بۆ ناوەڕۆک بازبدە

بەرزەجێبوون

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

وشەکانی بەرزەجێبوون (ترانسێندێنس، transcendence) و، بەرزەجێ (ترانسێندێنت، transcendent) و، بەرزەجێیانە (ترانسێندێنتاڵ، transcendental) زیاتر لە فەلسەفە، بەتایبەت لە فەلسەفەی دین و مەعریفەتناسیدا، بە کار دەچن و، مانای جیاواز و لە ھەمان کاتدا پەیوەندیدار و پێکەوەبەستراویان ھەیە. بەستراویی ماناکان بە یەکتر، دەگەڕێتەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی وشەی ترانسێند، کە دەچێتەوە سەر وشەی لاتینیی trascendere بە مانای بەرزەوەبوون یا ھەڵزنین بۆ ئەودیو یا ھەڵچوون و لە بانترەوە بوون. تێگەیشتەی نێونشینی بە جووتی تێگەیشتەی بەرزەجێبوون یا بەرزنشینی دادەنرێ و، ئەم جووتە، پێکەوە، لە لایەن زۆر فەیلەسووفەوە بە کار ھاتوون و، ماناکەشیان بە پێی چوارچێوەی فیکریی فەیلەسووفەکە کەم تا زۆر دەگۆڕێ.

ئیمانوێل کانت فەلسەفە ڕەخنەیییەکەی خۆی، کە تەقالای ئەوە بوو چۆنێتیی ڕێتێچوونی ئەزموون ڕوون بکاتەوە، بە بەرزەجێیانە یا ترانسێندێنتاڵ دەزانی. مەبەستیشی لە بەرزەجێیانە ئەوەیە کە فەلسەفەکەی پەیوەندیی ھەیە بە ھەرچییەکەوە کە خۆی لە دەرەوەی ئەزموونە (ئەزموون ناکرێ) بەڵام ئیمکانی مەعریفەت بۆ مرۆڤ دەڕەخسێنێ. دوای کانت، ھووسرڵ -یش ئەم تێگەیشتە کانتییەی لە دیاردەناسییەکەی خۆیا بە کار ھێنا.

خوای بەرزنشین بەرامبەر بە خوای نێونشین[دەستکاری]

بەرزنشینی (یا بەرزەجێبوون) و نێونشینی جووتێ تێگەیشتەن بۆ گێڕانەوە و وەسفی پەیوەندیی خوا لەگەڵ جیھاندا. باوەڕ بە بەرزنشینی یا بەرزەجێبوون باوەڕ بەوەیە کە خوا بەتەواوی لە دەرەوەی جیھانەوەیە. لە بەرامبەردا، باوەڕ بە نێونشینی باوەڕ بەوەیە کە خوا خۆی لە جیھانا دەرخستووە. بەرزنشینی لە فەلسەفەی ڕۆژاواییدا، لە بۆچوونەکەی ئەرەستووەوە سەرچاوە دەگرێ کە خوای بە یەکەم جووڵێنەر دەزانی و، پێی وا بوو خوا خۆئاگایییەکی ناماددییە لە دەرەوەی جیھان. لە لایەکی ترەوە، نێونشینی، بۆ نموونە، بەشێکی نەشیاوی جیاکردنەوەی فەلسەفەی سپینۆزایە.

ھەرچەند بەرزنشینی و نێونشینی لە زاراوە فەلسەفییەکانی ئەفلاتوون نین، بەڵام، ئیدیا ئەفلاتوونییەکان ئۆبژەگەلێکی ئاسمانیی بەرزەوەبوو و «لەوپەڕی جیھانی ئێمەوە ھەڵکەوتوو»ن. لای ئەفلاتون، ئیدیاکانی جوانی و چاکە تەواو و ڕەھان، بەڵام لە جیھانی دیاردەکانا خۆیان لە شێوەیەکی کەموکووڕ و ناتەواودا دەردەخەن.[١]

کانت[دەستکاری]

کانت لە تیۆرییەکەیدا کە لە بابەت مەعریفەوە داڕشتبوو، مانایەکی نوێی دا بە وشەی ترانسێندێنتاڵ (یا بەرزەجێیانە). ھەرچییەک کە بە تەنگ مەرجەکانی لواویی مەعریفەوە بێ، بۆ کانت بە ترانسێندێنتاڵ یا بەرزەجێیانە دەژمێردرا: ھەر شتێ کە پەیوەندیی بێ بە شەرتە پێشینی و پێویستەکانی مەعریفەوە.

ھەروەھا، کانت لە نێوان ترانسێندێنت و ترانسێندێنتاڵدا جیاوازیی دادەنا. ترانسێندێنت یا بەرزەجێ ئەوەیە لەوپەڕی ھێزی مەعریفەی مرۆڤەوە دەوەستێ و، ناسیاری دەستی پێ ناگات.[١][٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا "Transcendence (philosophy) - New World Encyclopedia". www.newworldencyclopedia.org. Retrieved 2024-06-04.
  2. ^ Mautner, Thomas. The penguin dictionary of Philisophy. p. 622.