بۆ ناوەڕۆک بازبدە

دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی کوردی–تورکی ١٩٩١–٢٠٠٤

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لە ساڵی ١٩٧٨ەوە کە ململانێ لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان دەستیپێکردووە، چەندین دەستپێشخەریی ئاشتیی لەنێوان پارتی کرێکاران و تورکیادا ھەبوو، ھەندێکیان سەرکەوتوو بوون و ھەندێکی دیکەشیان سەرکەوتوو نەبوون. بەڵام یەکەم نزیکبوونەوەی ڕاستەقینە بۆ پرسی کورد لە تورکیا دوای ئەوە ھات کە حکوومەتی تورگوت ئۆزال بڕیاریدا کۆتایی بە سیاسەتی نکۆڵیکردن لە کورد بھێنێت و ڕێگە بدات بە زمانی کوردی قسە بکرێت لە ساڵی ١٩٩١ و دواتریش لە ھەمان ساڵدا پەخش بکرێت.[١][٢]

یەکەم ئاگربەستی تاکلایەنە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان ١٩٩٣

[دەستکاری]

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ١٧ی ئازاری ١٩٩٣ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لەگەڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجامیدا، ئاگربەستی تاکلایەنەی پەکەکەی ڕاگەیاند. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دیکەدا کە لە ١٦ی نیسانی ١٩٩٣ لە بر ئیلیاس لە لوبنان بەڕێوەچوو، ئاگربەستەکە بۆ ماوەیەکی نادیار درێژکرایەوە. لە چالاکییەکەدا شایەتحاڵی ئامادەبوونی سیاسەتوانانی کورد بوو وەک جەمال تاڵەبانی، و ئەحمەد تورک لە دەزگای خوێندنی باڵا و کەمال بوورکای کە پشتیووانی خۆیان بۆ ئاگربەستەکە ڕاگەیاند. ئاگربەستەکە کۆتایی ھات دوای ئەوەی تورگوت ئۆزال سەرۆک وەزیرانی تورکیا دوای دوو ڕۆژ لە ١٧ی نیسانی ١٩٩٣ کۆچی دوایی کرد کە لەچاو حکوومەتەکانی پێشوو حکوومەتێکی ئاشتیانەتری ھەبوو بەرامبەر بە کورد، و دوای ئەوەی ھێزەکانی تورکیا لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٣ ھێرشێکیان دەستپێکرد کە تیایدا ١٣ ئەندامانی پەکەکە کوژران.[٣][٤][٥][٦]

دووەم ئاگربەستی تاکلایەنە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان ١٩٩٥–١٩٩٦

[دەستکاری]

لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٥، پەکەکە دووەم ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، پێش ھەڵبژاردنە گشتییەکان لە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٥، پێدەچێت کاتێکی بە حکوومەتی نوێی تورکیا بەخشیبێت بۆ دەربڕینی ڕووانگەیەکی ئاشتیانەتر بۆ ململانێی نێوان پەکەکە و تورکیا. کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسی چەندین دەستپێشخەری ئاشتییان دەستپێکرد لەو ھەشت مانگەی کە پەکەکە پشتیووانی ئاگربەستی کرد.

ئاگربەستی یەکلایەنە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان ١٩٩٨–٢٠٠٤

[دەستکاری]

لە ١ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٩٨، پەکەکە ئاگربەستێکی تاکلایەنەی دیکەی ڕاگەیاند، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ ململانێکان. دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، تورکیا ھەڕەشەی لە سووریا کرد کە ئەگەر بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی پەکەکە ئەوا تووشی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دەبێت. دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە سووریا دەرکرا و لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوت، دواتر ڕێککەوتنی ئەدەنە لەسەر قەدەغەکردنی پشتیووانی لە پەکەکە لەلایەن سووریاوە ئەنجامدرا. لە ئەورووپا عەبدوڵڵا ئۆجەلان ھەوڵیدا پەیوەندی بە زۆرێک لە وڵاتانەوە بکات بۆ ھاوکارییان بۆ ئەگەری دانوستانەکانی ئاشتی، بەڵام ھەموو ھەوڵەکان شکستی ھێنا و لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە نایرۆبی پایتەختی کینیا لەلایەن ھێزە تایبەتەکانی تورکیاوە دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ تورکیا و لەوێش پێشنیازەکەی نوێکردەوە بۆ دانوستانەکانی ئاشتی. لە ساڵی ١٩٩٩ پەکەکە ڕای گەیاند کە بنکەکانی لە تورکیا بەجێدەھێڵن دوای ھەوڵی ئۆجەلان بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕی چەکداری. لە ساڵی ٢٠٠٤ ئاگربەست کۆتایی ھات کە لە ساڵی ١٩٩٨وە دەستی پێکردبوو و شەڕ دەستی پێکردەوە.[٧][٨][٩][١٠][١١]

دەستپێشخەری ئاشتی لەلایەن کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسی

[دەستکاری]

جەمعییەتی ھاووڵاتیانی ھێلسنکی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٥ لە ئەستەمبوڵ کۆنفرانسێکی سازکرد، کە تیایدا بە شێوەیەکی بەرفراوان باس لە ململانێی تورکیا و کورد کرا. ئەنجامی کۆنفرانسەکە ھانی جەمعییەکەی دا کە ھەڵمەتێک بۆ ئاشتی لە سەرتاسەری ویلایەتەکە لە چەند شارێکدا ڕێکبخات بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان. لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٩٦ کۆنفرانسێک لەژێر ناوی «کێشەی کورد و چارەسەری دیموکراسی» لەلایەن مەعھەدی کورد لە ئەستەنبوڵ ڕێکخرا.

کۆنفرانسی دووەم بەناونیشانی «کۆبوونەوە بۆ ئاشتی» بانگەوازی ئاراستەی حکوومەتی تورکیا کرد کە بەشێوەیەکی ھاوبەش کاربکات بۆ ئەو ئاگربەستەی کە پەکەکە لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٥دا ڕای گەیاندبوو، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی تورکیا داوای بەشداریکردنی لە ھەڵمەتێکدا کرد بەناوی شەمەندەفەری ئاشتی مووسا عەنتەر، کە شەمەندەفەرێکە دەستیپێکرد لە ٢٦ی ئاب لە برۆکسل، دوای وەستانی لە چەند شارێکی سەرتاسەری وڵات، لە ١ی ئەیلوولدا چووە ناو شاری ئامەد و لەوێ لەلایەن ٢٠ ھەزار کەسەوە پێشوازییان لێکرا. دەستپێشخەرییەکی دیکە لە تشرینی یەکەمی ١٩٩٦ لەلایەن پارتی ئازادی و ھاوپشتی چەپەوە دەستیپێکرد. ھەڵمەتێک بە ناوی یەک ملیۆن واژوو بۆ ئاشتی (بە تورکی: Baris için 1 mlyon imza) دەستیپێکرد و لە کۆتاییدا واژووکانی لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٧دا گەیشتە پەرلەمانی تورکیا.[١٢][١٣][١٤]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ https://web.archive.org/web/20190722193614/https://www.independent.co.uk/news/people/obituary-turgut-ozal-1456191.html
  2. ^ https://web.archive.org/web/20201205081614/https://www.refworld.org/docid/3ae6a8604.html
  3. ^ https://web.archive.org/web/20210308032906/https://archive.org/details/turkeyskurdstheo00azca
  4. ^ https://web.archive.org/web/20201205081654/https://www.nytimes.com/1993/04/18/obituaries/turgut-ozal-66-dies-in-ankara-pugnacious-president-of-turkey.html
  5. ^ https://web.archive.org/web/20201205120900/https://www.ft.com/content/ac49684c-a297-11e2-9b70-00144feabdc0
  6. ^ Gunes, Cengiz (11 Jan 2013). The Kurdish National Movement in Turkey: From Protest to Resistance (بە ئینگلیزی). Routledge. p. 134. ISBN:978-1-136-58798-6.
  7. ^ https://web.archive.org/web/20201123163451/https://www.theguardian.com/world/1999/aug/06/kurds
  8. ^ https://web.archive.org/web/20201205081758/https://www.arabnews.com/node/1441931
  9. ^ Entessar, Nader (2010). Kurdish Politics in the Middle East (بە ئینگلیزی). Rowman & Littlefield. p. 145. ISBN:978-0-7391-4039-0.
  10. ^ https://web.archive.org/web/20200706135116/https://www.files.ethz.ch/isn/152962/219-turkey-the-pkk-and-a-kurdish-settlement.pdf
  11. ^ https://web.archive.org/web/20210501005644/https://www.jstor.org/stable/40210079
  12. ^ Kirisci, Kemal; Winrow, Gareth M. (5 Nov 2013). The Kurdish Question and Turkey: An Example of a Trans-state Ethnic Conflict (بە ئینگلیزی). Routledge. p. 150. ISBN:978-1-135-21770-9.
  13. ^ https://web.archive.org/web/20201205081833/https://edm.parliament.uk/early-day-motion/16063/musa-anter-peace-train
  14. ^ https://web.archive.org/web/20201205111203/https://noktahaberyorum.com/baris-icin-bir-milyon-imza-mete-kaan-kaynar.html