دیالێکتیک
دیالێکتیک لە ئەسڵدا بە وتووێژی نێوان دوو یا چەند کەس دەوترێ کە دەرھەق بە مژارێک ڕوانگەی جیاوازیان ھەیە و، دەیانەوێ بە بەڵگەھێنانەوە و بەکارھێنانی ئەقڵ بگەن بە ڕاستییەکەی. دیالێکتیک وەکوو دیبەیت (قسەملانێ) وایە، بەڵام، بەبێ بەشە سوبژەکتیڤەکانی، وەک زمانچەوری و خوڵتە و ھانابردنەبەر ھەست. لە دیالێکتیکدا مەبەست ئەوە نییە کە لایەنەکانی وتووێژ ڕای یەکتر بگۆڕن، بەڵکوو دەیانەوێ پێکەوە ڕاستی دەر بخەن و شیاو و خاوێنتری بکەن.
وشەی دیالێکتیک لە فەلسەفەی یۆنانی کۆنەوە ھاتووە و لە درێژەی سەدەکانی ناوینیشدا بە کار براوە. ھێگڵ، فەیلەسووفی ئەڵمانیی سەدەی ھەژدەیەم و نۆزدەیەم، مانایەکی تازەی بەخشی بە وشەی دیالێکتیک و، لە دەقاودەق بە مانای وتووێژ بوون، دەری ھێنا. لە ھێگڵەوە بەم لا، دیالێکتیک بوو بە بەرەوپێشچوون لە ڕێگەی زاڵبوون بە سەر ناکۆکییە نێوخۆیییەکان.
فەلسەفەی کلاسیک
[دەستکاری]لە فەلسەفەی کلاسیکدا، دیالێکتیک (διαλεκτική) جۆرێ مڕومشتە لە ڕێگەی دیالۆگەوە. دیالۆگەکە لە نێوان دوو لایەنە، لایەنی یەکەم بیروڕایەکی ھەیە (تێز) و بەڵگەی بۆ دێنێتەوە، لایەنەکەی تر، بیروڕاکەی ڕێک پێچەوانەی لایەنی یەکەمە (دژەتێز) و پەرچی دەداتەوە. لە ئاکامدا، لەم دوو حاڵەتە، یەکیان ڕوو دەدات: یا یەکێ لە بیروڕاکان ڕەت دەبێتەوە و ئەوی تر دەسەپێنرێ، یا دوای قرتاندن و فڕێدانی ھەندێ لە بەشەکانیان و ھێشتنەوەی ئەوانی تر، لەگەڵ یەکا تێکەڵ دەکرێن (سەنتێز).
دیالێکتیک و ئەو ڕێز و بایەخەی ھەیەتی، منەتباری سوکرات و ئەفلاتوونە. ھەرچەند ئەرەستوو دەڵێ زینۆنی ئێلیایی دیالێکتیکی داھێناوە.
فەلسەفەی مۆدێرن
[دەستکاری]لە دەستپێکی سەدەی نۆزدەیەمدا، فریدریش ھێگڵ تێگەیشتەی دیالێکتیکی ھەڵتەقاندەوە. بەر لە ئەو، ئیمانوێل کانت پێی وا بوو گەیشتن بە ناتەبایی لە کۆتاییی دیالێکتیکدا نیشانەی سنووداربوون و بەرتەسکیی ئەقڵی پەتییە. بەڵام، ھێگڵ دەیوت دروستەکەی ئەوەیە سروشت و مێژوو بە پێوانەی دیالێکتیکی بپێورێن و دەبێ دیالێکتیک لە گوێن بنچینە و بنەڕەتی واقیع تەماشا بکرێ. ھێگڵ لە ژێر کاریگەریی یۆھان گۆتلیب فیشتە و تێگەیشتەی «سەنتێز»ەکەی ئەوا بوو.
لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا، کارڵ مارکس و فریدریش ئێنگڵس دیالێکتیکەکەی ھێگڵیان ھەڵگرت و لە ئیدیالیزم دایانڕووتاند و کردیان بە بەشی سەرەکیی ئەوەی لەوەدوا بە مارکسیزم و ماتریاڵیزمی دیالێکتیکی ناسرا.