بۆ ناوەڕۆک بازبدە

شێخ حسێنی کەسنەزان (ئەبوو تاھیر)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەرقەدی شێخ سوڵتان حسێنی کەسنەزان لە کرپچنە - سەنگاو

سوڵتان حوسەینی کەسنەزان لە ساڵی (١٣٠٦- كۆچی) کە دەکاتە (١٨٨٥- زایینی) لە دێی کربچنە لەدایک بوو. قورئان و زانستەکانی فیقهی خوێندووە, گەنجێکی تێکۆشەر بوو. لەوەرگرتنەوەی مافی چەوساوەکان لەستەمکاران زۆر ئازا بووە. زۆر بەتەنگ زیندووکردنەوەی حوجرە و فەقێیانەوە بووە. لە سەردەمەی ئەودا تیغبازی قەدەغە بووە و شێخ حەزی لی نەکردووە.

شێخ حوسەین زۆر حەزی لە شاخ و كێو بوو زۆر تێیدا دەگەڕا تاكو پێیان دەووت سوڵتانی شاخەکان, زۆر دیندار و خوداپەرست بوو لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا بەردەوام بەڕۆژوو بوو وە زۆر سەخی و بەخشندە بوو, ئەوەی دەستی بکەوتبایە دەیدایە هەژاران و بێ باوكان و بێوەژنەکان, ڕۆژێکیان بێوەژنێک داوای هەندێک پارەی كرد بۆ منداڵەکانی, لەو کاتەدا شێخ حوسەین هیچی نەبوو لە پارە و سامان ددانێکی کە زێڕ بوو لەدەمی خۆی کێشایەوە و پێی دا بۆ ئەوەی بیفرۆشێت و پارەکە بۆ منداڵەکانی سەرف بكات, حەزرەتی شێخ دوای نیوەشەو ڕووی دەکردە ئەو کێوانە بۆ خوداپەرستی و لەنێوان دڕک و داڵدا پاڵی دەدایەوە تاكو بەیانی بۆ ڕاهێنانی نەفسەکەی, بەشێک لەسامانی تایبەتی خۆی وەک مانگانە بڕیبوەوە بۆ چەند خێزانێکی هەژار و بێ باوک لەگەڵ ئەوەشدا خواردنی تەنها نانی جۆ و گوژاڵک بوو.

قسەکانی

[دەستکاری]
  • تەریقەتی ئێمە پشتی بەستووە بەقورئان و سونەت ، خۆشەویستی ڕەوا و خاوێن کردنەوەی دەروون، ڕاستی و ئارامگرتن لەسەر ناخۆشی و موسیبەت و وەفاداری لە بەڵێنداندا وەدڵخۆش نەبوون بەموسیبەتی موسڵمانان, چاکە بکە بەرامبەر خراپە و بەزەیی هاتن بەبێ باوكان و تێرکردنی برسی و پۆشاک كردنی هەژاران پشتگیری كردنی چەوساوەکان و دوورکەوتنەوە لەستەمکردن.
  • ئەی مورید لەخۆشەویستی دونیا دوور بە لەبەر ئەوەی خۆشەویستی دونیا خوداپەرستی تێکدەدات چۆن سرکە هەنگوین تێک دەدات, ئەی موریدی من! لەگەڵ ستەملێکراوان بە. وە لەگەڵ ستەمکاران مەبە, دونیا لەگەڵ كوفر بەردەوام دەبێت بەڵام لەگەڵ ستەم بەردەوامی نییە.
  • دەیفەرموو ئەی مورید دەرگای خودا بەرمەدە و ڕووی دڵەکەت بکە لە پێغەمبەر داوای یارمەتی لێ بکە لە ڕێی شێخەکەتەوە. بەدڵسۆزیەوە لەگەڵی ببە بۆ فێر بونی ئادابەکان (ڕەوشتەکان), قسە کەم بکە لەکاتی حازر بوونی دا .
  • ئامۆژگاری برایەکانت بکە و دڵیان پێکەوە ببەستە بەخۆشەویستی, دڵەکەت ئاوەدان بکە بەزیکر كردن, بە زیكری خوا خۆت بڕازێنەوە. پشت بەخودا ببەستە و ئارام بگرە لەوەی توشت بووە. زۆر سەڵاوات لە پێغەمبەر بدە. لەماڵی خۆت دابنیشە زۆر مەڕۆ بۆ بازاڕ و شوێنی خۆشی. دەست بگرە بەگوریسی خوداوە, هەرکەس وازی لە دونیا هێنا ئەوە خۆشی دەست دەکەوێت, ڕێز لەمیوان بگرەو بەزەییت بەخێزانەکەت و منداڵەکانت و خزمەتکارەکەتدا بێت, لەهەموو کارێکدا زیكری خودا بکە. دڵسۆز بە بۆ خودا لە ئاشكراو نهێنی. وەکردەوەی باش بکە بۆ دوا ڕۆژت (قیامەت). ئەمە ئامۆژگاری منە بۆ تۆ ئەی مورید, چەند پێویستیمان هەیە بە ئامۆژگارییەکانی لەم ڕۆژەدا.

خزمەت كردنی بە ئەهلی فەقێ‌ و زانایان

[دەستکاری]

شێخ سوڵتان حوسەین کەسنەزانی قوتابخانەیەکی ئایینی لە دێی کربچنە درووست كرد و لەسەر مەسرەفی خۆی چەند مامۆستایەکی ئایینی و قوتابی دابین كرد بۆ خوێندنی حەدیس و ڕێزمان و فیقه و زانستە ئاینییەکان, ژمارەی ئەو قوتابیانە کە لەو قوتابخانەیە دەیان خوێند لە بیست قوتابی زیاتر بوو وە ساڵانە لەم قوتابخانەیە چەندەها زانا دەردەچوون کە شارەزا بوون لەزۆر بواری زانستدا. [ژێدەر پێویستە]

کەڕاماتەکانی

[دەستکاری]
  • شێخ بە موریدێک کە ناوی (عەزیزە)وتووە، بڕوات بۆ مووسڵ بۆ ئیرشاد كردنی خەڵکان ئەم موریدە هەژارە لەدڵی خۆیدا لەگەڵ حەزرەتی شێخدا کەوتە قسە کە بێ توانایە و زمانی عەرەبی نازانێت و ڕێگای مووسڵ شارەزا نییە, لەگەڵ ئەمەشدا داوای لێ كرا بڕوات و موریدێکی شەل لەگەڵ خۆی ببات کە لەو بێ تواناترە, کارەکەی زیاتر ئاڵۆز كرد لەسەری, سەفەرکردن لەو کاتەدا ئاسان نەبوو نە ئوتومبێل هەبوو وە نەقیرتاو, دەبێت یان بەپێ بڕۆن یان بەسواری ووڵاغ, بەڵام بەئاسانی گەیشتە شاری موسڵ, ئەوهایە فەرمانی خودا بۆ ئەوەی ئیرشاد بكات لەوێدا. ئەم دوو دەروێشە چوونە ماڵی پیاوێکی هەژار لەکەلاوەیەکدا، دراوسێی ئەم هەژارە ماڵێکی مەسیحی بوون کە پیرەژنێکی نەخۆشیان هەبوو کە دەساڵ بوو لەسەر جێ بوو, کەزانیان ئەم دوو موریدە هاتوون، چوون بۆ لایان و داوای دوعایان لێیان كرد بۆ چاکبونی نەخۆشەکەیان وە ووتیان ئەگەر نەخۆشەکە چاک ببێتەوە ئەوە پەنجا لیرەتان دەدەینێ, ئەوانیش ووتیان ئێمە کاروکردەوەمان تەنها بۆ خودایە و پاداشتمان لای خودایە, کە پیرەژنەکەیان هێنا خەلیفەکە گۆچانەکەی گەیاندە نەخۆشەکە و دوای داواكردنی یارمەتی لە شێخ سوڵتان حوسێن بە ئیزنی خودا نەخۆشەکە هەستاوە سەرپێ و چاک بوەوە کە خەڵکی مووسڵ ئەمەیان بیست زۆر خەڵکی ڕوویان لێ كردن و هەر لەوانەی نەخۆش بوون و پێداویستیان هەبوو, هەندێ لەئەهلی تەریقەتەکانی دیکە پێیان ناخۆش بوو داوایان لێیان كردن کەموسڵ بەجێ بهێڵن.
  • یەکێک لەخەڵکی ئەستەمبوڵ لە توركیا نەخۆش بوو. لە زۆربەی پایتەختەکانی ئەوروپا هاتووچۆی لای پزیشکی دەکرد بەڵام بێ سود بوو, شەوێک لەخەویدا پیاوێک هات پێی ووت: وەرە بۆ کڕبچنە لە عێراق دوای تەریقەت وەرگرتنت چاک دەبیتەوە, كابرا کە لە خەو هەستا بڕیاری بەرەو کربچنە بێت، کە گەیشتە کڕبچنە، حەزرەتی شێخی بینی، کە لەگەڵ موریدەکانی خۆی دانیشتبوو، ئەو پیاوەش خۆی دا بەسەر دەستی دا و دەستی ماچ كرد, بە ماچکردنی دەستی دەی ووت تۆ منت بانگ كرد، ئەوە هاتم حەزرەتی شێخ فەرمووی تەریقەت وەربگرە و بڕۆ خەڵوەتەوە چل ڕۆژ چاک دەبیتەوە ئەویش فەرمانەکانی حەزرەتی شێخی بەجێ هێنا و چاک بوەوە .
  • موحەممەد خان سلێمان یەکێک بوو لە سەردارەکانی هۆزی جاف، زەکاتی نەدەدا و وەنەدەچوو بۆ حەج کە فەرز ببوو لەسەری، هات بۆ زیارەتی حەزرەتی شێخ لە کڕبچنە پێنج لیرەی لەناو پەڕۆیەکدا دای بەیەکێک لەموریدانی حەرزەتی شێخ بۆ تەکیەکە کە لیرەکانیان لەبەردەمی شێخدا دانا, فەرمووی ئەم لیرانە بنێرنەوە بۆ موحەممەد خان سلێمان پێی بڵێن تەکیە پارەی حەرام قەبوڵ ناكات، با زەکاتەکەی بدات و حەجی لێ بكات ئەو کاتە چی دەداتە تەکیە بابیدات .
  • خەلیفە مەحموود لەگەڵ هەندێک مورید لەچەمچەماڵەوە دەڕۆیشتن بۆ کڕبچنە بۆ زیارەتی شێخ سوڵتان حوسەین هەندێک پارەی تەکیەیان پێ بوو کوڕی خەلیفە کە ناوی موحەممەد بوو ڕۆیشت دەرمان چای کڕی بۆ تەکیە لەو پارەیە عانەیەک(عانە چوار فلسە)مابوەوە, خەلیفە بە کوڕەکەی ووت بڕۆ بەو پارەیەیش دەرمان چای بکڕە بۆ تەکیە, پارەی تەکیە لای خۆت مەهێلەوە ئەویش ڕۆیشت دەرمان چای پێ کڕی کە گەیشتە لای حەزرەتی شێخ و زیارەتیان كرد, شێخ سەری بەرز کردەوە و فەرمووی: ئەی خەلیفە مەحموود پیرانی تەریقەت ماڵی تەکیەییان لێ ون نابێت ئەگەر عانەیەکیش بێت, چونکە ماڵی تەکیە هی هەژارەکانی ناو تەکیەییە و ماڵی موسڵمانانە.
  • شێخ موحەممەد ساڵحی کوڕی شێخ عەبدولقادری کەسنەزان دەڵێت: لە مەجلیسی شێخ سوڵتان حوسەین ئامادە بووم پێش ویردی عەسر, شێخ موستەفای شێخ ئەحمەد دەکاتە ئامۆزای سوڵتان حوسەین و بەسوڵتان حوسەینی ووت ویردی عەسر زۆرە و گرانە لەسەر موریدان, شێخ سوڵتان حوسەێن فەرمووی: ئەم ویردانە فەرمانی شێخ عەبدولقادری گەیلانیە ئەو پرسیارەی دووبارە و سێ بارەوە كرد لە سوڵتان حوسەین ئەویش هەمان وەڵامی دەدایەوە کە زیكری عەسر دەستی پێ كرد بینیمان بازێک (ئاماژەیە بۆ گەیلانی چونکە ئەو بە باز اللە مەشوورە.) هات لەسەر دیوارەکەی پشتی سوڵتان حوسەێن نیشتەوە و لەوێدا مایەوە تاكو گەیشتیینە کۆتایی زیکرەکە یارحیم ئەو کاتە فڕی و ڕۆیشت. حەزرەتی شێخ سوڵتان حوسەین فەرمووییە شێخ موستەفا پرسیارت پێ ماوە ئەویش ووتی نەخێر وەڵامەکەم زانی.
  • لە مەلا نەجمەدینەوە ئەویش لەحەمە قییتەوە کە موریدی سوڵتان حوسەین بوو دەڵێت: سەگەکانی کربچنە هەموو ڕۆژ کۆدەبوونەوە لای قەبرستانەکەی کربچنە و دەحەپین وەک ئەوەی شتێکیان بینی بێت یان گوێیان لە شتێک بێت حەزرەتی شێخ سوڵتان حوسەین فەرمووی: ئەوە بەفڵان کەس دەوەڕن (دەحەپن) کەپارەی شیربایی کچەکانی دەخوارد و ئێستاش لەناو قەبرەکەیدایە , ئەو کابرایە ڕۆژێک لەژیانی دا خزمەتی كردووم وەرن لەگەڵم بابچینە لای قەبرەکەی دوعای بۆ بکەین بەڵکو خودا بەزەیی پیادا بێت و لێی خۆش بێت, کەنزیک بوینەوە لەگۆڕەکەی حەزرەتی شێخ فەرمووی گوێ بگرن, ئێمەش بەگوێی خۆمان دەمان بیست کە سەگێک لەناو گۆڕەکەدا دەحەپێت,شێخ سوڵتان حوسەین دوو ڕکعات نوێژی كرد و دوعای بۆ كرد دوای کەمێک دەنگەکە نەما ئێمەش زۆر دڵخۆش بووین وە لەگەڵ حەزرەتی شێخدا گەڕاینەوە.

وەفاتی

[دەستکاری]

شێخ سوڵتان حوسەینی کەسنەزان لەساڵی (١٣٦٠-کۆچی) بەرانبەر (١٩٣٩-زاینی) دونیای بەجێ هێشت بۆ جیهانی دیکە. دوای دەست نیشان كردنی حەزرەتی شێخ عەبدولکەریم بۆ شێخایەتی ئەم تەریقەتە, دەرچوونی لەدونیا کاریگەریی زۆر بوو لەسەر موریدان بەتایبەتی و موسڵمانان بەگشتی لەبەر ئەوەی ئیسلام پیاوێکی گەورەی لەدەست دا لەو کاتەی کە ئیسلام زۆر پێویستی بەو جۆرە کەڵەپیاوانە بوو کە خزمەتی ئایینی ئیسلامیان دەکرد بە گەورەترین خزمەت. مەلا حەسەنی نەوحی بە بۆنەی وەفاتی سەید سوڵتان حوسێن لە ژێر ناوی (شیوەن بۆ شێخ حوسێن شێخ قادری کربچنە) نوسیویەتی:

گـەوهـەری جـەرگـی نـەبـی چـاوی شـەریعەت ڕۆیی

ڕاگــری شــەرعی نـەبـی پــیـری تـەریــقـەت ڕۆیـی

ئـیـنـس و جـن وا لە گـرین، بێجگە لە دەروێـشانی

بــۆ ئـەبـێ‌ زاری نـەکـەن چـۆمـی حەقـیـقەت ڕۆیی

چـیـیـە ئــەم شــۆڕش و گـریانــە لـە نـاو كوردانا؟

زاهـیـدی پـاک ســروشـت، خـێـوی وەدیعەت ڕۆیی

ڕۆژی دوو شـەممەی زولـحیجە، لە شانزەیی مانگا

گـیـانـی بۆ بـاغی بەهەشت ئەو بە حەقیقەت ڕۆیی

حەزرەتی شێخ حوسێن گەوهەری نوتەی حەسەنەین

ئـەو لــە ڕووبــاری شــەریـعـەت بــە غەریقەت ڕۆیی

(نەوحی) مێژووی وەفاتی (شەبەهی غەم) ،وا دانا

ئــەو نــەزیــرە لــە شـەریـعـەت کـە بەشیرەت ڕۆیی


پیرەمێردی شاعیر لەژێر ناونیشانی(کەسنەزان) لە ڕۆژنامەی ژین ژمارە 78ی ساڵی 1939دا بەمجۆرە شیوەنی بۆ سوڵتان حوسێن کردووە:

ئــازیـــز مـوشتـاقە، ئازیز مـوشـتـاقە

دڵ هێند بۆ تەواف کەعبەت موشتاقە

ســەیـرم نــەمــاوە، تــاقــەتـم تـاقـە

لــەشــم ســووتـاوی گــڕەی فـیـراقە

گــیـرۆدەی ئــازار دەوری ئـــافــاقـە

هـەر چــەند تەکـلیفی (ما لا یگاق)ە

قـوربــان جــارێـکـەو بـە ئـیتتیفاقـە

هـەر تـایـێ‌ لـە تەوق زوڵفەکەت تاقە

بـیکـە بـە کەمەند بـۆ ئەم عوششاقە

تــاقــی ئـەبرۆت بۆ سوجدە ڕەواقە

میــحرابی سـەفای قوڕبی خـەلـلاقە

ســەودا خــۆراکی ڕۆحی عـوششاقە

ئـەوی بـێ عەشقە، هەر بێ‌ ئەخلاقە

بــەو مــانگەی کەوا دوور لە مەحاقە

(کەسنەزان) بۆ دین دیدەت موشتاقە

بە مەرگت قەسەم وادەی مەرگم هات

ئــەمــڕۆ، ســبـەیـە منیش دێمە لات

ڕەشـــۆڵ، قــەتــارێ‌ مــردن بەجێیە

سـاقی! تـۆش جامێ‌ یار چاوەڕێـیـە

سەرچاوە

[دەستکاری]