خەمۆکی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
خەمۆکی، نیگارێک

خەمۆکی یان ژاکاوی (بە ئینگلیزی: Depression) یەکێکە لە نەخۆشییە دەروونییەکان. دەتوانرێت بە بارێکی ھەستکردن بە غەمباری، دڵتەنگی، بەدبەختی، بێچارەیی، ھەستکردن بە فەرامۆشکراوی و، بێھیوایی وەسف بکرێت. زۆربەی مرۆڤەکان ھەر جارێک دەبێت ھەست بەم حاڵەتە بکەن لە ژیانیاندا بەڵام تەنیا بۆ ماوەیەکی کەم و درێژە ناکێشێت. خەمۆکیی توند و ڕاستەقینە بریتییە لە کێشەی ھەوەسی مرۆڤ کە تێیدا ھەست دەکات بە غەمباری، گومبوون (Loss)، تووڕەیی و بێھیوایی لە ھەموو ڕۆژێکی ژیاندا و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

خەمۆکی دەبێتە ھۆی گۆڕان یان لادانی دیدی ئەو کەسە بۆ خودی خۆی و ژیانی و کەسانی دەوروبەری، بە واتایەکی تر کەسی خەمۆک ڕەشبینە بەرامبەر بە ھەموو شتێک و زۆر نەرێنییە بەرامبەر بە ھەموو ڕووداوێک و ناتوانێت وا وێنا بکات کە ھەر ڕووداوێک، کێشەیەک، یان ھەڵوێستێک بە شێوەیەکی ئەرێنی چارەسەر دەبێت. توێژینەوە زانستییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە نزیکەی ١٢٠ ملیۆن کەس لە جیھاندا تووشی نەخۆشیی خەمۆکی بوون، کە لە ٪١٥-٢٥ ژنان و ٪١٠-١٥ لە پیاوانن.[١]

نیشانەکان[دەستکاری]

لە خەمۆکیی توند و ڕاستەقینەدا ئەو کەسە لەوانەیە ھەست بە پێنج یان زیاتر لەم نیشانانەی خوارەوە بکات:-

  • غەمباری و ڕەشبینی.
  • ھەستکردن بە تاوانباری، بێنرخی، بێپشتیوانی، بێھیوایی، ڕق لە خۆبوون و نائارامی.
  • نەمانی ھەوەس و لەزەتبینین لە ئەنجامدانی چالاکییە ئاسایییەکان کە پێشتر ئارەزووی کردوون (بە ئەنجامدانی سێکسیشەوە).
  • ئاستەنگ لە تەرکیزکردن و خاوبوونەوەی یادگە.
  • خراپتربوونی نەخۆشییە درێژخایەنەکان لەو کەسانەدا کە نەخۆشیی درێژخایەنیان ھەیە، وەک ڕۆماتیزمی جومگەکان و نەخۆشیی شەکرە.
  • گۆڕان لە ڕژێمی خەوتندا کە دەبێتە ھۆی بێخەوی یان خەواڵوێتی و زۆر خەوتن.
  • گۆڕانی ئیشتیھا بۆ خواردن کە دەبێتە ھۆی زیادبوون یان کەمبوونی کێشی لەش.
  • ھەستکردن بە ماندوویەتی و کەم وزەیی.
  • دڵەڕاوکێ، ڕاڕایی و ئاڵۆزی.
  • بیرکردنەوە لە خۆکوشتن و مردن.
  • خاو قسەکردن و خاو جووڵان.
  • سەرئێشە، ئازاری گەدە و کێشە لە کۆئەندامی ھەرسدا.
  • حەزکردن بە تەنیایی

نیشانەکان لە منداڵ و مێردمنداڵ و تازەپێگەیشتووان[دەستکاری]

  • خەوزڕان، ماندوویەتی، سەرئێشە، ئازاری گەدە و گێژبوون.
  • بێموبالاتی، دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵگا و دابەزینی کێشی لەش.
  • بەکارھێنانی دەرمانە نایاسایییەکان، ئەلکھول، دواکەوتن لە خوێندنگا و ئاستەنگی تەرکیزکردن.
  • دابڕان لە خێزان و ھاوڕێیان.

جۆرەکانی تووشبوون[دەستکاری]

  • خەمۆکیی وەرزی کە لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکاندا ڕوو دەدات و ھەست بە تەمبەڵی دەکەن.
  • خەمۆکیی لەدوای منداڵبوون کە تووشی لە %٥٠ی ژنان دەبێت پاش منداڵبوون.
  • خەمۆکیی توند یان بەھێز کە زۆر بەربڵاوە و ئەو کەسە ھەست بە شۆک دەکات و لەھەمانکاتدا بیر لە خۆکوشتن و ھەستکردن بە تاوان دەکاتەوە و بێھیوا دەبێت.[١]

ھۆکار[دەستکاری]

ھۆکاری کارەندامزانی[دەستکاری]

ھۆکارە سەرەکییەکانی خەمۆکی بە تەواوی نەزانراون تا ئێستا، زۆر لە لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان ئەنجامەکەی دەگەڕێننەوە بۆ دروستبوونی ناھاوسەنگیی کیمیایی لە مێشکدا بەناوی «نویروترانسیمترات»[١] کە لەوانەیە بۆماوەیی بێت یان بەھۆی ڕوودانی کارەساتی ژیانەوە بێت.

ھەندێک جۆری خەمۆکی کە لە خانەوادەکاندا ڕوو دەدەن (بۆماوەیییە)، بەڵام ئەمە مەرج نییە چونکە لەوانەیە خەمۆکی لە ھەندێک کەسدا ڕوو بدات کە پەیوەندیی نییە بە بۆماوەیییەوە و لە خێزانی ئەو کەسەدا حاڵەتی خەمۆکی نەبینراوە.

ژیانی پڕ لە چەرمەسەری و پڕ لە فشار و مەرگەساتی (کارەساتی) گەورە لە ھەندێک کەسدا دەبێتە ھۆی ڕوودانی خەمۆکی، بەڵام لە ڕاستیدا کۆمەڵێک ھۆکار بەیەکەوە کار دەکەن بۆ ڕوودانی خەمۆکی.

پیاو و ژن لە ھەموو تەمەن، نەتەوە و ھەموو ئاستێکی ئابووری تووشی خەمۆکی دەبن ھەروەکوو چۆن لە منداڵ و مێردمنداڵ و تازەپێگەیشتوانیشدا ڕوو دەدات.

ھۆکارەکانی ڕۆڵیان ھەیە لە ڕوودانی خەمۆکیدا[دەستکاری]

  • ڕاھاتن لەسەر دەرمان و ئەلکھول، ڕووداو و کارەساتەکانی ژیان وەک دابڕان لە خۆشەویست (ھاوڕێی کچ یان کوڕ)، کەوتن و دەرنەچوون لە پۆلەکانی خوێندنگە، نەخۆشکەوتن یان مردنی ئەندامێکی خێزان، یان جیابوونەوەی دایک و باوک (بۆ تازەپێگەیشتوان و مێردمنداڵان).
  • ڕووداو و کارەساتەکانی ژیانی منداڵی وەک خراپ مامەڵەکردن و پشتگوێخرانی ئەو کەسە لە تەمەنی منداڵیدا.
  • تەڵاق، مردنی ھاوڕێ یان خزمێکی نزیک، یان لەدەستدانی کار (بۆ گەورەساڵان).
  • دابڕانی کۆمەڵایەتی (بڵاوە لە گەورەساڵاندا).
  • ھەندێک حاڵەتی نەخۆشی وەک کەم کارکردنی غودەی دەرەقی (Hypothyroidism)، بەکارھێنانی ھەندێک دەرمان وەک لە چارەسەری بەرزەپەستانی خوێن، شێرپەنجە، نەخۆشییە گەورەکان و چارەسەری ئازارە درێژخایەنەکان.
  • کێشەکانی خەو.

دەستنیشانکردن[دەستکاری]

بوونی پێنج یان زیاتر لە و خاڵانەی کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێ دراوە وەک نیشانەکانی خەمۆکی بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی دوو ھەفتە، بەسە بۆ دەستنیشانکردنی.

لە ھەمان کاتدا پێویستە دیاری بکرێت کە ھۆکارەکەی یەکێک لەو نەخۆشییە جەستەیییانە یان دەرمانانە نین کە ئەو کەسە بەکاریان دەھێنێت وەک چارەسەر بۆ نەخۆشییەکی تر ھەروەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ دراوە.

چارەسەرکردن[دەستکاری]

ئەو دەرمانانەی کە ئەو کەسە بەکاریان دەھێنێت بۆ چارەسەری نەخۆشیی تر لەوانەیە ئاستی خەمۆکی بەرەو خراپتر ببات و لەوانەیە پێویست بە گۆڕینیان بکات (لەخۆتەوە ھیچ دەرمانێک مەوستێنە یان مەیگۆڕە بەبێ ڕاوێژکردن بە پزیشکەکەت).

ئەو کەسانەی کە ئەوەندە خەمۆکن ناتوانن کار و فەرمانەکانیان ئەنجام بدەن، یان ئەو کەسانەی کە بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە یان مەترسییان بۆ سەر کۆمەڵگا ھەیە پێویستە لە نەخۆشخانەکانی چارەسەری دەروونی داخڵ بکرێن بۆ چارەسەر.

زوربەی ئەو کەسانەی کە خەمۆکییان ھەیە چارەسەر دەبن و سوود وەردەگرن لە دەرمانەکانی دژەخەمۆکی (Antidepressants) شان بە شانی چارەسەری دەروونی.

چارەسەر بەم جۆرە دەرمانانە کاریگەرن و بیرکردنەوە نەرێنییەکان کەم دەکەنەوە، بەڵام کاتیان دەوێت تا ھەست بە باشتر بوون بکەن ھەرچەندە ڕۆژ بە ڕۆژ ھەست بە باشتر بوون دەکەن.

تێبینیی گرینگ[دەستکاری]

  • دوای دەستپێکردنی چارەسەر بە دەرمانە دژەخەمۆکییە توندەکان، ھەندێک کەس دوای چەند حەفتەیەکی کەم ھەست بە باشتر بوون دەکەن، ھەرچەندە ھەندێکیشیان وا پێویست دەکات چارەسەر وەربگرن بۆ ماوەی ٤ – ٩ مانگ تا کاردانەوەیان ھەبێت و کاریگەریی دەرمانەکان دەربکەوێت و دووبارە خەمۆکی دەرنەکەوێتەوە.

ھەندێک کەس کە باشتر نابن دوای بەکارھێنانی دەرمانەکانی دژەخەمۆکی بەبڕی (جورعەی) ئاسایی ئاماژەیان بۆ دەکرێت بە خەمۆکیی بەرگەگر بۆ چارەسەر (Treatment-Resistant Depression).

سەبارەت بەوە زۆر جار بڕی (جورعە) گەورەتریان دەدرێتێ (کە بێ مەترسییە) یان دوو یان زیاتر لە دەرمانەکانی دژی خەمۆکییان دەدرێتێ بەیەکەوە. ئەو ژنانەی کە دووگیانن یان دەیانەوێت دووگیان ببن و دەرمانی دژی خەمۆکی بەکار دێنن، نابێت بە ھیچ جۆرێک بێ ڕاوێژکردن بە پزیشکەکەیان دەرمانەکە بوەستێنن بۆ پێشگیری لە خراپبوون و توندتربوونی خەمۆکییەکەیان.

گەنجانی تەمەن ١٨ – ٢٤ ساڵ زۆر زۆر پێویستە چاودێری بکرێن لە نزیکەوە بۆ پێشگیری لە ھەوڵی خۆکوشتن، بە تایبەتی لە مانگەکانی یەکەمی دوای دەستپێکردنی چارەسەرە دەرمانییەکان.

چارەسەری دەروونی[دەستکاری]

ئەو کەسانەی کە خەمۆکییان ھەیە سوود لە ھەندێک چارەسەر وەردەگرن وەک ئاخاوتن و ڕاوێژکردن و ئەم چارەسەرانە کاریگەریی باشیان دەبێت لەسەر ھەست و بیرکردنەوە و لەوەش کاریگەرتر ئەوەیە کە نەخۆشەکە فێر دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەکەیدا بکات.

دەتوانرێت لەم ڕێگایەوە کەسی خەمۆک فێر بکرێت کە چۆن بجەنگێت دژی بیرکردنەوە نەرێنییەکانی و زیاتر ئاگادار بکرێتەوە لە نیشانەکانی خەمۆکی و فێر بکرێت کە خەمۆکییەکەی بە چی خراپتر دەبێت، لە ھەمان کاتدا فێری کارامەیی دەبێت لە چارەکردنی کێشەکانیدا.

چارەسەری دەروونی یارمەتی کەسی خەمۆک دەدات کە تێبگات چی لە پشتی ئەو جۆرە ھەستکردن و بیرکردنەوە و ڕەوشتانەیە کە لای دروست بووە. چارەسەرکردن بە کارەبا (Electroconvulsive Therapy – ECT) مەزاج و باری دەروونیی ئەو کەسانە باشتر دەکات کە خەمۆکییان ھەیە و سوود وەرناگرن لە چارەسەر بە دەرمان یان ھەوڵی خۆکوشتن دەدەن.

باشترکردنی چارەسەری[دەستکاری]

  • دەرمانەکان بە باشی و ڕێکوپێکی بەکاربێنە.
  • فێربە چۆن چارەسەری ماکەکانی خەمۆکی دەکەیت.
  • فێربە چاودێری نیشانە سەرەتایییەکانی خەمۆکی بکە کاتێک دەردەکەون و فێری مامەڵەکردن ببە لەگەڵیان کاتێک بەرەو خراپتر دەڕۆن.
  • ھەوڵ بدە زیاتر وەرزش بکەیت، خۆت خەریک بکە بەو چالاکییانەی کە ئارەزوویان دەکەیت و لەزەتیان لێ دەبینیت.
  • دوورکەوە لە ئەلکھول و دەرمانە نایاسییەکان چونکە ئەمانە دەبنە ھۆی خراپتر کردنی باری خەمۆکییەکە و زیاتر ھاندان بۆ خۆکوشتن.
  • کاتێک دەجەنگیت دژی خەمۆکییەکەت ھەوڵ بدە لەگەڵ کەسێک کە متمانەت پێی ھەبێت بدوێیت لە بارەی چۆنێتی ھەستکردنەکانتەوە.
  • ھەوڵ بدە تێکەڵی خەڵکی کارامە و ئەرێنی ببیت.
  • ھەوڵ بدە بەشداری بکەیت لەو چالاکیانەدا کە بە کۆمەڵ ئەنجام دەدرێت.

ئاڵۆزکاری خەمۆکی[دەستکاری]

  • ڕاھاتن لەسەر بەکارھێنانی دەرمانە ھۆشبەرەکان و ئەلکھول و جگەرە.
  • خۆکوشتن (١٥٪ی ئەو کەسانەی خەمۆکیان ھەیە کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەھێنن بە خۆکوشتن).
  • دروستبوونی کێشەی تری تەندروستی بۆ کەسی خەمۆک کە لەوانەیە ببێتە ھۆی زووتر مردن (Premature Death) لە ئەنجامی بەکارھێنانی دەرمان و نەخۆشییەکانی تردا.
  • کەسی تووش بوو بە خەمۆکی پێویستە بەخێرایی پەیوەندی بکات بە پزیشکی پسپۆڕی دەروونییەوە ئەگەر :-
  1. گوێی زرنگایەوە، واتە گوێی لە دەنگێک بوو کە لە ڕاستیدا بوونی نەبوو.
  2. زۆر جار گریان بەبێ ئەوەی ھۆکارێکی گەورە ھەبێت یان بەبێ ھۆ.
  3. ئەگەر خەمۆکییەکە بوو بەھۆی دابڕان لە کارکردن، دابڕان لە خوێندنگە، یان ژیانی خێزانی.
  4. ھەستی کرد ئەو دەرمانەی کە بۆ چارەسەری خەمۆکی بەکاریان دەھێنێت کاریگەرییان نییە یان ماکیان (مظاعفات) ھەیە.

ئەنجام[دەستکاری]

خەمۆکی زۆربەی جار ئەنجامێکی باشی دەبێت بە چارەسەرکردن بەڵام نەک بۆ ھەموو کەسێک، ھەروک چۆن خەمۆکی کێشەیەکە بۆ ھەندێک کەس کە سەرھەڵدەداتەوە. ئەو کەسانەی کە خەمۆکییان تووش دەبێت چارەسەری خێرا و بەردەوامبوون لەسەریان پێویستە بۆ پێشگیری لە زیاتر توندبوونی حاڵەتەکەی و خراپتربوونی و درێژخایەنی.

ھەندێک جار وا پێویست دەکات کە بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ چارەسەر وەربگیرێت.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref> ھەڵە؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری xandan نەدراوە

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]