زانیار مورادی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
زانیار مورادی
Zaniar Moradi

لەدایکبوون١٩٨٨
مەرگ٨ی ئەیلوولی ٢٠١٨
زیندانی ڕەجایی شار، کەرەج
ھۆکاری مەرگلە سێدارەدان
شوێنی گۆڕنادیار
نیشتەجێیمەریوان
نەتەوەکورد
تۆمەتی تاوانباریئەندامییەتی کۆمەڵە
سزای تاوانباریسێدارە
خزمەکانئیقباڵ مورادی، لوقمان مورادی


زانیار مورادی (لەدایکبووی ١٩٨٨ لە مەریوان - مردووی ٢٠١٨ لە کەرەج) خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو کە بە تۆمەتی ئەندامییەتی کۆمەڵە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە؛ ھاوڕێ لەگەڵ لوقمان مورادی ئامۆزای و ڕامین حوسێن پەناھی ڕێکەوتی ٨ی ئەیلوولی ٢٠١٨ (١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧) لە زیندانی ڕەجایی شار، بە نھێنی لە سێدارە درا.

ژیاننامە[دەستکاری]

زانیار مورادی کوڕی ئیقباڵ ساڵی ١٣٦٧ لە مەریوان لە دایک بوو. زانیار لەکن نەنک و باپیری گەورە ببوو.

دەستبەسەرکردن[دەستکاری]

زانیار ٣ی ئابی ٢٠٠٩ - ١٢ی گەلاوێژی ١٣٨٨ لە شاری مەریوان قۆڵبەست کرا. ڕۆژێک دواتر بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا. زانیار نزیک ساڵ و نیوێک بێخەبەر بوو؛ تەنانەت بنەماڵەکەی نیگەرانی ئەوە بوون ئیعدام کرابێت.

زیندانەکان[دەستکاری]

  • گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە
  • بانەمەڕی ١٣٨٩ - ئایاری ٢٠١٠ بۆ گرتووخانەی سنە گوازراوە و نزیک بە شەش مانگ لەوێدا بوو.
  • بۆ ئەشکەنجەی زیاتر و دان پێدانانی زۆرەملی دیسان بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە نێرداوە.
  • مانگێک دواتر دیسان زیندانی سنە.
  • سەرماوەزی ١٣٨٩ - کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ لەبەر چوونە دادگا، بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.
  • ھەفتەیەک دوای دادگا (بەفرابناری ١٣٨٩) نێردرا زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج و زیاتر لە ھەشت ساڵ تا جێبەجێکردنی حوکمەکەی، لە بەندی چواری ئەوێ بوو.

بەگشتی لەو ماوەیەدا زانیار توانی تەنیا سێ-چوار جار، ئەویش زۆر بە کورتی نەنک و باپیری ببینێت.

ئەشکەنجە[دەستکاری]

زانیار مورادی نزیک بە نۆ مانگ لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە لە ژوورەکانی تاکەکەسی دابوو. لەلایەن چوار تا شەش کەسەوە لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دەکرا. دەیانبەستەوە و لێیان دەدا. جنێوی پیسیان پێ دەدا و ھەڕەشەی کوشتن و دەستدرێژی بۆ سەر خۆی و ئازاردانی بنەماڵەکەیان لێ دەکرد. لەو ماوەیەدا زانیار ڕووبەڕووی زۆر کێشە و نەخۆشی بۆوە کە دەرمانیش نەدەکران؛ بۆ نموونە: گونی بریبدار و بڕبڕەی پشتی ئازاری پێ گەیشتبوو.[١] کەڕەتێک لە وڵامی ناڕەزایەتییەکانی زانیار لە ھەمبەر ئەشکەنجەدانی کاربەسەستانی زیندان پێیان وتبوو: «ئەوەی دەبینی گەمەیەکی سیاسییە، کاتێک بابت دژ بە ئێمە کار دەکات دەبێت چاوەڕوانی ئەوەشی ھەبێت».[٢]

حوکم[دەستکاری]

٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ - ١ی بەفرانباری ١٣٨٩ لەلایەن لقی پازدەی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی ئەندامییەتی کۆمەڵە (دژایەتی خودا) و ھاوکاری لە کوشتنی کوڕی پێشنوێژی شاری مەریوان، سیخوڕی بۆ بریتانیا و تێکدانی ھێمنیی شاری مەریوان لە کاتی سەردانی خامنەییدا، بە سێدارە مەحکووم بوو.[٣] زانیار مورادی لەژێر ئەشکەنجە و لە کاتی لێپرسینەوەدا ناچار بە دان پێدانانی زۆروملی ببوو، دووبارەش لە فیلمێکدا کە لە پرێس تیڤی بڵاویان کردەوە دانیان بە کاری نەکردوو پێ دانابۆوە، کە لە دادگا کەڵکیان لێ وەرگیرا؛ ھەروەھا ھەڕەشی لێ کرابوو کە بێتوو پشتڕاستیان نەکاتەوە، دەینێرنەوە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە.[٤]

لە سێدارەدان[دەستکاری]

دۆسیەی پیاوکوژییەکەی زانیار تا کاتی لە سێدارەدانیشی ھەر ئاوەڵە بوو. ڕۆژی چوارشەممە زانیار بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوە و ئەویش بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی مانی لە خواردن گرت. ڕۆژی ھەینی بانگی بنەماڵەکەی کرا بێن سەری بدەن و گفتیان پێ دان ئەوە دیدارێکی ئاساییە، بەڵام زانیار وتبووی: «دەزانم بۆ جێبەجێکردنی حەکمەکەم لێرەم و ئەمشەو لە سێدارەم دەدەن».[٥] لە ئاکامدا بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ زانیار و لوقمان و ڕامین بە نھێنی لە دار دران. پارێزەر و بنەماڵەی زانیار وتیان لە ڕێگەی ھەواڵنێریی فارسەوە ئاگاداری خەبەرەکە بوون. داوی داوا و پێداگرییەکی زۆر بەو مەرجەی فیلم ھەڵنەگیرێتەوە و گریان لە گۆڕێدا نەبێ، لە مردووشۆرخانە ئیزنی دیتنی تەرمی زانیار بە بنەماڵەکەی درا. شوێنی بە خاک ئەسپاردنی ڕوون نییە.[٦][٧]

کاردانەوەکان[دەستکاری]

  • ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان مانگرتنێکی گشتی بەڕێوە چوو.
  • ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ دەستەیەک لە زیندانییانی سیاسیی ڕەجایی شار لە نامەیەکدا ئیعدامی زانیار و لوقمانیان مەحکووم کرد.[٨]
  • ٨ی ئەیلوولی ٢٠١٨ ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند دوای ئەو ھەموو مەحکوومکردنە سەریان لە ئیعدامی ئەو سێ کوردە سووڕ ماوە. دادگایکردنەکەیان یاسایی نەبووە، لە دیتنی بنەماڵە و ھەبوونی پارێزەر بێبەش بوون، دانیان بەوە داناوە لەژێر ئەشکەنجەدا بوونە، ئێران دیسان سەڕەڕۆ کاری کردووە. داوا لە دونیا دەکەین بێدەنگ نەبن و لە ئێرانیشمان دەوێ پابەندی یاسا نێونەتەوەیییەکان بێت.[٩]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Iran's Execution of Three Kurdish Prisoners is Unlawful and Unjust". Center for Human Rights in Iran.
  2. ^ "rudaw". www.rudaw.net. Retrieved ١٦ی ئایاری ٢٠٢١. Check date values in: |access-date= (help)
  3. ^ "ڕامین، لوقمان و زانیاری لەسێدارە دران". hengaw.net. Retrieved ١٧ی ئایاری ٢٠٢١. Check date values in: |access-date= (help)
  4. ^ "Zanyar Moradi: One Person's Story". Abdorrahman Boroumand Center. Retrieved ١٦ی ئایاری ٢٠٢١. Check date values in: |access-date= (help)
  5. ^ "Fear of Imminent Execution Risk for Kurdish Political Prisoners Loghman and Zaniar Moradi". Abdorrahman Boroumand Center. Retrieved ١٦ی ئایاری ٢٠٢١. Check date values in: |access-date= (help)
  6. ^ "Iran: Kurdish political prisoners at risk of imminent executions". Iran HRM. 2018-01-10. Retrieved ١٦ی ئایاری ٢٠٢١. Check date values in: |access-date= (help)
  7. ^ "Despite UN Appeal, Iran Executes Three Young Kurds". RFE/RL. Retrieved ١٦ی ئایاری ٢٠٢١. Check date values in: |access-date= (help)
  8. ^ ""When Will We Tear Down these Gallows?": Political Prisoners of Raja'i Shahr Recount Execution of their Wardmates". Abdorrahman Boroumand Center. Retrieved ١٦ی ئایاری ٢٠٢١. Check date values in: |access-date= (help)
  9. ^ "Campaigns". www.amnesty.org. Retrieved ١٦ی ئایاری ٢٠٢١. Check date values in: |access-date= (help)