ھەسارە دەرەکییەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
وێنەیەکی خەیاڵی ھەسارەیەکی دەرەکی

ھەسارەی دەرەوەی خۆر یان ھەسارەی ناخۆر ھەسارەیەکە دەکەوێتە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر و بەدەوری ئەستێرەیەکدا دەسوڕێتەوە (جگە لە خۆر). یەکەم ناسینەوەی زانستیی ھەسارەیەکی دەرەکی لە ساڵی ١٩٨٨ ئەنجامدرا، بەڵام یەکەم پشتڕاستکردنەوە لە ساڵی ١٩٩٢ بوو. لەو کاتەوە و تا ١ی ئایاری ٢٠١٧، ژمارەی ئەو ھەسارەی دەرەوەی خۆر کە دەستنیشانکراون ٣٦٠٨ ھەسارە، کە ٢٧٠٢ ھەساریان لە ٦١٠ سیستەمی ھەسارەی جیاوازدا پشتڕاست کراوەتەوە[١] و ئەم ژمارەیە ڕۆژ بەڕۆژ زیاد دەکات.[٢][٣] لێکۆڵینەوە لە ھەسارە دەرەکییەکان یەکێکە لە بابەتە نوێیەکان لە بواری فەلەکناسیدا و دوو لقی گشتیی دۆزینەوە و تایبەتمەندکردنی ئەو جۆرە ھەسارەیانە لەخۆدەگرێت. یەکەم ھەسارەی دەرەوەی خۆر لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا دۆزرایەوە و لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە جگە لە دۆزینەوەکە، لێکۆڵینەوە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ھەسارانەش دەستی پێکردووە. چاودێریکردنی زەوی و بۆشایی ھەسارەکانی دەرەوەی خۆر کارێکی ئاسان نییە لەبەر دوو ھۆکاری سەرەکی. یەکەم: ھەسارەکان بە گشتی زۆر بچووکن بە بەراورد بە ئەستێرەکان و ھەسارە دەرەکییەکان زۆر دوور لە زەوییەوە ھەڵکەوتوون. شتێکی تر ئەوەیە کە ھەسارەکان و ئەستێرەی خانەخوێیان جیاوازییەکی زۆریان لە ڕووناکیدا ھەیە. بەپێی جۆری ئەستێرەکە و قەبارە و پلەی گەرمی ھەسارەکە، ئەستێرەکە دەتوانێت لە نزیکەی ھەزار بۆ ملیۆن جار لە ھەسارەکانی دەوروبەری گەورەتر بێت؛ بۆیە زۆر ئەستەمە ئەو ڕووناکییەی کە لە ھەسارەکەوە ڕەنگ دەداتەوە لە ڕووناکی لە ئەستێرەکە جیا بکرێتەوە. وەک لێکچونێک، چاودێریکردنی ھەسارەیەکی زەبەلاحی وەک موشتەری لە خولگەی نزیکترین ئەستێرەکانی خۆردا، وەک ئەوە وایە لە تاران بوەستیت و ھەوڵبدەیت چاودێری سەری مێروولەیەک بکەیت کە لە تەنیشت ڕووناکییەکی زۆر ڕووناکەوە لە دوورگەی کیشدا دەڕوات! سەرەڕای ھەموو ئەم سەختییانە، فەلەکناسەکان توانیویانە شێواز و ئامرازەکان بۆ ئاشکراکردن و لێکۆڵینەوە لە تایبەتمەندییەکانی ھەسارە دەرەکییەکان دابھێنن. تا ئێستا نزییکەی شەش شێوازی دۆزینەوە دۆزراونەتەوە، جگە لە یەکێک، لە باقی ھەسارەکەدا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Schneider, J. "Interactive Extra-solar Planets Catalog". The Extrasolar Planets Encyclopedia.
  2. ^ Ferris, Timothy. 2009. "Searching for New Earths - Distant worlds are being discovered. Is one of them like ours?" National Geographic. 216 (6): 78.
  3. ^ The Extrasolar Planets Encyclopaedia