بۆ ناوەڕۆک بازبدە

محەممەد تۆفیق وردی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە محەمەد تۆفیق وردیەوە ڕەوانە کراوە)
محەممەد تۆفیق وردی

محەممەد تۆفیق وردی :(١٩٢٣–١٩٧٥) نووسەر، وەرگێڕ، چالاکی سیاسی، لەنەتەوەی کورد بووە.

سەرەتای ژیان و خوێندنی

[دەستکاری]

محەممەد کوڕی تۆفیق کوڕی ڕەشید کوڕی وەھاب ئاغایە، «وردی» ناسناوی بووە و ١٩٢٣ لە گەڕەکی (بایزاغا)ی شارۆچکەی کۆیە لەدایک بووە. خوێندنی لەوێ دەست پێکردووە و ١٩٤١ ناوەندیی خوێندووە. دواتر خانەی مامۆستایانی بەغدای لە ١٩٤٤دا تەواوکردووە. بووە بە مامۆستا لە تەقتەق و قەڵادزێ- ١٩٤٥. ١٩٤٢ لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی بە نھێنی (کۆمەڵەی دەنگ)ی پێک ھێناوە.[١][٢]

چالاکی سیاسی

[دەستکاری]

لەبەر چالاکیی سیاسیی، چەند جارێک گیراوە و لە وەزیفە دەرکراوە. لەسەر وتاری (فی بلد العجائب و الغرائب) کە لە ڕۆژنامەی "الأھالی"دا بڵاوی کردووەتەوە، ناچاری وازھێنان لە وەزیفە بووە؛ کە حکوومەتی میللیی کوردستان لە مەھاباد پێک ھێنراوە، دوادوایییەکانی ١٩٤٥ چووەتە ئەوێ، بە مامۆستای قوتابخانە دامەزراوە. لەسەر بڵاوکردنەوەی یەکەم ئەڵقەی (چمان دەوێ) لە ژمارە ٣ی ٧ی جۆزەردانی ١٣٢٥ی ڕۆژنامەی "ھاواری نیشتمان"دا، کە ڕەخنەی تێدا گرتووە لە کەمخوێندەواریی بەشێکی بەرچاوی مامۆستایانی قوتابخانە، بە فەرمانی محەممەد حوسێن خانی وەزیری ھێزی کوردستان خراوەتە زیندان. مەلا مستەفا بارزانی بۆی تێکەوتووە و بەردراوە. پاش ڕووخانی حکوومەتەکە، گەڕاوەتەوە بۆ عیراق، گیراوە و حوکم دراوە.[١][٢]

ڕۆژنامەی ڕێگا

[دەستکاری]

ساڵانی پەنجا لەبەر جموجووڵی خۆی ناچار بووە ماڵ و منداڵی بەجێ بھێڵێ و بیسپێرێ بە ھاوڕێیانی نزیکی خۆی، بەڵام ناپاکیی لێ کراوە. دواجار لە ھاوسەرەکەی جیابووەتەوە. وردی پاش ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ براوەتەوە سەر وەزیفەی مامۆستایی. سەرەتای ساڵانی حەفتا ھاوکاری بەرھەڵستانی ڕژێمی شای ئێران بووە و لە ڕۆژنامەی "ڕێگا"ی زمانی حاڵیاندا بە کوردی، کاری کردووە و نووسیویە.[١][٢]

کۆچی دوایی

[دەستکاری]

لە دوا ڕۆژانی تەمەنیدا، ژیانی بە نەداری و بێ خزمەتی گوزەراندووە، تا لە ٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٥دا پاش نەشتەرگەرییەک گیانی سپاردووە.[١][٢]

بەرھەمەکانی

[دەستکاری]

وردی، لە ساڵانی چلەوە دەستی داوەتە نووسین و بڵاوکردنەوە. کەلەپووری میللی و شیعر و فۆلکلۆر و مێژووی کورد، جێی بایەخی بوون.[١][٢]

نووسینی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی وەک (گەلاوێژ، دەنگی گێتیی تازە، ھەتاو، دەنگی کورد، ڕۆژی نوێ، ڕێگا، ..)دا بڵاوبووەتەوە.[١][٢]

بەرھەمی لەچاپدراوی ئەمانەن:[١][٢]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. 1 2 3 4 5 6 7 گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەھەم / بەشی یەکەم) ژیاننامە و پێڕست، ئامادەکردنی (سدیق ساڵح، ڕەفیق ساڵح، عبدوڵڵا زەنگەنە) لە بڵاوکراوەکانی بنکەی ژین بۆ بووژاندنەوەی کەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی کوردی. ل8200-8202
  2. 1 2 3 4 5 6 7 ڕۆژنامەی کوردستان- مەھاباد ١٣٢٤–١٣٢٥ی ھەتاوی (١٩٤٦)، ل٢٣–٢٤؛ عەبدولخالق عەلائەدین، کۆیە .. ناودارانی، ل٣٠٤–٣٠٩.