فائیق چالاک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

فائیق چالاک :(١٩٣٠-١٩٩٦) هونەرمەند و چالاكی سیاسی و پێشمەرگە

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

فائیق چالاک

فائیق کوڕی مەحموود کوڕە ڕەسووڵ ئاغای پشدەرە، ساڵی ١٩٣٠ لە گەڕەکی (پیرمەسوور)ی شاری سلێمانی چاویی بە ژیاندا ھەڵھێناوە. دایکی، ناوی ڕەعنای کچی ئەحمەدە. فائیق، قوتابخانەی سەرەتاییی فەیسەڵییەی لە ١٩٤٤دا بڕیوە و قۆناغی ناوەندیشیی لە سانەویی سلێمانی تەواوکردووە. بەڵام بە ھۆی کۆچی دواییی دایک و باوکیەوە لە ١٩٤٧دا، دەستە لە خوێندن ھەڵگرتووە.[١][٢]

ھونەری نوواندن[دەستکاری]

لە سەرەتای لاوییەوە حەزی لە ھونەری نوواندن کردووە. ڕەفیق چالاکی براگەورەی زۆر کاری تێکردووە و ڕێنوێنی بووە و بەشداری کارە شانۆیییەکانیی کردووە، وەک (لە ڕێی نیشتمانا)، (پیسکەی تەڕپیر) و (بووکی ژێر دەواری ڕەش).[١][٢]

ڕادیۆی کوردیی بەغدا[دەستکاری]

لە ١٨/٩/١٩٥١ەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ڕادیۆی کوردیی بەغدا کاری کردووە بۆ نوواندنی ڕادیۆیی.[١][٢]

کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکان[دەستکاری]

١٩٥٧ بووە بە ئەندامی (کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکان) لە سلێمانی. دەنگی خۆش بووە و لە بۆنەی تایبەتدا گۆرانیی وتووە و ھیچ بەرھەمێَکی تۆمارنەکردووە.[١][٢]

چالاكی سیاسی[دەستکاری]

فائیق، پیاوێکی نیشتمانپەروەر بووە، زۆر جار دوچاری گرتن و ڕاوەدوونان بووە. ١٩٤٥ لەسەر حیزبی شیوعی گیراوە و لەگەڵ "فەھد" و کەمالی نووری بەگ دوورخراوەتەوە بۆ شاری (کووت)، دوو ساڵی لێ ماوەتەوە.[١][٢]

ئەركی لە دەوڵەت[دەستکاری]

١٩٥٥ لە دائیرەی ئیستیھلاک دامەزراوە. ١٩٥٧ جارێکی دیکە لە دائیرەی تەندروستیی سلێمانی دانراوە بە برینپێچ و براوە بۆ (گۆخڵان) و پاشان دێی (نۆدێ).[١][٢]

خەباتی شاخ[دەستکاری]

١٩٦١ لەبەر کاری سیاسیی نھێنیی ناوشار دژ بە ڕژێم، فەرمانی کوشتنی دراوە، ئەویش ھەڵاتووە و دوو ساڵ بووە بە پێشمەرگە. کە بڕیاری لێبوردنی گشتی دەرچووە، گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. بەڵام ھەر لەبەر ھۆی سیاسی، دوورخراوەتەوە بۆ شاری ھەولێر بۆ ماوەی حەوت ساڵ. دیسان بووەتەوە بە پێشمەرگە.[١][٢]

  • پاش ١١/٣/١٩٧٠ گەڕاوەتەوە بۆ ھەولێر و بە وەزیفەی کاتب لێی ماوەتەوە. ١٩٧٣ ھاتووەتەوە بۆ سلێمانی. ١٩٧٤ دووبارە ناچاری ھەڵاتن بووە و چووەتە دیوی ئێران و لە (مەریوان) گیرساوەتەوە.[١][٢]
  • پاش ساڵێک و لە ١٩٧٥دا بە لێبوردنی گشتیی ڕژێمی بەعس گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و چووەتەوە سەر ھەمان وەزیفە.[١][٢]

کۆمەڵی ھونەر و وێژەی کوردی- سلێمانی[دەستکاری]

١٩٧٥ بووە بە ئەندامی (کۆمەڵی ھونەر و وێژەی کوردی- سلێمانی). لە ١٩٩٢دا خانەنشین بووە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

شەوی ٧/٦/١٩٩٦ بە جەڵتەی دڵ کۆتایی بە ژیانی ھاتووە و لە (گردی سەیوان) بە خاک سپێردراوە.[١][٢]

ئەلبوومی وێنەكانی[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل 8149-8150
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر مێژووی ڕادیۆی کوردیی بەغداد ١٩٣٩-١٩٥٨، بەرگی پێکھەم- جزمی یێکھەم، ل٦٩٧؛ لاپەڕەیەکی ژیاننامەکەی و ھێندێ بەڵگەنامە و وێنە، بەڕێز چالاک ڕەفیق چالاک خستنیە بەردەست.