عوسمانە سوور

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

عوسمان محەممەدی ناسراو بە عوسمانە سوور، لەدایکبووی ١٩٤٠ لە بۆکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان نایەژەنی ناوداری کوردە. زیاتر لە نیوسەدەیە خزمەتی ھونەری فۆلکلۆری کوردەواریی دەکات و خاوەنی چەندین خەڵاتی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتە.

عوسمانە سوور
لەدایکبووی١٩٤٠
بۆکان
بنەچە کوردستان
پیشە(کان)نایەژەن، دووزەلەژەن
ئامێرەکاننایە، دووزەلە
ساڵانی چالاکبوون١٩٦٥ تا ئێستا

ژیان[دەستکاری]

مامۆستا عوسمانە سوور شەوی نەورۆزی ساڵی ١٣١٩ ی کۆچی ھەتاوی (١٩٤٠ زایینی) لە ئاوایی «ھەباساوا» ی نێوان بۆکان و میاندواو لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. دواتر ماڵیان دەگوێزنەوە بۆ ئاوایی «قەرەکەند» ی سەر ڕێی بۆکان مەھاباد. عوسمانە سوور بە لاوێتی بە دیتنی مامۆستا قالەمەڕە کە ھامووشۆی ماڵە باوکی کردووە عاشقی شمشاڵ دەبێ. قالەمەڕە شمشاڵێکی بۆ دێنێ و دەڵێ دەبێ ببی بە شوان و لە بەر مەڕان خۆت فێر کەی. عوسمانەسوور دەڵێ ھەر کە بەھار داھات لە خۆشیی شمشاڵ بوومە شوان و ھەتا لە پاییزێکی سارددا شەرتم پەڕی ھەر فووم بە شمشاڵ‌دا کرد و فێری زۆر شت بووم. ساڵی دواتریش دیسان بوومەوە شوان و ئیدی تەواوێک فێری شمشاڵ لێدان بووم. ساڵەودوا بەڕێکەوت لە قاوەخانەی قەرەکەند قالەبەلەنجەی دووزەلەژەن دەبینێ و شەیدای دووزەلە و نایە دەبێ. شمشاڵ وەلا دەنێ و دێتە بۆکان و دەچێتە میاندواو و لەوێندەرێ دووزەلە و نایەیەک دەکڕێ. ساڵێک خۆیان پێوە ماندوو دەکا و تا ڕادەیەک ڕادێ. عوسمانی مینە مۆزی تەپڵچی پێشنیازی پێ دەکا بچنە عێڕاق. وێکڕا دەچنە سلێمانی. عوسمانەسوور لەوێ لەگەڵ مامۆستا حەسەنی نەی و ھاوڕێیانی دەکەوێ و شتیان لێوە فێر دەبێ. پاش ھەشت مانگان دەگەڕێتەوە. عوسمانی مینە مۆز و عەبەچکۆڵی تەپڵچی نێوی «عوسمانە سوور»ی لێ دەنێن. بۆخۆی دەڵێ ئێستا ئەگەر پێم دەڵێن کاک عوسمان، یان ئاغای محەممەدی پێم ناخۆشە! عوسمانە سوور نیوسەدەیە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی لە موکریان دەنگی نایەی دەبیسترێ و دڵی تینووی کوردەواریی پاراو دەکات. لەگەڵ زۆر ھونەرمەندی وەک حەسەن زیرەک، عەلی خەندان، برایمی قادری، خەباتی مەولوودی و… ھاوکاری کردووە و دووزەلە و نایەی بۆ لێداون. لە گەلێک کۆڕ و کۆبوونەوەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا بەشداری کردووە و ھەمیشە لە ڕیزی پێشەوە خەڵات کراوە. وەک بۆخۆی دەڵێ ھیچ ماڵ و حاڵێکی پێکەوە نەناوە و خاوەنی ھیچ سامانێک نییە، بەڵام خۆشەویستیی خەڵک و ئەو حورمەتەی لێی دەگرن بۆ ئەو بارتەقای ھەموو سامانی دنیایە و دڵی پێی خۆشە.[١][٢][٣] عوسمانە سوور لە تەمەنی سی و چەند ساڵەیی‌دا دەگەڵ پوورزایەکی خۆی ژیانی ھاوبەشی پێکەوە ناوە و خاوەنی چوار کوڕە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ماڵپەڕی ئیدارەی سەبتی ئەحواڵی بۆکان: http://bokan.sabteahval-ag.ir/mods.php?id=Info_Center&task=readpage&pid=28 ٦ی نیسانی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ سفر عوسمانە سوور در موسیقی موکریان با آلبوم نرمە نی. ماڵپەڕی زریان: http://ziryan.ir/NewsDetail.aspx?itemid=8026 ١٨ی ئازاری ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ عوسمانە سوور از بوکان در ردیف بھترین ھا قرار گرفت، مالپە ری زریان؛ http://www.ziryan.ir/NewsDetail.aspx?itemid=906 ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]