ماڵێک لەسەر ئاو

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کتێبی ماڵێک لەسەر ئاو بەرھەمێکە لەسەر بابەتی تاوتوێکردنی توێژینەوەیی و خەسارناسانەی دیاردەی ھاوسەرگیریی کاتی و سیغەی مەحرەمییەت لە ئێران کە لەلایەن کامیل ئەحمەدی مرۆڤناس و توێژەری کۆمەڵایەتییەوە نووسراوە. ئەم کتێبە لەسەر بنەمای توێژینەوەیەکە کە کامیل ئەحمەدی لە ساڵەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ەدا و لەژێر ناوی «توێژینەوەیەکی گشتگیر لەسەر ھاوسەرگیریی کاتی و سیغەی مەحرەمییەت لە ئێران» و لە سێ گەورەشاری ئێران واتە تاران و ئەسفەھان و مەشھەد ئەنجامی داوە و ئەنجامەکانی توێژینەوەکەی لە کتێبی ماڵێک لەسەر ئاودا چاپ کردووە.[١] لەم کتێبەدا ھەوڵ دراوە تا وێڕای ناسینەوەی مێژوویی دیاردەی ھاوسەرگیریی کاتی لە ئێران و جیھاندا، ڕوون ببێتەوە کە ئەم دیاردەیە زیاتر لە نێو چ تاقمێکی کۆمەڵگادا باوە و ئەنجام و شوێنھاتەکانی بۆ ئەو کەسانەی کە ئەم جۆرە ھاوسەرگیرییە ھەڵدەبژێرن چییە.

پێشینەی کتێبی ماڵێک لەسەر ئاو[دەستکاری]

توێژەر ساڵێ ٢٠١٥ و ئەو کاتەی خەریکی توێژینەوە لەسەر خەتەنەکردنی ژنان و ھاوسەرگیریی منداڵانە تێدەگات کە پێوەندییەک دەکەوێتە نێوان تەمەنی تاک و ئەزموونی ژیانیان. ناوبراو باس لەوە دەکات کە لە کاتی ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر ھاوسەرگیریی منداڵان و خەتەنەکردنی ژناندا گەیشتووە بەو قەناعەتەی کە زۆرینەی ئەو کەسانەی کە لە تەمەنی منداڵیدا پێوەندیی ھاوسەرگیریی پێک دێنن بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێوەندییەکەیان بە شێوەی ھاوسەرگیریی کاتی یان سیغەی مەحرەمییەت ئەنجام دەدرێ و بۆیە جۆرێک پێوەندی دەکەوێتە نێوان ھاوسەرگیریی منداڵان و ھاوسەرگیریی کاتی و ھەر بۆیە ئەحمەدی و ھاوکارانی پاش کۆتاییھێنان بە توێژینەوەی خۆیان لەسەر ھاوسەرگیریی منداڵان چوونەتە سەر توێژینەوە لەسەر چۆنێتی و بۆچییەتی دیاردەی ھاوسەرگیریی کاتی لە ئێران.[٢][١]

ناوەرۆک، ئەنجام و دەسکەوتەکانی کتێبی ماڵێک لەسەر ئاو[دەستکاری]

کتێبی ماڵێک لەسەر ئاو لەسەر بنەمای توێژینەوەیەک ھەر بەم ناوە ڕۆیشتووەتە قۆناغی چاپ و بڵاوبوونەوە. ئەحمەدی و ھاوکارانی لەم کتێبەدا ھەوڵیان داوە بە ڕوانگەیەکی چەندی و چۆنی و بە دەکارھێنانی شێوازی GT و وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەشداربووانی توێژینەوەکە، دیاردەی ھاوسەرگیریی کاتی و سیغەی مەحرەمییەت بەشێوەی گشتگیر لە سێ گەورەشاری تاران و مەشھەد و ئەسفەھان تاوتوێ بکەن. ئەنجام و دەسکەوتەکانی ئەم توێژینەوە پیشاندەری ئەوەیە کە ڕابواردن و ئاسانکاری ھەلومەرجی ھاوسەرگیریی منداڵان دیاردەی تەوەر و سەرەکی ھاوسەرگیری کاتی/سیغەی مەحرەمییەتە کە شوێنھاتی وەک ناوبانگی خراپ بەتایبەت بۆ ژنان بەدوادا دێت و ھەروەھا دەبێتە ھۆی ئەوەی کە پیاوانیش ڕوانگەیان بەرامبەر بە ھاوسەرگیریی ھەمیشەیی نەرێنی بێتەوە.[٣][٤] ئەحمەدی لەم کتێبەدا باس لەوە دەکات کە لەسەر سیغەی مەحرەمییەت کە بەستێنی ھاوسەرگیری پێشوەختە ئامادە دەکەن و شوێنھاتەی کۆمەڵایەتی و دەروونی بەربڵاویان بەدواوەیە بەتایبەت بۆ کچان، یاساکانی ئێران بێدەنگییان ھەڵبژاردووە و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بوونەتە ھۆی زیادکردنی ڕێژەی ھاوسەرگیریی منداڵان.[٥] نووسەر لە کۆتایی ئەم کتێبەدا ڕێگا چارەسەرەکان بۆ ڕێکخستن و یاسادانان لەسەر ھاوسەرگیریی کاتی ئاماژە پێدەدات کە کۆمەڵێکیان بریتین لە: زیادکردنی تەمەنی ھاوسەرگیری کچان و کوڕان بۆ ١٨ ساڵ بەمەبەستی دابەزینی ڕێژەی ھاوسەرگیریی منداڵان و ھاوسەرگیریی کاتی، خوێندنی زۆرەملی و خۆڕایی بۆ کچان تا پلەی دیپلۆم و یارمەتیدانیان تا زانیاریی تەواویان لەسەر ھاوسەرگیری لەو چەشنە بێت، ھاوکاریکردن لەگەڵ زانایانی ئایینی بۆ ناساندنی ڕوانگە نوێکان لەسەر تواناکردنی ژنان و کچان و بەرزکردنەوەی ئاستی کارامەیی ئەو تاقمە.

چاپی دووبارەی کتێبی ماڵێک لەسەر ئاو[دەستکاری]

کتێبی ماڵێک لەسەر ئاو بۆ جاری یەکەم لەلایەن وەشانخانەی شیرازە و ساڵی ٢٠١٨ چاپ کرا. ساڵی ٢٠٢١یش ئەم کتێبە لەلایەن وەشانخانەی ئاوای بووف لە دانمارک جارێکی دیکە چاپ کرایەوە و بەشێوەی ئی-بوک و دەنگیش بڵاو کرایەوە.[١]

وەشانی ئینگلیزیی ئەم کتێبە سەرەتا ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن وەشانخانەی مێھری لە لەندەن و ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن وەشانخانەی لەمبێرتی ئەڵمانیاوە چاپ کرایەوە و لە وەشانە ئینگلیزییەکاندا ھەوڵ دراوە تا بابەتەکان نوێ بکرێنەوە و لەسەر توێژینەوەکانی دیکەی توێژەر و ئامارە نوێکان لەسەر ھاوسەرگیریی منداڵان و ھاوسەرگیریی کات، کۆمەڵێک بابەت زیاد کراون. وەشانی کوردیی ئەم بەرھەمە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن وەشانخانەی دانیشفەڕ لە ھەولێر، ھەرێمی کوردستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب "خانه‌ای بر ڕووی آب" (PDF).{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ "Temporary Marriage: an Approved Way of Submission" (PDF).{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link) ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ "دگردیسی در مقوله ازدواج موقت و آسیب های آن".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  4. ^ "تحلیل جامعه شناسانه مخاطرات ازدواج های موقت، سفید و صیغه".{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  5. ^ "نقش ازدواج موقت (TM) در ترویج کودک همسری (ECM) در ایران" (PDF).{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)