مەریەمی پاکیزە

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
مەریەمی پاکیزە
מרים
ܡܪܝܡ ܒܬܘܠܘܬܐ
لەدایکبوون مەریەم
٨ ی سێبپتەمبەر
نەزانراو
مەرگ ١٥ ی ئاب
نەزانراو
ناوەکانی تر دایکی خودا، شەفیعە و هتد...
نەژاد یەهوودی
خزمەکان یوسفی دارتاش - دەزگیران

مەریەمی پاکیزە (بەعیبری: מרים، Miriam; بەئارامی: Maryām; بەعەرەبی:مريم، Maryam)، کەسایەتییەکی مەزنە لەنێو پەیمانی نوێ و قورئاندا وەکوو دایکی یەسووعی ناسڕی بەسکپڕبوونێک و لەدایکبوونێکی پاکیزانە بەبێ هەبوونی رەگەزی نێر، بەپێی باوەڕی مەسیحییەت و ئیسلام.

بەپێی بیروباوەڕی مەسیحییەت، مەریەم دەزگیرانیدار بووە لەگەڵ یوسفی دارتاشدا کاتێ کە فریشتە جبرائیل مزگێنی دەداتێ بە لەدایکبوونی یەسووع. مەریەم لەگەڵ یەسووعدا تا کاتی لەخاچدانەکەی دەمێنێتەوە. پەڕتووکە ئەپۆکریفییەکان و نووسراوەکانی باوکانی کڵێسا، باس لەژیانی دەکەن لە سەرەتاکانی ژیانیەوە هەتا دەستپێکردنی بانگهێشتە ئاشکراکەی یەسووع، ئەو پەڕتووکانەش بە رێژەیەکی نیوەیی پەسەندکراون لەلایەن کڵێسا جیاوازەکانی مەسیحییەتەوە. لێرە بەدواوە کۆمەڵێک باوەڕی جیاواز لەمەسیحییەتدا درووست دەبن ناو دەبرێن بە بیروباوەڕە مەریەمییەکان، کە باس لە مەریەمی پاکیزە و رۆڵی دەکەن، لێرەدا کڵێسا کۆمەڵێک نازناوی بەسەر مەریەمدا رژاندووە، وەکوو شاژن، پیرۆز، شەفیعە و هتد... لەو نازناوانەی کە دانراون بۆ بەرز راگرتنی مەریەم. لەم رێیەدا، کۆمەڵێکی زۆر لە یاد و بۆنە هەیە کە وەک رێزێک لەشکۆمەندی مەریەم دانراون. زانستی لێکۆڵینەوە لەسەر مەریەم و رۆڵێ ئەو لە کتێبی پیرۆز و مەسیحییەتدا، ناو دەبرێت بە ماریۆلۆجیا.

لەئیسلامدا، مەریەمی پاکیزە رێز و پلە و پایەیەکی بەرزی هەیە، و باشترینی نێو ژنانە و سورەتێکیش لەنێو قورئاندا بەناوییەوە ناو نراوە، هاوکات سورەتی ئالی عیمرانیش کە دەربارەی کەسووکارەکەی ئەوە، پەیوەندیدارە پێوەی.

ناوی مەریەم کە لە زمانی عیبرییەوە دێت، بەواتای تاڵی و ناخۆشی دێت، ناوێکی بەربڵاویش بووە لەنێو کۆمەڵگەی یەهوودی کۆندا.