سەرچنار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە سه‌رچنارەوە ڕەوانە کراوە)
سەرچنار
وڵاتعێراق
دابەشکاریی کارگێڕیپارێزگای سلێمانی
پۆتانی شوێن٣٥°٣٤′٥٩″N ٤٥°٢٢′١٨″E
Map

سەرچنار یەکێکە لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی، دەکەوێتە ڕۆژئاوای شار.[١] جاران بەھۆی لاوازی کەرەسەی ھاتوچۆوە و، کەمی دانیشتووانی شار، سەرچنار جیابوو لە بەشەکانی تری سلێمانی و دەزانرا لەکوێوە بۆ کوێ دەستپێک و کۆتایییەتی، ئەمڕۆکە سەرچنار تێکەڵ بووە و لەدەوریا چەندین گەڕەکی تر دروست بوون وەک: شەھیدانی سەرچنار، گردی سەرچنار، .. ھتد.[٢]

ھاوینەھەواری سەرچنار[دەستکاری]

سەرچنار بەیەکێک لە ھاوینەھەوارەکانی عێراق دەژمێردرێت بەھۆی بوونی ئاوی ھەڵقوڵاوی ژێر گرد و بەرزایییەکانی. زۆر لە مێژە سەرچنار ئوتێل و شوێنی حەوانەوەی لێدروست کراوە بۆ گەشتیاران. شوێنێکی فێنک و خەم ڕەوێن بووە بۆ خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری، کە تاکوو ئەمڕۆش کۆتایی ھەفتان خەڵکانێکی زۆر ڕووی لێدەکەن بۆ سەیران. سەرچنار چەندجارێک نۆژەنکراوەتەوە و سیمای ناو سەیرانگاکانی دەستکاریی کراون و خۆشکراوە.

ئاوی سەرچنار[دەستکاری]

سەرچنار ئاوێکی سروشتی ھەیە کە لەبنی بەرزایییەکانی دەروپشتییەوە ھەڵدەقوڵێت، ئەم سەرچاوەیە گرنگییەکی زۆری ھەبووە لە بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەدا، تاکوو ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاوی شاری سلێمانییە. لە ھاویندا ئاستی ئاوەکە زۆر کەم دەبیتەوە و، لەم ساڵانەی دوایدا بەھۆی وشکەساڵییەوە لەمانگەکانی وەرزی ھاویندا وشک دەکات.

کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار[دەستکاری]

لەبەر بوونی شاخی بەردین و بەردەڵان لە سەرچناردا، لە ساڵەکانی پەنجاکانی سەدەی پێشوودا ڕووسەکان کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار دروست دەکەن. بەھۆی ئەم کارگەیەوە، خانو و شوێنی نیشتەجیبوون دابین دەکرێت بۆ کارمەندەکانی، لەو دەمەوە سەرچنار بوژاندنەوەی بەخۆیەوە بینیوە. ئەم کارگەیە لەسەر بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٨ دا داخرا، تاکوو ژینگەی ناوچەکە بەپاکی بمێنێتەوە و دیمەنی سەرچنار خۆشتر بێت.

سەرچنار لە ئاوێنەی شیعری کوردیدا[دەستکاری]

وێنەیەکی کۆنی سەرچنار، ساڵەکەی نەزانراوە.
سەرچنار، بەهاری ١٩٤٤

ئەگەر بمانەوێت دەربارەی ھاوینەھەواری سەرچنار قسە بکەین دەبێت، بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی دروستکردنی شاری سلێمانی لە ساڵانی ١٧٨٣ بۆ ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابان-ەوە. وەک سەرچاوە مێژوویییەکانیش پێمان دەڵێن یەکێک لەو ھۆکارانەی وایان لە ئیبراھیم پاشای بابان کردووە کە ئەم شوێنەی ئێستای سلێمانی ھەڵببژێرێت بۆ دروستکردنی شار؛ ھۆکاری تۆبۆگرافی بووە.. بەو واتایەی لەوسادا مەڵکەندی کراوەتە سێنتەری شار، لە دەوروبەری شاریش چەندین سەرچاوەو کانی‌و مێرگ‌و سەوزایی ھەبووە.. ھەڵبەت ناودارترین‌و سەرنجڕاکێشترینی ئەو سەرچاوانە کانی ئاسکان‌و سەرچنار بوون.[٣]

دیارە سەرچنار ھەر لەگەڵ دروستبوونی شاردا شوێنی پشوودان‌و کاتبەسەربردنی ئەھلی شارو پیاوماقوڵان بووە.. بەڵگەی ڕاستیی ئەم بۆچوونەشمان ئەو ئاماژە جوان‌و گرنگیپێدانەی حەزرەتی نالی-یە بە ناوو ئاوی سەرچنار.. ئەویش لە چامە بەناوبانگەکەی (قوربانی تۆزی ڕێگەتم..) کە پاش ئەوەی نالی لە ساڵی ١٨٣٠ دەچێت بۆ حەج، دواتر بەھۆی داگیرو خاپوورکردنی شار لەلایەن لەشکری عوسمانلییەوە نەگەڕاوەتە‌و سلێمانی‌و لە ئاوارەیی دا ماوەتەوە.. دواترو لە ساڵی ١٨٣٤ واتا تەنھا ٥٠ ساڵ دوای دروستبوونی شار چامەکە بۆ سالم-ی ھاوڕێ‌و ھاودەمی دەنێرێت.. نالی لە بەیتی ١٠–١٤ی ئەو چامەیەدا بادی سەبا ڕادەسپێرێت‌و پێیدەڵێت:

ئەمجا مەوەستە تا دەگەیییە عەین-ی سەرچنار ئاوێکە پڕ لە نارو چنارو گوڵ‌و چنوور

چەشمێکە میسلی خۆر کە لە سەد جێ بە ڕۆشنی فەورانی، نوری سافە لەسەر بەردی وەک بکوور

یا عەکسی ئاسمانە لە ئاوێنەدا ک وا ئەستێرەکانی ڕابکشێن وەک شەھابی نوور

یا چەشمە ساری خاتری پڕ فەیزی عاریفە یەنبوعی نوورە دابڕژێنێ لە کێوی توور

تەنانەت سالم یش لە وەڵامی نالی دا ئاماژە دەدات بە سەرچنارو دەڵێت:

سووتا دڵم بە حاڵەتی جۆباری سەرچنار لێڵاوە چەشمەساری وەکو چاوی بێ بەسەر

ئەو دەشتە جایی یاریی یارانی حوجرە بوو یەکسەر مەقامی ڕۆمییە ھەروەک تەھی سەقەر

ھەڵبەت زۆرن ئەو شاعیرو نووسەرانەی لە دووتوێی بەرھەمەکانیاندا ئاماژەو گرنگییان بە سەرچنار داوە.[٤] یەکێکی تر لەوانە مامۆستا پیرەمێردی نەمرە لە شیعری (لەو دەمەی ڕۆژ دەگاتە ئێوارھ) دا دەڵێت:

زەمزەمەی بولبولی ئێوارانی نەرمە بارانی ژێر دەوارانی لە نەشئەو بەزمی سەرچنارانی وشکە سۆفی دەخاتە گۆرانی

شیعرێکی تر پێموایە تەخمیسە لەسەر شیعرێکی مامۆستا ئەخۆل کە دەڵێت:

نامەوێ بۆچیمە ئاھەنگ بەزم‌و ڕەزمی سەرچنار چی لە مەی کەم، چی لە نەی کەم، یا لە نەغمەی عودوتار

وەک ڕەنگدانەوەی سەرچنار لە ھونەری گۆرانیی کوردیشدا لە سەرەتای ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوودا یەکێک لە گۆرانییەکانی ھونەرمەندی کۆچکردووی کەرکووک سەڵاح داودە زۆر دیار بوو کە دەیوت:

ئەرێ خۆشە سلێمانی گیانە قەسرو دوکانی ئەوا لەگەڵ سەرچنار بەخوا عەسرو بەیانی

یاخود گەنجێک لە بنەماڵەی مامۆستا ڕەفیق چالاک، بەناوی ئاوات چالاک گۆرانییەکی ھەبوو بۆ سەرچنار کە دەیوت: سەرچنار وێنەی باخی لوبنانی.

گرنگی سەرچنار[دەستکاری]

جگە لەوەی کە سەرچنار سەرچاوەی ئاو بووە بۆ سلێمانی، کارگەی چیمەنتۆی تیابووە و، ھاوینەھەوارێکی خۆشبووە، سەرچنار شوێنێکی ھەستیاربووە بۆ داڵدەدانی پێشمەرگە و پشتیوانی لە شۆڕشی گەلی کورد، چونکە ھەڵکەوتی ناوچەکە و لکانی بە دۆڵ و بەرزایییەکانەوە یارمەتی پارتیزانانی داوە لە برەودان بەخەبات و تێکۆشان.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ کتێبی شاری سلێمانی - مستەفا ساڵح کەریم
  2. ^ "مصیف سرجنار | کوردستان المدھشة - الموقع الرسمی للسیاحة". Retrieved 13ی Marchی 2021. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help); Unknown parameter |بەستەری شکاو= ignored (help); Unknown parameter |ناونیشانی ئەرشیڤ= ignored (help); Unknown parameter |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= ignored (help) ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ ساڵح بێچار - سەرچنار لەئاوێنەی شیعری کوردیدا
  4. ^ ساڵح بێچار - سەرچنار لەئاوێنەی شیعری کوردیدا

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

٭ نەخشەی سەرچنار