شێخ حسێنی کەسنەزان (ئەبوو تاھیر)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەرقەدی شێخ سوڵتان حسێنی کەسنەزان لە کرپچنە - سەنگاو

سوڵتان حوسەینی كەسنەزان لە ساڵی (١٣٠٦- كۆچی) كە دەكاتە (١٨٨٥- زایینی) لە دێی كربچنە لەدایک بوو. قورئان و زانستەكانی فیقهی خوێندووە, گەنجێكی تێكۆشەر بوو. لەوەرگرتنەوەی مافی چەوساوەكان لەستەمكاران زۆر ئازا بووە. زۆر بەتەنگ زیندووكردنەوەی حوجرە و فەقێیانەوە بووە. لە سەردەمەی ئەودا تیغبازی قەدەغە بووە و شێخ حەزی لی نەكردووە.

شێخ حوسەین زۆر حەزی لە شاخ و كێو بوو زۆر تێیدا دەگەڕا تاكو پێیان دەووت سوڵتانی شاخەكان, زۆر دیندار و خوداپەرست بوو لە ساڵانی كۆتایی ژیانیدا بەردەوام بەڕۆژوو بوو وە زۆر سەخی و بەخشندە بوو, ئەوەی دەستی بكەوتبایە دەیدایە هەژاران و بێ باوكان و بێوەژنەكان, ڕۆژێكیان بێوەژنێک داوای هەندێك پارەی كرد بۆ منداڵەكانی, لەو كاتەدا شێخ حوسەین هیچی نەبوو لە پارە و سامان ددانێكی كە زێڕ بوو لەدەمی خۆی كێشایەوە و پێی دا بۆ ئەوەی بیفرۆشێت و پارەكە بۆ منداڵەكانی سەرف بكات, حەزرەتی شێخ دوای نیوەشەو ڕووی دەكردە ئەو كێوانە بۆ خوداپەرستی و لەنێوان دڕک و داڵدا پاڵی دەدایەوە تاكو بەیانی بۆ ڕاهێنانی نەفسەكەی, بەشێک لەسامانی تایبەتی خۆی وەک مانگانە بڕیبوەوە بۆ چەند خێزانێكی هەژار و بێ باوک لەگەڵ ئەوەشدا خواردنی تەنها نانی جۆ و گوژاڵک بوو.

قسەکانی:[دەستکاری]

  • تەریقەتی ئێمە پشتی بەستووە بەقورئان و سونەت ، خۆشەویستی ڕەوا و خاوێن كردنەوەی دەروون، ڕاستی و ئارامگرتن لەسەر ناخۆشی و موسیبەت و وەفاداری لە بەڵێنداندا وەدڵخۆش نەبوون بەموسیبەتی موسڵمانان, چاكە بكە بەرامبەر خراپە و بەزەیی هاتن بەبێ باوكان و تێركردنی برسی و پۆشاک كردنی هەژاران پشتگیری كردنی چەوساوەكان و دووركەوتنەوە لەستەمكردن.
  • ئەی مورید لەخۆشەویستی دونیا دوور بە لەبەر ئەوەی خۆشەویستی دونیا خوداپەرستی تێكدەدات چۆن سركە هەنگوین تێک دەدات, ئەی موریدی من! لەگەڵ ستەملێكراوان بە. وە لەگەڵ ستەمكاران مەبە, دونیا لەگەڵ كوفر بەردەوام دەبێت بەڵام لەگەڵ ستەم بەردەوامی نییە.
  • دەیفەرموو ئەی مورید دەرگای خودا بەرمەدە و ڕووی دڵەكەت بكە لە پێغەمبەر داوای یارمەتی لێ بكە لە ڕێی شێخەكەتەوە. بەدڵسۆزیەوە لەگەڵی ببە بۆ فێر بونی ئادابەكان (ڕەوشتەكان), قسە كەم بكە لەكاتی حازر بوونی دا .
  • ئامۆژگاری برایەكانت بكە و دڵیان پێكەوە ببەستە بەخۆشەویستی, دڵەكەت ئاوەدان بكە بەزیكر كردن, بە زیكری خوا خۆت بڕازێنەوە. پشت بەخودا ببەستە و ئارام بگرە لەوەی توشت بووە. زۆر سەڵاوات لە پێغەمبەر a بدە. لەماڵی خۆت دابنیشە زۆر مەڕۆ بۆ بازاڕ و شوێنی خۆشی. دەست بگرە بەگوریسی خوداوە, هەركەس وازی لە دونیا هێنا ئەوە خۆشی دەست دەكەوێت, ڕێز لەمیوان بگرەو بەزەییت بەخێزانەكەت و منداڵەكانت و خزمەتكارەكەتدا بێت, لەهەموو كارێكدا زیكری خودا بكە. دڵسۆز بە بۆ خودا لە ئاشكراو نهێنی. وەكردەوەی باش بكە بۆ دوا ڕۆژت (قیامەت). ئەمە ئامۆژگاری منە بۆ تۆ ئەی مورید, چەند پێویستیمان هەیە بە ئامۆژگارییەكانی لەم ڕۆژەدا.

خزمەت كردنی بە ئەهلی فەقێ‌ و زانایان[دەستکاری]

شێخ سوڵتان حوسەین كەسنەزانی قوتابخانەیەكی ئایینی لە دێی كربچنە درووست كرد و لەسەر مەسرەفی خۆی چەند مامۆستایەكی ئایینی و قوتابی دابین كرد بۆ خوێندنی حەدیس و ڕێزمان و فیقه و زانستە ئاینییەكان, ژمارەی ئەو قوتابیانە كە لەو قوتابخانەیە دەیان خوێند لە بیست قوتابی زیاتر بوو وە ساڵانە لەم قوتابخانەیە چەندەها زانا دەردەچوون كە شارەزا بوون لەزۆر بواری زانستدا. [ژێدەر پێویستە]

كەڕاماتەكانی[دەستکاری]

  • شێخ بە موریدێک كە ناوی (عەزیزە)وتووە، بڕوات بۆ مووسڵ بۆ ئیرشاد كردنی خەڵكان ئەم موریدە هەژارە لەدڵی خۆیدا لەگەڵ حەزرەتی شێخدا كەوتە قسە كە بێ توانایە و زمانی عەرەبی نازانێت و ڕێگای مووسڵ شارەزا نییە, لەگەڵ ئەمەشدا داوای لێ كرا بڕوات و موریدێكی شەل لەگەڵ خۆی ببات كە لەو بێ تواناترە, كارەكەی زیاتر ئاڵۆز كرد لەسەری, سەفەركردن لەو كاتەدا ئاسان نەبوو نە ئوتومبێل هەبوو وە نەقیرتاو, دەبێت یان بەپێ بڕۆن یان بەسواری ووڵاغ, بەڵام بەئاسانی گەیشتە شاری موسڵ, ئەوهایە فەرمانی خودا بۆ ئەوەی ئیرشاد بكات لەوێدا. ئەم دوو دەروێشە چوونە ماڵی پیاوێكی هەژار لەكەلاوەیەكدا، دراوسێی ئەم هەژارە ماڵێكی مەسیحی بوون كە پیرەژنێكی نەخۆشیان هەبوو كە دەساڵ بوو لەسەر جێ بوو, كەزانیان ئەم دوو موریدە هاتوون، چوون بۆ لایان و داوای دوعایان لێیان كرد بۆ چاكبونی نەخۆشەكەیان وە ووتیان ئەگەر نەخۆشەكە چاک ببێتەوە ئەوە پەنجا لیرەتان دەدەینێ, ئەوانیش ووتیان ئێمە كاروكردەوەمان تەنها بۆ خودایە و پاداشتمان لای خودایە, كە پیرەژنەكەیان هێنا خەلیفەكە گۆچانەكەی گەیاندە نەخۆشەكە و دوای داواكردنی یارمەتی لە شێخ سوڵتان حوسێن بە ئیزنی خودا نەخۆشەكە هەستاوە سەرپێ و چاک بوەوە كە خەڵكی مووسڵ ئەمەیان بیست زۆر خەڵكی ڕوویان لێ كردن و هەر لەوانەی نەخۆش بوون و پێداویستیان هەبوو, هەندێ لەئەهلی تەریقەتەكانی دیكە پێیان ناخۆش بوو داوایان لێیان كردن كەموسڵ بەجێ بهێڵن.
  • یەكێک لەخەڵكی ئەستەمبوڵ لە توركیا نەخۆش بوو. لە زۆربەی پایتەختەكانی ئەوروپا هاتووچۆی لای پزیشكی دەكرد بەڵام بێ سود بوو, شەوێک لەخەویدا پیاوێک هات پێی ووت: وەرە بۆ كڕبچنە لە عێراق دوای تەریقەت وەرگرتنت چاک دەبیتەوە, كابرا كە لە خەو هەستا بڕیاری بەرەو كربچنە بێت، كە گەیشتە كڕبچنە، حەزرەتی شێخی بینی، كە لەگەڵ موریدەكانی خۆی دانیشتبوو، ئەو پیاوەش خۆی دا بەسەر دەستی دا و دەستی ماچ كرد, بە ماچكردنی دەستی دەی ووت تۆ منت بانگ كرد، ئەوە هاتم حەزرەتی شێخ فەرمووی تەریقەت وەربگرە و بڕۆ خەڵوەتەوە چل ڕۆژ چاك دەبیتەوە ئەویش فەرمانەكانی حەزرەتی شێخی بەجێ هێنا و چاک بوەوە .
  • موحەممەد خان سلێمان یەكێک بوو لە سەردارەكانی هۆزی جاف، زەكاتی نەدەدا و وەنەدەچوو بۆ حەج كە فەرز ببوو لەسەری، هات بۆ زیارەتی حەزرەتی شێخ لە كڕبچنە پێنج لیرەی لەناو پەڕۆیەكدا دای بەیەكێک لەموریدانی حەرزەتی شێخ بۆ تەكیەكە كە لیرەكانیان لەبەردەمی شێخدا دانا, فەرمووی ئەم لیرانە بنێرنەوە بۆ موحەممەد خان سلێمان پێی بڵێن تەكیە پارەی حەرام قەبوڵ ناكات، با زەكاتەكەی بدات و حەجی لێ بكات ئەو كاتە چی دەداتە تەكیە بابیدات .
  • خەلیفە مەحموود لەگەڵ هەندێک مورید لەچەمچەماڵەوە دەڕۆیشتن بۆ كڕبچنە بۆ زیارەتی شێخ سوڵتان حوسەین هەندێک پارەی تەكیەیان پێ بوو كوڕی خەلیفە كە ناوی موحەممەد بوو ڕۆیشت دەرمان چای كڕی بۆ تەكیە لەو پارەیە عانەیەک(عانە چوار فلسە)مابوەوە, خەلیفە بە كوڕەكەی ووت بڕۆ بەو پارەیەیش دەرمان چای بكڕە بۆ تەكیە, پارەی تەكیە لای خۆت مەهێلەوە ئەویش ڕۆیشت دەرمان چای پێ كڕی كە گەیشتە لای حەزرەتی شێخ و زیارەتیان كرد, شێخ سەری بەرز كردەوە و فەرمووی: ئەی خەلیفە مەحموود پیرانی تەریقەت ماڵی تەكیەییان لێ ون نابێت ئەگەر عانەیەكیش بێت, چونكە ماڵی تەكیە هی هەژارەكانی ناو تەكیەییە و ماڵی موسڵمانانە.
  • شێخ موحەممەد ساڵحی كوڕی شێخ عەبدولقادری كەسنەزان دەڵێت: لە مەجلیسی شێخ سوڵتان حوسەین ئامادە بووم پێش ویردی عەسر, شێخ موستەفای شێخ ئەحمەد دەكاتە ئامۆزای سوڵتان حوسەین و بەسوڵتان حوسەینی ووت ویردی عەسر زۆرە و گرانە لەسەر موریدان, شێخ سوڵتان حوسەێن فەرمووی: ئەم ویردانە فەرمانی شێخ عەبدولقادری گەیلانیە ئەو پرسیارەی دووبارە و سێ بارەوە كرد لە سوڵتان حوسەین ئەویش هەمان وەڵامی دەدایەوە كە زیكری عەسر دەستی پێ كرد بینیمان بازێک (ئاماژەیە بۆ گەیلانی چونكە ئەو بە باز اللە مەشوورە.) هات لەسەر دیوارەكەی پشتی سوڵتان حوسەێن نیشتەوە و لەوێدا مایەوە تاكو گەیشتیینە كۆتایی زیكرەكە یارحیم ئەو كاتە فڕی و ڕۆیشت. حەزرەتی شێخ سوڵتان حوسەین فەرمووییە شێخ موستەفا پرسیارت پێ ماوە ئەویش ووتی نەخێر وەڵامەكەم زانی.
  • لە مەلا نەجمەدینەوە ئەویش لەحەمە قییتەوە كە موریدی سوڵتان حوسەین بوو دەڵێت: سەگەكانی كربچنە هەموو ڕۆژ كۆدەبوونەوە لای قەبرستانەكەی كربچنە و دەحەپین وەک ئەوەی شتێكیان بینی بێت یان گوێیان لە شتێک بێت حەزرەتی شێخ سوڵتان حوسەین فەرمووی: ئەوە بەفڵان كەس دەوەڕن (دەحەپن) كەپارەی شیربایی كچەكانی دەخوارد و ئێستاش لەناو قەبرەكەیدایە , ئەو كابرایە ڕۆژێک لەژیانی دا خزمەتی كردووم وەرن لەگەڵم بابچینە لای قەبرەكەی دوعای بۆ بكەین بەڵكو خودا بەزەیی پیادا بێت و لێی خۆش بێت, كەنزیك بوینەوە لەگۆڕەكەی حەزرەتی شێخ فەرمووی گوێ بگرن, ئێمەش بەگوێی خۆمان دەمان بیست كە سەگێک لەناو گۆڕەكەدا دەحەپێت,شێخ سوڵتان حوسەین دوو ڕكعات نوێژی كرد و دوعای بۆ كرد دوای كەمێك دەنگەكە نەما ئێمەش زۆر دڵخۆش بووین وە لەگەڵ حەزرەتی شێخدا گەڕاینەوە.

وەفاتی[دەستکاری]

شێخ سوڵتان حوسەینی كەسنەزان لەساڵی (١٣٦٠-كۆچی) بەرانبەر (١٩٣٩-زاینی) دونیای بەجێ هێشت بۆ جیهانی دیكە. دوای دەست نیشان كردنی حەزرەتی شێخ عەبدولكەریم بۆ شێخایەتی ئەم تەریقەتە, دەرچوونی لەدونیا كاریگەریی زۆر بوو لەسەر موریدان بەتایبەتی و موسڵمانان بەگشتی لەبەر ئەوەی ئیسلام پیاوێكی گەورەی لەدەست دا لەو كاتەی كە ئیسلام زۆر پێویستی بەو جۆرە كەڵەپیاوانە بوو كە خزمەتی ئایینی ئیسلامیان دەكرد بە گەورەترین خزمەت. مەلا حەسەنی نەوحی بە بۆنەی وەفاتی سەید سوڵتان حوسێن لە ژێر ناوی (شیوەن بۆ شێخ حوسێن شێخ قادری كربچنە) نوسیویەتی:

گـەوهـەری جـەرگـی نـەبـی چـاوی شـەریعەت ڕۆیی

ڕاگــری شــەرعی نـەبـی پــیـری تـەریــقـەت ڕۆیـی

ئـیـنـس و جـن وا لە گـرین، بێجگە لە دەروێـشانی

بــۆ ئـەبـێ‌ زاری نـەكـەن چـۆمـی حەقـیـقەت ڕۆیی

چـیـیـە ئــەم شــۆڕش و گـریانــە لـە نـاو كوردانا؟

زاهـیـدی پـاك ســروشـت، خـێـوی وەدیعەت ڕۆیی

ڕۆژی دوو شـەممەی زولـحیجە، لە شانزەیی مانگا

گـیـانـی بۆ بـاغی بەهەشت ئەو بە حەقیقەت ڕۆیی

حەزرەتی شێخ حوسێن گەوهەری نوتەی حەسەنەین

ئـەو لــە ڕووبــاری شــەریـعـەت بــە غەریقەت ڕۆیی

(نەوحی) مێژووی وەفاتی (شەبەهی غەم) ،وا دانا

ئــەو نــەزیــرە لــە شـەریـعـەت كـە بەشیرەت ڕۆیی


پیرەمێردی شاعیر لەژێر ناونیشانی(كەسنەزان) لە ڕۆژنامەی ژین ژمارە 78ی ساڵی 1939دا بەمجۆرە شیوەنی بۆ سوڵتان حوسێن كردووە:

ئــازیـــز مـوشتـاقە، ئازیز مـوشـتـاقە

دڵ هێند بۆ تەواف كەعبەت موشتاقە

ســەیـرم نــەمــاوە، تــاقــەتـم تـاقـە

لــەشــم ســووتـاوی گــڕەی فـیـراقە

گــیـرۆدەی ئــازار دەوری ئـــافــاقـە

هـەر چــەند تەكـلیفی (ما لا یگاق)ە

قـوربــان جــارێـكـەو بـە ئـیتتیفاقـە

هـەر تـایـێ‌ لـە تەوق زوڵفەكەت تاقە

بـیكـە بـە كەمەند بـۆ ئەم عوششاقە

تــاقــی ئـەبرۆت بۆ سوجدە ڕەواقە

میــحرابی سـەفای قوڕبی خـەلـلاقە

ســەودا خــۆراكی ڕۆحی عـوششاقە

ئـەوی بـێ عەشقە، هەر بێ‌ ئەخلاقە

بــەو مــانگەی كەوا دوور لە مەحاقە

(كەسنەزان) بۆ دین دیدەت موشتاقە

بە مەرگت قەسەم وادەی مەرگم هات

ئــەمــڕۆ، ســبـەیـە منیش دێمە لات

ڕەشـــۆڵ، قــەتــارێ‌ مــردن بەجێیە

سـاقی! تـۆش جامێ‌ یار چاوەڕێـیـە

سەرچاوە[دەستکاری]