گەردیلە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەتۆمی هیلیۆم

گەردیلە، ئەتۆم، (بە ئینگلیسی : Atom) بچووکترین بەشی ماکە(ماددە) کە تایبەتمەندیی توخمێکی کیمیایی هەبێت.


لە بارەی گەردیلەوە[دەستکاری]

گەردیلە مانای ئەوەیە کە بچوکترین بەشە و بەشی تری لێنابێتەوە، بەدرێژایی مێژوو بیرۆکە یان چەمکی گەردیلە چەند تێڕوانینێکی جیاوازی بەخۆیەوە بینیووە کە گرنگترین خاڵی وەرچەرخان لێرەدا زانینی ئەوەبوو کە بە بارگەی موجەب وبارگەی سالب گەردیلە پێک دێنن، یەکەمین تێڕوانین ئەوەبوو کە گەردیلە شێوەی پرتەقاڵێکی ھەیە کە کرۆکەکەی بەشی موجەب و ناوکەکانیشی بەشی سالب پێکدێنن و وە کە گەردیلە توند و پڕە و ھیچ کەلێنیکی تێدانی یە. لەدواییدا دەرکەوت کە ئەم تێڕوانینە ھەڵەیە و گەردیلە توند و پڕ نی یە و زۆربەی قەبارەکەی کەلێنە و مەسەلەی پرتەقاڵەکەش ھیچ پەیوەندی یەکی بەڕاستی یەوە نیە.

دوای ئەوەی ڕازرفۆرد و دوای ئەویش بۆر ھاتن و چەند گریمانێکی سەرسوڕھێنەریان خستەڕوو کە لەو کاتەدا زۆر ئاڵۆز بوون و پێچەوانەی بیردۆزی کارۆموگناتیسی بوون کە لەوکاتەدا باوبوو، گرنگترینی ئەم گریمانانە پێچواندنی گەردیلەبوو بە کۆمەڵەی خۆر کە تیایدا خۆر ناوکی گەردیلەکە بوو وە ئەستیرەکانیش ئەو ئەلکترۆنانەبوون کە بەدەوری ناوکدا دەخولێنەوە. بۆر چەند بیردۆزێکی لەسەر پەیوەندی نێوان ووزەی ئەلکترۆن و زەبری جوڵەکەی بەدەوری خولگەکەیدا دانا و چەند یاسایەکی بۆ ئەمەش دانا، بەڵام پاشان بۆر مرد و نھێنی ئەوەی کە چۆن گەیشتۆتە ئەم ئەنجامانە بە نەزانراوی مایەوە. دوای ئەمە بیردۆزە نوێ یەکان ھاتنە کایەوە کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشتیان بە شێوەکەی بۆر بەست و چەند ڕاستی یەک و سەلمێندراوێکی تریان بۆ زیادکرد. ئەوەی کەلێرەدا بەلامانەوە گرنگە دوا تێڕوانینە کە زاناکان بۆ شێوەی گەردیلە ‌تێی گەیشتوون و لەمەی خوارەوەدا کورتی دەکەینەوە:

پێکھاتەی گەردیلە[دەستکاری]

ناوک: بارستەی گەردیلەی تێدا کۆبۆتەوە و لە پرۆتۆن بە باری پوزیتیڤ و نۆترۆن بە باری نێتار (یەکسان، بێلایەن) پێک دێت. بارستەی پرۆتۆن و نۆترۆن یەکسانە.

ئەلیکترۆنەکان: باریان نەرێنییە (سالب، بە ئینگلیسی: Negative) و ١٨٣٧ جار بچووکترن لە پرۆتۆن و نوترۆن و بەدەوری ناوکە بار پوزیتیفەکەدا بە خێراییەکی زۆر دەخولێنەوە. بەڵام وەک تێڕوانینەکەی بۆر نییە کە چواندبووی بە خولاندنەوەی ھەسارەکان بە دەوری خۆردا لە خولگەی جێگیر و یەکساندا، بە پێچەوانەوە خولگەکان لە بۆشایی دان و ھەندێکیان خڕن، ھەندێکی تریان تەشیلەیی و چەند شێوەیەکی ئاڵۆزی تر.

ئەم ئەلیکترۆنانە لە بۆشاییدا بەدەوری ناوکدا بە مەودای زۆر دوور لە یەکدی دەخولێنەوە، ئەگەر بۆ نموونە وای دابنێین کە نیوەتیرەی ناوکی ھایدرۆجین ١ سم ە ئەوا تاکە ئەلکترۆنەکەی گەردیلەکە بەدەوری ناوکدا لەدووری نزیکەی ١ کم ەوە دەخولێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە کە بەشی زۆری گەردیلەکە بۆشایی یە. ئەوەی کە لەمە دڵنیامان دەکاتەوە ئەوەیە کە چڕی ناوکەکە زۆر لە چڕی گشتی گەردیلەکە زیاترە.

چڕی بریتیە لە بارستە لەسەر قەبارە، بۆ نموونە چڕی ئاو ١ گم/سم٣ یە، بە واتای ئەوەی کە ئەگەر خشتەکێکی پڕلە ئاو بھێنین کە درێژی ھەر لایەکی ١ سم بێت ئەوا بارستەکەی ١ گم دەبێت. چڕی ناوک یەکسانە بە ٢ ملیۆن تەن/ سم٣. لەنێوان گەردیلەکاندا چڕی توخمی ئۆزمیۆم Os چڕیەکەی دەگاتە ٢٢.٤ گم/سم٣، ئەمەش بەڵگەیەکی ترە بۆئەوەی کە زۆربەی گەردیلە بۆشایی یە.

سروشتی گەردیلەکان[دەستکاری]

سروشتی گەردیلەکان وایە کە بارگەیان ھاوتایە یانی ژمارەی پرۆتۆنە موجەبەکانی ناو ناوک یەکسانە بەژمارەی ئەو ئەلکترۆنانەی کە بەدەوریدا دەخولێنەوە، بەڵام ئەگەر گەردیلەیەک یەکێک یان زۆر تر لە ئەلکترۆنەکانی خولگەی دەرەکی وون بکات ئەوە دەگۆڕڕێت بۆ ئایۆنی موجەب چونکە ژمارەی پرۆتۆنەکان زیاتر دەبێت. خۆ ئەگەر بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەلەکترۆنێک یان زۆر تر وەربگرێت واتە یەکێک بۆ ئەلەکترۆنەکانى خولگەى دەرەکى زیاد بکات دەبێتە ئایۆنی سالب دەبێ ئەوەش بزانین کە نیوترۆنە بارگە ھاوتاکان ھەرگیز کارناکەنە سەر بارگەی گشتی گەردیلەکە.

جیاکردنەوەی گەردیلەکان[دەستکاری]

گەردیلەی توخمە کیمیاویەکان بە جیاوازی ژمارەی پرۆتۆنەکانی ناو ناوکیاندا لە یەکتر جیادەکرێنەوە و ئەم ژمارەیە پێی دەوترێ ژمارەی گەردیلەیی. بۆنموونە ژمارەی گەردیلەیی ھایدرۆجین یەکسانە بە یەک چونکە ھایدرۆجین تەنھا یەک پرۆتۆنی تێدایە، وە ژمارەی گەردیلەیی ئۆکسجین یەکسانە بە ٨ چونکە ژمارەی پرۆتۆنەکانی ناو ناوک ٨ دانەیە.

دووری گەردیلەکان[دەستکاری]

دووری گەردیلەکان بەشێوەیەکی گشتی لە پلەی ١٠-١٠م ی و ١٠-١٤م ی دایە، وەبەھۆی زۆر بچوکی گەردیلە و قورسی مامەڵەکردن لەگەڵ چەند دانەیەکی کەمدا یەکەیەکی تر بەکاردێت کە پێی دەوترێت مۆڵ ھەر مۆڵێکیش یەکسانە بە ژمارەی ئەڤۆگادرۆ لە گەردیلە، ژمارەی ئەڤۆگادرۆش زۆر گەورەیە و یەکسانە بە ٦.٠٢٢x١٠٢٣. بۆ ئەوەی گەورەی ئەم ژمارەیە بێنینە پێش چاوی خۆمان ئەم ژمارەیە یەکسانە بە ژمارەی ھەموو ئەو دەنکە برنجانەی کە لە ماوەی ٤٠ملیۆن ساڵدا لە ھەموو جیھاندا بەرھەم دێن.