بۆ ناوەڕۆک بازبدە

تێگەیشتە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

تێگەیشتە[١] یا تێگەھ[٢] یا چەمک[٣] یا فامیا[٢]، بە پێی کۆنترین و بەبرەوترین پێناسە، ئیدیایەکی دەرھەستە کە دەبێ بە بەردی بناغەی فکر و باوەڕگەلی بەرھەستتر. کە دەوترێ [تێگەیشتە] «ئیدیایەکە»، یانی وێنەیەکە لە ناو زەیندا، کە دەشوترێ «دەرھەستە»، یانی وردەکارییەکانی دنیای ڕاستەقینەی لێ داڕووتێنراوە.[٤] تێگەیشتەکان لە گشت لایەنەکانی ناسیاریدا ڕۆڵی زۆر گرنگ دەبینن. بۆیە، بوارگەلێک وەکوو زمانناسی و ڕەوانناسی و فەلسەفە لێیان دەکۆڵنەوە و، داڕشتەی لۆژیکی و سایکۆلۆژیکییان و، چۆنیەتیی پێکەوەنرانیان بۆ شێوەبەخشین بە فکرەکان و ڕستەکان، تاوتوێ دەکەن.

لە فەلسەفەی ھاوسەردەمدا، سێ بۆچوونی زاڵ ھەیە لە بابەت تێگەیشتەوە:[٤]

  • تێگەیشتە وەکوو ئۆبژەی زەینی: یەکەم، ئەو بۆچوونەیە کە لە حاند بۆچوونەکانی ترا برەوی زۆرترە و دەڵێ تێگەیشتە نوێنەرە. واتە ھەبوو یا ئۆبژەیەکە لە ناو زەیندا کە نوێنەرایەتیی ئۆبژە یا ھەبوویەکی دەرەوەی زەین دەکا. پێناسەکەی سەرەوە بە پێی ئەم بۆچوونەیە.
  • تێگەیشتە وەکوو دۆخی زەینی: دووەم، ئەو بۆچوونەیە کە دەڵێ تێگەیشتە لێھاتوویییە. تێگەیشتەی پشیلە، بۆ نموونە، لێھاتووییی ئێمەیە بۆ جیاکردنەوەی پشیلەکان لە ناپشیلەکان.
  • تێگەیشتە وەکوو مانا: سێیەم، بۆچوونێکە کە دەڵێ تێگەیشتە نە ئۆبژەی زەینییە و نە دۆخی زەینی، بەڵکوو مانایە، مانای وشەکان و دەستەوشەکان.

پەیوەندیی نێوان تێگەیشتە و وشە (زاراوە)

[دەستکاری]

بۆ ئاماژەکردن بە تێگەیشتەکان و بۆ نیشاندانیان، وشە و زاراوەی سادە یا لێکدراو بە کار دەھێنرێ. پەیوەندیی نێوان تێگەیشتە و زاراوە وەکوو پەیوەندیی نێوان قەزیە و ڕستە وایە. لە ھەردووکیاندا، ئەوەڵەکە ھەبوویەکی دەرھەستە و، دووەمەکە بەشێ لە زمانە. لە کاتی وەرگێڕاندا، ھەمان تێگەیشتە دەتوانرێ بە زاراوەگەلی جیاجیا نیشان بدرێ (باران، rain). ھاوشێوەی ئەمە، ھەمان قەزیە دەتوانرێ بە ڕستەگەلی جیاجیا ئاماژەی پێ بکرێ (باران دەبارێ، It is raining). گرنگە بەوە سەرنج بدرێ کە ھەق و ناھەق (یا دروست و زڕ، یا ڕاست و درۆ) بۆ تێگەیشتە و زاراوە بە کار نایەت. ئەوە ڕستە و وتە و قەزیە و باوەڕ و تیۆری و ئامۆژگارییە کە دەکرێ ھەق یا ناھەق بێ.[٥]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ ئەحمەد حەبیب، بەدران (2002). فەرھەنگی زاراوە، زاراوەگەلی ڕاگەیاندن و کارگێڕی و قوتابخانەیی (عەرەبی بە کوردی). 116.
  2. ^ ئ ا سەجادی، بەختیار. فەرھەنگی زاراوەی ڕەخنەیی. p. 110.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  3. ^ «چەمک» لە فەرھەنگە کوردییەکاندا بە «مانا و مەبەستی شت» لێک دراوەتەوە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە بۆ نموونە کاتێ ئەوترێ «چەمکی ئازادی» یانی مەبەست لە ئازادی ھەرچییەکە، ئەوە. چەمک ئەوەیە کە مرۆڤ لە وشە تێ ئەگا، بۆیە پێشی ئەوترێ تێگەیشتە یان تێگەھ. لە فەرھەنگی خاڵدا بۆ وشەی چەمک نووسراوە «مەعنا و مەبەستی شت». لە ھەنبانەبۆرینەدا لە بەرامبەر چەمکەوە ھاتووە «مەبەست، مەتڵەب». لەوانەیە وشەی چەمک لەگەڵ čim -ی پاڵەوی ھاوڕیشە بێ.
  4. ^ ئ ا زانستنامەی فەلسەفەی ستەنفۆرد، وتاری Concepts
  5. ^ Thomas، Mautner. Dictionary of philosophy. p. 115.