سمایل شەریفزادە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

سمایل شەریفزادە ناسراو بە مەلا عەزیز (لەدایکبووی ١٩٤٢ لە مەھاباد - مردووی ١٩٦٨ لە بانە) تێکۆشەرێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) بوو[١] کە بە ھاوکاریی جاشێک، بە دەستی سەربازانی محەممەد ڕەزا شا کوژرا.

سمایل شەریفزادە

لەدایکبوون١٩٤٢
مەرگ٢ی ئایاری ١٩٦٨
شوێنی دۆزینەی تەرمنزیک چۆمی گوندی دارێنەی سەروو
شوێنی گۆڕگۆڕستانی تایلە، سنە
نەتەوەکورد
پیشەتێکۆشەری سیاسی
حیزبی سیاسیحیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)

ژیان[دەستکاری]

سمایل شەریفزادە ساڵی ١٩٤٢ لە مەھاباد لە بنەماڵەیەکی بازرگاندا لە دایک بوو. زۆر منداڵ بوو کە بابی کۆچی دوایی کرد. قۆناغی سەرەتایی لە مەھاباد خوێند و ناوەندی لە قوتابخانەی ئەلبوورز تاران تەواو کرد و دیپلۆمی وەرگرت؛ دواتر لە بەشی ئەندازیاریی ئێلێکترۆنیک لە زانکۆی فەننی تاران درێژەی بە خوێندن دا و چوار مانگ بەر لەوەی دەرسی زانکۆ تەواو کا دەستی لە خوێندن ھەڵگرت و چوو بۆ باشووری کوردستان. سمایل لە زانستگەی فەننی لەگەڵ گرووپە مارکسیستییەکانی زانکۆی تاران دۆستایەتی پەیدا کرد، ساڵی ١٩٦١ کاتێک کۆماندۆکانی ڕژیمی شا ھێرشیان بردە سەر زانکۆی تاران چەند ڕۆژێک گیرا؛ سمایل تێکۆشەرێکی ھەڵسووڕاوی ناو خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران بوو. دوای ھێرشی ساواک بۆ سەر تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) و گەلی کورد لە تاران و لە شار و گوندەکانی کوردستان لە ڕەشەمەی ساڵی ١٣٤٢ی ھەتاوی ئەو وەبەرنەھات و توانی خوی بگەیەنێتە باشووری کوردستان و لەوێ جگە لە ئەرکی سیاسی ناو حیزب کتێبی (دفاعییاتی خەسرەوی ڕووزبە) ی بۆ سەر کوردی وەرگێڕا. سمایل و ھاوڕێکانی ساڵی ١٩٦٧ ھاتنەوە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە بەشێک لە گوندەکانی ناوچەی سەردەشت، بانە و مەھاباد لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا دەستیان کرد بە کاری ڕێکخستن و ئەوە بوو بە دەسپێکی جووڵانەوەکانی ٤٦–٤٧.[٢] سمایل ساڵی ١٩٦٥ لە بەشێک لە نامەیەکدا کە بۆ دۆستێکی خۆی لە ئەورووپای نووسیوە دەڵێ: «ئەمن ھەر بە عیشقی ئازادی دەژیم و لەو پێناوەدا چەرمەسەرییەکی زۆرم دیتووە؛ بەڵام ھەروا لەسەر ئەو ڕێگایەی گرتوومەتە بەر سوورم و ھەتا دێ بە حەق بوونی ئەو خەباتەم زیاتر بۆ ڕوون دەبێتەوە و بە ھیوای گەیشتن بە سەرکەوتن دەژیم.»[٣][٤]

شەھید بوون[دەستکاری]

کوێخا شەریف جاشی ڕژیم[٥] شەو کاتێک پێشمەرگە لە ماڵی کوێخا حوسێنی دارێنە لە گوندی دارێنەی سەرووی بانە نووستبوون پەلاماریان دەدات و دوایەش دەچێتە پاسگای سێلمێ و ھەواڵیان پێ دەدات؛ لە ئاکامدا بەیانییەکەی ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ١٣٤٧ بەرامبەر لەگەڵ ٢ی ئایاری ١٩٦٨ ژاندارمەکانی ڕژیم ئەو شوێنەیان گەمارۆ دا کە سمایل و ھاوڕێیانی لە نزیک گوندەکە لێی دامەزرابوون. دوای شەڕێکی شەش سەعاتە لە نێوان پێنج پێشمەرگە و ھێزێکی سێسەد و پەنجا کەسی لە ژاندرامی حەمە ڕەزا شا؛ گوللەی بازووکا سینگی سمایلی پێکا و چرای تەمەنی کوژایەوە. لەو شەڕەدا سمایلی شەریفزادە، میرزا محەممەدی شادمانی، حوسێنی ڕەحمان ڕابی و عەلی عەوڵا کۆڵی کوژران و یەکێک لە پێشمەرگەکان بە ناوی ئالیاز توانی لەگەڵ ئەوەشدا کە بریندار ببوو ئاڵقەی گەمارۆ تێک بشکێنێ و نەکەوێتە دەست دوژمن. تەرمی مەلا عەزیز نەدراوە بە بنەماڵەکەی؛ بەڵکوو بە نھێنی لە گۆڕستانی (کوچکە ڕەشی) شاری سنە ناشترا. ساڵی ١٣٥٧ بۆ ڕێز لێنان لەم چوار شەھیدە پەیکەرێک لەو گۆڕستانە داندرا کە ڕژیمی ئێران تەختی کرد و لە ناوی برد.[٦][٧]

ڕۆژی خوێندکار[دەستکاری]

سمایل شەریفزادە پێشەنگی بزووتنەوەی خوێندکاریی کورد بوو، ھەر بۆیەش ڕۆ‌ژی شەھید بوونی (١٢ی بانەمەڕی - ٢ی ئایار) بە ڕۆژی خوێندکار نێودێر کراوە.[٨]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "سمایل شەریفزادە، دێموکرات و عەداڵەتخواز". کوردستان و کورد. ٢٧ی نیسانی ٢٠١٩. Retrieved 2ی Mayی 2021. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |date= (help)CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ "ئاوڕێک لە جووڵانەوەی ٤٦_٤٧ لە سەرەتاوە ھەتا کۆتایی". کوردستان و کورد. Retrieved 2ی Mayی 2021. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)CS1 maint: url-status (link)
  3. ^ کوردیپێدیا. "سماعیل شەریف زادە - مەلا عەزیز". Kurdipedia.org. Retrieved 2ی Mayی 2021. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)CS1 maint: url-status (link)
  4. ^ "ماڵپەڕی بەشی کوردی ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا". Retrieved 2ی Mayی 2021. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)CS1 maint: url-status (link)
  5. ^ "تێڕوانینی دانیشتووانی کوردی ھەولێر سەبارەت بە ئاوارەکانی عەرەبی عێراقی: بە بەکارھێنانی تیۆری سەرمایەی کۆمەڵایەتی". ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ. ISSN 2218-0222.
  6. ^ "مانیومێنتێک بۆ بیرەوەری سمایل شەریفزادە و ھاوڕێیانی لە گۆڕستانی تایلە". Retrieved 2ی Mayی 2021. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)CS1 maint: url-status (link)
  7. ^ گۆڤاری تیشک، بزووتنەوەی ٤٦–٤٧، ژمارە ٥٢، ھادی عەزیزی
  8. ^ "سمایل شەریفزادە – شەھید". Retrieved 2ی Mayی 2021. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)CS1 maint: url-status (link) ٢ی ئایاری ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.