ئەحمەد چەلەبی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەحمەد چەلەبی
بە عەرەبی: أحمد الجلبي
لەدایکبوون٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٤
کازمیە، عێراق
مردن٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥(٢٠١٥-١١-٠٣) (٧١ ساڵ ژیاوە)
بەغدا، عێراق
ھۆی مەرگجەڵدەی دڵ
باوکAbd al-Hadi Chalabi
خوشک و براRushdi al-Chalabi
خزمەکانMaha al-Khalil Chalabi
زمانەکانی ئاخاوتنعەرەبی
پیشەسیاسەتوان، خاوەن کارەکان، بیرکار
پۆستەکانmember of the Governing Council of Iraq، سەرۆک وەزیرانی عێراق
پەروەردەبنکەی تەکنۆلۆژیای ئێم ئای تی، زانکۆی شیکاگۆ، Seaford College، کۆلێژی بەغدا
ڕاوێژکاری دکتۆراGeorge Glauberman
ئەندامی حیزبیکۆنگرەی نەتەوەیی عێراق
ئایینشیعە

ئەحمەد عەبدولھادی چەلەبی (بە عەرەبی: أحمد عبد الهادي الجلبي‎) (٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٤ – ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥) سیاسەتوانێکی عێراقی و سکرتێری گشتی کۆنگرەی نەتەوەیی عێراق بوو کە لە چەند کۆمەڵەیەکی سیاسی پێکھاتووە. پێش ھێرشی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بۆ سەر عێراق، بە یەکێک لە بەناوبانگترین کەسایەتییە بەرھەڵستکارەکانی سەددام حوسێن دادەنرا.

ژیان[دەستکاری]

ناوی ئەحمەد عەبدولھادی عەبدولحوسێن عەلی ھادی حەسەن محەممەد چەلەبی تائییە. لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٤ لە بەغدای پایتەختی عێراق لەدایکبووە، لە خێزانێکی دەوڵەمەندی عێراقی کە لە کەرتی بانکیدا کاردەکەن و پەیوەندییان بە دەسەڵاتی پاشایەتی ھاشمییەوە ھەبوو کە حوکمڕانی عێراقیان دەکرد، باپیری بەناوی عەبدولحوسێن چەلەبی، ٩ پۆستی وەزاری ھەبوو لە حکوومەتی عێراق لەو کاتەدا، و باوکی بەناوی عەبدولھادی چەلەبی وەزیری کارە گشتییەکان بوو لە حکوومەتی نووری سەعید و خاوەنی ناوچەی ئەلحورییە بوو لە بەغدا، بەو پێیەی پێش ناوی ئێستای پێی دەگوترا ناوچەی ئەلھادی کە بەناوی خاوەنەکەیەوە ناونرا. براکەی بەناوی ڕووشدی چەلەبی، لە ساڵی ١٩٤٨ نوێنەری کازمییە بوو، ئەحمەد چەلەبی بچووکترین برای خێزانەکە بوو. لە ساڵی ١٩٥٨ لەگەڵ خێزانەکەی عێراق بەجێدەھێڵێت، زۆربەی کاتەکانی لە ئوردن و لوبنان و شانشینی یەکگرتوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەسەر بردووە، جگە لەو ماوەیەی (١٩٩٢–١٩٩٧) کە لەڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە گەڕاوەتەوە عێراق بۆ سەرکردایەتیکردنی ڕاپەڕین لە دژی سەددام حوسێن لە چیاکانی کوردستانەوە.[١] [٢] [٣]

خوێندن[دەستکاری]

دەرچووی زانکۆی جۆنز ھۆپکینز بوو لە ئەمریکا، دواتر لە زانکۆی شیکاگۆ بیرکاری خوێندووە، لەوێش بڕوانامەی دکتۆرای لە بیرکاری بەدەستھێناوە، دواتر لە پەیمانگای تەکنەلۆژیای ماساشوستس خوێندوویەتی. و وەک مامۆستای بیرکاری لە زانکۆی ئەمریکی لە بەیرووت کاری کردووە.[٤]

ھاوسەرگیری و منداڵەکان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٧٢ لە بەیرووت لەگەڵ ئافرەتێکی لوبنانی بەناوی لەیلا عووسەیران کچی سیاسەتوان عادل عووسەیران ھاوسەرگیری کردووە و گرێبەستی ھاوسەرگیری لە لایەن سەید مووسا ئەلسەدرەوە ئەنجامدراوە، ئەحمەد چەلەبی خاوەنی دوو کوڕ بوو بە ناوەکانی ھاشم و ھادی چەلەبی و دوو کچی بە ناوەکانی مریەم چەلەبی و تەمارا چەلەبی.

پڕۆژەکان[دەستکاری]

پڕۆژەی ھەرێمی چوارەم[دەستکاری]

پرۆژەیەکی ھاوپەیمانیی سیاسییە لە نێوان عێراق، سووریا، تورکیا و ئێران لە ھەموو ڕوویەکەوە، کە وڵاتانی ھاوپەیمانییەکە ھاوکاری ئەمنی و ئابووری دەکەن، بەو پێیەی پاڵپشتی کشتوکاڵ و پیشەسازی ناوخۆیی وڵاتانی ھاوپەیمانییەتەکە دەکات، ھەروەھا وەرگرتنی زانست و تەکنەلۆژیا و خۆجێیکردنیان لە ناوخۆدا بە شێوەیەک کە پاڵپشتی ئابووری وڵاتانی ھاوپەیمانی بکات، ھەروەھا نەھێشتنی ناکۆکی لە نێوان ئەم وڵاتانە و گرنگی بە سامانی ھاوبەش و بەرژەوەندییەکان بدرێت. و چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد بە شێوەیەک کە کۆتایی بە توندووتیژی و چەوساندنەوە بھێندرێت و ڕێز بگیرێت لە مافە زمانەوانی و ڕۆشنبیری و سیاسییەکانیان، ناونرا ھەرێمی چوارەم چونکە جوگرافیاناسانی سەرەتایی زەوییان بەسەر حەوت ھەرێمدا دابەشکرد، و ئەو ناوچەیەی عێراق تێیدا ھەڵکەوتووە بەشێکە لەو ناوچەیەی کە بە ھەرێمی چوارەم ناسرابوو.[٥]

ئەنجومەنی حاکمان[دەستکاری]

پرۆژەیەکە بۆ دامەزراندنی دامەزراوەیەکی تایبەت کە زانا و بیرمەندانی تایبەتمەند لە دیراسەکردنی عێراق و جوگرافیا و مێژوو و سروشتی خەڵکەکەی و کێشەکانیان لەخۆدەگرێت، ھەروەھا لیژنەیەکی پلاندانانە کە ڕاسپاردە پێشکەشی لایەنە سیاسییە بەرپرسەکان دەکات.

گواستنەوەی سامان لە حکوومەتەوە بۆ گەل[دەستکاری]

چەلەبی کارى کرد بۆ یاسادانانى ماددەیەکى دەستوورى کە گەرەنتى گواستنەوەى سامان لە حکوومەتەوە بۆ خەڵک بکات و ئەوەش ڕوویدا، بڕگەیەک لە دەستوورى عێراق/ بەندی چوارەم- ماددەى ١٠٨ دەرچوو کە دەڵێت: «نەوت و گاز ھی ھەموو گەلی عێراقە لە ھەموو ھەرێم و پارێزگارەکاندا» ئەم یاسایە کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی ناسراوە کە عێراق‌ بۆی ماوەتەوە ئەویش دەوڵەمەندی حکوومەت و ھەژاری خەڵکە.‌[٦]

مردن[دەستکاری]

ئەحمەد چەلەبی بەرەبەیانی سێشەممە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کرد، ئەوەش دوای جەڵدەی دڵ، سەرەڕای دەرکەوتنی ھەندێک بیردۆز کە گومانیان لەسەر مردنی درووستکرد، و لە میدیاکاندا ھەندێک بیردۆز بڵاوبووەوە سەبارەت بە تیرۆرکردنی بە ژەھر، ڕاپۆرتی کۆتایی پزیشکی دەریخست کە مردنێکی سروشتی بووە لە ئەنجامی جەڵدەی دڵەوە، و لە حەزرەتی کازمییە بە خاک سپێردرا.[٧]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەشداربووانی ویکیپیدیا، «احمد چلبی»، ویکیپیدیای فارسی. سەردان لە ٢٩ی ٩ی ٢٠٢٣.