عەبدولقاھر جورجانی
شەیخی زمانی عەرەبی، موتەکەللیمێکی مەزھەبی ئەشعەری و فەفیھێکی مەزھەبی شافعی، دامەزرێنەری زانستی بەلاغە: عەبدولقاھر بن عەبدولڕەحمان بن موحەممەد (بە عەرەبی: عبدالقاھر بن عبدالرحمن بن محمد)، لە جورجان لەدایک بووە و ھەر لەوێش زانستی وەدەست ھێناوە و ھەر لەوێ بووە تا مردنی لە ساڵی ٤٧١ـی کۆچی. لای (موحەممەد بن ئەلحەسەن بن عەبدولوارس) خوێندوویەتی، زۆری مەدح کردووە چونکە ئەو لە جورجان نەھاتۆتە دەرەوە و نەگەشتووە بە مامۆستای تر، کە ئەمیش خوشکەزای ئەبوو عەلی فارسییە، ھەروەھا لای قازیی جورجانی (عەلی بن عەبدولعەزیز بن ئەلحەسەن بن عەلی بن ئیسماعیل جورجانی)یش وێژە و زانستەکانی فێربووە، ئەویش لە کۆڕ و مەجلیسەکانی شانازی پێوە دەکرد. جورجانی یەکێکە لە زانا ھەرە بەناوبانگەکانی ئیسلام و زمانی عەرەبی، جا بێجگە لە زمانی عەرەبیش زمانی تورکی و فارسی و ھیندی زانیوە. زانتسخوازان دەھاتن بۆ لای، قوتابی زۆری ھەبوون لەوانە (عەلی بن زەید بن ئەلفوسەیحی) و (ئەبوو نەسڕ ئەحمەد بن موحەممەد) و بێجگە لەمانیش. لە خانەوادەیەکی ھەژار لە دایک بوو بۆیە نەیدەتوانی بۆ زانستخوازی لە جورجان بچێتە دەرەوە، بەڵام دوو زانا لە جوجان بوون قەرەبووی ئەوەیان کردەوە: محەممەد بن ئەلحەسەن بن عەبدولوارس و (عەلی بن عەبدولعەزیز بن ئەلحەسەن بن عەلی بن ئیسماعیل جورجانی). ئەو بە دامەزرێنەری یان یەکێک لە دامەزرێنەرانی زانستی بەلاغە دادەنرێت، ھەردوو کتێبەکەی (دلائل الإعجاز) و (أسرار البلاغة) دوو گرینگترین کتێبەکانین لەم بوارەدا. جورجانی پاشماوەی گرنگی دوای خۆی بەجێھێشت، لەوانە:
- سەت عەوامیلەکە (العوامل المئة) ناسراو بە عەوامیلی جورجانی.
- (أسرار البلاغة)
- (دلائل الإعجاز)
- (المفتاح في الصرف)
- (المقتصد)
- (المغني في شرح الإیضاح)