جانگ-گیوم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

جانگ-گیوم (لە سەرەتای سەدەی ١٦ەم)یەکەم ژنە پزیشکی شاھانەیە لە مێژووی کۆریادا. جانگیوم ١٠ جار لە تۆماری مێژوویی کۆریا باسکراوە. بەپێی تۆمارەکان ئەوە زانراوە کە پاشا جونگجۆنگ ئاسوودە بووە بە زانیارییە پزیشکییەکانی جانگیووم و متمانەی پێکردووە لە چارەسەرکردنی خێزانی شاھانە. بەمەشەوە جانگیوم سێیەم بەرزترین ئەفسەری حکوومەت بووە لە دادگای شاھانە، و ناونیشانی «دای» (بە کۆری:대) پێ بەخشراوە «대 장금 - دای جانگ-گیوم» کە مانای مەزن دێت.

لە تۆماری مێژوویی جۆسۆن[دەستکاری]

لە کتێبی تۆماری مێژوویی جۆسۆن باسی "جانگ-گیوم 長今) ھەنێکجار بەیەکەوە لەگەڵ "دکتۆری کچ - 醫女-ئونیۆ" ھاتووە و دە جار باسکراوە:

  1. لە ٤ی نیسانی ١٥١٥: ھەنێک لە ئەفسەرەکان داواکاریان بەرز کردەوە بۆ پاشا جونگجۆنگ بۆ ئەوەی ھەموو ئەو ئونیۆیانە بە سەختی سزابدات کە لە ڕۆژی مردنی شاژن جانگیۆنگ ئامادە بوون لەناویان، جانگ-گیوم[١] (دووەم ھاوسەری پاشا) کە لە نیوەشەوی ١٦ی شازار بەھۆی مناڵ بوونەوە مردووە و ئەو مناڵەشی لەدایکبووە پاشای داھاتووە (پاشا ئینجۆنگە ١٠ی ئازار)[٢] ئەمەش یەکەم تۆمار بوو کە ناوی جانگ-گیوم بە ڕوونی ھاتبێت لە کتێبی مێژوویی جۆسۆن
  2. ٥ی نیسانی ١٥١٥: لە وەڵامی ئەو داواکارییەی بەرز کرابۆوە بۆ پاشا، پاشا جونگجۆنگ داواکارییەکەی ڕەت کردەوە: و لەوەڵامدا ئەوەی خستەڕوو کە جانگ-گیوم شایەنی خەڵاتێکی گەورەیە بەھۆی لەدایکبوونی مناڵە تازە لەدایکبووەکە بە سەلامەتی بەڵام من ھیچ خەڵاتێکم پێشکەش نەکردووە تا ئێستا، لەبەر ھەنێک کاری تری وڵات، ئێستا ئێوە (ئەفسەرانی دادگا) پێم دەلێن کەوا ئەشکەنجەی بدەم لەبەر ئەوەی شاژن مردووە، بەڵام من نە سزای دەدەم و نە خەلاتیشی دەکەم".[٣]
  3. ٢٤ی ئەیلوولی ١٥٢٢: تۆمارکراوە کە پاشا جونگجۆنگ ستافی پزیشکی خەڵات بکات لە کارەکانیان دوای ئەوەی شاژنی دایک (شاژن جیۆنگھیۆن) چاکبووەتەوە[٤] لە نەخۆشییەکەی. لەناویاندا جانگ-گیوم (و ھەروەھا ھاوڕێ کچە پزیشکەکانی تریشی) کە ١٠ فەردە برنج و ١٠ فەردە فاسۆڵیا خەڵاتەکەیان بوو.
  4. ٨ی کانوونی دووەمی ١٥٢٥: پاشا جونگجۆنگ لەدوای نەخۆشییەک، ئەوەی خستەڕوو کەوا دای جانگ-گیوم (大長今) لەھەموو دکتۆریکی تری ئونیۆ باشترە، دەرئەنجامیش، جانگ-گیوم ڕێگەی پێدەدرێت کە چاودێری تەندروستی پاشا بکات".[٥] ئەمە بۆ یەکەمجار تۆمارکراوە لەدوای ئەوەی جانگ-گیوم ناونیشانی "دای- 大: مەزن)ی لەپێش ناوی دەردەکەوێت لە تۆمارەکە.
  5. ٦ی ئازاری ١٥٣٣: پاشا جونگجۆنگ لەبارەی تەندروستی خۆی ئەوەی خستەڕوو "من لە نەخۆشی چەندین مانگەم چاکبوومەتەوە. پزیشکە شاھانەیییەکان شایەنی ستایش و خەڵاتن. (...) لەناویاندا ئونیۆ دای جانگ-گیوم و کی-گیوم ھەر یەکەیان ١٥ فەردە برنج، ١٥ فەردە فاسۆڵیا، ١٠١٠ تۆپ لە جلوبەرگ وەردەگرن".[٦]
  6. ٢١ی شوباتی ١٥٤٤: جونگجۆنگ فەرمانێکی خستەڕوو: " لەوکاتەوەی سەرمام بووە و ماوەیەکی زۆرە نەمتوانیوە ئەرکەکانم ڕاپەڕێنم. چەن ڕۆژێک پێش ئێستا، چوومە سیمینارێکی ئەکادیمی (بۆ گفتوگۆکردن لەسەر فەلسەفە)، بەڵام کەشوھەوای سارد حاڵەتەکەمی خراپتر کرد. من بە دکتۆرە شاھانەکانم سێ-گیۆ و ھۆنگ چیم، ھەروەھا ئونیۆ دای جانگ-گیوم، ئیون-بی گوتبوو کەوا گفتوگۆ لەسەر چارەسەری پزیشکی بکەن لەگەڵ ئەفسەری پەیوەندیداری پزیشکان". (...)"[٧]
  7. ٢ی ئازاری ١٥٤٤: لەدوای فەرمانەکەی سەرەوە کە لە مانگی شوبات باسکرابوو، پاشا جونگجۆنگ لە نەخۆشی سەرمابوون چاکبوویەوە، و تۆمارکراوە کە خەڵاتی پزیشکە شاھانەکان و ستافە پەیوەندیدارەکانی کردووە.[٨] پزیشک دای جانگ-گیوم پێنج فەردە برنج و فاسۆلیا خەڵات کراوە. ئەمەش دوایین جارە کە ناونیشانی «دای - مەزن» بە ناوی جانگ-گیوم لکێنرا بێت.
  8. ٩ی تشرینی دووەمی ١٥٤٤: تۆمارەکە باس لە گفتووگۆیییەک دەکات لە نێوان وەزیرە پلە بەرزەکانی دادگا و پزیشک جانگ-گیوم، لەبارەی تەندروستی پاشا جونگجۆنگ. کە لەوێدا بەھەمان شێوە پزیشکان پارک سێ-گیۆ و ھۆنگ-چیم ئامادەن و چاودێری تەندروستی پاشا و لێدانی دڵی دەکەن و چارەسەری پزیشکی بۆ دەنووسن. جانگ-گیوم لەوێ باس لەوە دەکات «خاوەن شکۆ دوێنێ لەنێوانی نیوە شەو خەوتووە، و ھەروەھا بۆ ماوەیەکی کورتیش لە بەرەبەیان خەوی لێکەوتووە؛ و ئێستا توانییەتی میز بکات، بەڵام بۆ ماوەی سێ ڕۆژە قەبزی ھەیە.»[٩]
  9. ١٠ی تشرینی دووەمی ١٥٤٤: پاشا جونگجۆنگ لەبارەی تەندروستی خۆیەوە بۆ ئەوانەی بە نووسین لە ھەواڵیان پرسی بوو وتی «من ھێشتا قەبزیم ھەیە. چ جۆری چارەسەرەکە ھێشتا لەژێر گفتوگۆکردنە. پزیشکە ژنەکان دەربارەی تەواوی تەندرووستی من دەزانن،» - ئەم لێدوانە ئاماژەیە بۆ ڕۆژی ڕابردوو ٩ی تشرینی دووەم.[١٠]
  10. ١٣ی تشرینی دووەمی ١٥٤٤: تۆمارەکە باس لەوە دەکات پاشا جونگجۆنگ چاکبووەتەوە لە نەخۆشییەکەی، و بەو وەزیرانەی ڕاگەیاندووە کە ھاتوون سەردانی بکەن و لەھەواڵی بپرسن. دواتر پاشا ڕۆژی پشووی بۆ ھەموو ئەفسەرە پزیشکەکان دەرکردووە. پاشا جونگجۆنگ بە دیاریکراوی باس لەوە دەکات کە جانگ-گیوم لە بەیانیدا ھاتووە سەردانی کردووە، و پاشا بە پزیشک جانگ-گیومی وتووە لە قەبزییەکەی چاکبووەتەوە ئێستا ھەست بە ئاسوودەیی زیاتر دەکات.[١١] ئەمە دوایین تۆمارە کە ناوی جانگ-گیومی تێدا ھاتبێت، پاشا کۆچی دوایی دەکات لەدوای ١٦ ڕۆژ دواتر لە ٢٩ی تشرینی دووەم.[١٢]

لە تۆمارەکانی تر[دەستکاری]

جانگ-گیوم ھەروەھا لە تۆماری تریش ناوی ھاتووە لە کتێبێک بەناوی «بڵاونامەی پزیشکانی خێزانی یی» لە خوارەوە باس لە شوێن و دەستەکەوتەکانی جانگ-گیوم دەکات:

"خاتوونی پزیشک جانگ-گیوم، کە ڕەچەڵەکی نەزانراوە، مافی ئەوەی پێدراوە کە پێی بگوترێت "جانگ-گیومی مەزن- دای جانگ-گیوم" لەژێر بڕیارێک کە لەلایەن ١١مین پاشای کۆریا جونگجۆنەوە دەرکراوە، لە ١٨مین ساڵی فەرمانڕەوایییەتی خۆی. لەو کاتەدا ھیچ پزیشکێکی ژن نەبووە کە چارەسەری پاشا بکات، بەڵام پاشا متمانەی بە ڕێگا چارەسەرییەکانی جانگ-گیوم کردووە بۆ نەخۆشییەکانی لەڕێگەی خواردن. جانگ-گیوم کە ناونیشانی "دای- مەزن" ی پێ بەخشراوە، بە دڵنیایەوە خاتوونێکی قارەمانە کە لە کتێبی مێژوویدا ناوی تۆمار دەکرێت.."

لە کلتورە بەناوبانگەکان[دەستکاری]

  • لە درامایەک بۆ ساڵی ٢٠٠٣–٢٠٠٤ جانگ-گیوم لە کەناڵی ئێم بی سی لەلایەن خانمەکتەر لی یۆنگ-ئای ڕۆلی دەگێردرێت و لە زنجیرە تەلەڤیزیۆنێک بەناوی گەوھەری کۆشک پەخشدەکرێت.
  • لە ٢٠١٣ لەلایەن کیم می-کیونگ ڕۆلی بۆ دەگێردرێت و لە کەناڵی کەی بی سی دوو لە زنجیرە تەلەڤیزیۆنی ھەڵاتووەکەی جۆسۆن پەخشدەکرێت.
  • لە ٢٠١٦ لە کەنألی ئێم بی سی لە زنجیرە تەلەڤیزیۆنی گوڵەکانی زیندان.

سەرچاوەکان[دەستکاری]


بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]