گومانکاری

ئەم وتارە بێ سەرچاوەیە. بە زیادکردنی سەرچاوە یارمەتی بدە
لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

گومانکاری یان سکێپتیزم (بە ئینگلیزی: Skepticism) بەشێوەیەکی گشتی بریتییە لە ھەر پرسیار یان گومانێک دەربارەی یەک یان چەند باوەڕ و گریمانەیەک.[١][٢] گومانکاری زۆرجار دەربارەی ئاراستەی بابەتەکانی دەرەوەی سروشت، ڕەوشت، ئایین و زانست دەکرێت.[٣] گومانکاری وەک بابەت دەچێتە خانەی فەلسەفەوە و دەکرێت پەیڕەوبکرێت لەسەر ھەر بابەتێک وەک: سیاسەت، ئایین و زانستی ناردروست.

گومانکاری فەلسەفەیی چەند جۆرێکی ھەیە. جۆری توندڕەو ڕەتی زانیاری یان باوڕەی ڕەھا دەکاتەوە. چەند جۆرێکی دی گومانکاری ھاوچەرخ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ھیچ ناتوانرێت بزانرێت بە دڵنیایی و ڕەھایی وە مرۆڤ ڕێژەیەکی زۆر کەم یان ھیچ نازانێت دەربارەی پرسیارە گەورەکانی ژیان، وەک ئەوەی کە ئایا پەروەدگار و ژیانی پاش مردن بوونیان ھەیە یان نا.

گومانکاری ئایین بریتییە لە گومان کردن لە بنەما بنچینەیەکانی ئایین وەک: نەمری، ویستی خودا و وەحی بۆ ھاتن (زانیاری دابەزین لە ئاسمانەوە).[٤]

گومانکاری زانستی ھەڵسەنگاندن بۆ باوەڕەکان دەکات بۆ دیاریکردنی پشت پێ بەستراویان لەڕێی خستنەژێر لێکۆڵینەوەیەکی سیستماتیک بە بەکارھێنانی شێوازی زانستی بەمەبەستی دۆزینەوەی بەڵگەی تاقیکاری و کرداری دەربارەیان.[ژێدەر پێویستە]

لە فەلسەفەی ئیسلامی دا، غەزالی یەکێک بوو لە پێشەنگترین کەسەکان لە ڕێبازی گومان کردن دا. چەند بیروڕایەک ھەیە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەگەرێکی زۆر ھەیە دیکارتی فەیلەسوف لە بەرھەمی (ڕێگای نوێ) دا لەژێر کاریگەری غەزالی دا بووبێت نووسین و بۆچوونەکانی و لێکچوونێکی زۆر ھەیە لە ناوەڕۆکی بابەتەکەی دا.[ژێدەر پێویستە]

دیکارت خۆی یەکێک نەبوو لە گومانکارەکان بەڵام بیردۆزی (دڵنیایی ڕەھای) پەرەپێدا بەمەبەستی بەھەڵەخستنەوەی ئەوانەی پێیان وابوو ڕەھایی بوونی نییە. ھەروەھا دەیڤد ھیوم بە یەکێک لە گومانکارە جیھانییەکان دادەنرێت.[ژێدەر پێویستە]

پێناسە[دەستکاری]

بە شێوەیەکی گشتی:

  1. ھەڵسوکەتێکی گومانکارانەیە یان ناکۆکیەکی بیروڕا و مێشکییە دەربارەی بابەتێک بەشێوەیەکی گشتی یان دیاریکراو.
  2. باوەڕی ئەوەی زانیاری ڕاست یان زانیارییەکی دیاریکراو نا مسۆگەرە/نادڵنیایە.[ژێدەر پێویستە]

لە ڕووی فەلسەفیەوە:

  1. رێگایەک بۆ دەسخستنی زانیاری لەڕێی گومانێکی ڕێکخراو و تاقیکردنەوەی بەردەوام.
  2. کۆمەڵێک بانگەشە دەربارەی سنووری زانیاریەکانی مرۆڤ و وەڵامە گوونجاوەکانی ئەو سنوورانە.[ژێدەر پێویستە]

گومانکاری ئایینی[دەستکاری]

گومانکاری ئایینی بەشێوەیەکی گشتی بریتییە لە گومانکردن و پرسیارکردن لە باوەڕ و بانگەشە ئایینیەکان. لەڕووی مێژووییەوە گومانکاری دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسوفی یۆنانی (سوقرات) کە گومانی ھەبوو لە زۆرێک لە بانگەشە ئایینیەکانی ئەو سەردەمە. گومانکاری ئایینی ھاوچەرخ پشت دەبەستێت بە ڕێگەی زانستی، مێژووی و بەڵگەیی. مایکڵ شێرمەر دەنووسێت کە "گومانکاری پرۆسەیەکە بۆ دۆزینەوەی ڕاستی لە جیاتی پەسەند نەکردنێکی گشتی". گومانکاری ئایینی ھاوتا نییە لەگەڵ بێ باوەڕی و نازانایەتی (روانگەیەک لە زانستیی تیۆری کە پێی وایە زانیاری ڕەھا دەربارەی پەروەدگار و ھێزی گەردوونی ئەستەمە)، ھەرچەندە ئەم بیروڕایانە زۆرجار دیدگەیەکی گومانکارانەیان ھەیە دەربارەی ئایین و فەلسەفەی باوەڕ. بۆیە گومانکاری ئایینی جیاوازە و بۆ نموونە گومانکارێکی ئایینی دەکرێت باوەڕی بە بوونی پەیامبەر عیسا ھەبێت لە کاتێک دا گوومانی ھەبێت لە ئەنجام دانی موعجیزە. زۆرجار کەسانی ئایینی گوومانیان ھەیە دەربارەی باوەڕ و بانگەشەی ئایینەکانی دی.[ژێدەر پێویستە]

گومانکاری زانستی[دەستکاری]

گومانکاری زانستی یان گومانکاری تاقیکاری بریتییە لە پرسیارکردن دەربارەی باوەڕەکان لەسەر بنەمای تێگەیشتنی زانستی و بەڵگەی تاقیکاری. گومانکاری زانستی دەکرێت باوەڕەکان ڕەت بکاتەوە کە ناچنە ژێر باری چاودێری پشت پێ بەستراو یان شیکردنەوەی تاقیکاری و ڕێکخراو. زۆربەی زاناکان کە خۆیان گومانکاری زانستیین، ھەڵسەنگاندن دەکەن بۆ چەندەھا باوەڕی جیاواز لەڕێی لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراو و سیستماتیک پشتبەستوو بە ڕێگەیەکی زانستی دیاریکراو.[٥] سەرئەنجام، ژمارەیەکی زۆر لە بانگەشە بە "زانستی نادروست" ھەژماردەکرێت ئەگەر لەگەڵ بنچینەکانی زانست دا نەگونجاو یان ناھاوتا بێت.

گومانکاری پیشەیی[دەستکاری]

گومانکاری پیشەیی چەمکێکی گرنگە لە وردبینی کردن دا. پێویستە وردبینیکەر خاوەنی مێشکێکی گومانکار و پرسیارکەری ھەبێت بۆ بەدەستخستن بەڵگەی ھەستیار و دیاریکردنی کاریەگەری بەڵگەکان.[ژێدەر پێویستە]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Popkin, R. H. The History of Skepticism from Erasmus to Descartes (rev. ed. 1968); C. L. Stough, Greek Skepticism (1969); M. Burnyeat, ed. , The Skeptical Tradition (1983); B. Stroud, The Significance of Philosophical Skepticism (1984). Encyclopedia2.thefreedictionary.com.
  2. ^ "Philosophical views are typically classed as skeptical when they involve advancing some degree of doubt regarding claims that are elsewhere taken for granted." utm.edu ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ Greco, John (2008). The Oxford Handbook of Skepticism (بە ئینگلیزی). Oxford University Press, US. ISBN 9780195183214.
  4. ^ "Definition of SKEPTICISM". www.merriam-webster.com. Retrieved 2016-02-05.
  5. ^ Allan Hazlett, A Critical Introduction to Skepticism. London: Bloomsbury, 2014, p. 5.