دەروازە:ئوردن/وتاری ھەڵبژێردراو/٢

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پێترا یان بەترا شوێنەواری شارێکی مێژوویییە لە پارێزگای مەعان لە باشووری شانشینی ئوردونی ھاشیمی ھەڵکەوتووە. بەھۆی تەلارە داتاشراوەکانی لە شاخ و گاشەبەردەکانی لەگەڵ کەناڵە ئاوەڕۆیە دێرینەکانی ناوبانگی دەرکردووە. لەکۆندا پێیان دەگوت «پەمەیی» یان بە «شارە پەمەیییەکە» بانگیان دەکرد، کە ئەمەش بەھۆی ڕەنگی تاوێرەکانییەوە بوو.

شاری پێترا بەنزیکەیی ساڵی ٣١٢ی پێش زایین وەک پایتەختی نەبتیەکان دامەزرا. بۆ ماوەیەکی درێژ خاوەنی پێگە و بایەخێکی باڵا بوو، کە ئەمەش بەھۆی ھەڵکەوتەکەی بوو کە لەسەر ڕێگای ئاوریشم ھەڵکەوتبوو، و کەوتبووە نێوان شارستانییەتەکانی میزۆپۆتامیا، ئیسرائیل و میسر. شارەکە ڕۆڵێکی گرنگی لە کایەی بازرگانی شارستانییەتەکانی دەوروپشتی ھەبوو. شارەکە بە قەدباڵ و ڕووی کێوێکی لەتبوو ھەڵکەندراوە. لە کۆمەڵە کێوێکی تاوێری بەزیو، کە پێکھاتەکەی درێژەپێدەری ھەمان پێکھاتە بیابانییەکەی باکووری نیمچە دوورگەی عەرەبییە. بە دیاریکراوی دۆڵی عەرەبە، کە لە دەریای مردووەوە تاوەکو کەنداوی عەقەبە درێژ دەبێتەوە.

پاشماوەی شارەکە بۆ شوێنەوارناسان بەدرێژاییی ماوەی دەسەڵاتی عوسمانییەکان بە شاردراوەیی مابوویەوە، تاوەکو لە ساڵی ١٨١٢، خۆرھەڵاتناسێکی سویسری بەناوی یوھان لۆدفیگ بێرکھارت ھات و دۆزییەوە. لە ساڵی ١٩٨٥، شوێنەواری شارەکە خرایە سەر میراتی جیھانی لە ڕێزبەندی شوێنەوارە مێژوویییەکانی ڕێکخراوەی یونێسکۆ. ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٧، وەک یەکێک لە حەوت سەرسورھێنەرەکەی جیھان ھەڵبژێردرا.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا پێترا بووەتە یەکێک لە دروشمەکانی ئوردەن، و سەرنجڕاکێشترین شوێنە گەشتیارییەکانی ئوردەنە. ھەروەھا یەکێکە لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی سەرۆکەکانی وڵاتان. لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩، شارەکە ئاھەنگی یەک میلیۆن گەشتیاری بۆ یەکەم جار لە مێژوویدا گێڕا.

زیاتر...