لوقمان
کێشە لەسەر بێلایەنبوونی ئەم وتارە ھەیە. وادیارە ئەم وتارە بە شێوەیەکی لایەنگرانە نووسراوەتەوە. (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت) |
لوقمانی دانا (بەعەرەبی: لقمان الحکیم)، پیاوێکی دانا و حەکیم بوو و کوڕێکی ھەبوو، ناوی لە قورئان دا ھاتووە لە سوورەتێک بەناوی خۆی، سوورەتی لوقمان.
ناساندن
[دەستکاری]لوقمان کێیە؟
[دەستکاری]بۆچوونی زۆربەی زانایان وایە کە لوقمانی دانا پێغەمبەر نەبووە، بەڵکو یەکێک بووە لە بەندە ساڵح و چاکەکارانی خودا، زۆر حەکیم و دانا بووە بۆیە ھەرجارێک ناوی دێت وشەی دانایی بەدووادا دەوترێت.[١] پەند و وتەکانی بە یەکێک لە جوانترین وتەکان دادەنرێت لەلای موسڵمانان.
نەژاد و پیشەی
[دەستکاری]لوقمانی کوڕی یاعور، دەگوترێت کە خوشکەزای یان پورزای ئەیوب بووە، لە ئەسوان بووە لە میسڕ، خالیدی کوڕی ڕەبیع وتوویەتی کە دارتاش بووە، وتراوە کە بەرگدوور بووە، چەند کەسێک ئاماژەیان بە سەردەمی کردووە بەوەی کە لە سەردەمی داوود بوو تا سەردەمی یوونس کە ئەمە قسەی مێژوونووس (مەسعودی)ە، بەڵام لە قورئاندا ئاماژە بە سەردەم و کاتەکەی نەکراوە.[٢]
سوورەتێک بەناوی کراوە کە سوورەتی لوقمانە، کە تیایدا لوقمان ئامۆژگاری و وەسێت بۆ کوڕەکەی دەکات کە قورئان پەندەکانی بە زیندوویی ھێشتووەتەوە، لە یەکەم ئامۆژگاریەکانی ئەوەیە کە بە کوڕەکەی ڕادەگەیەنێ کە ھاوبەش بۆ خودا پەیدا نەکات و شیرک نەکات چونکە بەڕاستی ستەمێکی زۆر گەورەیە.
- ﴿وَلَقَدْ آتَيْنَا لُقْمَانَ الْحِكْمَةَ أَنِ اشْكُرْ لِلَّهِ وَمَنْ يَشْكُرْ فَإِنَّمَا يَشْكُرُ لِنَفْسِهِ وَمَنْ كَفَرَ فَإِنَّ اللَّهَ غَنِيٌّ حَمِيدٌ ١٢﴾ [لوقمان:١٢]
واتە: بەڕاستی ئێمە داناییمان بە لوقمان بەخشی (پێمان وت) سوپاس و شوکرانەی خوا بکە، جا ھەرکەس شوکرانەی خوا بکات ئەوە شوکرانەی خۆی دەکات (بۆ سوود و قازانجی خۆی)، وە ھەر کەسێ سوپاسی نەکرد ئەوا خودا بێ نیاز و سوپاسکراوە (واتە پێویستی بە سوپاسی کەس نیە).
- ﴿وَإِذْ قَالَ لُقْمَانُ لِابْنِهِ وَهُوَ يَعِظُهُ يَا بُنَيَّ لَا تُشْرِكْ بِاللَّهِ إِنَّ الشِّرْكَ لَظُلْمٌ عَظِيمٌ ١٣﴾ [لوقمان:١٣]
واتە: جا لوقمان بە کوڕەکەی وت کاتێک ئامۆژگاری دەکرد (وتی) ئەی کوڕی شیرینم ھاوبەش بۆ خوا دامەنێ چونکە بەڕاستی ھاوبەش دانان ستەمێکی زۆر گەورەیە.
- ﴿وَوَصَّيْنَا الْإِنْسَانَ بِوَالِدَيْهِ حَمَلَتْهُ أُمُّهُ وَهْنًا عَلَى وَهْنٍ وَفِصَالُهُ فِي عَامَيْنِ أَنِ اشْكُرْ لِي وَلِوَالِدَيْكَ إِلَيَّ الْمَصِيرُ ١٤﴾ [لوقمان:١٤] ((ڵێرەدا خوای گەورە ئامۆژگاریەکان لە دەمی لوقمان دەفەرموێ))
واتە: وە فەرمانمان داوە بە ئادەمیزاد بە (چاکی ھەڵسوکەوت کردن) دایک و باوکی، دایکی ھەڵیگرتووە بە دووگیانی (پێی لاواز دەبێ) لاواز لەدوای لاوازی بڕینەوەش لە شیر (لە دوا تەمەنی) دوو ساڵی، کە سوپاسگوزاری من (خودا) و دایک و باوکت بە (ئەی مرۆڤ) تەنھا بۆ لای منە گەڕانەوەتان.
- ﴿وَإِنْ جَاهَدَاكَ عَلَى أَنْ تُشْرِكَ بِي مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ فَلَا تُطِعْهُمَا وَصَاحِبْهُمَا فِي الدُّنْيَا مَعْرُوفًا وَاتَّبِعْ سَبِيلَ مَنْ أَنَابَ إِلَيَّ ثُمَّ إِلَيَّ مَرْجِعُكُمْ فَأُنَبِّئُكُمْ بِمَا كُنْتُمْ تَعْمَلُونَ ١٥﴾ [لوقمان:١٥]
واتە: وە ئەگەر (دایک و باوکت) ھەوڵیان دا لەگەڵت کە شتێ بگەی بە ھاوبەشم کە ھیچ بەڵگە و زانیاریەکت پێی نیە ئەوا گوێڕایەڵییان مەکە، بەڵام لە دونیادا زۆر بە چاکی ھاوڕیتەیان بکە و شوێن ڕێگای کەسێک بکەوە کە بە دڵسۆزی گەڕاوەتەوە لای من، لە پاشا ھەموو ھەر بۆ لای من دەگەڕێنەوە ئینجا لە کار و کردەوەتان لە دونیادا ئاگادارتان دەکەمەوە.
- ﴿يَا بُنَيَّ إِنَّهَا إِنْ تَكُ مِثْقَالَ حَبَّةٍ مِنْ خَرْدَلٍ فَتَكُنْ فِي صَخْرَةٍ أَوْ فِي السَّمَاوَاتِ أَوْ فِي الْأَرْضِ يَأْتِ بِهَا اللَّهُ إِنَّ اللَّهَ لَطِيفٌ خَبِيرٌ ١٦﴾ [لوقمان:١٦]
واتە: (لوقمان وتی) ئەی کوڕی شیرینم، بەڕاستی ئەو (چاکە و تاوانە) ئەگەر کێشی تۆوە خەردەلەیەکیش بێت لەناو بەردێکدا یان لە ئاسمانەکان یان لە زەوی دا بێت خودا (لە قیامەتدا) دەیھێنێت بەڕاستی خوا وردبین و ئاگادارە.
- ﴿يَا بُنَيَّ أَقِمِ الصَّلَاةَ وَأْمُرْ بِالْمَعْرُوفِ وَانْهَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَاصْبِرْ عَلَى مَا أَصَابَكَ إِنَّ ذَلِكَ مِنْ عَزْمِ الْأُمُورِ ١٧﴾ [لوقمان:١٧]
واتە: ئەی کوڕی شیرینم نوێژەکان بەجێ بێنە و فەرمان بە چاکە بکە و ڕێگری لە خراپە بکە، ھۆگر و ئارام بە لەسەر ھەر بەڵا و ناخۆشیەک کە تووشت دەبێت بێگوومان ئەوە (ئەو کارانەی کە بۆم باسکردیت) لەو کارە گەورانەیە گە خودا دەیەوێن.
- ﴿وَلَا تُصَعِّرْ خَدَّكَ لِلنَّاسِ وَلَا تَمْشِ فِي الْأَرْضِ مَرَحًا إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ كُلَّ مُخْتَالٍ فَخُورٍ ١٨﴾ [لوقمان:١٨]
واتە: ڕووت لە خەڵکی وەرمەگێڕە (لووت بەرز مەبە) و بەسەر زەویدا بە ناز و فیزەوە مەڕۆ، بەڕاستی خودا خۆبەزلزان و شانازی کەری خۆش ناوێت.
- ﴿وَاقْصِدْ فِي مَشْيِكَ وَاغْضُضْ مِنْ صَوْتِكَ إِنَّ أَنْكَرَ الْأَصْوَاتِ لَصَوْتُ الْحَمِيرِ ١٩﴾ [لوقمان:١٩]
واتە: وە لە ڕۆیتنتدا بە مامناوەندی بڕۆ (نە توند و خێرا، نە سەبر و ھێواش) و وە لە دەنگیشت نزم بکەرەوە (لە قسەکردندا) بەڕاستی ناخۆشترین و بێزارکەرترین دەنگ دەنگی گوێ درێژەکانە.
((سوورەتی لوقمان ١٢-١٩))
چەند نمونەیەک لە حیکمەت
[دەستکاری]چەند نمونەیەک لە پەندەکانی و وەسێتەکانی بۆ کوڕەکەی:
- کوڕی شیرینم، ئامۆژگاریت دەکەم بە دو شت دەستیان پێوە بگری سەلامەت دەبی، پارە تا پێی بژی، وە ئایین بۆ سەرفرازی ڕۆژی دواییت.
- کوڕی شیرینم، لە یادی خوا بێ ئاگا مەبە و لە خوا بترسە و با کەسیش پێت نەزانێت خەڵکی لە خۆت بایی نەکەن، بە قسەی نەزان نەخەڵەتێی چونکە بەڕاستی تۆ مرواریت لەدەست دایە و وادەزانی پشقلە
- کوڕی شیرینم، نەرم و نیان بە ھەمیشە ھاوڕێی چاک بە، زۆر بیر بکەوە و کەم قسە بکە مەگەر لە وتنی ڕاستی دا، زۆر بگری و کەم پێبکەنە، گاڵتە و سوعبەت زۆر مەکە و قیژەقیژ مەکە و دەمەقاڵێ زۆر مەکە
- با بێدەنگیەکەت بیرکردنەوە بێت و ھەرکاتێ قسەت کرد بە دانایی قسە بکە
- کوڕی شیرینم، ماڵی خۆت بە فیڕۆ مەدە، ماڵی خەڵکیش بە چاک مەزانە، ماڵی خۆت ئەو ماڵەیە کە لە پێش خۆتدا بەڕیی دەکەیت و ماڵی خەڵکیش ئەو ماڵەیە کە لە دوای مردن بەجێ دەھێلرێت
- کوڕی خۆم، کاتێک دەسەڵات ھانی دای ستەم لە خەڵکی بکەی، دەسەڵاتی خوات بیر بکەوێتەوە بەسەرتا، ئاگات لە سزای خوا بێت وە سزاکەەی ھەمیشەییە و کۆتایی نایێت
- کوڕی خۆم خۆت لە تەماح بپارێزە چونکە تەماح ھەژاریەکی ئامادەیە
- کوڕی شیرینم، خۆت لە تووڕەیی بپارێزە چونکە تووڕەیی دڵی پیاوی دانا لەناودەبات
- کوڕم، خۆت لە درۆ بپارێزە چونکە ئایینت تێکدەدات و شەخسیەتت لای خەڵک ناھێڵێ جا ئەوکاتە شەرم و جوانی و سامانت نامێنێ و ڕیسوا دەبیت، کاتێ قسە دەکەی کەس کوێت لێ ناگرێ و باوەڕیشت پێ ناکەن
- کوڕی خۆم، ئەو کەسەی درۆت بۆ دەکات لێی دڵنیا مەبە درۆشت بە دەمەوە دەکات
- کوڕی خۆم، داوای کۆتایی کار مەکە و سەرەتاکەشی ڕەت مەکەوە چونکە ئەمە بۆچون کەم دەکاتەوە
- کوڕی ئازیزم، سەرسام مەبە بە چاکەکانت ئەگەرچی زۆریش بێ، چونکە تۆ نازانی ئایا خوای گەورە لێی وەرگرتووی یان نا
- کوڕی شیرینم، ئەگەر شەیتان لە ڕێی گومان و دوودڵیەوە بۆت ھات ئەوا تۆش بە دڵنیایی و ئامۆژگاری بەسەریدا زاڵ بە، ئەگەر لەڕێی تەمەڵی و بێزاریەوە بۆت ھات بە باسی قەبر و قیامەت بەسەریدا زاڵ بە، ئەگەر لە ڕێی ھاندان و ترساندنەوە ھات بۆت، ھەواڵی ئەوەی بدەرێ کە دونیاش کۆتایی دێت
- کوڕم، بەڕاستی کەسی ڕەوشت ناشرینی دەم شڕی بەدبەخت کاتێک کە قسە دەکات زمانی خۆی ڕیسوای دەکات و ئەگەر بێدەنگیش بێت نەزانیەکەی ڕسوای دەکات، ئەگەر کارێک بکات خراپە دەکات ئەگەر کارێکیش نەکات تەمەنی بە فیڕۆ دەڕوات، ئەگەر دەوڵەمەند بێت یاخی ئەبێت، ئەگەر ھەژاریش بێت نائومێد ئەبێت، ئەگەر دڵخۆشیش بێت فیز دەکات ئەگەر خەمباریش بێت ئەبێتە دیل ئەگەر ڕێزی بگری یاخی دەبێت ئەگەر ڕێزی نەگری ڕەشبین دەبێت ئەگەر داوا بکات سوورە لەسەری ئەگەر داواشی لێ بکرێ نابەخشێ، ئەگەر پێبکەنێت قاقا دەکات ئەگەر بشگری ھاوار ئەکات، ئەگەر تووڕە بێت زۆر توندە ئەگەر باسیشی بکرێ تووڕە دەبێت، ئەگەر ببەخشێ منەت ئەکات ئەگەر پێی ببەخشرێ سپڵەیی دەکات ئەگەر نھێنی لا دانرا خیانەتی لێ ئەکات ئەگەر نھێنیشی لا دانایت بوھتانت یۆ دەکات ئەگەر لە خار تۆوە بوو توانجت لێ ئەگرێت، ئەگەر لەسەروو تۆشەوە بێ تووڕە ئەبێ، ئەگەر ھاوەڵێتی بکەیت ماندوت ئەکات ئەگەر لێشی دووربکەویەوە وازت لێناھێنێ، ئەگەر ڕێنمایی بکرێ وەری ناگرێ ئەگەر فەرمانی پێ بکری گوێڕایەڵی ناکات، ئەوەی لەگەڵی دەژی بەختەوەر نیە ئەوەشی لێی دوورە لێی بێوەی نیە، کاتێ قسە دەکات نایپێکێت لە کاتی ناخۆشیدا ئارامگر نیە، لە بابەتێکدا ناوەستێت، کاری چاکە ئەنجام نادات، سوپاسی کەس ناکات و واز لە فێڵ کردنیش ناھێنێ، لە کەسی سەرکەووتوو متمانە وەرناگرێ، ئەگەرچی بە لەگەڵ زانایانیشدا ڕێک نەووێت بە زانستەکەی لە خۆی باییە، ئەگەر یەکێک لەگەڵ زانایاندابێت وادەزانێ ئەو چاکەکارە، ئەگەر خراپەکاریش بێت وادەزانێ بێ دەسەڵاتیەکەی زیرەکیە و خراپەکەی چاکە و زیادەڕەوییەکەی ورەیە و نەفامیەکەی ئارامگریە حەزی لە چی بێت وەریدەگرێت ڕقی لە چیش بێ وازی لێدێنێ ئەگەر حەق و ڕاستی لەگەڵ ئارەزووی دا بو ستایشی دەکات ئەگەر حەقیش پێچەوانەی حەز و ئارەزووی بێت بەدرۆی دەخاتەوە و وازی لێدێنێ، کانێک پێویستی ئی}یکی بە حەق بوو پرسیاری دەکات کاتێ پرسیاریشی لێبکرێ وەڵام ناداتەوە، کاتێک ئەھلی حەق ئامادە بوون لەگەڵیانە، کاتێکیش ئامادە نەبوون ئەچێتە سەر ناحەق، لەگەڵ زانایان دادەنیشێ و گوێیان لێناگرێت، کاتێکیش لەناو زانایان نەبێ فیز دەکات بەسەریاندا و پێیان پێدەکەنێ حەق دەڵێ بەڵام بە کردەوە پێچەوانەیەتی، فەرمان بە چاکە دەکات و خراپەش ئەنجام دەدات، فەرمان بە حەق دەکات و لەسەر ناحەقیشە، ھەموو جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ خەڵکی دەکات ئەگەر بۆخۆی بێ پێی خۆش نیە، چاکە پیشانی خەڵکی دەدات و خۆی لێی دوورە، فەرمان دەکا بە ورە بەرزی و لە خۆیدا نیە، لە شەرع خۆی شارەزا دەکات و کاری پێناکات، بە کاری دواڕۆژ شوێن دونیا دەکەوێ، ئەگەر بەھێزبێ توندە بەرامبەرت، ئەگەر لاواز بێ لاوازترت دەکات ئەگەر دەوڵەمەندیش بێت پێت دەڵێ لەخۆباییە ئەگەر ھەژاریش بێت دەڵێ داماوە، ئەگەر سوور بێت لەسەر چاکە پێت دەڵێت ڕۆچووە، ئەگەر خاویش بی پێت دەڵێ زۆر لە خۆی دەکات، ئەگەر پێی ببەخشی پێت دەڵی زیادەڕەوی دەکات، ئەگەر نەشیدەیتێ دەڵێ چرووکە ئەگەر نەرم بیت لەگەڵی و لێی نزیک بیتەوە دەڵێ ماستاو چیە، ئەگەر لێشی دوورەپەرێز بی دەڵێ فیزلە
- ئەگەر خەڵکی شانازیان بە جوانی قسەکانیان کرد ئەوا تۆ شانازی بە جوانی بێدەنگیت بکە
ئەمانە و زۆر وتە و ئامۆژگاری و وەسێتی تر.
سەرچاوە
[دەستکاری]- قورئانی پیرۆز، سوورەتی لوقمان، ئایەتی ١٢-١٩
- تەفسیری ڕامانی قورئانی پیرۆز
- تەفسیری ئاسانی قورئانی پیرۆز
- تەفسیری پوختەی قورئانی پیرۆز
- ماڵپەری تووێشوو-پەند و ئامۆژگاریەکانی لوقمانی حەکیم[بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
- ویکیپیدیای عەرەبی
پەراوێز
[دەستکاری]ئەم وتار ھیچ پۆلێکی لەخۆ نەگرتووە. تکایە یارمەتی بدە بە زیادکردنی پۆلێک بۆ ئەوەی پێڕست بکرێت لەگەڵ وتار لێکچووەکان. (نیسان ٢٠١٧) |
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە لوقمان تێدایە. |