کەبیر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کەبیر
تابلۆیەک کە کەبیر و موریدێک پیشان دەدا و لە سەدەی ١٩دا کێشراوە.
لەدایکبوونکەبیر
شاری بەنارەس، ھیند
مردن١٥١٨
شاری ماگھەر، ھیند
شوێنی گۆڕشاری ماگھەر، ھیند
زمانھیندی
کارە دیارەکانچریکەکانی کەبیر، بیجەک

کەبیر (بە ھیندی: कबीर، بە پەنجابی: ਕਬੀਰ، بە ئوردوو: کبیر‎) (١٤٤٠–١٥١٨[١]) شاعیر و خواناسی ناسراوی خەڵکی ھیندستان بوو. لە دەوروبەری ساڵی ١٤٤٠دا لە شاری بەنارەس لە دایک بووە. باوک و دایکی کەبیر موسڵمان بوون و ناوی کەبیریان (کە یەکێک لە ناوەکانی خودای موسوڵمانانە) لە سەر منداڵەکەیان ناوە. کەبیر لە لای ڕاماناندای ھێندوو شاگردی کردووە و زانینی زۆری ئەو کاریگەری زۆری لە سەر کەبیر کردووە. ھەروەھا ھۆنراوەنووسانی فارسی وەکوو مەولانای ڕۆمی تا ڕادەیەک لە سەر بیروڕا و ھۆنراوەی کەبیر کاریگەر بوون. کەبیر شاعیرێکی شەفاھی بووەو زۆربەی ھۆنراوەکانی سینە بە سینە لە ناو خەڵکدا ھاتوە یان موریدەکانی نووسیویانەتەوە. ناوەرۆکی شیعرەکانی بە زۆری عیرفانین و زۆر ڕەخنەی لە دوژمنایەتیی ئایینی گرتووە. ھەروەھا ڕەخنەی لە ڕەواڵەت پەرستی، ڕیا و ھەندێک لە دابونەریتەکانی کۆمەڵگای ھیندی گرتوە. لە سەر بزووتنەوەی بھەکتی و ئایینی سیکیزم کاریگەریی بووە و لە ھیند و وڵاتانی دەور و بەریدا شوێنکەوتوانێکی زۆری ھەیە. شوێنکەوتوانی کەبیر ڕێبازی کەبیریان داناوە کە لە ئێستەدا نزیکی ١٠ میلیۆن شوێنکەوتووی لە باکوور و ناوەڕاستی ھینددا ھەیە.[١] لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ڕابیندرانات تاگۆر خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ لە کتێبی چریکەکانی کەبیردا سەد شیعری کەبیری بە ھاوکاریی ئێڤلین ئاندەرھیڵ وەرگێڕایە سەر ئینگلیزی و ئەم شاعیرەی زیاتر بە دنیا ناساند.

لە دایکبوون[دەستکاری]

لە ساڵی ١٤٤٠ لە دایک بووە. ئەگەرچی بڕێک کەس لە دایکبوونی ئەویان بە ١٣٩٨ تۆمار کردوە.[٢] سەبارەت بە ژیانی کەبیر قسە و ئەفسانە و چیرۆکی زۆر ھەیە، ئەم جیاوازییانە لە کات و شوێنی لە دایک بوون و کەسایەتیی دایک و باوکیەوە دەست پێ دەکا.[٣] چونکە ھیندووان و موسڵمانان ھەردوو تا ڕادەیەک کەبیر لە خۆیان دەزانن و ھەرکام ھەوڵیان داوە کە زۆرتر بە لای خۆیاندا ڕای بکێشن. بۆ نموونە لە ئەفسانەیەکدا ھەندێک گوتوویانە کە دایکی کە برەھمەنێک بووە بە کچێنی ماوەتەوە و شووی نەکردوە و لە دوای زیارەت کردنی زیارەتگەیەکی پیرۆزی ھیندووەکان بە جۆرێکی خودایی زکپڕ بووە و دواتر کەبیری بووە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە مێردی نەبووە کوڕەکەی داوە بە پیاو و ژنێکی جۆڵای ھەژاری موسڵمان.[٣] یان گوتراوە کە دایکی بێوەژن بووە و لە ترسی بەدناوی سپاردوویەتی بە پیاو و ژنێکی موسڵمان. بەڵام ئەوەی کە تا ڕادەیەکی زۆر ڕێک کەوتن لە سەری ھەیە و کەمتر لە ئەفسانە دەچێ ئەوەیە کە باوک و دایکی کەبیر موسڵمان بوون و ناوی کەبیریان لە سەر ناوە.[٤] جگە لەمە لە سەر شوێنی لە دایکبوونی ئەو ڕێک کەوتنە ھەیە کە لە شاری بەنارەس یان لە دەوری ئەوێدا لە دایک بووە.

تابلۆیەک کە شاری بەنارەس شوێنی لە دایکبوونی کەبیر پیشان دەدا و لە سەدەی ١٩دا کێشراوە.

ژیان[دەستکاری]

کەبیرھەر لە تەمەنی مناڵیەوە چوەتە لای ڕاماناندای ھیندوو و بووە بە شاگردی و بیر و ڕای ئەو لە سەری زۆر کاریگەر بوە و لە شێعرەکانیدا زۆر باس لەم پەیوەندیە شاگرد و ئوستادییە دەکات. ھەرچەند موسڵمانەکان دەڵێن کەبیر لە دوای ڕاماناندا کەوتوەتە ژێر چاودێریی سۆفیەکی موسڵمان بە ناوی پیر تاکیی جانسی کە خەڵکی شاری جانسیی ھیند بوە، بەڵام کەبیر لە شێعرەکانیدا باسی کەسێکی وەھای نەکردوە.[٥] ھەروەھا کەبیر بە پێچەوانەی مورتازە برەھمەنەکان بنەماڵە و ژن و مناڵی بوە و ژیانی دنیایی تەرک نەکردوە. ئەو وەکوو باوکی بە پیشەی جۆڵایی ژیانی بردوەتە سەر و وا دیارە خوێندەوارییەکی زۆری نەبوە. وا دیارە کەبیرە لەبەر ئەو بیر و ڕا جیاوازانەی کە بوویەتی لە بەنارسدا کە بنکەی برەھمەنەکان بووە کەوتە بەر ڕەخنە و ئازار و لە ساڵی ١٤٩٥دا لە بەنارس دەرکراوە، کە لە ئەو کاتەدا دەور و بەری شەست ساڵ لە ژیانی تێپەڕ بووبوو. لە دوای ئەم ڕووداوە کەبیر ڕوو لە باکووری ھیندستان دەکا و لەگەڵ کۆمەڵێک لە موریدان و بنەماڵەکەیدا ژیانی لەوێ دەباتە سەر.[٤][٥]

کەبیر لە ساڵی ١٥١٨دا کۆچی دوایی کردوە و لە شاری ماگھەر، لە ھینددا بە خاک سپێراوە. ئەفسانەیەک لە سەر مردنی ھەیە کە دەڵێت لە دوای مردنی کەبیر لە نێوان موریدەکانیدا ناکۆکی ساز بوو کە تەرمەکەی کەبیر چی پێبکەن. موسڵمانان دەیانویست بیشۆرن و بە شێوازی موسڵمانی بینێژن و ھیندووەکانیش دەیانویست تەرمەکەی بسووتێنن و خۆڵەمێشەکەی ھەڵگرن. بەم جۆرە نزیک بوو شەڕ لە بەینیاندا ساز ببێت تا کەبیر خۆی پێ نیشان دان و گوتی کە سەیری تابووتەکەی بکەن. ھەروەھا پێی وتن کە لە نێو تابووتەکەدا باوەشێک گوڵی بۆن خۆش لە جێی تەرمەکەدا ھەیە. ئەشێ ھیندوەکان نیوەی ئەو گوڵانە ھەڵگرن و بیبەنەوە بۆ شاری بەنارس و لەوێ بیسووتێنن و موسڵمانەکانیش ئەو نیوەکەی لە شاری ماگھەردا بنێژن. بەم جۆرە شەڕی نێوان موریدەکانیش دوایی پێھات.[٥]

ھۆنراوەکان و فەلسەفەکەی[دەستکاری]

ڕابیندرانات تاگۆر شاعیری بەناوبانگی ھیندی کە سەد شێعری کەبیری بە ناوی چریکەکانی کەبیر وەرگێرایە سەر ئینگلیزی و ناوبانگی ئەوی زیاتر بەرز کردەوە

زۆربەی ھۆنراوەکانی کەبیر لە بارەی خواناسیەوەیە و لە ھۆنراوەکانیدا فەلسەفە و زانستی ئیسلامی و ھیندۆیزمی تێک ھەڵکێشاوە. ئەگەرچی لە بڕێک لە شێعرەکانیدا ڕەخنە لە ھەردوو لا دەگرێ و ھەردوو لایەنەکە بۆ ناسینی باشتری مرۆڤ و خودا و دەست بەردان لە ڕیا بانگ دەکا.[٦] بۆ نموونە ئەم ڕەخنە گرتنەی کەبیر لە ڕەواڵەت بینی و دوژمنایەتیی ئایینی لەم شێعرەدا بە دی دەکرێ:

ئەی بەندە!
تۆ لە کوێ بە دوای مندا دەگەڕێی؟
چاو کەرەوە!
 من لە ناو تۆدا شاراوەم
من نە لە مزگەوتام، نە لە مەعبەدام
نە لە «کایلاشم»، نە لە کەعبەدام
نە لە دابی ئەمدا نە لە دەستووری ئەودا
نە ڕیازەت و نە لە خەڵوەت
تۆ ئەگەر باش بگەڕێی
زوو من دێمە ناوچاوانت
من لە چرکەیەکدا بە دی دەکەی
کەبیر دەڵێت:
«خودا ھەناسەیە لە ناو ھەموو ھەناسەدا»[٥]

یان لە جێگەیەکدا لە سەر ئایینی خۆ شوتنی ھیندووەکان لە کانی و ڕووبارە پیرۆزەکاندا دەڵێ:

کانیاوە پیرۆزەکان
ھیچی تریان تێدا نیە
بێجگە لە ئاو
من دەزانم کە بێکەڵکن، چون خۆم لەوێدا شۆردوە…[٥]

ئەم شێعرە لە سەر ئایینی خۆشوتنی ھیندووەکان لە ڕووبارە پیرۆزەکاندا (وەکوو ڕووباری گەنگ) نووسراوە و کەبیر ئەم ئایینە تەنیا بە کارێکی ڕەواڵەتی دەزانێ کە نابێت بە ھۆی پاک بوونەوەی گوناھان و خۆشبەختیی مرۆڤەوە.

خۆ شوتنی خەڵک لە ڕووباری گەنگدا، یەکێک لەو دابونەریتانەی کە کەبیر ڕەخنەی لێ گرتوە

کەبیر ڕەخنە لە ئەو دەستەبەندییە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییانە دەگرێ کە لە قەدیم لە ھێنددا باو بووە، ئەم چینە کۆمەڵایەتییانە بریتی بوون لە زانا ئایینیەکان، سەروازەکان، بازرگانەکان، کرێکارەکان و کۆیلەکان. کەبیر ئەم بەرنامە کۆمەڵایەتیە بە ھەڵە دەزانێت و بیر و ڕای وایە کە مرۆڤ جیا لەوەی کە بنەماڵەی کێ بن و خەریکی چ پیشەیەک بن دەتوانێت بە بەرزترین پلەکانی زانست و خواناسی بگات. بۆیە لە شێعرێکدا دەڵێ:

بێھوودەیە لە گەورەپیاوێک بپرسی
لە چ تایەفەیە و خێڵێکە؟
زانا و سەرواز و بازرگان
گشت خێڵەکان، گشت چینەکان
ھەر سی‌وشەشیان، لە دووی خودان

نەزانیە، لە گەورەپیاوێک بپرسی
باشە تۆ لە کام خێڵی، لە کام چینی؟
دەلاک و جلشۆر و دارتاش
ھەموان ھەر بە دوای خودادا
خەریکی گەڕان و گەڕان
کەسانی وەکوو «ڕایداسیش»
بە دوای خودادا دەگەڕان
“سواپاچاً لە ماڵێکی چەرمچی بوو
ھێندوان و موسڵمانان وەکوو یەکدی
گەشتوونەتە شوێنی دوایی
کە لەوێدا قەد نابینی، شتێک نیشانی جیایی[٥]

لە ئەم شێعرەدا کەبیر دوو نموونەی لە گەورە پیاوانی ھیند واتە ڕایداس و سواپاچا ھێناوە کە بنەماڵەکانیان لە چینی خواری کۆمەڵگا بوون، بەڵام خۆیان بوونەتە گەورەترین خواناسان و فەیلەسۆفانی ھیند. ھەروەھا کەبیرخۆی، نموونەیەکی باشی ئەم باسەیە بۆ ئەوەی کە لە باوک و دایکێکی جۆڵا لە دایک بووە، بەڵام بوەتە یەکێک لە زانایانی ناسراوی سەردەمی خۆی.[٥]

باشترین نموونەی شێعرەکانی کەبیر لە پەڕتووکی بیجەکدا یە کە وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەی بە چاپی زانکۆی ئۆکسفۆرد و وەرگێڕانی لیندا ھەس و شوکدەڤ سینگ دەست دەکەوێ، ئەم کتێبە لە لای شوێنکەوتوانی ڕێبازی کەبیر بە کتێبێکی پیرۆز دادەنرێ.[٢] شوێنکەوتوانی فەلسەفەی کەبیر قوتابخانەی فەلسەفیی کەبیریسمیان داناوە. ڕابیندرانات تاگۆر شاعێری ناسراوی ھێندی لە سەدەی بیستەمدا سەد شێعری کەبیری وەرگێڕاوەتە سەر ئینگلیزی و ناوی چریکەکانی کەبیری لە سەر ناوە کە بوون بە ھۆی پەرەسەندنی زیاتری ناوبانگی کەبیرەوە. وا دیارە گەورە شاعیرانی فارس وەکوو عەتتار، حافز، سەعدی و مەولانای ڕۆمی لە سەردەمی کەبیردا کاریگەرییەکی گەورەیان لە سەر عیرفان و وێژەی ھینددا دانابوو و کەبیریش لە ئەم کاریگەرییە بێبەری نەبوو. بە تایبەت کە لەسەردەمی کەبیردا سکەندەر لۆدی حاکمی دێھلی بوو و زمانی فارسی وەکوو زمانی ڕەسمیی دەربارەکەی دەناسرا. جێگە پێی ئەم شاعیرانەمان لەشێعرەکانیدا زۆر ئاشکرا بۆ دەردەکەوێت و ئەم خاڵەئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوەکەکەبیر زۆر ئارەزووی لەنزیک خستنەوەو تێھەڵکێشانی فەرھەنگی ئیسلامی و ھیندووییسم بوەو ویستوویەتی تا ڕادەیەک لە دوژمنایەتی نێوان شوێنکەوتوانی ئەم دوو ئایینەکەم بکاتەوە.[٧] شێعری کەبیر کە شێعرێکی عیرفانیە، بەرھەمی موکاشیفەکانی خۆی و ئاموژگاریی خێرە بۆ شوێنکەوتوەکانی. کەبیر شێعرەکانی بە ھیندی و بە زمانێکی زۆر سادە و ڕەوان نووسیوە و ھەوڵی داوە کە ھەموو ئەو شتانە بە زمانێکی نزیک لە زمانی خەڵکی و بێ بەکارھێنانی وشەی قورس بە خەڵکی بناسێنێت. بە کەڵک وەرگرتن لە وشە و ھێمای سادە وەکوو بووک و زاوا، مامۆستا و مورید، باڵندھ، ئاسک، جووتیار و ھتد کە تەنانەت زۆرێک لە خەڵکی نەخوێندەواریش لێی تێدەگەن. شیعری کەبیر لە ئەم چەرخەشدا لایەنگری زۆری ھەیە و ھەندێک لە ھونەرمەندانی ھیندی ھۆنراوەکانی کەبیریان لە گۆرانیدا بە کار ھێناوە کە ڕەنگە بەناوبانگترینیان کومار گاندارڤا گۆرانیبێژی کلاسیک بێت.

عیرفانی کەبیر[دەستکاری]

تابلۆیەک لە سەدەی نۆزدە کە تێیدا کەبیر لە پاڵ چەن پیاوچاکێکی ھیندیدا وەکوو ڕایداس و جایپوردا دانیشتوە. تابلۆکە لە مۆزەخانەی نەتەوایەتیی شاری دێھلی نۆدا پارێزراوە

ئێڤلین ئاندەرھیڵ لێکۆڵەری ئایین دەڵێ دەتوانین کەبیر لە شێوەی موکاشیفە و خواناساسیدا لە ڕیزی عاریفانی گەورە وەکوو مەولانای ڕۆمی و سەنت ئاگۆستین و ڕویسبرووک دابنێین کە قسە لە توانەوەی مرۆڤ لە خالقدا دەکەن وە ئەوەی کە مرۆڤ لەو مەقامەدا بوونی خۆی لە بیر دەچێتەوە.[٤] کەبیر جەختێکی زۆر لە سەر ناسینی خۆ دەکاتەوە و بیرۆکەی پلوورالیستیش لە شیعرەکانیدا بە دی دەکرێ. دیاردەیەکی زۆر گرنگ و بەرچاو کە لە شێعر و عیرفانی کەبیردا ھەیە ناسینی خۆیە، بەر ھەنگاو نان لە ڕێبازی خواناسی و ناسینی عالەمدا. لە زۆرێک لە شێعرەکانیدا دەڵێت مرۆڤ ئەشێ لە سەرەتاوە سەرنجی ناو خۆی بدات تا بتوانێ دنیا و خودا بناسێ. بۆ نموونە دەڵێ:


ئەمە دەنگی کەسێکی زۆر دوورە دەڵێ
بۆ ناو خۆت بڕوانە و بزانە
چۆن تیشکی ئەو یارە بێڕەنگە لە تۆدا دەدرەوشێتەوە[٥]

میرات[دەستکاری]

پوولی نامەیەک (ستامپ) کە لە وڵاتی ھینددا بۆ ڕێز گرتن لە کەبیر لە سەدەی بیستەمدا چاپ کراوە.

کەبیر میراتێکی گەورەی شێعری لە خۆی بە جێ ھێشتوە. زۆرێک لە ئەو شێعرانە بە دەستی دوان لە موریدەکانی نووسراون یان سینە بە سینە گوتراوەتەوە و تا ئێستەش ماون.[٢] کەبیر کاریگەرییەکی زۆری لە ھیند و وڵاتانی دەور و بەری داناوە و جێگەی ڕێزی زۆری ھیندووان و موسڵمانانی ئەو وڵاتەنەیە.

کەبیر بە کوردی[دەستکاری]

کتێبی چریکەکانی کەبیر بە دەستی سەید مادێح پیریۆنسی لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراوە بۆ سەر کوردیی سۆرانی و لە ساڵی ٢٠١٢ لە سلێمانی لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ کراوە.[٥]

نموونەی ھۆنراوەکانی کەبیر[دەستکاری]

(١)

بەرەو باخی گوڵان مەچۆ
نە ھاوڕێکەم!
ڕوو لە باخ و بێستان مەچۆ
لە ناو لەشتا باخی پڕگوڵ شاراوەیە
بچۆ لەوێ لە سەر ھەزاران پەڕەگوڵی نیلووفەڕ دابنیشە و
چاوت ببڕە، جوانیی بێ بڕانەوە

(٢)

من گاڵتەم لێ دێ ئەبیسم
ماسی لە ناو دڵی ئاودا تینوویەتی
تۆ نابینی کە ڕاستی ھا لە ماڵەکەتدا و تۆ ھەڵەشە
بە شوێن ئەودا
ئەم شار و ئەو شار ئەگەڕێی!
ڕاستی بە ڕاستی ھا لێرە!
ئیتر ڕوو کەرە ھەر جێیەک کە پێت خۆشە
لە بەنارس لە ماتوورا
ئەگەر تۆ نەچیتە ناخی ڕاستی ڕۆحی خۆتەوە و
نەیدۆزیتەوە
دنیا بۆ تۆ تارماییە و خەیاڵیە

(٣)

ئەم قاپە گڵینەی منە
سەد باخ و بێشەی تێدایە
بەدیھێنەری تێدایە
لە ناو ئەم قاپە تەنگەدا حەوت دانە دەریای تێدایە
ئەستێرەی زۆری تێدایە، ژماریان لە ژمار بەدەر
بەردی زێڕئەزموونی ھاتیا
زێـڕ و گەوھەری تێدایە
ئەم قاپە گڵینەی منە دەنگی ھەرمانی تێدایە
چاوە ئاوەکان لە ناویا ھەموو ساتێ سەردەر دەکەن
کەبیردەڵێت:
"گوێم لێ گرە خۆشەویستم
ئەم لەشە گڵینەی منە خودای مازانی تێدایە"

[٧][٨]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا کەبیر لە ویکیپیدیای ئینگلیزیدا؛ کانوونی دووەمی ٢٠١٥
  2. ^ ئ ا ب "کتێبی بیجەکی کەبیر؛ ISBN 0-19-988202-9". Archived from the original on 5ی Januaryی 2014. Retrieved 11ی Januaryی 2015. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  3. ^ ئ ا "ئینسایکۆپیدیای بریتانیکا؛ کەبیر".[بەستەری مردوو]
  4. ^ ئ ا ب Rabindranth Tagore (trans.), Songs of Kabir, Project Gutenberg EBook, September, 2004, 10th Edition.
  5. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ چریکەکانی کەبیر، کۆکردنەوەی ڕابیندڕانات تاگۆر، وەرگێڕان بۆ کوردی سەید مادێح پیریۆنسی، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، ٢٠١٢، ژمارەی زنجیرەی ڕۆشنبیری: ١٥٦٦.
  6. ^ "چاوانەی شێعر؛ کەبیر". Archived from the original on 20ی Januaryی 2015. Retrieved 10ی Januaryی 2015. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |archive-date= (help)
  7. ^ ئ ا Rabindranth Tagore (trans.), Songs of Kabir, Project Gutenberg EBook, September, 2004, 10th Edition.
  8. ^ وەرگێڕاوی سەید مادێح پیریۆنسی، گۆڤاری ڕامان، ژمارەی ١٧٥،، ھەولێر، ساڵی ٢٠١١ ١٣ی نیسانی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە..

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]