پرسینەوەی پرسیارە سەرەتایییەکە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لە ڕەوانبێژی و لۆژیکدا، پرسینەوەی پرسیارە سەرەتایییەکە یا پاڕانەوە بۆ پرسیارە سەرەتایییەکە (begging the question) یا بەڕاستدانانی ئاکام ھەر لە سەرەتاوە (assuming the conclusion) بریتییە لە ھەڵەیەک کە لەوانەیە لە کاتی بەڵگەھێنانەوەدا ڕوو بدا، بەم شێوەیە کە ئەو ئاکامەی دەبێ لە بەڵگەھێنانەوەکە وەربگیردرێ، واتە مەسەلە یا پرسیارە سەرەتایییەکە، ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ، لە پێشەکییەکاندا بە ڕاست دانرابێ. بۆ نموونە:

کەسانێک لە ھەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە پەیان بەوە بردووە کە زەوی خرتە، کەوایە، زەوی خرتە.

پرسینەوەی پرسیارە سەرەتایییەکە چەشنێک بەڵگەھێنانەوەی بازنەیییە.[١]

ناو[دەستکاری]

ئەم ناوە، یانی «پاڕانەوە بۆ پرسیارە سەرەتایییەکە» یا «پرسینەوەی پرسیارە سەرەتایییەکە»، لە جۆرێ پرسیار و وەڵامی دیالێکتیکەوە ھاتووە، کە ئەرەستوو لە یەکێ لە بەرھەمەکانی خۆیا باسی دەکات: قسەملانێ و بیروڕا گۆڕینەوەیەکی ڕێکوپێک و یاسامەند لە نێوان دوو لایەندا: لایەنێک پارێزەر و و لایەنێک ھێرشبەر. لایەنی پارێزەر «تێز»ێک ڕادەگەیێنێ. لایەنی ھێرشبەر دەبێ ھەوڵ بات بە پرسینی پرسیارگەلێک کە لایەنی پارێزەر بە «ئەرێ» یا «نە» وەڵامیان دەداتەوە، ناکۆکی و ناتەباییەک لە وەڵامەکانا بدۆزێتەوە و، بەوە، «تێز»ەکە ڕەت بکاتەوە. لێرە، ئەو قەزیەیە کە لایەنی وەڵامدەرەوە، واتە لایەنی پارێزەر، پاراستن و بەرگریلێکردنی گرتووەتە ئەستۆ، «شتە سەرەتایییەکە»ی پێ دەڵێن، یا بە یۆنانیی کۆن τὸ ἐξ ἀρχῆς یا  τὸ ἐν ἀρχῇ. یەکێک لە ڕێساکانی ئەم قسەملانێیەش ئەوەیە کە پرسیارکەر ناتوانێ ئەو شتە سەرەتایییە بپرسێتەوە، یا داوای بکاتەوە (یا بۆی بپاڕێتەوە). لەبەر ئەوە کە پرسینەوەی بێمانا و بێھۆیە: ئاشکرایە کە وەڵامی لایەنی پارێزەر «ئەرێ» دەبێ، چونکە ئەمە ھەمان تێزە کە خۆی ڕایگەیاندووە و بە دروستی زانیوە. ئیتر لەمەوە، بە ھەر کەس کە ئەو شتەی دەبێ بیسەلمێنێ، بکاتەوە بە بەڵگە بۆ قسەکانی خۆی، دەڵێن «بۆ پرسیارە سەرەتایییەکە دەپاڕێتەوە».

موسادیرە[دەستکاری]

لە عەرەبی و فارسیا بەم ھەڵەوێژییە دەڵێن موسادیرە (بە عەرەبی: مصادرة على مطلوب؛ بە فارسی: مصادره به مطلوب یا مصادره بر مطلوب یا برگرفتن مطلوب آغازین). لێرە، «موسادیرە» بە مانای داواکردن -ە، نەک بەو جۆرەی ئەمڕۆژە باوە بە مانای دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردن. مەبەس لە مەتلووب -یش ئەو ئاکامەیە کە بەڵگەھێنانەوەکە دەیەوێ پێی بگا و داوای دەکات. کەوایە، مصادرة على مطلوب یانی داواکردنی داواکراو.

جورجانی لە تەعریفاتەکەیدا ئاوا موسادیرە دەناسێنێ:

«موسادیرە جۆرێ قیاسە کە ئاکام، بەشێ لە [پێشەکییەکانی] قیاسەکەیە، یان بەشێ لە قیاسەکە ئاکامیشی لەگەڵە. وەکوو ئەوەی کە بوترێ مرۆڤ ئینسانە و، ئینسانیش دەتوانێ پێبکەنێ، کەوایە مرۆڤ دەتوانێ پێبکەنێ. لەم قیاسەدا، پێشەکییە گەورەکە (کوبرا) و ئاکامەکە (مەتلووبەکە) ھەمان شتن، چونکە مرۆڤ و ئینسان ھاومانان و لەم تێگەیشتەیەدا یەکێکن.»[٢]

ناساندن[دەستکاری]

پرسینەوەی پرسیارە سەرەتایییەکە بریتییە لە ھەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوەی پشتی ئیددیعایەک بە بەکارھێنانی فەرزێک کە ھەمان ئیددیعا دووبارە دەکاتەوە یان بە جۆرێک لە پێشترەوە بە ڕاستی دەزانێ. ھەوڵدانە بۆ ئیسپاتکردنی قەزیەیەک و لە ھەمان کاتدا بەڕاستدانانی.

بۆ وێنە، بەڵگەھێنانەوەیەک وەکوو ئەمە: «تریاک ئینسان ئەکا بە خەو، چونکە تریاک خەوھێنەرە»، نایسەلمێنێ کە بۆچی تریاک وایە. ھەر تەنیا «ئینسان ئەکا بە خەو»ی گۆڕیوەتەوە بە «خەوھێنەرە»، کە ئەمەش دووبارەکردنەوەی ھەمان شتە. بەڵگەھێنانەوەیەک کە ئامانجی ڕوونکردنەوەی ئەوە بێ کە بۆچی تریاک ئینسان ئەکا بە خەو، یا بۆچی خەوھێنەرە، دەتوانێ ئاوەھا بێ: «تریاک خەو دێنێ چونکە مۆرفین -ی تیایە و، مۆرفین وەرگرەکانی ئێش لە مێشکدا ڕاگیر دەکا و دەبێتە ھۆی ھەست بە چێژ و خۆشی کردن و، سەرەنجام خەو دەورووژێنێ.»

نموونەیەکی کەمتر ئاشکرای ئاوەھایە:

دانوستان و بازرگانیی ئازاد زۆر باشە بۆ وڵات. ھۆکەشی ئاشکرایە. جا چی لەوە ئاشکراتر کە پەیوندیگەلی بازرگانیی بەربڵاو و بێسنوور بۆ ھەموو بەشەکان سوودبەخش دەبێ؟ ھۆکاریشی دەگەڕێتەوە بۆ ھاتوچووی ئازادانە و بێبەربەستی شتومەک لە نێوان وڵاتەکاندا.[٣]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Palmer, Humphrey (1981-07). "Do Circular Arguments Beg the Question?". Philosophy (بە ئینگلیزی). 56 (217): 387–394. doi:10.1017/S0031819100050348. ISSN 1469-817X. {{cite journal}}: Check date values in: |date= (help)
  2. ^ میرسیدشریف جرجانی. تعریفات. ترجمه حسن سیدعرب و سیماسادات نوربخش. چاپ سوم. صفحه 161.
  3. ^ "Fallacies and pitfalls of language : the language trap | WorldCat.org". search.worldcat.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2024-04-04.