مەبەستدارێتی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

مەبەستدارێتی[١] ئەو ھێزەیە کە زەین بە ھۆیەوە دەتوانێ لە بابەت (یا لەبارەی، یا لەمەڕ) شتێکەوە بێ، بە زمانێکی تر، توانستی زەینە بۆ لەخۆگرتن و نواندنەوەی شتەکان و دانستەکانیان و بارودۆخیان.[٢]

مەبەستدارێتی یەکێ لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی دیاردە زەینییەکانە کە لە دنیای دیاردە فیزیکییەکان جیایان دەکاتەوە. ھەر چی کە زەینییە، وەک بەدیکردن یا بڕواکردن یا ئارەزووکردن، لە بابەت شتێکەوەیە و ڕووی لە شتێ کردووە و لای لە شتێ کردۆتەوە و مەبەستدارە.[٣] ھەموو چالاکییەکانی سەر بە ناسیاری و ھەموو ئەزموونەکان «مەبەستدار»ن، یانی بەپێویست  لەبارەی شتێکی تایبەتەوەن: ئەگەر دەڕوانین، بۆ ئۆبژەیەک دەڕوانین، بۆ نموونە بۆ دارێ یا ڕووبارێ یا کێوێ؛ ئەگەر خەیاڵ دەکەین، ھێزی خەیاڵمان ئۆبژەیەکی خەیاڵیمان بۆ حازر دەکات، بۆ نموونە ئۆتۆمبیلێک دێنینە پێش چاو کە بە جاددەیەکدا تێدەپەڕێ؛ کاتێ خەریکی بیرھێنانەوەین، ئۆبژەیەک لە ڕابردووەوە بە یاد دەکەین. ئەگەر داوەری دەکەین، بابەتی داوەرییەکەمان ڕووداو یا واقیعێکە. بەکورتی، ھەموو دیاردە زەینییەکان لا لە ئۆبژەیەک دەکەنەوە و، بۆی دەگەڕێنەوە.[٤]

مەبەستدارێتی کاکڵەی دیاردەناسییە.[٤] مەبەستدارێتی پەیوەندیی نێوان وشیاری و جیھان دیاری دەکات و لەو ھەڵوێست و بۆچوونە ئایدیالیستییانە دوورمان دەخاتەوە کە دەسەڵاتێکی ڕەھا بۆ دروستکردنی واتا بە ھۆش دەدەن و بایەخ بە جیھانی دەرەکی نادەن.[٥]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ لە بەرامبەر intentionality دا؛ بەختیار سەجادی؛ فەرھەنگی زاراوەی ڕەخنەیی.
  2. ^ Jacob, Pierre (2023), Zalta, Edward N.; Nodelman, Uri (eds.), "Intentionality", The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Spring 2023 ed.), Metaphysics Research Lab, Stanford University, retrieved 2023-04-02
  3. ^ Pernu, Tuomas K. (2017). "The Five Marks of the Mental". Frontiers in Psychology. 8. ISSN 1664-1078.
  4. ^ ئ ا "«حیث التفاتی» چیستو چرا مهم است؟". پرتال جامع علوم انسانی (بە فارسی). Retrieved 2023-04-02.
  5. ^ کەمال, محەمەد (2019). فینۆمینۆلۆجی. ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەھەند. p. 42.