پەیماننامەی نەھێشتنی ھەموو جۆرەکانی جیاکاری بەرامبەر ئافرەتان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

(پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری بەرامبەر ئافرەتان - Convention on the Elimination of all Forms of Discrimination Against Women  - CEDAW  ) بریتییە لە ڕێکەوتنامەیەکی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی ١٩٧٩ دا لەلایەن (ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان - United Nations General Assembly )ەوە پەسەندکراوە. ئەم پەیمانامەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە یاسای مافەکانی ئافرەت ناسراوە و لەلایەن ١٨٩ وڵاتەوە دانی پێدانراوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری پالاو ڕێکەوتنامەکەیان واژۆ کردووە بەڵام دانیان پێدانەناوە و وڵاتەکانی (ئێران، سۆماڵیا و تۆنگا)ش بە هیچ جۆرێك واژۆکەری پەیمانامەکە نیین. پێگەی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە لەلایەن (هیلاری گبیدێما)ەوە بەڕێوەدەبرێت.[١]

زمانە فەرمییەکانی ئەنجوومەنەکە بریتییە لە ئینگلیزی، عەرەبی، فەڕەنسی، ڕووسی و ئیسپانی کە هەر لێدوان و بڵاوکراوەیەك بە هەر زمانێکیان بڵاوبکرێتەوە ئەوا یەکسەر وەردەگێردرێتەوە سەر هەر چوار زمانەکەی دیکە. ئەگەر وتەبێژێکی ئەنجوومەنەکە نەتوانێت بە یەکێك لەو زمانە فەرمیانە بدوێت ئەوا وەرگێرێکی بە ئەزموونی بۆ دادەنرێت. هەموو بڕیار و بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە دەردەچێت بە هەر چوار زمانەکە بەردەست دەبێت. یاسای ڕێکارەکانی سەرەتا کە لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە پەیڕەو دەکرا زمانی عەرەبی لەخۆنەدەگرت وەك زمانێکی فەرمی بەڵام دواتر لە کۆبوونەوەی دووەمی ئەنجوومەنەکەدا یاساکە هەموارکرایەوە بۆ زیادکردنی زمانی عەرەبی.[٢]

بەشە و بەندەکانی پەیمانامەکە[دەستکاری]

پەیمانامەکە لەڕووی بنیادەوە هاوشێوەی (ڕێکەوتنامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری نەژادیی - Convention on the Elimination of All Forms of Racial Discrimination )ە، لە هەردوو لایەنی مەودای پابەندییەکان و ڕێکارەکانی چاودێری کردنی نێودەوڵەتییەوە.[٤] پەیمانامەکە لە شەش بەش پێکهاتووە و ٣٠ بەند لەخۆدەگرێت.[٣]

بەشەکان

بەشی ١ (بەندی ١-٦) جەخت دەخاتە سەر جیاکاری نەکردن، جۆرە نموونەییەکانی ڕەگەزیی و بازرگانی کردن بە سێکسەوە.

بەشی ٢ (بەندی ٧-٩) هەڵدەستێت بە دیاریکردنی مافەکانی ئافرەتان لە ناوەندە گشتییەکان و جەخت کردنە سەر ژیانی سیاسی، نوێنەرایەتی کردن و مافە نەتەوەییەکان.

بەشی ٣ (بەندی ١٠-١٤) هەڵدەستێت بە باسکردنی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئافرەتان و بەتایبەتی جەخت خستنە سەر پەروەردە، هەلی کار و تەندروستی. بەشی ٣ بەهەمان شێوە چەند پارێزگارییەکی تایبەتی لەخۆدەگرێت بۆ ئافرەتانی ناوچە گوندنشینەکان و ئەو کێشانەی ڕووبەروویان دەبێتەوە.

بەشی ٤ (بەندی ١٥ و ١٦) هەڵدەستێت بە دەستنیشانکردنی مافەکانی ئافرەتان بۆ یەکسانی لە ژیانی هاوسەرگیری و خێزانی دا لەگەڵ مافی یەکسانی لەبەردەم یاسادا.

بەشی ٥ (بەندیی ١٧-٢٢) هەڵدەستێت بە دامەزراندنی (ئەنجوومەنی نەهێشتنی جیاکاری - Committee on the Elimination of Discrimination ) بەرامبەر بە ئافرەتان لەگەڵ ڕێکارەکانی هەواڵدانی وڵاتانی ئەندام.

بەشی ٦ (بەندی ٢٣-٣٠) هەڵدەستێت بە باسکردنی کاریگەرییەکانی پەیمانامەکە لەسەر ڕێکەوتنەکانی دیکە، پابەندێتی وڵاتانی ئەندام و بەڕێوبەردنی پەیمانامەکە.

بەندەکان

بەندی ژمارە ١: هەڵدەستێت بە پێناسەکردنی جیاکاری دژی ئافرەتان.[٤]

بەندی ژمارە ٢: هەڵدەستێت بە پابەندکردنی وڵاتانی ئەندام کە یەکسانی ڕەگەزیی تێکەڵ بە یاسا ناوخۆییەکانی وڵاتەکانیان بکەن و هەموو هەمووارە جیاکاریخوازەکان لاببەن و هەمواری نوێ دەربکەن دەربارەی پارێزگاریکردن دژی ئەنجامدانی جیاکاری بەرامبەر بە ئافرەتان.[٥] هەروەها وڵاتانی ئەندام دەبێت هەستن بە دامەزراندنی و ناوەندە دادوەری و گشتییەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە کاریگەریی پارێزگارییەکان و هەموو ڕێگایەك بگرنە بەر بەمەبەستی نەهێشتن و بنبڕکردنی هەموو جۆرەکانی جیاکارییە ئەنجامدراوەکانی بەرامبەر ئافرەتان لەلایەن تاکەکەس، ڕێکخراو و دامەزراوەکانەوە.

بەندی ژمارە ٣: داوا دەکات لە وڵاتانی ئەندام هەستن بە دڵنیابوونەوە لە مافە سەرەکییەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکانی ئافرەتان لەسەر بنەمای یەکسانێتی لەگەڵ پیاوان لە بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کلتوورییەکانەوە.

بەندی ژمارە ٤: تێبینی دەکات کە جێبەجێکردنی ڕێکاری تایبەت کە ئامانجاکەی خێراکردنی یەکسانی نێوان ژن و پیاوان بێت بە جیاکاری دانانرێت و هەروەها پارێزگاری و گرنگی تایبەت بۆ ئافرەتانی دووگیان و دایکان بە جیاکاری ڕەگەزیی دانانرێت.

بەندی ژمارەی ٥: پێویستە لەسەر وڵاتانی ئەندام کە هەستن بە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان بۆ لەناوبردنی ئەو پێشدادوەری و دیاردە باوانەی بۆچوونی باڵادەستی و كه‌م ئاستی ڕەگەزەکانیان تێدا هەیە.هەروەها داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات هەستن بە ناساندنی بەرپرسیارێتییەکانی ژنان و پیاوان لە بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکانیان دا.

بەندی ژمارە ٦: وڵاتانی ئەندام پابەند دەکات کە هەستن بە گرتنەباری هەموو ڕێکارێك بە ڕێکارە یاساییەکانیشەوە بۆ نەهێشتن و بنبڕکردنی تەواوەتی بازرگانی کردن بە ئافرەتان و سوودلێ بینینیان لە بارزگانی لەش فرۆشی دا.

بەندی ژمارە ٧: هەڵدەستێت بە دڵنیابوونەوە لە یەکسانی بەرامبەر ئافرەتان لە ژیانی سیاسی و گشتی دا و هەروەها تیشك خستنە سەر یەکسانی لە (دەنگدان، بەژداری کردن لە حکومەت و بەژداری کردن لە ڕێکخراوە ناحکومی و ئەو دامەزراوانەی پەیوەستدارن بە ژیانی گشتی  و سیاسییەوە لە وڵاتەکەدا.

بەندی ژمارە ٨: دووپاتی دەکاتەوە کە وڵاتانی ئەندام دڵنیادەبنەوە لە یەکسانی ئافرەتان لە دەرفتەکانی نوێنەرایەتی کردنی حکومەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بەژداری کردنیان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دا.

بەندی ژمارە ٩: وڵاتانی ئەندام پابەند دەکات کە هەستن بە پێدانی مافی گۆرین یان هێشتنەوەی ناسنامە نەتەوەییەکانیان شان بە شانی پیاوان و هەروەها پێدانی مافی یەکسانی نەتەوەیی بە منداڵەکانیان.

بەندی ژمارە ١٠: دەرفەتی یەکسانی پەروەردە بۆ خوێندکارانی کچ بە پێویست دەزانێت و هانی پەروەردەی هاوبەش دەدات لەگەڵ دابینکردنی بەدەستگەیشتنی یەکسان بە ده‌رماڵه‌ خوێندن و کەم کردنەوەی رێژەکانی وازهێنانی خوێندکارانی کچ لە خوێندن.

بەندی ژمارە ١١: دەستنیشانکردنی مافی کارکردنی ئافرەتان وەك مافێکی مرۆڤی نەگۆراو و چەسپاو. بەندەکە داوای (داهاتی یەکسان بۆ کاری یەکسان، مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، مۆڵەتی بەمووچە و مۆڵەتی دایکایەتی) دەکات. دەرکردن یان دوورخستنەوە لەسەر بنەمای دایکایەتی، دووگیانی یان بارودۆخی هاوسەرگیری بەهەموو شێوەیەك قەدەغەکراو دەبێت.

بەندی ژمارە ١٢: دامەزراندنی پابەندی وڵاتانی ئەندام بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی گونجاو بۆ نەهێشتنی جیاکاری دژی ژنان لە بواری خزمەتگوزاری تەندروستی دا بۆ دڵنیابوونەوە لە توانای ئافرەتان لە بەدەستگەیشتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و بەرنامەسازی خێزانی.

بەندی ژمارە ١٣: دڵنیادەبێتەوە لە یەکسانی بۆ ئافرەتان لە بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و بەتایبەتی مافی سوودە خێزانییەکان، مافی وەرگرتنی قەرزی بانکی، قەرزی خانووبەرە و قەرزە داراییەکانی دیکە لەگەڵ مافی بەژداریکردن لە چالاکییە خۆش ئامێز، وەرزش و هەموو لایەنەکانی ژیانی کلتووریی.[٥]

بەندی ژمارەی ١٤: دابینکردنی پارێزگاری بۆ حافرەتانی گوندنشین و کێشە تایبەتییەکانیان و دڵنیابوونەوە لە مافی ئافرەتان بۆ بەژداریکردن لە بەرنامەکانی گەشەپێدەرەکان.

بەندی ژمارە ١٥: وڵاتانی ئەندام پابەند دەکات دڵنیاببنەوە لە یەکسانی ئافرەتان بەرامبەر بە پیاوان لە بەردەم یاسا دا و هەبوونی ناسنامە و قەبارەی یاسایی هاوشێوەی پیاوان. هەروەها جەختکردنەوە لەسەر مافی جوڵان و گەشتکردنی مرۆڤەکان و ئازادیی هەڵبژاردەی شوێنی ژیان و ماڵەکانیان.

بەندی ژمارە ١٦: هەڵدەستێت بە قەدەغەکردنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری ئافرەتان لە بابەتەکانی پەیوەندیدارن بە هاوسەرگیری و خێزانەوە. ئەم بەندە بەتایبەتی مافی یەکسان بۆ ژنان و پیاون دابین دەکات بۆ هەڵبژاردنی ئازادانەی هاوسەری ژیان و ئەنجامدانی هاوسەرگیری. هەروەها (ماف و بەرپرسیارێتی یەکسان لە کاتی هاوسەرگیری یان جیابوونەوە، هەمان ماف و بەرپرسیارێتی وەك بەخێوکەر، هەمان ماف و بەرپسیارێتی لە هەڵبژاردنی ئازادانەی ژمارە و مەودای نێوان منداڵەکانیان، هەمان مافی تاکەکەسی وك ژن و مێرد، مافی هەڵبژاردنی نازناوی خێزانی و پیشە لەگەڵ هەمان ماف بۆ هەردوو هاوسەر لە لایەنی خاوەندارێتی، بەدەستهێنان، بەڕێوبردن، چێژبینین و فرۆشتنی موڵکی خێزانەکە.)

بەندی ژمارە ١٧-٢٤: ئەم بەندانە پێناسی پێکهاتە و ڕێکارەکانی ئەنجوومەنی (CEDAW) دەکەن وەك (بنیادی ڕیزبەندی، یاسا و رێساکانی ڕێکاری پەیوەندی نێوان CEDAW و یاسا دەوڵەتی و نێودەوڵەتییەکان).

بەندی ژمارە ٢٥-٣٠: ئەم بەندانە پێناسەی ڕێکارە گشتییەکانی بەرێوبردنی ڕێکەوتنامەکە دەکەن کە پەیوەنددیان بەسەر جێبەجێکردن، پەسەندکردن و هەبوونی دوودڵییەوە هەیە لەلایەن وڵاتانەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "United Nations Treaty Collection". un.org. Archived from the original on 6 September 2015. ٦ی ئەیلوولی ٢٠١٥ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ "OHCHR | Membership". www.ohchr.org. Retrieved 2019-06-13.
  3. ^ Henkin, Louis (2009). Human Rights. Foundation Press. p. 221.
  4. ^ "Convention on the Elimination of All Forms of Discrimination against Women". www.ohchr.org. Archived from the original on 7 May 2015. Retrieved 8 May 2015.
  5. ^ "Convention on the Elimination of All Forms of Discrimination against Women". www.ohchr.org. Archived from the original on 7 May 2015. Retrieved 8 May 2015.