جەیمز جۆیس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
جەیمز جۆیس

لەدایکبوون١٨٨٢
مەرگ١٩٤١
شوێنی دۆزینەی تەرمگۆڕستانی فلۆنتێڕن
پیشەشاعیر و ڕۆماننووس
ھاوسەرنۆرا
مناڵ(ەکان)جۆرج - لووسیا
واژوو

جێیمز ئاگوستین ئالۆیسیوس جۆیس لە ڕێکەوتی ٢ی شوباتی ١٨٨٢ی زایینی لە دەوروبەری دوبلین، پێتەختی وڵاتی ئیرلەند چاوی بە ژیان و دنیا پشکوتووە. شانۆنامەنووس، چیرۆک نووس، ڕۆماننووس و شاعیری ئاوانگارد و پێشڕەوی ئیرلەندی.

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

جۆیس گەورەترین مناڵی دایک و باوکی بوو. ئەو خاوەنی ٩ برا و خوشکێک بوو کە بە "جۆیس"ەوە دەبوون بە ١٠ منداڵ. دوو خۆشکی چکۆلەی جێیمز ھەر لە ھەڕەتی منداڵی دا و بە ھۆی نەخۆشی کەوتوویی خواحافیزیان لە ژیان و جێیمز و و بنەماڵەکەی کرد. جۆیس دوای تێپەڕ کردنی قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و کۆتایی لە قوتاب خانەکانی دوبلین و لە ھەڕەتی مێرمنداڵی دا و لە ساڵی ١٨٩٨ بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا، لە زانستگای تازە بنیاتنراوی دوبلین ناونووسی کرد و لە کۆلێژی زمان و ئەدەبی سەر بە ئەم زانستگایە (U.C.D) خەریکی خوێندنی زمان و ئەدەبی ئینگلیسی و فەڕانسە و ئیتالیایی بوو. ئەو لە ساڵی ١٩٠٢دا خوێندنی ئەو زمانانەی لە زانستگای دوبلین تەواو کرد و ھەر لەو ساڵەدا چوو بۆ پاریس بۆ درێژەپێدان بە خوێندن لە بواری پزیشکی دا، بەڵام بە ھۆی ھەژاری و دەست کورتی لە لایەکەوە، ھەروەھا بە ھۆی لە ڕادەبەدەر دژوار بوونی دۆخی خوێندن لە زانستگای پاریس لەو سەردەمەدا، وازی لە خوێندنی پزیشکی ھێنا.

ژیانی ئەدەبی[دەستکاری]

جۆیس لە نووسراوەکانی دا سەرەتا لە ژێر کارێگەری ئیبسن (١٨٢٨-١٩٠٦)، یێیتس (١٨٦٥- ١٩٣٩) و دانتە (١٢٦٥ - ١٣٢١) دا بوو و ئەم کاریگەرییە تا ئەم ڕادەیە بوو کە بۆ وێنە لە تەمەنی حە‌‌‌ڤدە ساڵی دا بە کوێرەوەری و دژوارییەکی زۆرەوە فێری زمانی نۆروێژی بوو تاکوو تاقە تاسە و ئاوات و خەون و خولیای بێتە دی کە بریتی بوو لەوە کە شانۆنامەکانی ئیبسن بە زمانی سەرەکی بخوێنێتەوە و تام و چێژ و بەھرەی پێویستیان لێ وەرگرێ! بەڵام دواتر بە ھۆی خوێندنەوەی ڕۆمانێکی ئێدواردو دۆژواردین ئاگاداری تەکنیکی تەوژمی خۆئاگای زەین (stream of consciousness) بوو کە دواتر لە نووسراوەکان و رۆمانەکانی دا بەردەوام و زۆر بە لێشاو، ھاوڕێ دەگەل سەرکەوتوویی یەکی لە ڕادەبەدەر و بێ وێنەوە کەلکی شیاو و گونجاوی لەم تەکنیکە وەرگرت، تا ئەوجێ یەی کە جۆیس وەک ناودارترین، چالاک ترین و شوێن دانەرترین پەرەپێدەری ئەم تەکنیکە ناسراوە لە جیھانی ڕۆمان نووسی دا -(ویلیام فاکنێر) و (ویرجینیا وۆلف) لەم بوارەدا دەکەونە دوای "جۆیس"ەوە - تەنانەت ھەر بە بۆنەی ئەم لێھاتوویی و بلیمەتی و پسپۆڕییەی وا لەم بوارەدا لە خۆی نیشان داوە و ئەو جۆرەی قاوە، جۆیس وەک شوێن دانەرترین و ناودارترین نووسەری ئاوانگاردی مۆدێڕنیست ناودێر کراوە.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

جۆیس لە ساڵی ١٩٠٤دا کتێبچەیەکی بچووکی لە شێعرە تەنز و تەوس و پلارەکانی خۆی لە ژێر ناوی "نووسینگەی پیرۆز" (The Holy Office) بڵاو کردەوە، بەڵام لە ڕاستی دا یەکەمین کتێبی بڵاوکراوەی جۆیس کۆمەڵە شێعرێک بوو بە ناوی "موزیکی ژوور" (Chamber Music) کە ساڵی ١٩٠٧دا بڵاو بووەوە.

Dubliners, 1914

پاش ئەم کۆمەڵە شێعرە، کۆمەڵە چیرۆکی "دوبلینییەکان"ی (Dubliners) لە ساڵی ١٩١٤ بڵاو کردەوە کە لە لایەن نووسەران و شاعیرانی ناوداری ئەو سەردەمە وەک "ئیزرا پاوند" (١٨٨٥ - ١٩٧٢) تێرتێر پێی ھەڵگوترا و وەک خاوەن چێشکەیەکی ئافرێنەری ھونەری ناوازە و زۆر بەرزی مۆدێڕن ناسرا.

بە دوای ئەوەدا "وێنەیەکی ھونەرمەندەکە لە تافی لاویدا" (A Portrait of the Artist as a Young Man) کە یەکەمین ڕۆمانی "جۆیس"ە و بەسەرھاتی ستیفن دێدەلس تا تەمەنی بیست ساڵ لە خۆ دەگرێ لە ساڵی ١٩١٦ بڵاو بووەوە. دوایی، جۆیس شانۆنامەی "دەربەدەران"ی (Exiles) لە ساڵی ١٩١٨ بڵاو کردەوە. "یولیسس (یان: ئولیس) " (Ulysses) کە وەک باشترین و بەرزترین و شکۆدارترین ڕۆمانی سەدەی بیستەم ناسراوە، لە ساڵی ١٩٩٢ لە لایەن "جۆیس"ەوە لە پاریس بڵاو بۆوە. جۆیس پاش نووسین و بڵاو بوونەوەی "ئوولیس" بۆ ماوەی حەڤدە ساڵی ڕەبەق سەرقاڵی ئافراندنی ڕۆمانی "فینیگنس وەیک" (Finnegans Wake) بوو و لە ساڵی ١٩٣٩ بڵاو بۆوە. "فینیگنس وەیک" ڕۆمانێکی ئیجگار دژوار و پێچەڵ پڵووچە و زۆر ڕەمزاوی و سیمبولیکە و لە سەر بنەمای ئوستوورەیەکی ئیرلەندی بنیات نراوە و "گەمە زمانی یەکان" کە وەک شێواز و ستایلی سەرەکی جۆیس ناسراوە، لەم ڕۆمانەدا گەیشتووەتە تەشق و ترۆپکی خۆی. ھەرتک ڕۆمانی "ئوولیس" و "فینیگنس وەیک"، گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی مەزن و زۆر بەرچاویان بە سەر ڕووپەڕ و نێوئاخن، فۆڕم و نێوەڕۆک و ھەروەھا کاکڵ و توێکڵی ئەم ژانرە ئەدەبی مودێڕنە ھێنا تا ئەو جێیەی کە لە ئاکام دا وەک دوو ڕۆمانی ھەرە بەرز و لە ڕادەبەدەر شوێن دانەر و گرشەداری سەدەی بیستەم لە ئەژمار ھاتن. ئاسەوارەکانی جۆیس - بە تایبەت ئەم دوو ڕۆمانەی - جێگە و پێگەی ڕۆمانی مودێڕنیان گەیاندە ئاوا حاست و وارگەیەک کە تەنیا لە خەیاڵ و خەون دا چاوەڕوان دەکرا.

جۆیس جیا لە شانۆنامە و چیرۆک و ڕۆمانەکانی، شێعرەکانیشی ھەر بە زمانێکی گەلێک دژوار و ڕەمزاوی داڕشتوون و لێوڕێژن لە سیمبول و ھێما و خوازە و جوانکاری ئەدەبی بەرز و بێ وێنھ؛ ھەر بۆیە لە لایەن ڕەخنەگران و خاوەن ڕایان بە تێروتەسەلی شرۆڤە کراون و لە سەریان نووسراوە و وەبەر تیشکی ڕەخنە و نرخاندن و لێکۆڵینەوە و ھەڵسەنگاندنی زانستی و وێژەیی کەوتوون. ھەروەکوو پێش تر ئاماژەمان پێکرد ھەوەڵین کتێبی بڵاوکراوەی جۆیس کۆمەڵە شێعری "موزیکی ژوور" بوو، ھەروەکوو دواترین کتێبەکانی "جۆیس"یش دوو کۆمەڵە شێعرن لە ژێر ناوی:

  1. "تۆپەڵەی زێو، ھەر یەکەی بە پەنادێک" Pomes Penyeach) 1927)
  2. "کۆکراوەی چەند شێعر" (1936).

کۆچی دوایی[دەستکاری]

جۆیس لە ١٣ی ژانویەی ١٩١٤ لە زوریخی سوئیس ماڵئاوایی لە ژیان کرد و دوای نزیک بە دە ساڵ، واتە ساڵی ١٩٥١ خێزانی - نۆرا - کۆچی دوایی کرد و تاقە کوڕەکەشیان - جۆرج - لە ساڵی ١٩٧٦دا ئاوای دنیای ھەرمان بوو و بە پێی وەسێتی خۆیان ھەرتک، لە گۆڕستانی "فلۆنتێڕن"ی زوریخ لە تەنیشت "جۆیس" نێژران و ئەسپاردەی خاک کران.

جۆیس کچێکیشی ھەبوو بە ناوی "لووسیا".

نموونەی ھۆنراوەکانی جەیمز جۆیس[دەستکاری]

I hear an Army
دێته گوێم سمکۆڵ دەکات و وا بەرەو بەژ ئەو سوپایه غار دەداI hear an army charging upon the land
کۆڕژنی ئەسپان، ئەحیلێنن له ناو ئاودا دەگەڵ فیز و ئەدا:And the thunder of horses plunging, foam about their knees
سواری قیت و قۆز ئەبینم وا که ڕەش پۆشه و به قامچی لێ ئەدا,Arrogant, in black armor, behind them stand
بەردرا هەوسار و وێستاون له پشت ئەسپان که هەرگیز غار نەدا.Disdaining the reins, with fluttering whips, the charioteers
نیوەشەو کاتێ دروشمی شەڕ، لەپڕ هاوار دەکا فەوجی سوپا:They cry unto the night their battle- name
بۆ دەناڵێنم له خەو؟ دێ پێکەنین و هەلهەله و بانگ و سەدا.I moan in sleep when I hear afar their whirling laughter
هەر وەکوو کڵپه و بڵێسەی توندوتیژن، مۆتەکه زوو ڕاو دەنێن,They cleave the gloom of dreams, a blinding flame
دڵ وەکوو وابێ له سەر سندان، به توندی و بێ وچانیش لێ ئەدا.Clanging, clanging upon the heart as anvil
دێن و سەرکەوتووانه پرچی زۆر درێژی سەوزیان ئەشنێتەوه:They come shaking in trumph their long,green hair
وا له چۆم و بەحر و بەڕڕ و خیزەڵان هاوار دەکات و لینگ ئەدا.They come out of the sea and run shouting by the shore
ئەی دڵەی بێ ئۆقره بۆچی وا کز و داماوی ئەندێشێک بکه،?My heart, have you no wisdom thus to despair
گیانه! جێت هێشتم به تەنیا، خۆشەویستم! بوومه عەوداڵ و گەدا.?My live, my love, my love, why have you left me alone

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • The free English encyclopedia of Wikipedia
  • گۆڤاری مەھاباد - ژمارە ١٥١ - لاپەرەی ١٨ تا ٢٠ - ئەحمەد ئەحمەدیان