نیکۆڵۆ پاگەنینی

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
وێنەی پاگەنینی، کێشراوە لەلایەن چۆن ویتڵ لە ١٨٣٦دا

نیکۆڵۆ پاگەنینی (بەئیتاڵی: Niccolò Paganini یان Nicolò Paganini، ٢٧ی تشرینی یەکەمی ١٧٨٢ - ٢٧ی ئایاری ١٨٤٠) کەمانچەژەن، ڤیۆللاژەن، گیتارژەن و ئاوازدانەرێکی ئیتاڵیی بوو. یەکێکە لە ناسراوترین کەمانچەژەنە ڤیرتیوزۆکانی سەردەمەکەی و دەستی هەبوو لە دیارخستنی باڵاترین تەکنیکەکانی کەمانچە. کاپریسی ژمارە ٢٤ لەسەر کلیلی لای بچووک ئۆپەسی یەکەم، یەکێکە لەبەناوبانگترین و باشترین کارەکانی پاگەنینی و وەکوو ئاوازێکی ئیلهامبەخش بۆ زۆرێک لە ئاوازدانەرانی تر ڕۆڵی بینیوە.

ژیاننامە[دەستکاری]

منداڵی[دەستکاری]

نیکۆڵۆ پاگەنینی لە جەنەوا لە ئیتاڵیا لەدایکبووە. شەشەمین منداڵی دایک و باوکی بووە کە ناویان ئەنتۆنیۆ و تێرێسا پاگەنینی بووە. باوکی پاگەنینی، بازرگانێکی سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام دەیتوانی هەندێک پارە پەیدا بکات لەڕێگەی لێدانی مۆزیک لەسەر ئامێری ماندۆلینەوە. لەتەمەنی پێنج ساڵیدا، پاگەنینی دەستی کرد بەوەرگرتنی وانەی فێربوون لەسەر ماندۆلین لەلایەن باوکییەوە، پاشان دواتر لەتەمەنی حەوت ساڵیدا چووە سەر کەمانچە. بەهرەی مۆزیکییەکانی زۆر بەزوویی دەردەکەوتن، ئەمە وای کرد کە پاگەنینی چانسی خوێندنی چەندین وانەی خۆڕا وەربگرێت. لەو تەمەنە منداڵییەیدا، لەلای کۆمەڵێک لە کەمانچەژەنە خۆماڵییەکانی سەردەمەکە وانەی خوێندووە، لەوانە جیۆڤانی سێرێڤاتۆ و جیاکۆمۆ کۆستا، بەڵام بەتوانایی ئەو زوو زاڵ بوو بەسەر تواناکانی ئەواندا. دواتر، پاگەنینی و باوکی بەسەفەر چوونە پارما بۆ ئەوەی ڕێنوێنی زۆرتر وەربگرن لەلایەن ئەلێساندر ڕۆڵاوە. بەڵام لەو کاتەدا کە ڕۆڵا گوێێ لە ژەنینی پاگەنینی دەگرت، خێرا ناردییە لای مامۆستاکەی خۆی کە ناوی فێردیناندۆ پێر بوو، دواتر پێریش ناردییە لای مامۆستاکەی خۆی کە ناوی گاسپارۆ گرێتی بوو. هەرچەندە پاگەنینی بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵ گاسپارۆ و پێر دا نەمایەوە، بەڵام هەردووکیان کارییان کردە سەر شێوازی پاگەنینی لە ئاوازداناندا.

سەرەتای کارکردن[دەستکاری]

فەڕەنسییەکان هێرشییان کردە سەر ئیتاڵیا لە ئازاری ١٧٩٦دا و جەنەواش بەدەر نەبوو لەو هێرشە. خێزانی پاگەنینی پەنایان بردە بەر ڕۆمەیرۆن، نزیک لە بۆلزانێتۆ. لە ١٨٠٠دا، پاگەنینی و باوکی سەفەریان کرد بۆ لیڤۆرنۆ، ئەو شوێنەی کە پاگەنینی ژەنینی دەکرد لە کۆنسێرتەکاندا و باوکیشی بەردەوام خەریک بوو لەگەڵ کاریی دەریایی. لە ١٨٠١دا، پاگەنینی تەمەنی ١٨ ساڵ بوو، بەکەمانچەژەنی یەکەمی کۆماری لووکا دیاری کرا، بەڵام زۆربەری زۆری دەستکەوتی ماددی ئەو لە کاری سەربەخۆی مۆزیکدا بەدەستدەهێنا. بەدەستهێنانی ناوبانگی وەک کەمانچەژەن بەهۆی سومعەی ئەوەوە بوو کە ناسرا بوو وەک ئافرەتباز و قوومارچی.

لە ١٨٠٥دا، لووکا، دەستی بەسەردا گیرا لەلایەن فەڕەنساوە و ناوچەکە دەستی لێ هەڵگیرا بۆ خوشکەکەی ناپۆلیۆن، ئیلیسا باجیۆچی. پاگەنینی بووە کەمانچەژەنی ماڵەکەی باجیۆچی و هاوکاتیش وانەی مۆزیکی دەدایە مێردەکەی کە ناوی فێڵس بوو. لە ١٨٠٧دا، باجیۆچی بووە گەورە دوقی توسکانی و ماڵی ئەو گوێزرایەوە بۆ فلۆرێنس. پاگەنینی بەشێک بوو لە حاشییەکەی ئەو، بەڵام لەکۆتایی ١٨٠٩دا، وازی لەکارکردن لەماڵی باجیۆچیدا هێنا و گەڕایەوە سەر کارە مۆزیکییە ئازادەکەی.

گەشتەکانی ڤیرتیوزۆ[دەستکاری]

نەشرە ڕیکلامێک بۆ نمایشێکی پاگەنینی لە ١٨٣١دا

لەساڵانی دواتردا، پەگەنینی گەڕایەوە بۆ گەشتکردن بە ناوچەکانی دەوروبەری پارما و جەنەوادا. هەرچەندە زۆر ناسراو بوو لەلایەن جەماوەری خۆماڵییەوە، بەڵام هێشتا زۆر ناودار نەبوو لە ئەوروپادا. یەکەمین دەرچوونی بۆ گەشت کۆنسێرتێک بوو لە ١٨١٣ دا لە لا سکالا لە میلان. کۆنسێرتەکە سەرکەوتنێکی گەورە بوو، و وەک دەرەنجامێک پەگەنینی هەوڵیدەدا سەرنجی خەڵکێکی زۆرتر لە بەناوبانگان و دیارەکان، هەندێک لە پارێزگارکاران، و سەراپای مۆزیکناسان لە ئەوروپادا. یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ چارلس ڤیلیپ لافۆنت و لویس سپۆر دا ڕکابەرییەکی بەهێزی درووستکرد. چالاکییەکانی دەربارەی کۆنسێرتکردن، لە ناو ئیتاڵیادا بۆ ماوەی چەند ساڵێکی کەم، سنووردار بوو.

ناوبانگی ئەو بە ئەوروپادا لەو کاتەوە بڵاوبۆوە کە گەشتە کۆنسێرتێکی دەستپێکرد لە ڤییەناوە لە ئابی ساڵی ١٨٢٨دا، هەروەها لە هەموو شارێکی گەورەی ئەوروپادا دەمایەوە بۆ ماوەیەک، بۆ نموونە لەشارە ئەوروپایی و گەورەکانی ئەڵمانیا، پۆڵەندا، و بۆهیما وەستانی هەبوو، هەتاوەکوو شوباتی ١٨٣١ لە ستراسبۆرگ. دوابەدوای ئەمەوە چەند گەشتێکی بەرەو پاریس و بەریتانیا کرد. توانای تەکنیکی و ویستی ئەو بۆ پیشاندانی ئەو توانایەی ڕووبەڕووی هوتافێکی گەلێک شەرمەزارئامێز بووەوە. بۆ ئاوازەکانی خۆی، ڕووپۆشی مۆزیکی، و جیاوازکاری مۆزیکی کە بەشێوەیەکی بەفراوان بەناوبانگ بوون، پاگەنینی وەشانی دەستکاریکراوی نمایش کردووە (بەتایبەتی کۆنشێرتۆکانی) کە لەلایەن هاوزەمانەکانی خۆیەوە نووسرابوونەوە، وەکوو رۆدۆڵف کرێوتزەر و جیۆڤانی باتیستا ڤیۆتتی.

کۆتاییەکانی کارکردن و تێکچوونی تەندرووستی[دەستکاری]

پاگەنینی لەسەر پێخەفی مردن

لەماوەی ژیانیدا، پاگەنینی ئاشنایەتیی هەبوو لەگەڵ نەخۆشییە درێژخایەنەکاندا. ئەگەرچی بەشێوەیەکی پزیشکیی نەسەلمێنرابوو، بەڵام دەوترا کە پاگەنینی دیاردەی مارفانی هەبووبێ. [١][٢] ئەنجامدانی کۆنسێرتی یەک بەدوای یەکی زۆر و هاوکات لەگەڵ ئەو ژیانە سەرکێشەی کە دەی ژیا، کاریبگەریی تەواویان هەبوو لەسەر باری تەندرووستی پاگەنینی. لە ١٨٢٢ ـەوە ئاشکرا کرا کە نەخۆشی زوهری هەیە، هەروەها دەرمانەکانی کە بۆ چارەسەریش بەکاری دەبردن کە بریتیی بوون لە توخمی زیو و ئەفیۆن، توانای چەرەسەریی تەندرووستی پاگەنیان هەبوو بەڵام کاریان بەتوندی کردە سەر لایەنی دەروونی ئەو. لە ١٨٣٤دا، کاتێک کە هێشتا لەپاریس بوو، چارەسەری دژ بە نەخۆشی سیل وەردەگرت. هەرچەندە کە چاکبوونەوەی بە شێوەیەکی بەرچاو خێرا بوو، کارەکەی ئەو ڕووبەڕووی تێکچوون دەبوەوە بەهۆی زۆر پاشگەزبوونەوە بەهۆی هەبوونی کێشە لەباری تەندرووستیدا، هەر لە سەرماوە تا خەمۆکی کە لەگەڵیدا دەمایەوە لە ڕۆژێکەوە بۆ چەند مانگێک.

لەئەیلوولی ١٨٣٤دا، پاگەنینی کۆتایی بەکاری کۆنسێرتکردن هێنا و گەڕایەوە بۆ جەنەوا. بەپێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەوەی کە دەڵێن گوایە پاگەنینی خواستی وابووە مۆزیکەکەی و نهێنی تەکنیکەکانی بپارێزێت و دووری بگرێت لە ئاشکرابوون، پاگەنینی کاتی خۆی بۆ بڵاوکردنەوەی ئاوازەکانی و شێوازەکانی کەمانچەژەنین. هاوکات قوتابی قبووڵ دەکرد تا وانەیان پێ بڵێت، کە دوان لەوانە سەرکەوتنێکی مۆدێرنانەیان بەدەست هێنا، وەکوو کەمانچەژەن کامێڵۆ سیڤۆری و گایتانۆ چیاندێڵیی. لە ١٨٣٥دا، پاگەنینی گەڕایەوە بۆ پارما، ئەمجارەیان لەژێر فەرمانڕەوایی ئارچیدووق ماری لۆویسی نەمسادا، کە ژنی دووەمی ناپۆلیۆن بوو. پاگەنینی بەپرس بوو لە دووبارە ڕێکخستنەوەی گرووپی ئۆرکێسترای قەسرەکەی. بەڵام بەداخەوە، لەکۆتاییدا تووشی هەندێک گرفت و ڕکابەری بوو لەگەڵ ژەنیارەکان و ستافی قەسرەکەدا، بۆیە خەونەکانی ئەو بەدیهاتنیان بۆخوە نەدی.

ساڵانی کۆتایی، مردن، و ناشتن[دەستکاری]

لە ١٨٣٦دا، پاگەنینی گەڕایەوە بۆ پاریس بۆ ئەوەی گازینۆیەک دابنێت. شکستهێنانی گازینۆکە تووشی بارێکی ئابووری سەخت و هەرەسهێنانی باری ماددی کرد، بۆیە شت و مەکە تاکەکەسییەکانی خستەمەزادەوە بۆ فرۆشتن، ئەمە ئامێرە مۆزیکییەکانیشی لەخۆ دەگرت، لەپێناو ئەوەی کە حەق بۆ هەرەسهێنانە ئابوورییەکەی بکاتەوە. لە کریسمسی ١٨٣٨دا، پاریسی بەجێ هێشت و ڕووی کردە مارسیلیا، و پاش مانەوەیەکی زۆر کورت، گەشتی کرد بۆ نیس، ئەو شوێنەی کە باری ڕووی لەخراپبوون کرد. لەمایسی ١٨٤٠دا، بیشۆپی نیس، قەشەیەکی خۆماڵی ناردە لای پاگەنینی بۆ داواکردن لێی بۆ نمایشکردن لەکاتی تەڵقینداندا. پاگەنینی، وەک لێی چاوەڕێ دەکرا، ڕەتیکردەوە. دوای هەفتەیەک، لە ٢٧ی مایسی ١٨٤٠دا، پاگەنینی کۆچی دوایی کرد بەهۆی خوێنبەربوونی ناوەکییەوە. بەهۆی ئەو دەنگۆ زۆرانەی کەلەسەری بوون و دەوترا کە گوایە تێکەڵی هەبووە لەگەڵ شەیتان، ڕەتکرایەوە کە جەستەی لەسەر شێوازێکی کاتۆلیکی بنێژرێت لەجەنەوا. چوار ساڵ و پەنابردنێک بۆ پاپای گەرەک بوو تا ڕێگەدرا کە جەستە مردووەکەی ببرێتەوە بۆ جەنەوا، بەڵام هێشتا هەر نەنێژرابوو. لەدوایدا، لە ١٨٧٦دا، لە قەبرستانێکدا لە پارما نێژرا. لە ١٨٩٣دا، کەمانچەژەنی چیکی فرانچیشێک ئۆنولیچێک، توانی کوڕەزاکەی پاگەنینی کە ناوی ئاتیللا بوو، بێنێتە سەر ئەو ڕایەی کە ڕێگەی بدات جەستەی پاگەنینی ببینێت. دوای ئەو بەسەرهاتە سەیرە، بۆ دواجار جەستەی پاگەنینی خرایە قەبرستانێکی نوێوە لە پارما لە ١٨٩٦دا.

پەیوەندییە تاکەکەسیی و پرۆڤێشناڵییەکان[دەستکاری]

لەگەڵ ئەوەی هیچ کەموکوڕییەکی لەلایەنی رۆمانتیکییەوە نەبوو، پاگەنینی بەشێوەیەکی هەتەرانە لەپەیوەندییەکدا بوو لەگەڵ کچە گۆرانیبێژ ئەنتۆنیا بیانچی کە خەڵکی کۆمۆ بوو، کە لە میلان لە ١٨١٣دا دیداری کردبوو. هەردووکیان پێکەوە چەند کۆنسێرتێکییان لە ئیتاڵیا کردبوو. کوڕێکیان هەبوو بەناوی ئاکیلێس سایرەس ئەلێکساندەرەوە، کە لە ٢٣ی تەمموزی ١٨٢٥ لەدایکبووە لە پالێرمۆ و لەئاوهەڵکێشراوە لە کڵێسای سان بارتۆلۆمیۆ. پێکەوەبوونی ئەوانە هەرگیز نەیاسایەنرابوو و کۆتایی پێهات لە ئایاری ١٨٢٨دا لە ڤییەنا. پاگەنینی ئاکیلێسی لەگەڵ خۆیدا بۆ گەشتەکانی ئەوروپا دەبرد، و لەگەڵ باوکیدا بوو هەتاوەکوو مردنەکەی. ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لەتەواوکردنی پێویستییەکانی ناشتنی باوکیدا، ئەمەش چەند ساڵێک دوای مردنەکەی باوکی.

لەماوەی کارکردنیدا، هاوڕێیەتییەکی نزیکی لەگەڵ هەردوو ئاوازدانەر جواکینۆ ڕۆسینی و هێکتۆر بێرلیۆزدا درووست کردووە. ڕۆسینی و پاگەنینی لە بۆلۆگنا بۆیەکەمجار لە هاوینی ١٨١٨ دیداری یەکییان کرد. لە کانوونی دووەمی ١٨٢١دا، لەگەڕانەوەیدا بۆ ناپۆلی، ناپۆلی دووبارە لەڕۆما ڕۆسینی دیتەوە، لەوکاتەدا لەبری ئاوازڕێکخەری ئۆپێرایەک کاری دەکرد بەهۆی مردنی لەناکاوی ئاوازڕێکخەرە سەرەکییەکەوە.

لەهەمان بارودۆخدا، پاگەنینی بە بێریلۆز ناسرا لە ١٨٣٣دا. ئەگەرچی پاگەنینی مۆڵەتی لە بێریلۆزیەوە وەرگرتبوو تا هارۆڵد ئین ئیتالی لێ بدات، بەڵام پاگەنینی هەرگیز نمایشی نەکرد، بەڵکو ساڵێک دواتر لەلایەن کەمانچەژەن کریستیان ئورهانەوە نمایش کرا. ئەگەرچی پاگەنینی ئەو حەزەی بۆ هاڕۆڵد ئین ئیتالی بەو جۆرە نەبوو کە باسی دەکرد، بەڵام هەمیشە ئامەژەی بۆ بێریلۆز دەکرد وەکوو بیتهۆڤنی دووبارە زیندووبوو.

ئامێرەکانی پاگەنینی[دەستکاری]

Il کانوونی گارناریۆس لەیەکێک لەپێشانگاکان لە جەنەوا، ئیتاڵیا.

پاگەنینی خاوەنی ژمارەیەک ئامێری باش بوو لە جۆری ژێدار. لەئامێرەکان خەیاڵیتر، ئەو دۆخانە بوو کە پاگەنینی هەندێک لە ئامێرەکانی تیا بەدەست هێناوە یان لەدەستداوە. لەو کاتەدا کە پاگەنینی هێشتا هەرزەکار بوو لە لیڤۆرنۆ، پیاوێکی دەوڵەمەند بەناوی لیڤۆرن ـەوە کەمانچەیەکی بە قەرز دایە پاگەنینی کە لەلایەن لووتتاش جیوسێپی گوارنێرییەوە درووست کرابوو، بۆ کۆنسێرتێک. لیڤۆرن زۆر سەرسام بوو بە ژەنینی پاگەنینی، بۆیە ڕەتیکردەوە کە کەمانچەکەی لێ وەربگرێتەوە. ئەم کەمانچەیە دواتر بەناوی Il کانوونی گارناریۆسیەوە ناسرا. لە بۆنەیەکی تردا لە پارما، پاگەنینی کەمانچەیەکی تری بەنرخی بردەوە (ئەو کەماچەیەش دیسان لەلایەن گوارنێرییەوە درووست کرابوو) پاش کێبڕکێیەکی قورس لە بەچاو خوێندنەوە کە لەلایەن پیاوێکەوە ڕێکخرابوو بەناوی پاسینییەوە.[٣]


سەرچاوە[دەستکاری]

  1. Myron R. Schoenfeld, MD (2 January 1978). "Nicolo Paganini, January 2, 1978, Schoenfeld 239 (1): 40 – JAMA". Jama.ama-assn.org. Retrieved 12 November 2011.
  2. "Paganini's left hand". Violinist.com. Retrieved 12 November 2011.
  3. http://en.wikipedia.org/wiki/Nicolo_Paganini