بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ژیری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ژیری بە گەلێک تایبەتمەندی و لێھاتوویییەوە ئەناسرێت: مەنتیقی بوون و بە بەڵگەوە قسەکردن، تێگەیشتوویی، خۆئاگایی، زوو شت فێربوون، ناسینی کوڵوکۆ و ھەستەکانی دەروون و زاڵ بوون بەسەریاندا، ئاوەزین، بەبەرنامە بوون، داھێنەر بوون، بە ھەڵسەنگاندنەوە بیرکردنەوە و، چارەسەر دۆزینەوە بۆ پرس و گرفتەکان.

ژیری زۆرتر لە ئینساندا لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەکرێ بەڵام لە گیانلەبەرانی تریشا ھەیە.

ژیریی دەستکرد بریتییە لە ژیریەتی لە مەکینەکاندا (زیاتر سیستمە کۆمپیوترییەکان) کە بە بەکارھێنانی نەرمامێر و ڕەقامێری تایبەتەوە پێک ئەھێنرێت.

وشەڕەتناسی

[دەستکاری]

ژیر لە ڕیشەی پرۆتۆئێرانیی *jī-ra- بە مانای گورج و گۆڵ و چالاکە. وشەکانی زیرەک و زرینگ -یش ھەر لەم ڕیشەنە. لە کوردیی باکووریدا ژیرەک -یشی پێ دەوترێ کە زۆر نزیکە بە زیرەکەوە. لە زازاکیدا بووە بە چێر. لە ھەورامیدا ھەر وەک ناوەندی ھەر ژیرە.[١]

پێناسەکان

[دەستکاری]

لە بابەت پێناسەی ژیرییەوە مشتومڕ زورە.[٢] ساڵی ١٩٩٤ لە داخویانییەکدا لە ژێر ناوی Mainstream Science on Intelligence کە لە واڵ ستریت ژورناڵدا بڵاو بووەوە و ٥٢ لێکۆڵەر ئیمزایان کرد، ژیری ئاوەھا پێناسە کرابوو:[٣]

«توانستێکی زەینیی زۆر گشتی کە، وێڕای شتانی تر، تواناییی ئاوەزان، داڕشتنی پلان و بەرنامە، چارەسەرکردنی پرس و کێشەکان، بیرکردنەوە بە شێوەی دەرھەست، تێگەیشتن لە ھزر و ئەندێشەگەلی دژوار، گورج فێربوون و، پەند گرتن لە ئەزموون و بەسەرھاتەکانیش ئەگرێتەوە. تەنیا ڕاھاتن بە کتێب نییە، یا لێزانییەکی زانستگاییی بەرتەسک، یا زرینگی لە تێست لێداندا. بەڵکوو ڕەنگدانەوەی لێھاتوویییەکی بەربڵاوتر و قووڵترە کە ڕێمان بۆ خۆش ئەکا تا زانیاری لەمەڕ دەوروبەرمانەوە وە چنگ بخەین، خۆمان تێ بگەیەنین، شتەکان لەگەڵ ئەقڵا وە خوێندن بێنین، یا کارێ کە ئەبێ بکرێت دەسنیشان بکەین.»

ساڵی ١٩٩٥یش لێژنەی کاروباری زانستیی ئەنجومەنی دەروونناسانی ئەمریکا ڕاپۆرتێکی لە ژێر ناوی Intelligence: Knowns and Unknowns -دا بڵاو کردەوە کە تێیدا ھاتبوو:[٤]

«تواناییگەلێک وەک: لە ھزر و ئەندێشەی ئاڵۆز تێگەیشتن، بە شێوەی کاریگەر خۆ لەگەڵ ژینگەدا ڕێکخستن، لە ئەزموون و بەسەرھات پەند گرتن، بە شێوازە جۆراوجۆرەکانی ئاوەزانەوە خۆ سەرقاڵ کردن، بە تێفکرین و بیرکردنەوە بەسەر کۆسپەکاندا سەرکەوتن، لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی تر جیاوازییان ھەیە. گەرچی ئەم جیاوازییانە ئەتوانن بنچینەیی بن بەڵام ھیچکات بەتەواوی پاوەجێ نابن. واتە: پێرفۆرمانسی زەینیی کەسێکی دیاریکراو لە ڕێکەوتە جیاجیاکان و لە بوارە جیاجیاکاندا و کاتێ کە بە پێوانەگەلی جیاجیا بپێورێت، ئەگۆڕێت.

تێگەیشتەگەلێ کەوا بە ناو ژیرییەوە ئەکەونە بەر باس ھەوڵێکن بۆ ڕوونکردنەوە و ڕێکوپێککردنی ئەم کۆمەڵە دیاردە ئاڵۆزکاوە. ئەگەرچی لە بڕێ شوێنا بابەتەکان بەباشی ڕوون بوونەتەوە، بەڵام ھێشتا ھیچ تێگەیشتەیەکی وا کە وەڵامی گشت پرسیارەکان باتەوە و جێی پەسەندی ھەمووان بێ شێوەی نەگرتووە. ھەر بۆیە، کاتێ لەم دواییە لە بیست و چوار تیۆریستی سەرامە و بەناوبانگ داوا کرا ژیری بناسێنن، بیست و چوار پێناسەی تا ڕادەیەک جیاوازیان پێشکەش کرد.»

ھەوارد گاردنەریش کە یەکێک لە ناوە دیارەکانە لە لێکۆڵینەوە لە بابەت ژیرییەوە ئەڵێ:[٥]

«لە ئینساندا، لێوەشاوەیییەک کە لە ژیریەتییەوە سەرچاوە بگرێ ئەبێ کۆمەڵێک لێزانی و وەستایی لە شیکردنەوەی پرسەکان و چارکردنی گیروگرفتەکاندا بە دوای خۆیدا بێنێ — کە بە ھۆیەوە ئینسان بتوانێ بۆ چارکردنی ئەو تەنگوچەڵەمە و دژوارییانەی دێنە سەر ڕێگەی دەست بە کار بێ و، لە کاتی گونجاودا بەرھەمێ بخولقێنێ کە بە کار بێت — ھەروەھا ئەبێ ئامادەیی بۆ دۆزینەوە یان تەنانەت خولقاندنی گیروگرفتیش بە دوای خۆیدا بێنێ — کە بە ھۆیەوە بنەڕەتێک دامەزرێ بۆ دەستخستنی ناسیاری و مەعریفەتی تازە.»

ئەمانەش ببینە

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ نانەوازادە، عەلی (2021). فەرھەنگی ڕیشەی وشەی کوردی. Vol. بەرگی چوار. p. 294.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)
  2. ^ A Collection of Definitions of Intelligence. Vol. 157. 2007. pp. 17–24. ISBN 9781586037581. {{cite book}}: پارامەتری نەناسراوی |booktitle= چاوپۆشیی لێ کرا (یارمەتی)
  3. ^ Gottfredson، Linda S. (1997). «Mainstream Science on Intelligence (editorial)» (PDF). Intelligence. 24: 13–23. doi:10.1016/s0160-2896(97)90011-8. ISSN 0160-2896. لە 22 December 2014 لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە (PDF). {{cite journal}}: |ref=harv نادروستە (یارمەتی); نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |archivedate= (یارمەتی)
  4. ^ «Intelligence: Knowns and unknowns» (PDF). American Psychologist. 51 (2): 77–101. 1996. doi:10.1037/0003-066x.51.2.77. ISSN 0003-066X. لە 28 March 2016 لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە (PDF). لە 9 October 2014 ھێنراوە. {{cite journal}}: |ref=harv نادروستە (یارمەتی); نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |accessdate= و |archivedate= (یارمەتی)
  5. ^ Frames of mind: The theory of multiple intelligences. New York: Basic Books. 1993. ISBN 978-0-465-02510-7. OCLC 221932479. {{cite book}}: پارامەتری نەناسراوی |authormask= چاوپۆشیی لێ کرا (|author-mask= پێشنیار کراوە) (یارمەتی)