ساڵح بێچار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ساڵح بێچار (١٩٦٧-) شاعیر و نووسەر و رۆژنامەنووس ی کوردە.

ژیاننامە[دەستکاری]

ساڵح بێچار لەدایکبووی ١\٧\١٩٦٧ سلێمانی گەڕەکی سەرشەقامە. لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٤ تا ١٩٨٨ لە سەر شەقامی مەولەوی شاری سلێمانی کتێبفرۆش بووە، بەو ھۆیەوە زۆرێک لە خوێنەران، نووسەران، شاعیران، ھونەرمەندان و رووناکبیرانی ئەوسای سلێمانی ناسیوە و دەیناسن. زۆرتریش بڵاوکراوەکانی ی. ن. ک و کۆمەڵەی رەنجدەران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ی دەفرۆشت و بڵاودەکردەوە. ساڵی ١٩٨٢، لە سەردەمی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی خەڵکی سلێمانی لە گەڕەکی مەجیدبەگ پەیوەندیی بە رێکخستنە نھێنییەکانی کۆمەڵەی رەجدەرانی کوردستان (کۆڕەک)ـەوە کردووە. رۆژی ١٠\٢\١٩٩١ لەگەڵ خاتوو منیرە رەسوڵ بوونە ھاوسەرو ئێستا خاوەنی سێ کچی و دوو کوڕن.

چالاکییە ئەدەبییەکان[دەستکاری]

بێچار یەکەم شیعری ٢٠\١٠\١٩٨٣ لە رۆژنامەی (ھاوکاری) دا بڵاوکراوەتەوە. مایسی ١٩٨٥ شیعری لە ژمارە (١٠)ی گۆڤاری گزنگ ی یەکێتی نووسەرانی کوردستان لە شاخ بڵاوبووەتەوە. یەکەم چیرۆکی رۆژی ھەینی ٣١\١\١٩٨٦ بە ناوی (نوێبوونەوەی زامی دەروونێک) لە کۆڕێکی ھاوبەشی چیرۆک خوێندنەوە لەگەڵ دڵسۆز حەمە و رێزان حسێن دا خوێندەوە کە لە ھۆڵی یەکێتی نەقابەکانی کرێکاران سازکرا.

لە زۆربەی کۆڕە ئەدەبییەکانی ساڵانی ھەشتاکانی سلێمانی بە شیعر، چیرۆک و نووسین بەشداریی ھەبووە و لە ناوەڕاستی ساڵانی ھەشتاوە شیعر و چیرۆکی زۆری بڵاوبووەتەوە.

کتێبە چاپکراوەکان[دەستکاری]

  1. "ئەوان مرۆڤن بەرلەوەی بەساڵچووبن" ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن رێکخراوی HelpAgeی بریتانییەوە لە سلێمانی چاپ‌و بڵاوکرایەوە کە نامیلکەیەکە دەربارەی رەوشی ژیان‌و گوزەرانی توێژی بەساڵاچووان لە ھەرێمی کوردستان.
  2. "فریشتەسپییەکان" بەھاوکاری کۆمەڵەی پەرستارانی کوردستان - ٢٠٠٥ سلێمانی.
  3. "ھاوڕێیانی ژینگە" - ئۆپەرێت بۆ منداڵان ٢٠١٢ سلێمانی.
  4. "دیوانی ساڵح بێچار" ٢٠١٩ سلێمانی - چاپخانەی کارۆ

لە ١٣\٥\٢٠٠٥ خەڵاتی پێزانینی بەڕێز مام جەلالی وەرگرتووە، لەبەرامبەر بەشداریکردنی لە ئەدەبیاتی شۆڕشی نوێ لە شاخ.

لە ٢٠\٦\٢٠٠٠ وە لە ناوەندی راگەیاندنی زانکۆی سلێمانی دەستەی نووسەرانی ھەفتەنامەی زانکۆ، لێپرسراوی رادیۆی زانکۆ و پاشان لێپرسراوی ماڵپەڕی ناوەندی ناوبراو بووە.

لە ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٤ لێپرسراوی بەشی لاتینی و بەڕێوەبەری نووسینی مانگنامەی بەدرخان بووە.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٠ وە لێپرسراوی ڕێنووسی لاتینی کەناڵی کوردسات بووە و لە ١\٣\٢٠٠٧ تا ٣\٤\٢٠١٣ لێپرسراوی ماڵپەڕی کوردسات بووە.

دەیان شیعری بێچار لەلایەن ئەم ھونەرمەندانەی کوردستانەوە کراون بە گۆرانی:

١- عەدنان کەریم ٢- شەھێن تاڵەبانی ٣- دیاری قەرەداخی ٤- چۆپی فەتاح ٥- خالید رەشید ٦- لوقمان سەلیم ٧- ئاریان کەریم ٨- زاھیر جەلال ٩- رەوا جەمال ١٠- ئاڤان جەمال ١١- کیژان ئیبراھیم خەیات ١٢- محەمەد رەئوف کەرکوکی ١٣- نیان عەبدوڵڵا ١٤- موحسین عەبدوڵڵا ١٥- محەمەد عەبدول ١٦- کازم ئیبراھیم ١٧- شوانە (برای میکایل) ١٨- ئاڵا عومەر ١٩- چیا فەتاح ٢٠- ھیوا عارف ٢١- ئەکرەم رەشید ٢٢- سیاوەش ماملێ ٢٣- حەمید عوسمان ٢٤- کامەران عومەر ٢٥- زەردەشت بانەیی ٢٦- ھونەر بابان ٢٧- ئەنجام عەبدولواحید ٢٨- ئالان جەمال ٢٩- شیلان عوسمان ٣٠- سەرکار ھیرانی ٣١- بەختیار ساڵح ٣٢- ئاسۆ مەحمود ٣٣- هیوا هەرکوکی ٣٤- ئایدن ئۆستان ٣٥- ئاوێر ئازاد ٣٦- سەلاح مەنوچەر ٣٧- هادی غەفوری ٣٨- کەنار تەھا ٣٩- جەمال فاتحیان ٤٠- سێوە کامیل و ڤیلیا شوان... ھتد.

چەندین شیعری ساڵح بێچار وەرگێڕدراون بۆ زمانەکانی: ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی.

کورتەیەک لە چالاکییەکان[دەستکاری]

  • ئەندامی یەکەم کۆنگرەی یەکێتی نووسەرانی کورد ١٥-١٧\١٠\١٩٩١، شەقڵاوە بووە.
  • ئەندامی کۆڕی رۆشنبیری کورد - سلێمانی، بووە ١٩٩٢.
  • ئەندامی کۆنگرەی دامەزرێنەری بنکەی ئەدەبی و رووناکبیریی گەلاوێژ بووە ١٩٩٦.
  • ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یانەی چیرۆک – سلێمانی بووە، ١٩٩٨.
  • لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٠ دا وەک لاتینیزان لە بەشی تێکستی کەناڵی کوردسات دامەزراوە.
  • ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ناوەندی رووناکبیریی شارباژێڕ- ٢٠٠٨.
  • ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە.
  • ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان (IFJ) ـە
  • دامەزرێنەری کۆمەڵەی شاخەوانیی سلێمانی ٢٠١٤.
  • لە ٨-٥-٢٠١٣ تا ٣٠-١١-٢٠١٥ کارمەندی بنکەی ژین و سەرنووسەری ماڵپەڕی نبکەی ناوبراو بووە.
  • لە ساڵی ٢٠٠٠ ەوە لێپرسراوی لاپەڕەی لاتینی گۆڤاری پەپوولەی مناڵانە کە رێکخراوی مناڵپارێزی کوردستان لە سلێمانی دەریدەکات.
  • ئێستا ئامادەکار و سەرپەرشتیاری پاشکۆی مانگانەی (یادگار) ی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) یە.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]