بۆ ناوەڕۆک بازبدە

تیۆری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە تێئۆریاەوە ڕەوانە کراوە)

تیۆر یان بیردۆز (بە ئینگلیزی: Theory) چەمکێکە خاوەنی دوو کۆمەڵە واتای بەرینە، یەکیان لە زانستە ئەزموونییەکاندا بەکاردەچێت (ھەم سروشتی و ھەم کۆمەڵایەتی) و ئەوی تریان لە فەلسەفە، بیرکاری، لۆژیک و لە نێوان لقەکانی تری زانستە مرۆڤییەکاندا. جیاوازی و تەنانەت دەمەقـڕەیەکی بەرچاو ھەیە لە نێوان لقە زانستگایییەکاندا سەبارەت بە بەکارھێنانی دروستی زاراوەکە. ئەوەی لە خوارەوە دێت تێدەکۆشێ چۆنیەنیی بەکارچوونی ئەو زاراوەیە وەسف بکات نەک ئەوەی کە دەبێ چۆن بەکار بچێت.

لە زانستدا بیردۆز کاتێک پێکدەھێنرێن کە تاقیکردنەوە لەسەر کۆمەڵە گریمانە پێکەوە بەستراوەکان ئەنجام دەدرێت. بە گەلێک بەڵگەی تاقیکراوە پالثشت دەکرێت لەبەر ئەوە بیدرۆز لێکدانەوەیەکی فراوان و گشتگیریی دیاردەیەکی سروشتی بەو بەڵگە زانستیەکان پاڵپشتی دەکەن کە لە ئەنجامی تاقیکردنەوە و سەرنجدانەکان کە لەو باوەڕەدان ڕاست بێت. ئەگەرچی لە باسە زانستگایییەکاندا واتا زانستییەکەی زۆرتر کەڵکی لێ وەردەگیردرێت، بەڵام ئەوە تەنیا واتای نیە و تووشی ھەڵەمان دەکات ئەگەر لە سەرەتاوە وای دابنێین کە زاراوەی بیردۆز لە وێژە یان باسی زانستگاییدا ئاماژەیەکە بە بیردۆزێکی زانستی یان لەسەر بناغەی ئەزموونی. لەبەر باوبوون و بەکارچوونی زۆرتری زاراوەی بیردۆز لە ناو توێژینەوەکانی زانستی و ئەزموونیدا، سەرەتا، واتا زانستییەکەی باسدەکرێت:[١]

پێناسەی زانستی

[دەستکاری]

بیردۆز، لە واتای زانستیی زاراوەدا،[٢] پێکھاتەیەکی شیکارییانەیە کە بۆ ڕاڤەکردنی کۆمەڵێک لە ڕوانینە ئەزموونییەکان داڕێژراوە. بیردۆزێکی زانستی دوو شت دەکات:

  1. ئەم کۆمەڵە ڕوانینە لێکجیاوازە وەکوو پۆلێک لە دیاردەکان دەستنیشاندەکات و
  2. سەبارەت بەو ڕاستەقانییە بنچینەیییە کە ئەم دیاردانە لەگەڵ خۆی دەھێنێت یان لە سەریان کاریگەر دەبێت، بانگەشەدەکات.

لە نەریتی زانستی یان ئەزموونیدا، زاراوەی "بیردۆز" پاشەکەوتکراوە بۆ ئەو بیرۆکانەی کە ڕووبەڕوودەبنەوە لەگەڵ پێداویستییە سەرەتایییەکانی دەوروپشتی ڕوانینە ئەزموونییەکان و ئەو پێـڕەوانەی (میتۆد) بۆ پۆلێنکردن کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت و ئەو تەبایی و پێکھاتنەی بیردۆزەکە لەگەڵ بەکارچوونی لە نێوان ئەندامانی پۆلەکەدا. ئەم پێداویستییانە لە لقە جۆراوجۆرە زانستییەکاندا دەگۆڕدرێن؛ بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، لە بیردۆزەکان چاوەڕواندەکرێت کارا و دەستپێوەگر بن: بۆ نموونە دەبێ بیردۆز سادەترین ئامرزای گەنگاز بێت کە بتوانرێ بۆ ھەڵسوکەوتی کاریگەر لەگەڵ پۆلی دیاردەکاندا کەڵکی لێ وەربگیردرێت.

بیردۆزەکان بە گشتی و لە زانستە شێوەیی‌یەکاندا

[دەستکاری]

بیردۆزەکان ئامرازگەلی شیکارین بۆ تێگەیشتن، ڕوونکردنەوە و پێشگۆییکردنی بابەتێک. لە زۆر و جۆراوجۆر گۆڕەپانی لێکۆڵینەوەدا، وەکوو ھونەر و زانست، بیردۆزەکان ھەن. بیردۆزی شێوەیی[٣] سروشتێکی ڕستەزانییانە[٤]ی ھەیە و تەنیا کاتێک واتادارە کە بە دەکارخستی لە ناوەرۆکێکدا پێکھێنەیەکی واتایی[٥]ی پێبدرێت. دەربـڕینی بیردۆزەکان لە گۆڕەپانەکانی جۆراوجۆری لێکۆڵینەوەدا بە زمانی سروشتییە و ھەمیشەش بە چەشنێک ئاوادەکرێن کە شێوەی گشتییان دەقاودەقی بیردۆزێک بێت کە بە زمانی شێوەییی مەنتیقی بیرکاری دەربـڕاوە. کاتێک بیردۆزەکان لە بیرکاریدا تاوتوێدەکرێن، زۆرتر دەربـڕینیان بە زمانێکی شێوەیی یە.

دەکرێت دەربـڕینی بیردۆزەکان بە ھەر شێوەیەک بێت، بە شێوەی بیرکاری، سیمبۆلیک، یان بە زمانی باو، بەڵام بە گشتی لێیان چاوەڕواندەکرێت کە بە دوای بنەماکانی بیری ھزری یان مەنتیقدا کەوتبێتن.

بیردۆز لە کۆمەڵێک ڕستە پێکھاتووە کە بەتەواوی داگری ئاگاداریگەلی ڕاستن دەربارەی ئەو بابەتەی کە لە ژێر سەرنجدایە. لەگەڵ ئەوە، ھەردەم ڕاستبوونی ھەر یەک لەم ئاگادارییانە گرێدراوە بە ھەموو بیردۆزەکەوە؛ کەوابوو دەکرێت ئاگادارییەک، ھەڵواسراو بە بیردۆزێکەوە ڕاست بێت بەڵام ھەمان ئاگاداری ھەڵواسراو بە بیردۆزێکی ترەوە ناڕاست بێت.

ئەمەیە کە لە زمانی ئاساییدا ئاگاداریگەلێک وەکوو "ئەو کەسێکی تۆقێنەرە" بەبێ ناردنەوە بۆ ھەندێک واتا لێدانەوەی تایبەتی ئەم بیردۆزە وەکوو "ئەو" کێیە، و "کەسێکی تۆقێنەر" چییە، ناتوانرێت داوەری بکرێت ئاخۆ راستە یان ھەڵەیە.

ھەندێجار دوو بیردۆز خاوەنی یەک ھێزی ڕاڤەیین چونکە ھەمان پێشبینیکردنەکان دەکەن. بە جووتێک لەم چەشنە بیردۆزانە دەتورێت ناشایەنی جیاوازکاری[٦] و ھەڵبژاردن لە نێوانیاندا بەستراوە بە تەنایی و بەباشترزانینی یەکێکیانەوە.

بیردۆزە فەلسەفییەکان

[دەستکاری]

ئەو بیردۆزانەی کە بابەتەکەیان زیاتر داگری بیرۆکەکانە تا زانیاری و دراوەی ئەزموونی، پێیان دەوترێت بیردۆزی فەلسەفی؛ ئەوانی تر بیردۆزی زانستین.

بیردۆزە بەناوبانگەکان

[دەستکاری]

لێکدانەوەی وشە

[دەستکاری]

لە زمانی کوردیدا، وشەی "بیردۆز" وەکوو ھاوسەنگی وشەی theory پەسەندکراوە.[٧][٨][٩] وشەی "تیۆری"ش ھەر باوە. ھەندێجاریش "بیرۆکە" دەوترێت.[١٠]

بیردۆز لە دوو وشە پێکھاتووە: بیر + دۆز.[١١] دۆز واتە داخواز، ئامانج.[١٢]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ کتێبی زیندەزانیی پۆلی ١٢
  2. ^ لێرەدا زانست واتا زانستی ئەزموونی.
  3. ^ شێوەیی = formal؛ بە پێی فۆرم و شێوەی دیار.
  4. ^ نەحوی، سینتاکسی.
  5. ^ سیمانتیکی.
  6. ^ indistinguishable
  7. ^ فەرھەنگی زاراوە
  8. ^ فەرھەنگی زانستیی پەڕتووک؛ دەتوانی لە ماڵپەڕی pertwk.com دایبگریت
  9. ^ ویکیفەرھەنگ: [١] [٢]
  10. ^ فەرھەنگی فارسی-کوردیی زانستگای کوردستان
  11. ^ ویکیفەرھەنگ: [٣]
  12. ^ ویکیفەرھەنگ: [٤]