بۆ ناوەڕۆک بازبدە

بەرزانی قالەی خەڵووز

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە بەرزانی قالەی خەڵۆزەوە ڕەوانە کراوە)
بەرزانی قالەی خەڵووز
لەدایکبوون١٩٦١
مەرگ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤(٢٠٢٤-٠٦-١٨) (٦٢–٦٣ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگجەڵتەی دڵ
شوێنی گۆڕگۆڕستانی ئابڵاخ، سلێمانی
نیشتەجێیسلێمانی
نەتەوەکورد
پیشەئەکتەر، شانۆکار، میدیاکار، پێشمەرگەی دێرین
تەلەڤیزیۆنکوردسات، گەلی کوردستان، تەلەڤیزیۆنی خاک
حیزبی سیاسییەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ھاوسەرئاشتی
مناڵ(ەکان)ئەمیرە، دارین، داریان


بەرزان قادر ناسراو بە بەرزانی قالەی خەڵووز[١] (١٩٦١ لە سلێمانی[٢] ‒ ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە سلێمانی) پێشمەرگە، میدیاکار[٣] و یەکێک بوو لە ئەکتەرە دیارەکانی باشووری کوردستان، لە چەندین فیلم، دراما و شانۆدا بەشداریی کردووە. ھەروەھا لە چەندین بەرنامەی تەلەڤیزیۆنیدا کاری کردووە، دیارترینیان: بەرنامەی بەرنامە و بەرنامەی کەشکۆڵ بوون، ھەروەھا بەڕێوەبەری ڕادیۆی خاکیش بوو.[٤]ھەروەھا ئەو جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی (١)ی ڕێکخستنی سلێمانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.[٥]

لە ساڵی ١٩٦١ لە گەڕەکی کانی ئاسکانی شاری سلێمانیی لە دایک بووە.[٦] لە بنەڕەتدا خەڵکی ناحیەی گاپیلۆنی ناوچەی شارباژێڕە،[٢] خوێندنی دواناوەندی تەواو کردووە، دوای وازھێنانیشی لەگەڵ باوکیدا کاری کردووە.[٧] پێشتر وەک جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی (١)ی ڕێکخستنی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاری کردووە.[٨] لە ساڵی ١٩٧٩ لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا ڕووی کردووەتە شاخ و بووەتە پێشمەرگە.[١] لە سنووری تیپی ٤٧ی پیرەمەگروون و دەستەی مەکتەبی سیاسی چاڵاک بووە.[٩] لە دوای ڕاپەڕین بەشداری لە بەرنامەی (کەشکۆڵ)دا کردووە و دەورێکی کاریگەری ھەبووە.[١٠] ھەروەھا یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کەناڵی (خاک) و (بەرنامەی بەرنامە). لە ساڵی ١٩٩٨ لەگەڵ ژمارەیەک ھونەرمەنددا بەرنامەکەیان دەست پێ کرد، کۆمیدیا و ڕەخنەیان تێکەڵ بە یەک دەکرد، ناڕەحەتی و نەھامەتییەکانی میللەتی کوردیان بە شێوازێکی پێکەنیناوی باس دەکرد.[٧] لە ساڵی ١٩٩٢ ھاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو (ئاشتی)یدا کردووە و باوکی دوو کوڕ و کچێکە بە ناوەکانی (ئەمیرە، دارین و داریان)، بەڵام داریانی کوڕی بەھۆی نەخۆشییەوە لە ڕیکەوتی ١٢ی تەممووزی ٢٠١٧ کۆچی دوایی کرد.[٨]

ناوبراو سەرەڕای ھەبوونی نەخۆشی شەکرە، لە ماوەی ڕابردوودا تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەم ھۆیەوە لە شاری سلێمانیی لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.[٤] ئێوارەی سێشەممە ڕێکەوتی ١٨ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٤ بەھۆی جەڵتەی دڵ[١١] لە نەخۆشخانەی شاری پزیشکیی فارووق لە شاری سلێمانیی کۆچی دوایی کرد.[١٢] پاشان تەرمەکەی لە گۆڕستانی ئابڵاخ لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسە نزیک و ھاوڕێکانی لەسەر وەسیەتی خۆی لە تەنیشت گۆڕی کوڕەکەیەوە بە خاک سپێردرا.[١٣][١٤]

کەسایەتییە سیاسییەکان و دەمودەزگا چاندییەکانی کوردستان وەکوو قوباد تاڵەبانی، کۆسرەت ڕەسوڵ، لاھور تاڵەبانی، گەلاوێژ ساڵح فەتاح و ھەروەھا مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان،[١٥] بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری سلێمانی[١٦] پەیامی ھاوخەمی و سەرەخۆشیان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری بەرزانی قالەی خەڵووز کرد.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ ئ ا «بەرزانی قالەی خەڵووز کۆچی دواییکرد». rudaw.net. ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
  2. ^ ئ ا «بەرزانی قالەی خەڵووز کۆچی دواییکرد». xendan.org. ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
  3. ^ «ھونەرمەند بەرزانی قالەی خەڵووز کۆچی دواییکرد». bmctv.krd. ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
  4. ^ ئ ا «ئەحمەد جۆڵا: دوێنێ لای بەرزانی قالەی خەڵووز بووم». ava.news. ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
  5. ^ کوردیپێدیا: بەرزانی قالەی خەڵووز (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩؛ سەردان لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
  6. ^ «ھونەرمەند و پێشمەرگەی دێرین بەرزانی قالەی خەڵووز کۆچی دواییکرد». dengubas.net. ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
  7. ^ ئ ا «بەرزانی قالەی خەڵووز.. ئەستێرە ھەمیشە درەوشاوەکەی کۆمیدیای کوردی». channel8.com. ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
  8. ^ ئ ا «ھونەرمەد بەرزانی قالەی خەڵووز کێ بوو؟». bmctv.krd. ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
  9. ^ «ھاوخەمییەکان بۆکۆچیدوایی بەرزانی قالەی خەڵووز». pukmedia.com. ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
  10. ^ «ھونەرمەند و پێشمەرگەی دێرین بەرزانی قالەی خەڵووز کۆچی دواییکرد». speemedia.com. ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
  11. ^ «بەرزانی قالەی خەڵووز کۆچی دوایی کرد». ku.964media.com. ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
  12. ^ «تەرمی ھونەرمەند بەرزانی قالەی خەڵووز بەخاک سپێردرا». rojnews.news. ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
  13. ^ «تەرمی ھونەرمەند بەرزانی قالەی خەڵووز بەخاک سپێردرا». awene.com. ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
  14. ^ «تەرمی ھونەرمەند بەرزانی قالەی خەڵووز لە سلێمانی بەخاک سپێردرا». politicpress.com. ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
  15. ^ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: ھاوخەمییەکان بۆ کۆچی دوایی بەرزانی قالەی خەڵووز (بە سۆرانی)، نووسراو لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.
  16. ^ ٩٦٤ میدیا: بەرزانی قالەی خەڵووز کۆچی دوایی کرد (بە سۆرانی)، نووسراو لە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤؛ سەردان لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.