زمانەوانی

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
(ڕەوانەکراوە لە زمانناسیەوە)
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

زمانەوانی ، زمانناسی یا (به‌ ئینگلیسی Linguistics ) بریتییە لە زانستی لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی زمان. بە واتایەکی تر زمانەوانی بە دوای دۆزینەوەی ئەم پرسیارانەدایە: «زمان چیە؟»، «چۆن کار دەکا و لە چی پێکھاتووە؟»، «مرۆڤەکان چۆن پەیوەندی بە یەکەوە دەکەن؟»، «زمانی مرۆڤ لە چیدا لە گەڵ سیستەمە پێوەندیەکانی گیانداران جیاوازە؟ »، «منداڵ چۆن زمان دەگرێ؟»، «زمانی مرۆڤ چۆن گەشەی سەندووە؟»، «خزمایەتی نێوان زمانەکان چۆنە؟»، «تایبەتمەندیه‌ ھاوبەشه‌کانی زمانەکانی دنیا کامانه‌ن؟»، «مرۆڤ چۆن دەنووسێ و چلۆن زمانی نووسین لێک دەداتەوە؟» و ...

زمان ناسی بەم واتا تازەوە، زانستێکی نوێیە، بەڵام وەک لێکۆڵینەوە لە سەر زمان بۆ چەند سەدە پێش لە زایین دەگەڕێتەوە، یانی ئەو سەردەمەی پانینی ڕێزمانی بۆ زمانی سانسکریت دانا.

لە زمانناسیدا، لە چەند ڕوانگەوە سه‌یری زمان دەکه‌ن: دەنگناسی ، شێوەناسی ، واتاناسی ، ڕستەناسی ، وشەناسی و ھەروەھا بوارەکانی کۆمەڵناسی زمان ، دەروون ناسی زمان ، دەمار ناسی زمان ، زمانناسی داد ، زمان و ژیری و ...

لە بەر ئەوەی زمان دیاردەیەکی گران و ئاستەمی مرۆڤی و کۆمەلایەتیە، لێکۆڵینەوەی ورد و ھەمەلایەنەی زمان، بە بێ کەڵک وەرگرتن لە زانستەکانی تر سەرناگرێ. کەوابوو زمانناسی بێجگە لە باری ناساندن ( تەوسیفی) و بیرۆکەیی زمان، تیشک دەخاتە سەر باری کەڵک ناسی، دەروونناسی، خەڵکناسی، کۆمەڵایەتی، ھونەری، وێژەیی، فەلسەفی و نیشانەناسی زمان. کەوابوو زمانناسی ئەمڕۆ زۆر گۆڕەپانی زانستی دەگرێتە خۆی.

زمانەوان یان زمانناس بەو کەسە دەبێژن کە دەپەرژێتە سەر لێکۆڵینەوەی زانستی زمان، پێچەوانەی بیری باوی کۆمەڵگا، زمانەوان پێویست نیە بە سەر چەن زماندا زاڵ بێ، گرنگ ئەوەیە بتوانێ دیاردەکانی زمانناسی وەک وشە ، بڕگە ، ڕستەناسی و واتا بناسێ و بە جوانی لێکی بداتەوە.لە بیرمان بێ کە کاری زمانەوان ناساندنە ، نەوەک دانان .

کورتە مێژوو[دەستکاری]

پانینی لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین، ڕێزمانێکی چڕوپڕی بۆ زمانی سانسکریت نووسی، بەڵام زمانناسی لە واتای ئەمڕۆدا، لە گەڵ نووسینی کتێبی خولی زمانی گشتی بەرھەمی فردینان دێسوسور دەستی پێکرد. لە دەکانی ١٩٥٠، بیرۆکەکانی نوام چامسکی شۆڕشێکی لەئ بوارەدا بەرپاکرد و بووە ھۆی سەرھەڵدانی ڕێزمانی زایەنی یان ( Generative grammar). چامسکی لە سەر ئەو باوڕەبوو کە بنەما و دانستەکانی زمان لە مرۆڤدا سروشتی و زاتییە، واتە کە فێر بوونی زمان بە شێوەی جێنێتیکی و بۆماوەیی لە مێشکدا داڕێژراوە و ژینگەی منداڵ تەنیا وەک ھاندەرێک لە فێر بوونی زمانی دایکیدا دەوری ھەیە. منداڵ کۆمەڵێک زانیاری لە ژینگەی زمانی خۆی وەردەگرێ و بۆ خۆی دەتوانێ کۆمەڵێک پێکھاتەی تازەی لێ دروست بکات.

شۆڕشه‌کانی زمانناسی[دەستکاری]

چه‌ن خاڵی وه‌رچه‌رخان له‌ مێژووی زانستی زمانناسیدا به‌دی ده‌کرێت.

یه‌که‌مین شۆڕشی زانستی له‌ گۆڕه‌پانی زمانناسیدا ڕابردوو خوازی یه‌، که‌ له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌می زایینی سه‌ری هه‌ڵدا. خاڵی ده‌سپێکی ئه‌م شۆڕشه‌ بۆ 1786 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، کاتێ که‌ ویلیام جۆنز له‌ وتاره‌ به‌ناوبانگه‌که‌یدا ، ده‌قه‌ سانسکریتیه‌کانی له‌ گه‌ڵ فارسی کۆن و لاتین هه‌لسه‌نگاند و وێکچوونه‌کانیانی ده‌رخست و ئه‌م زمانانه‌ی بۆ سه‌رچاوه‌یه‌کی هاوبه‌ش، واته‌ زمانی هیند و ئه‌ورووپایی گه‌ڕانده‌وه‌. دوابه‌دوای ئه‌مه‌ باسی به‌سه‌رهات، خێزان و سه‌رچاوه‌ی زمانه‌کان داهات، زانایانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌ سه‌رگۆڕانکارییه‌کانی زمان له‌ درێژایی مێژوودا ده‌کۆڵینه‌وه‌.

دووھەمین شۆڕش لە زمانناسیدا ، پێکھاتە خوازی بوو، کە فردینان دێسوسور بە دامەزرینەری دەناسرێ. شۆڕشی دووھەم کاردانەوەیەک بوو لە ھەمبەر شۆڕشی یەکەم، ئەوەی سوسور باسی لێدەکرد، بارودۆخی ھاوچەرخە، نە لێکدانەوەی مێژوویی. سوسوور زمانی وەک سیستەمێک لە نیشانەکان دەبینی و زمانناسی لە سەر بنەڕەتی نیشانە دامەزراند، لە ڕوانگەی دێسوسورەوە نیشانە ھەمان وشەیە. ئەم جۆرە زمانناسیە تا پەنجا ساڵ دریژەی سەند.

شۆڕشی سێھەم لە ساڵی ١٩٥٧ ز. لە سەر دەستی نوام چامسکی و لە گەڵ دەربڕینی بیرۆکەی ڕێزمانی جیھانی و زمان فێربوونی مندالان سەری ھەڵدا، ئەم بیرۆکانە بوونە ھۆی دروست بوونی چوارچێوەیەکی گرنگ لە زانستی زمانناسیدا کە بە ڕێزمانی زایەنی ناسرا. لە ڕوانگەی چامسکی، ڕستە یەکەی لێکۆڵینەوە لە سەر زمانە. ئەم ڕوانگەیە لە ١٩٥٧ ەوە تا ئەمڕۆ بە سەر زانستی زمانناسیدا زاڵە.

بەڵام لە دەیەی شەستەوە، جۆرێکی تر ھاتە ئاراوە، کە ناوی شۆڕشی چوارەمی بە باڵای خۆی بڕی. ئەگەر چامسکی یەکەی زمانناسی بە ڕستە دانا، لەم ڕوانگەیەدا یەکەی لێکۆڵینەوە لە زمان وتە یە. چامسکی زمانناسی تێکەڵ بە دەروونناسی و ژینناسی کردبوو، بەلام لەم ڕوانگەیەدا تێکەڵ بە کۆمەڵناسی بووە. شۆڕشی چوارەم دەڵێ: ھەر ڕستە لە دەقێکدا، گەرچی زۆر سادەش بێ، ھەڵگری سێ توێکە:

  • ناوەرۆک ( بابەتی قسە)
    • لە دەربڕینی ئەم ناوەرۆکەدا چۆن مامەڵە دەکات
      • ئەم ڕستەیە وەک پێکھاتەیەکی دەقەکە، چەندە لە پێکھێنانی دەقەکەدا کاریگەرە.

لەم ڕوانگەیەدا وتە گرنگە، ڕستەش ته‌نیا لە ناو دەقدا که‌سایه‌تی هه‌یه‌. گەرچی لە زۆر جێگەدا دەق بە گەورەترین و دیارترین یەکەی زمانناسی دەناسرێت، بەڵام جاری واش ھەیە تەنیا یەک وشە دەتوانێ ببێتە وتەیەکی تەواو.

لقەکان[دەستکاری]

بیرۆکه‌کان[دەستکاری]

ڕێبازەکان[دەستکاری]

زمانناسی له‌ کوردستان[دەستکاری]

بابه‌تی پێوه‌ندیدار[دەستکاری]

سه‌رچاوه‌[دەستکاری]

ویکی‌پدیا-زبان‌شناسی

به‌سته‌ر بۆ ده‌ره‌وه‌[دەستکاری]