کاراتێ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کاراتێ
Karate
空手
کاراتێدۆ
هەروەها ناسراوە بەKarate-dō) 空手道) (کاراتێدۆ)
پشت بەستن بەهێرش بردن
سەختیبەکارهێنانی هەموو لەش یان بەکارنەهێنانی
وڵاتی سەرچاوەشانشینی ریوکیۆ ، یابان ، بەشێکیش لە چین
داهێنەرساکوکاوا کانگا
ماتسومورا سۆکۆن
ئیتۆسو ئانکۆ
ئاراکاکی سیشۆ
هیگائۆنا کانریۆ
گیچین فوناکۆشی
مۆتۆبو چۆکی
خێزانهونەرە جەنگیەکانی چین
یاری ئۆڵمپیلە ساڵی (٢٠٠٥) هەڵنەبژێردراوە بۆ (٢٠١٢) یان لە ساڵی (٢٠٠٩) هەڵنەبژێردراوەبۆ (٢٠١٦).
ماڵپەڕی سەرەکیhttp://www.wkf.net/


کاراتێ یان کاراتێ-دۆ وشەیەکی لێکدراوی ژاپۆنی یە،‌ بە مانای ڕێگای دەستی بەتاڵ (کارا: بەتاڵ، تێ: دەست، دۆ: ڕێگا، ھونەر،ڕشتە، جۆر) کە رێگایەکە لە ‌جۆرەکانی‌ ھونەری بەرگری لەخۆکردن. چ لە بواری فیزیکی و دەروونیەوە، کەوا لەمرۆڤ دەکات، بتوانێت زاڵ بێت بەسەر ھەموو کۆسپ تەگەرەکان، ‌لە کاتی بەرگری لەخۆکردن و ھێرشبردنە سەردوژمنان. وە توانای ئەوەی ھەبێت کە بتوانێت پەیوەندییەکی زۆر بەھێزوبەتین پەیدا بکات لەنێوان لەش، مێشک، ھۆش، بیرو ماسولکەکانی لەش، لەکاتی گرژی و ھەڵچوون و داچووندا. کە بەشەکانی یاری کاراتێ- دۆ بریتین لە:

  1. راھێنانی لەش وبەھێزکردنی ماسولکەکانی
  2. بەرگری لەخۆکردن لەکاتی پێویستدا
  3. وەرزش و پێشبرکێکردن بۆ ھاندانی ڕۆڵی وەرزشی
  4. چاڵاکی‌ فۆرمەکان بە ھەموو لایەنەکانییەوە
  5. جۆرەکانی ژیان و پێکەوە ژیان
  6. فێربوونی جوڵانەوەکان و ھونەرەکانی (ھونەری جەنگ- مارشیال ئەرتس)
  7. راھاتنی لەش لەسەر باری گرژی و خاوی
  8. چۆنییەتی ھەناسە دان و وەرگرتن
  9. بڕوا بوون بە خۆو دانبەخۆداگرتن
  10. دوورکەوتنەوە لەشەڕی لاوەکی و خۆپاراستن

مێژوو[دەستکاری]

ئەم ھونەرە سەرچاوەکەی دەگەرێتەوە بۆ مێژوویەکی دێرین. کە لە ھیندستان لەسەر دەستی تامۆداروما تاشی (بودید ھارما) پەرەیپێدراوە، لە کڵێساوپەرستگاکاندا بەکارھاتووە. بۆ بەھێزکردنی لەش و مێشکی موریدەکان، بۆ ئەنجامدانی کاری خوداپەرستی و بەرگریکردن لە خۆو، کڵێسا و دابونەریتەکانیان. لە ساڵانی ٣٠٠ ی زایینی لە ھیندستان بەرچاو بووە، دواتر بەرەوناوەراستی چین گوازراوەتەوە. لە ساڵی‌ ٥٠٠ی زایینی بەرەو وڵاتانی ئاسیاو دەوروبەری.

ئەم ھونەرە لەوڵاتی چین‌ پەرەیپێدراوەو پێشکەوتووە‌. چونکە دەستەڵاتدارەکانی ئەوسەردەمە ھەموو جۆرەچەکێکیان لەخەڵکانی ئەم ناوە قەدەغەکردبوو، لەکاتی شەڕکردن لەگەڵ یەکتری، بۆیە ئەوانیش لەکاتی ململانێدا لەگەڵ یەکتر پەنایان بۆ جۆرەھا چەکی کوشندەتر دەبرد وەک؛ ئەو دارو داس، چەقۆ، پەت و گوریس، شیر، ڕم و تیروکەوانە ھتد..کە ڕۆژانە لە کێڵگەو دەریاکاندا کاریان پێدەکرد. ھەر لەوێوەش بەرەو دورگەی ئۆکیناوا-ی ژاپۆنی ھاتووە.‌ لەسەردەستی چەندین مامۆستاو راھێنەرو پسپۆڕانی ئەم بوارە، لەوسەردەمەدا‌ گرنگی پێدراوە.

لە ساڵی ١٩٠٠ی زایینی لە دوڕگەی ئۆکیناوا یاری کراوە لەجۆری (ناھا-تێ، شوری-تێ و تۆماری-تێ ) کە مامۆستا جیگۆڕۆ کانۆ (١٨٦٠-١٩٣٨) (داھێنەری یاری جو- دۆ) باشترین و بەھێزترین کەسایەتی ئۆکیناوا بووە لەوسەردەم وبوارەدا‌، کە خاوەنی قوتابخانەی کۆ-دۆ-کان بوو. خۆی ئامادە کردبوو کە ئەم یاریە بگوازێتەوە بۆ ژاپۆن.

بەڵام لەناکاوێکدا زۆرچالاکانە مامۆستایەکی ئۆکیناوایی، ھونەری جەنگی و کوشتاری و مامۆستای قوتابخانە گیچن فوناکۆشی‌، لەساڵی ١٩٢٢ بە خۆیی و ڕشتە جوانەکەی بەناوی شوری- تێ گەیشتە تۆکیۆ- ژاپۆن. زۆر خێرای توانی جێگەی خۆی لەنێو دڵی ژاپۆنییەکاندا بکاتەوە، تاوەکو لە ساڵی ١٩٣٠ بەڕەسمی-فەرمی دانیان پێداناو لە گشت دامودەزگاکانی میری و مەدەنی کاریان بۆ دەکرد. بەتایبەتی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی فێرکردن زۆر گرنگی پێدرا. لەدوای جەنگی جیھانی دووەمەوە ئەم یارییە بەرەو زۆربەی وڵاتانی جیھان گوازرایەوە.

ئەوەبوو لە کاتی مامۆستا (سەنسەی) گیچن فوناکۆشی ئەم یارییە بەتەواوی گۆڕانی بەسەرداھاتوو بە فۆرمێکی زانستییانە ھا‌تە مەیدان، تێکەڵ بە بواری خوێندن و زانکۆکان کرا، بۆیە تاکو ئێستا ئەم پیاوە بە دامەزرێنەری یاری کاراتێ- دۆ (شۆتۆکان) دادەنرێت لەجیھاندا کە بە خۆیی و کوڕەکەی (یۆشی-تاکا) زۆر لە ھەوڵ و خەمی ئەم ھونەرەبوون. یۆشی-تاکا لە کۆتایی جەنگی جیھانی دووەم کوژرا و یانەکەشیان بۆردومان کراو سوتێنرا لەلایەن دوژمنانی ژاپۆنەوە، کە ئەمە بووە ھۆی لێکەوتنی زیانێکی زۆرگەورە لە سەنسەی فوناکۆشی (١٨٦٨-١٩٥٧) وموریدانی ئەوڕێبازە لەسەرتاسەری جیھان.

جۆرەکانی[دەستکاری]

زۆر جۆری کاراتێ ھەیە ، کە ھەر یەکێکیان بۆ مامۆستایانی قوتابخانەیەک دەگەڕێتەوە . وە لە ھەموویان ناودارترو و بڵاو تر (شۆتۆکان)ــە ، کە ئەتوانرێ بوترێ سەر بە مامۆستای (Sensei) فۆناکۆشیە ، ھەوروەھا قوتابخانەیەک ھەیە بەناوی (کیۆکۆشینکای)، کە تارادەیەک ڕەق و توند و تیژن ، ئەمە جگە لە قوتابخانەی (گۆرجۆریۆ) کە گرنگترین نوێنەریان مامۆستا (سانسای شۆجۆن میاجی)یە. کاراتێ بە لێدانی توند و تێک شکێنەر جیائەکرێتەوە، بەڵام زۆرانبازی بەلێدان و تێھەڵدانە سەر زەوی و سوڕاندنی جومگە و فریشک جیا ئەکرێتەوە. مەشق کردنەکەشی دابەش ئەبێ بۆ سێ بوار : کەیھۆن و کاتا و کۆمیتی. ( کەیھۆن : مەشق کردنی جوڵە سەرکییەکانی کاراتێ یە، کاتا : زنجیرێک جوڵەیە ، کۆمێتی: بەمانای شەڕ کردن دێت).

کاراتێ بە بڵاوترین ھونەری شەڕکردن ئەژمێردرێت لە دوای تایکواندۆ لە جیھاندا ، ئەمیش بەھۆی گەشت کردنی قوتابیە لێزانە ژاپۆنیەکانی (مستەر فونا کۆشی جیچین فونا کۆشی) بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی ئەم ھونەرە لە ھەموو جیھاندا ، بۆ نموونە تەنھا لە میسر (٤٦٠،٠٠٠) یاریزانی کاراتێ ھەیە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]