ئاسیە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئاسیەی کچی موزاحیم ھاوسەری فیرعەونی میسر بوو وە بەخێوکەری پێغەمبەر مووسا بوو بەپێی گێڕانەوە ئیسلامییەکان. لە لای موسڵمانان بە یەکێک لە چوار گەورەترین ژن دادەنرێت وە بەپێی سەحیحی بوخاری پێغەمبەر محەممەد بە یەکێک لە دوو گەورەترین ژن ھاوشان لەگەڵ مریەمی کچی عومراندا دایناوە. باوەڕ وایە ئاسیە باوەڕی بە یەکتاپەرستی ھێنابێ بەبێ ئاگاداری ھاوسەرەکەی و بەنھێنی پەرستشی خودای تاقانەی کردبێ. دوای ئاشکراکردنی باوەڕەکەی لەلایەن فیرعەونی ھاوسەرییەوە کوژرا.

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

موسڵمانان باوەڕیان وایە ئاسیە لە خێزانێکی دەوڵەمەند بووە و ژنێکی جوان و بەخشندە بووە. پێچەوانەی ھاوسەرەکەی ئاسیە کەسێکی لێبووردە بووە و باوەڕی ھێنا بەو ئایینەی مووسا و ھاروونی برای بانگەشەیان بۆ دەکرد. ئەگەرچی ئاسیە لە خێزانێکی دەوڵەمەند بوو بەڵام لەخۆبایی نەبوو وە پێی وابوو سامانی دوونیا ھیچ نییە بەراورد بە ئەو دوونیا وە ھەر بۆ ئەمەش خودا پلەی بەرزکردەوە لەناو ژنانی دیکە.

ھەڵگرتنەوەی مووسا[دەستکاری]

ئاسیە، کە بە قژێکی ڕەشی درێژەوە لە ناوەڕاست پیشان دراوە، لەگەڵ خزمەتکارەکانی لە خۆشۆردن تەواوبوونە لەکاتێکدا مووسا دەدۆزنەوە لە ڕووباری نیلدا.

بەپێی گێڕانەوەکان فاڵگرێک بە فیرعەونی گووتبوو کە منداڵێک لە نەوەی ئیسرائیل لەدایک دەبێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی دێنێت ھەر بۆیەش فیرعەون فەرمانی کرد لە ھەردوو ساڵدا ساڵێک ھەر منداڵێکی نێرە لەدایک بێت بکوژرێت. مووسا لە یەکێک لە ئەو ساڵانە لەدایکبوو کە تێیدا منداڵ دەکوژران ھەربۆیە دایکی خستییە سەبەتەیەک و خستییە ڕووباری نیلەوە. دواتر سەبەتەکە گەشتە ماڵی فیرعەون و ئاسیەش فیرعەونی ڕازی کرد کە منداڵەکە نەکووژن و وەک منداڵی خۆیان گەورەی بکەن. ڕووداوەکە لە قوورئاندا بەم شێوەیە باسکراوە:

(کاتێک فیرعەون مووسای ساوای بینی فەرمانی کووشتنی دەرکرد) ئاسیە نەیھێشت و گووتی: ھیوادارم ببێتە مایەی خۆشحاڵی و چاوروونی بۆ منیش و بۆ تۆش، مەیکوژن، بەڵکو لەئایندەدا سوودمان پێ بگەیەنێت، یان دەیکەینە کوڕی خۆمان، لەکاتێکدا ئەوان ھەر پێی نازانن و ھەستی پێ ناکەن (کە مووسا ھۆکاری لەناوچوونی فیرعەونە

— (سوورەتی القصص، ئایەتی ٩)

ئاسیە دواتر دایکی مووسای بەکرێ گرت بۆ ئەوەی شیر بدات بە مووسا بێ ئاگا لەوەی کە ئەو دایکی ڕاستییەتی.

مردن[دەستکاری]

ڕۆژێک کچێکی فیرعەون (لە ژنێکی دیکە) گوێی لە خزمەتکارێکی بوو گووتی «بەناوی خودا» وە باوکی ئاگادار کردەوە کە سزاکەی لای باوکی مەرگ بوو. فیرعەون فەرمانی دا بە سووتاندنی خزمەتکارەکە و منداڵەکانی. کاتێک ھەموویان سوتێنران و تەنھا خۆی و منداڵە ساواکەی ماوەیەوە. لەم کاتەدا خزمەتکارەکە تووشی دوودڵی بوو بەرامبەر باوەڕەکەی بەڵام خودا منداڵە ساواکەی ھێنایە قسە و بە دایکی گووت نەکەی وازبێنیت وە بیری دایکی ھێنایەوە کە سزای ئەو دوونیا بەرامبەر سزای ئەم دوونیا ھیچ نییە ئەگەر ئاین و باوەڕەکەیان بکەنە قووربانی. ھەر لەم کاتەدا ئاسیەش بڕیاری دا باوەڕەکەی بەرامبەر فیرعەون ئاشکرا بکات. فیرعەون ئاسیەی بردە دەشتایییەک، برسی کرد و سزای دا، جلەکانی لەبەر داکەند. کچەکانی فیرعەون و خزمەتکارەکان بە ئاسیە پێ دەکەنین. فیرعەون ھەوڵی زۆری دا بە سووکایەتی پێکردن ئاسیە پەشیمان بکاتەوە بەڵام بێسوود بوو بەرامبەر ئەو باوەڕە بەھێزەی بە خودا ھەیبوو. لەکاتێکدا لەژێر ئەشکەنجەی ھاوسەرەکەی بوو ئاسیە داوایەکی لە خودا کرد ھەر وەک لە قوورئاندا باسکراوە:

پەروەردگارا لەلای خۆت لە بەھەشتدا ماڵێکم بۆ دروست بکە (تا بەردەوام بەدیدارت شاد ببم) و لە دەست فیرعەون و کاروکردەوەی ڕزگارم بکە و لەدەست ئەم قەومە ستەمکارەش دەربازم بکە.

— (سورەتی التحریم، ئایەتی ١١)

لەم کاتەدا فیرعەون بڕیاری دا کۆتایی بە ژیانی ئاسیە بھێنێت بە فڕێدانی بەردێکی گەورە بەسەر لەشیدا بەڵام پێش ئەوەی بەردەکە بەسەریدا بێت خودا ڕۆحی ئاسیەی کێشا. بەپێی حەدیسی پێغەمبەر محەممەد ئاسیە یەکێک لە یەکەمین ئەو کەسانە دەبێت کە دەچنە بەھەشتەوە بەھۆی ھەڵبژاردنی یەکتاپەرستی بەسەر باوەڕی فیرعەوندا. بەپێی سەحیحی بوخاری پێغەمبەر محەممەد فەرموویەتی:[١][٢]

"زۆر پیاو گەشتنە پلەی بێخەوشی بەڵام دوو ژن گەشتنە ئەو پلەیە کە مریەمی کچی عومران و ئاسیەی ھاوسەری فیرعەون بوون."

— سەحیحی بوخاری، حەدیسی ٧٫٣٢٩

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "The Wife of Pharaoh". Why Islam?.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ "The Story of Lady Asiya, the Wife of Pharaoh". About Islam.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)