەکات.

دیزاین و کارەکان[دەستکاری]

ستیفنسۆن لە چەندین کۆمپانیا ناودارەکانی ئۆتۆمۆبیل لە ئەورووپا کاری کردووە. لە سەرەتادا لەگەڵ کۆمپانیای فۆرد لە کۆلن لە ئەڵمانیا دەستی بە کارکردن کردووە، پاشان چووەتە گرووپی بی ئێم دەبلیوو و لەوێ بۆ ماوەی ١١ ساڵ کاری کرووە و دیزاینی بۆ بی ئێم دبلیوو ئێکس ٥ (X5) کردووە کە یەکەم ئۆتۆمۆبیلی مۆدێل بەرزی(UV) کۆمپانیای بی ئێم دەبلیوو بووە، و هەر لەوێش دیزاینی بۆ مینی دەکرد.

مازێراتی ئێم سی ١٢
مەک لارین پی ١

لە ساڵی ٢٠٠٢، ستیفنسۆن دەبێتە بەڕێوەبەری سەرەکیی بەشی دیزاین لە فێراری-مازەراتی لە ئیتاڵیا و دوای سەرکەوتنی لەوێ، لەگەڵ کۆمپانیای دایک–کۆمپانیای فیات پەرە بە کارەکانی دەدات و لەوێ ھەڵستا بە دووبارە ڕێکخستنەوەی ئەو کۆمپانیایە. لە ساڵی ٢٠٠٨، ستیفنسۆن کۆمپانیا ئیتاڵییەکەی جێھێشت و بوو بە بەڕێوەبەری مەک لارین، لە ساڵی ٢٠١٧، ستیفنسۆن گەڕایەوە بۆ گرووپی بی ئێم دەبلیوو و بوو بە بەڕێوەبەری بەشی دیزاین لە مینی. لە ساڵی ٢٠١٨ەوە ستیفنسۆن لە بواری دیزاینکردن لەگەڵ چەندین کۆمپانیا کار دەکات لەوانەش کۆمپانیای لیلیۆم ئەڤیەیشنی ئەڵمانی بۆ دروستکردنی فڕۆکەی کارەبایی.

سەرچاوەکان[دەستکاری]


بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

وێبگەی فەرمی