کۆدەکەی دا ڤینچی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
بەرگی چاپی کوردی

کۆدەکەی داڤینشی ڕۆمانێکی نھێنی ئامێزە لە نووسینی دان بڕاونە و لە ساڵی ٢٠٠٣ دەرچووە. ڕۆمانەکە بە چیڕۆکێکی نھێنی ئامێز لە ساتی کوشتنی بەڕێوبەری مۆزەخانەی لۆڤەرەوە دەستپێدەکا و لە دواساتەکانی ژیانی چەند تێبینییەک بەجێدەھێڵێ. لەگەڵ تێبینییەکاندا ڕۆبەرت لانگدنی ھێماناس و پرۆفیسۆری ھارڤارد تێوەدەگلێ و لەگەڵ سۆفی نیڤوی پۆلیسی کۆدشکێن و نەوەی بەڕێوبەری کوژراو، دەکەونە نێو جەنگێکی سەدەھا ساڵەی دەسەڵاتدارانی کریستیانی و مریدانی سایۆنەوە. ڕۆمانەکە لە ئامارێکی ساڵی ٢٠٠٩دا دەرکەوت کە ٨٠ میلیۆن دانەی لێ فرۆشراوە و وەرگێڕدراوەتە سەر ٤٤ زمان و لە ٢٠١٦شدا وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی. لە ساڵی ٢٠٠٦یشدا فیلمێک بە ھەمان ناو دەرکرا کە چیڕۆکەکەی لە کتێبەکە وەرگیراوە و لە نواندنی ئەکتەری ناودار تۆم ھانکسە.

چیڕۆکی ڕۆمانەکە[دەستکاری]

ئەمجارەیان ڕۆبەرت لانگدن لە فەڕەنسا دەدۆزینەوە. لەخۆوە و لەوگۆڕە چاوش دێنە دووی و گاسی دەکەن بۆ ئەوەی ڕوودانی کوشتنی بەڕێوبەری مۆزەی لۆڤەر ببینێ و ھۆکارەکەی دیاریبکا. لەوێوە، ئافرەتێکی بلیمەت دەناسێ بەناوی سۆفی نیڤو کە پۆلیسێکی کۆدەشکێنە و لە ھەمانکاتدا نەوەی بەڕێوبەری کوژراوە. بێ ئەوەی بیانەوێ زنجیرەیەک ڕووداوی تراژیدی و ناخۆش دێتە ڕێیان و ئەوانیش بەخۆیان و مێشکە بلیمەتەکانیانەوە چارەسەر دەدۆزنەوە. ھەتاوەکو ئەوەیان بۆ دەردەکەوێ کە کەوتوونەتە نێو گێژاوێکی زۆر قووڵ. گێژاوی جەنگێکی مێژوویی. جەنگێک کە سەدان ساڵە بوونی ھەیە و ھەتا ئێستاکەش کۆتایی نەھاتووە. جەنگێک لە نێوان دەسەڵاتدارانی مەسیحی و مریدانی سایۆنەوە. مریدانی سایۆن ئەو دەستەیەی کە سەدان ساڵە دامەزراوە و پارێزگاری لە نھێنییەکی زۆر گرنگ دەکەن. لانگدنیش، بە یارمەتی سۆفی و کۆنە ھاوڕێی سێر لای تیبینگ، لە ڕێی چەند تابلۆیەکی داڤینشییەوە دەبێ ئەو نھێنییە بدۆزنەوە، بەڵام چەندین لەمپەر دەکەوێتە پێشیان. لە ڕێگەی ئەم ڕۆمانە و بە درێژایی چیڕۆکەکە ئاشنای چەندین ڕووداوی مێژووی دەبین. ماری ماجدەلینا کێیە؟ ئایا عیسا کوڕی خوابوو، یان مرۆڤێکی ئاسایی؟ ئایا عیسا ھاوسەرگیری کرد و منداڵی ھەبوون؟ وەڵامی ھەموو ئەم پرسیارانە لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە دەستدەکەون. دین چییە، ئەرێ پێش سەرھەڵدانی ئەو سێ دینە بەربڵاوەی جیھان (جولەکایەتی، کریستیانێتی، ئیسلام) ئاین چ شەقڵێکی بەخۆیەوە گرتبوو، لە دینە سەرەتاییەکاندا چی بە چەق، بە کرۆک و ماک دادەندرا؟ ڕۆڵی ژن، وەک مێینە، وەک شتێک توانای ئافەریدەکردنی شتی دیکەی ھەبێ، چۆن بیندراوە؟ ئایا لەبەر سەرھەڵدانی دەسەڵاتی پیاوسالاری لە ڕێی ھەر سێ دینەکانە، لەبەر سەرکوتکردن، گرتن، ڕاوەدوونان، کوشتن و سوتاندن. بیرمەندان، ھونەرمەندان، ئەندازایاریان پەنایان نەبردۆتە بەر نیشانە و ھێما کۆنەکان و لەگەڵ ھی ئەمڕۆیان تێھەڵکێش کردبێ؟ شتێک تامی ھەردوو بەرەکەی لێبێ؟ کۆدەکەی داڤینشی لەڕێی ئەو کۆدانەوە، یەک بەیەکی مەتەڵەکان ھەڵدێنێ، بۆ ئەوەی ژیانی عیسای مەسیح وەک مرۆڤێکی ئاسایی نیشان بدا، بۆئەوەی مەزنێتی ئەو پیاوە و ڕۆڵی مێژووینی خۆی بخاتەوە چوارچێوە سروشتییەکە، بۆئەوەی ئەو ئاکارە خوایەتییە و ئاسمانییەی لێدابماڵێ و ئینجیلەکان بە دەستکردی مرۆڤ بزانێت و لەوێشەوە پەلوپۆ بۆ سەرجەم دیینەکان بھاوێژێ. یان بە واتایەکی دیکە پێوەری بە مرۆڤایەتیکردنی دیین و پێغەمبەرەکانیان دابڕێژێتەوە و بیانخاتەوە سەر ڕێڕەوە ڕاستەقینە مێژووینەکەی خۆیان، نەوەک ئەو تێگەیشتنە لە ئاوەز بەدەرەی کە پێی دەگوترێ ئیمان.

بە کوردی[دەستکاری]

ڕۆمانەکە لە ٢٠١٦دا لەلایەن شەفیقی حاجی خدرەوە لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕدرایە سەر کوردی و ناوەندی ئاوێر چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • چاپی وەرگێڕدراوی کوردی.
  • ویکی ئینگلیزی، دوایین دەستکارییەکانی ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦‏