مەنسووری حەلاج

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
نیگارەیەک لە ئیعدامی حەلاج

ئەبوو عەبدوڵڵا حوسێن کوڕی مەنسووری حەللاج ناسراو بە حەلاج یەکێک بووە لە ئاڵاکانی تەسەووفی ڕێبازی سوننە و لە ساڵی ٨٥٨ لە عێراق لەدایک بووە و زاناکانی ئەو کاتەی سونە بەکافر و جادووگەر لەقەڵەمیانداوە و محمەدی کوڕی داوودی قازی بەغدا دژ بە فەلسەفەکەی حەلاج بووە و دژ بە ئاینی ئیسلامی زانیوە و حەلاجی داوەتە دادگا و بەبڕیاری خەلیفە موقتەدیر لەسەدەی چواری کۆچی لەبەردەم خەڵک و زاناکانی ئەو کاتە دادگایی کراوە و لەسەر دەستی وەزیر حامدی کوڕی عەباس لەسەر دەرگای خوراسان ھەڵواسراوە. حەلاج لە شاری واسیتی عێراق پەروەردە بووە و دواتر چووە بۆ بەغدا و چەند جارێک سەردانی مەکەی کردووە و ماوەیەکی زۆر لەوێ ماوەتەوە و چۆتە خەڵوەتەوە و خۆی برسی کردووە و خۆی خستۆتە بەر گەرمی خۆرەتاوی ھاوینە و سەرمای زستانەوە و خواپەرستی کردووە وەکو ھەموو سۆفیەکانی دیکە و زۆربەی شارەکان گەڕاوە و بانگەشەی بۆ خواپەرستی کردووە و شوێنکەوتووانی لەھیندستان و خۆراسان و سرکسان و بەغدا و بەسرە ھەبووە. زانا سونەکانی ئەو کاتە کە زانیاری تەواویان لەسەر مێژووی ئایین و فەلسەفەی تەسەوف نەبووە بەوە تۆمەتباریان کردووە کە خاوەنی جنۆکە و شەیتانەکانە و خەڵکی ھەڵدەخەڵەتێنی و سەریان لەوە سوڕدەما کە لەگەڵ ھەموو مەزھەبەکانا ڕێک کەوتووە چ سونە یان شیعە یان سۆفی تەنانەت لەگەڵ پیاوخراپەکانیش کێشەی نەبووە بەبێ ئەوەی درک بەوە بکەن کە فەلسەفەی حەلاج پشتی بە ناوەڕۆکی مرۆڤەکان بەستووە نەوەک ڕواڵەتیان.

حەلاج فەلسەفەیەکی تایبەتی ھەبووە لە تەسەوفدا و تێکۆشاوە لەپێناو دەرخستنی ڕاستی و جیھادی لەدژی زوڵم و زۆر و ستەمکاری لە خودی مرۆڤ و کۆمەڵگادا کردووە و ڕایگەیاندووە سەیری ھەرچ شتێک بکەم خواوەندی تیا دەبینم، جارێکیشیان یەکێک لێی پرسیوە چی لەناو جبەکەتدایە ئەویش ووتی خوا لەناو جبەکەمدایە ھەر بۆیە ناوبانگی بڵاوبۆیەوە و موقتەدیر باللە خەلیفەی عەباسیەکان بڕیاری لەسێدارەدانی دەرکردووە و لە ڕۆژی سێشەممەی ٢٤ی زولقەعدەی ساڵی ٣٠٩ کۆچی بەرامبەر ٢٦ی ئازاری ٩٢٢ لەسیدارەدرماوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • ویکیپیدیای عەرەبی
  • وەرگێڕانی ھۆنراوەکان لە "کەسایەتیە مەزنەکانی نێو دونیای تەسەوف / لە نووسینی یادنورسی" وەرگیراون