جۆرج بارکلی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
بارکلی نیشانی دا کە ھەبووی وشیار ناتوانێ ھیچ شتێ ئەزموون بکا، ناوەرۆکی وشیاریی خۆی نەبێ. ئاگاداری لە بوونی ھەر شتێکی تر مەحاڵە.

جۆرج بارکلی (بێرکلی -ش دەڵێن) (۱۶۸۵-۱۷۵۳) قەشە و فەیلەسووفێکی ئیرلەندی-ئینگلیزی بوو کە دەسکەوتە سەرەکییەکەی، پێشخستنی تیۆرییەک بوو کە خۆی بە ماددەناباوەڕی (immaterialism) ناوی دەبرد و، دواتر لە لایەن کەسانی ترەوە بە ئایدیالیزمی سوبژەکتیڤ (واتە ئایدیاباوەڕیی سەر بە سووژە، یا باوەڕمەندی بە ئایدیاگەلی سەر بە سووژە، نەوەک ئایدیاگەلی سەر بە جیھانی ئایدیاکانی ئەفلاتوون) ناسرا. ئەم تیۆرییە حاشا لە بوونی جەوھەرە ماددییەکان دەکا و، لە باتیی، بانگەشەی ئەوەیە کە ئۆبژە ئاشناکان، وەک مێز و کورسی، ئایدیاگەلێکی ھەستپێکراو و پێزانراو بە ھۆی زەینەوەن و، بەم بۆنەوە، ھەبوونیان بەبێ ھەستپێکران مەحاڵە. وتە بەناوبانگەکەی ئەمەیە: esse est percipi، یانی بوون پێزانرانە.

بارکلی ھەموو کارە فەلسەفییەکانی خۆی لە نێوان تەمەنی بیست تا سی ساڵیدا بڵاو کردەوە: وتارێک لەسەر تیۆرییەکی نوێ لەبارەی بینایییەوە لە ۱۷۰۹، نامیلکەیەک لەبارەی پرەنسیپەکانی ناسیاری لە مرۆڤدا لە ۱۷۱۰ و، سێ وتووێژ لە نێوان ھیلاس و فیلۆنووسدا لە ۱۷۱۳ بڵاو بوونەوە. ماوەیەک چوو بۆ ئەمریکا و پێش ئەوەی بێتەوە، کتێبخانەکەی و ماڵ و مەزراکەی لە ڕۆد ئایلەند بەخشی بە زانستگای یەیل. ئێستاش یەکێ لە کۆلیژەکانی ئەو زانستگایە و شاری بارکلی لە کالیفۆرنیا بە ناوی ئەوەوە ناو نراوە.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ مەگی, برایان. سەرگوروشتەی فەلسەفە.